سعوودیه‌ له‌ رێگه‌ی عه‌بادییه‌وه‌ هه‌وڵی مانه‌وه‌ی ھێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق ده‌دات

سعوودیه‌ له‌ رێگه‌ی عه‌بادییه‌وه‌ هه‌وڵی مانه‌وه‌ی ھێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق ده‌دات
رۆژنامه‌ی " Haaretz"ـی ئیسرائیلی ئاشكرای كردووه‌ "شانشینی سعوودیه‌ له‌ هه‌وڵدایه‌ گوشار بخاته‌ سه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، تا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق بدات، چونكه‌ ریاز ده‌یه‌وێت، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئێران، به‌ره‌ی نوێ پێكبهێنێ".

رۆژنامه‌ ئیسرائیلییه‌كه‌ له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێت "سعوودیه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ده‌بێت به‌ره‌یه‌كی نوێ دژی ئێران درووست بكات، ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ عێراق ببێته‌ مه‌یدانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه‌".

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یداوه‌ كه‌ "بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و خواسته‌، پێویسته‌ سعوودیه‌ حكومه‌تی عێراق، به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی، قایل بكات، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق بدات، هه‌ر چه‌نده‌ جه‌نگی دژی داعش پاش كۆنترۆڵكردنی قه‌زای راوه‌ی پارێزگای ئه‌نبار له‌ كۆتایی نزیكبووه‌ته‌وه‌".

رۆژنامه‌كه‌ نوسیوویه‌تی "ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عێراق پێیانوایه‌، پێویسته‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌ مه‌رج بمێنه‌وه‌و ئه‌ركه‌كانیان له‌ چوارچێوه‌ی مه‌شق و راهێنان كورتبكرێته‌وه‌، ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش به‌توندی دژی مانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌كانن له‌ عێراق، به‌ڵام ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌، سعوودیه‌ ئه‌و ناكۆكییه‌ بكاته‌ كارتێكی فشار له‌سه‌ر عه‌بادی، به‌ڵام تا ئیستا دیارنییه‌ عه‌بادی ده‌چێته‌ ژێر باری ئه‌و گوشارانه‌وه‌ یان نا".

پێشتریش، ریكس تیلرسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، گوتبووی: "حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، نه‌یگوتووه‌ ده‌بێت هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق بكشێنه‌وه‌و تا شكستی ته‌واوه‌تی داعش له‌ عێراق ده‌مێننه‌وه‌".

به‌ڵام به‌ره‌ی لایه‌نگریی ئێران ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق به‌ ئه‌ركی له‌ پێشینه‌ی خۆیان ده‌زانن، سه‌ركرده‌ی گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی سه‌ر به‌ ئێران، به‌ ئاشكرا داوایان له‌ ئه‌مریكا كردووه‌ كه‌ دوای شه‌ڕی داعش به‌ خێرایی هێزه‌كانیان له‌ عێراق ببه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌.




K24 -
Top