سەركۆماری عێراق لێژنەیەكی بۆ پێشێلكارییە دەستوورییەكان پێكهێنا

 سەركۆماری عێراق لێژنەیەكی بۆ پێشێلكارییە دەستوورییەكان پێكهێنا
ڕاوێژكارێكی سەركۆماری عێراق ڕای دەگەیەنێت، لەلایەن فواد مەعسوومەوە لێژنەیەك بۆ پێشێلكارییە دەستوورییەكان پێكهێنراوە.

فەرهاد عەلائەدین، ڕاوێژكاری فواد مەعسوم، سەركۆماری عێراق كە هاوكات ئەندامی ئەو لێژنەیەیە كە بۆ بەدواداچون بە پێشێلكارییە دەستوورییەكان پێكهێنراوە، ڕایگەیاند: "ئەو لێژنەیەی لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە پێكهێنراوە بۆ دەستنیشانكردنی هەموو ئەو پێشێلكارییە دەستوورییانەیە كە لە ساڵی 2005ەوە تا ئێستا لە سەرتاسەری عێراقدا لەلایەن پەرلەمان و حكوومەت و لایەنەكانەوە كراوە".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، دوای دەرئەنجامەكان لێپێچینەوە دەست پێ دەكات.

ئەو ڕاوێژكارەی سەرۆك كۆمار، ئەوەشی خستە ڕوو: "لێژنەكە ئێستا دەستی بە كارەكانی كردووە، ئەندامانی لێژنەكەش پێكهاتوون لە ڕاوێژكارەكانی سەرۆك كۆمار و هەندێ لە شارەزایانی بواری یاسا و دەستوور".

ئاشكراشی كرد، هەر پرسێک بە پێشێلكاری دەستوور كرابێت، ئەوا ڕەت دەكرێتەوە.

دوای داگیركردنی كەركووك و خورماتوو و دەوروبەری لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە، بە هاوكاری و ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، خەڵكەكەشی ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و ئێستاش ئەو میلیشیایانە تاوانكاری گەورەیان ئەنجامداوە و چاودێرانی سیاسیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن لە ئاست ئەو تاوانكارییانە، سەرۆك كۆماری عێراق كە لەسەر پشكی كورد ئەو پۆستەی وەرگرتووە و هاوكات پارێزەری دەستوورە، هیچ هەڵوێستێكی نەبووە.










باسنیوز
Top