حەشدی شەعبی ئاسایشی یەکێتی لە کەرکووک وەک فەسیلێکی خۆی هەژمار دەکات
لەمبارەیەوە محەمەد عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، لە لێدوانێکیدا ئەوەی نەشاردەوە کە ئەو هێزانەی لەنێو کەرکووک دان، ”بە پێویستیان زانیوە، شاری کەرکووک بە هاوبەشی بەڕێوە ببرێت“.
هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران لە کەرکووک، بەهۆی ناشارەزاییان لە دۆخی ئەمنیی شارەکە، تووشی کۆمەڵێک گرفت بوون، بەو هۆیەوە پێویستییان بەوەیە هێزێکی شارەزا لەو شارە، دڵسۆزانە هاوکارییان بکات و شان بە شانی فەسیلەکانیان، ئەرک وەربگرێت. لەو چوارچێوەیەدا پەرلەمانتارەکەی یەکێتی ئەوە ناشارێتەوە و دەڵێت: ”ئەو ھێزانەی کە ھاتوونەتە کەرکووک، کەس ناناسن، بەڵام بە گرنگ بینراوە کە ئاسایش بگەڕێتەوە شارەکە و خۆیان داوایان کردووە".
بەپێی زانیارییەکان، دوێنێ یەکشەممە 6/11/2017، بەرپرسانی ئەو گرووپەی یەکێتی کە لە 16ی ئۆکتۆبەردا کەرکووکیان ڕادەستی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کرد، لەسەر پێشنیازی ڕەعد سەغری، نوێنەری موقتەدا سەدر لە کەرکووک، لەگەڵ سەرکردەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کۆبوونەتەوە و لەسەر گەڕاندنەوەی ئاسایشی یەکێتی بۆ ناو کەرکووک ڕێککەوتوون، بەو مەرجەی وەک چۆن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ئەرکی پاراستنی کەرکووکیان بە تایبەتی لە گەڕەکە عەرەب و تورکمان نشینەکان لەئەستۆیە، ئاسایشی یەکێتیش ئەرکی پاراستن و پێدانی زانیاری بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە گەڕەکە کوردنشینەکان لە ئەستۆ بگرن.
هەر بەپێی زانیارییەکان، میلیشیاکان چەند مەرجێکیان داناوە کە یەکێک لەو مەرجانە ئەوەیە، ھەر کەسێک لە گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووک تەقە لە حەشدی شەعبی بکات، دەبێت ئاسایش دەستگیری بکات و ڕادەستی حەشدی شەعبی بکات بۆ لێکۆڵینەوە. مەرجێکی دیکەی حەشدی شەعبی بریتییە لەوەی کە ھەر بنکەیەکی ئاسایشی یەکێتی تەنیا دەبێت 5 چەکی جۆری (کڵاشینکۆف)ی تێدا بێت و لەوە زیاتر ڕێگە پێدراو نییە و چەکی قورسیش قەدەغەیە.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز