لەبارەی پەکەکەوە عەبادی پابەندی ئەو بەڵێنەی نابێت کە بە ئەردۆگانی داوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی ٢٥-١٠-٢٠١٧ لە ئەنقەرە پێشوازیی لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. کۆبوونەوەی ئەردۆغان و عەبادی لە کۆشکی کۆماریی تورکیا بەشێوەیەکی داخراو بە ڕووی میدیاکان بەڕێوە چوو و ماوەی ٣٠ خولەکی خایاند.
بەڵام دوای کۆبوونەوەکە ئەردۆگان ئاشکرای کرد، کە لەگەڵ عەبادی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە لە شنگال و قەندیل رێک کەوتوون.
ھەر لە چەند ڕۆژی رابردووشدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکارانی تورکیا، نیگەرانیی خۆی لە عێراق نیشان دا و رای گەیاند: “چەند شوێنێک لە عێراق و سووریا بۆ تورکیا بوونەتە شوێنی تیرۆریستان، شنگال وەکوو قەندیلی لێ ھاتووە و ئەگەر حکوومەتی عێراق چارەسەری بوونی پەکەکە لە قەندیل و شنگال نەکات، ئەوا راستەوخۆ تورکیا لەو دوو چیایە شەڕی پەکەکە دەکات”.
ھەر بەپێی زانیارییەکان، ئێستا میلیشیای حەشدی شەعبی و ھێزەکانی پەکەکە لە تەواوی سنووری شنگال، لەسەر دابەشکردنی سنووری دەسەڵات و بەڕێوەبردنی یەکەی کارگێڕیی ناوچەکە رێک کەوتوون، (شنگال)یان وەکوو کانتۆنێک لێ کردووە کە لەژێر دەسەڵاتی سەربازیی خۆیاندایە.
شێخ شامۆ، نوێنەری ئێزدییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، پەکەکە و حەشدی شەعبی لەسەر ئیدارە و خاکی شنگال ڕێک کەوتوون و ئێستا پەکەکە و حەشدی شەعبی بە ڕێککەوتن قائیمقامیان بۆ شنگال و بەڕێوەبەری ناحیەیان بۆ سنوونێ داناوە، گوتی: “ئەو دوو کەسەی دانراون، پێشتر پەکەکە بوون، دواتر بوون بە حەشدی شەعبی، چونکە ھیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەو دوو ھێزەدا لە شنگال نییە و ھەردووکیان تەواوکەری ھیلالی شیعەن، کە ئێران ھەر لەگەڵ ڕووداوی شنگال و ھاتنی داعش لەوێدا دایمەزراندن”.
ئاماژەی بەوەش دا: “پەکەکە سەر ڕێگەی ئێرانە بۆ سووریا و دوورخستنەوەی پەکەکە لە شنگال لێدانە لە ھەژموونی ئێران، لەبەرئەوە عێراق ئەوەی بۆ جێبەجێ ناکرێت کە تورکیا لێی داوا دەکات، چونکە ئەوە دەستکاریکردنی ھیلالی شیعەیە”.
لەلایەکی دیکەشەوە، ھەندێ لە فراکسیۆنە شیعەکان لەوانە دەوڵەتی یاسا، کە پێشتر باسیان لە کشانەوەی ھێزەکانی سوپای تورکیا دەکرد لە باشیک، ئێستا پڕۆژەیان لە پەرلەمانی عێراق ئامادە کردووە بۆ ڕێگەدان بە سوپای تورکیا بۆ ھێرش کردنە سەر پەکەکە لە قەندیل و شنگال.
شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری پارتی و بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو پڕۆژە یاسایەی شیعەکانیان سەبارەت بە دوورخستنەوەی پەکەکە لە شنگال بەدەست نەگەیشتووە و ئەگەر ھەشبێت بۆ ئەوەیە نیشانی تورکیای بدەن کە دەیانەوێ پەکەکە لە شنگال دوور بخەنەوە و پابەندی بەڵێنەکەیانن، گوتی: “ناوچەکە لە دۆخی پێکھێنانی ھاوپەیمانیدایە و گۆڕانکاریی گەورەی تیادا روو دەدات، ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی دژ بە ئێران ئەجێندایەکیان بۆ ناوچەکە ھەیە، کە جیاوازە لەو ئەجێندایەی کە ئێران ھەیەتی، لەبەرئەوە ھەردوو ئاراستەکە ئێستا سەرقاڵی ڕاکێشانی ھاوپەیمانین بۆ خۆیان و پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال بەشێکن لە ئەجێندا ئێرانییەکە، لەبەرئەوە بە تەنیا حەیدر عەبادی ناتوانێ بڕیاری دوورخستنەوەیان بدات، ھەر ئەوەشە وایکردووە تورکیا خاڵەکانی خۆی جێبەجێ نەکات کە بەڵێنی بە عێراق دابوو”.
مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال بە ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی راگەیاندووە: "حەشدی شەعبی و پەکەکە لە سنووری شنگال، بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا و کارکردن بە بنەما یاسایی و دەستوورییەکان لەسەر ھەموو شتێک رێککەوتوون، خاکەکەیان بەسەر خۆیاندا دابەش کردووە، ھەر گرووپێکی پەکەکە یان حەشدی شەعبی لە سنوورێک دەسەڵاتدارە، بەھۆیەوە ھەزاران کەس لە شنگال ئاوارەی سنووری پارێزگای دھۆک بوونە".
قایمقامی قەزای شنگال دەڵێت: "پەکەکە چەند یەکەیەکی کارگێڕیی شنگالی لەژێر ناو و سیمای حەشدی شەعبی وەرگرتووە، بۆ نموونە چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووی ریزەکانی پەکەکە لەژێر ناوی حەشدی شەعبی قایمقامییەتی شارۆچکەی شنگال و بەڕێوەبەرایەتیی شارەدێی سنوونێ و گرعوزێریان وەرگرتووە، تەواوی یەکە کارگێڕییەکانی دیکەی شارۆچکەکە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بەڕێوە دەبرێن. لە کارەکانیاندا یاسای تایبەتیان بەخۆیان ھەیە و بەھیچ شێوەیەک کار بە یاسای عێراق ناکەن".
دەشڵێت: "بەڕێوەبردنی یەکە کارگێڕییەکانی شنگال لەلایەن حەشدی شەعبی و پەکەکە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە، لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و ئەنجوومەنی قەزای شنگال رەت کراوەتەوە و بە داگیرکاریی یەکە ئیدارییەکان لە قەڵەم دراون".
مەحما خەلیل، ئەوەشی خستووە ڕوو کە تا ئێستا حکوومەتی عێراق ھیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر دۆخی شنگال و دەوروبەری نەداوە".
روونیشی کردووەتەوە: "لە سنووری شنگال چەندین گرووپی چەکداری لە بازنەی پەکەکە و حەشدی شەعبی چالاکی ئەنجام دەدەن و دامودەزگاکانی حکوومەت و بارەگای حزبەکان بۆ خۆیان بەکار دەھێنن و ماڵ و حاڵی ھاووڵاتییانیش بەتاڵان دەبەن".
باسنیوز