ئەمریکا گەمارۆ دەخاتە سەر دوو ڕێکخراوی سەر بە حەشدی شەعبی

 ئەمریکا گەمارۆ دەخاتە سەر دوو ڕێکخراوی سەر بە حەشدی شەعبی
کۆنگرێسی ئەمریکا پرسی سەپاندنی ئابڵۆقە بەسەر هەردوو ڕێکخراوی «عصائیبی ئەهلی حەق» و بزووتنەوەی «ئەلنوجبا»ی سەر بە حەشدی شەعبی تاوتوێ دەکات.

بەپێی هەواڵێک کە ئاژانس جیهانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەسەر چۆنیەتیی گەمارۆخستنە سەر «عصائیبی ئەهلی حەق» و بزووتنەوەی «ئەلنوجبا»ی سەر بە حەشدی شەعبی پڕۆژە یاسایەکی داوەتە کۆنگرێسی وڵاتەکەی، هەروەها ڕێکخراوی حزبوڵای عێراق.

ئەمڕۆ یەکشەممە (تێد پۆ) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە پارتی کۆمارییەکان، پڕۆژە یاساکەی بە ناوی (گەمارۆی سەر ڕێکخراوەکانی حەشدی شەعبی)، خستە بەردەم ئەندامانی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و ئامانج لێی سەپاندنی ئابڵۆقەی پەیوەندیدارە بە تیرۆر، لەوانە «عصائیبی ئەهلی حەق» و بزووتنەوەی «ئەلنوجبا»ی و میلیشیاکانی حزبوڵای عێراق.

ئەو پڕۆژەیاسایە پێویستی بە پەسەندکردنی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و دواتر ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەیە.

ئەمە لە کاتیک دایە کە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا داوایان لە ڕێکخراوەکانی حەشدی شەعبیی سەر بە ئێران کردووە خاکی عێراق بەجێ بهێڵن.

ڕێکس تیلرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتی سەردانی بۆ سعوودیە، ڕای گەیاندبوو کە گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش، دەبێ خاکی ئەو وڵاتە جێ بهێڵن.

هاوکات سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و سەرۆکی هەر سێ لێژنەی هەواڵگری و کاروباری دەرەوە و هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان دووپات کردەوە و وێڕای ئاماژە بە حەشدی شەعبی وەک میلیشیای شیعەی سەر بە ئێران، داوایان لە حکوومەتی بەغدا کرد نیگەرانییەکانی تیلرسن بە هەند وەربگرێت.

لە وەڵامیشدا نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا چەکدارانی حەشدی شەعبیی بە نیشتمانپەروەر وەسف کرد و ڕای گەیاند کە هیچ گرووپێکی دەرەکی مافی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراقی نییە.










باسنيوز
Top