حەشدی شەعبی لە کەرکووک بۆنەکانی شیعە بەسەر هاووڵاتیاندا دەسەپێنێت

 حەشدی شەعبی لە کەرکووک بۆنەکانی شیعە بەسەر هاووڵاتیاندا دەسەپێنێت
پاش داگیرکردنی پارێزگای کەرکووک و دەوروبەری لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبی بە سەرپەرشتیی سوپای پاسداران، دەیانەوێ بە زۆرەملێ بۆنە و ڕێوڕەسمە مەزهەبییەکانی شیعە بەسەر خەڵکی ئەو شارەدا بسەپێنن.



بە بۆنەی ڕێوڕەسمی چلەی ئیمامی حوسێن و لەسەر بڕیاری پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت، ڕۆژی پێنجشەممەدا داهاتوو لە سەرجەم دامودەزگاكانی ئەو شارە پشووی فەرمییە.



بەپێی نووسراوێكی پارێزگای كەركووك، كە بە ژمارە 7648 لە 6/11/2017 دەرچووە و ئیمزای ڕاكان سەعید عەلی پارێزگاری كەركووك بە وەكالەتی لەسەرە، بە بۆنەی چلەی ئیمامی حوسێنەوە، ڕۆژی پێنجشەممە 9/11/2017 لە سەرجەم دامودەزگاكانی شاری كەركووك پشووی فەرمییە.



بەپێی نووسراوەكە "پشووەكە ناوەندەكانی تاقیكردنەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی كەركووك ناگرێتەوە".



هاوكات بەپێی ڕاگەیەندراوێكی قایمقامیەتی قەزای خانەقین، بە بۆنەی مەراسیمەكانی چلەی ئیمامی حوسێنەوە، لە ئەمڕۆوە 7/11/2017 تا ڕۆژی پێنجشەممە 9/11/2017 لە سەرجەم دامودەزگاكانی شارەكە پشووی ڕەسمی دەبێت.



لە ڕۆژانی ڕابردوودا وێنەی ڕۆحوڵا خومەینی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و ڕێبەرانی دیکەی شیعە لە شەقامەکانی کەرکووک هەڵواسراوە و کردەوە و ڕەفتارەکانی حەشدی شەعبی وا نیشان دەدەن کە ئامانجیان لەو شارە سڕینەوەی زمان، کولتوور و مەزهەب و ئایینی پێکهاتەکانی دیکە و گۆڕنی دیموکرافیای ئەو شارەیە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە.






باسنیوز
Top