کەریم نووری: زۆرینەی پارتەکانی عێراق باڵی سەربازییان هەیە
حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کە هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رۆژی 15-ی ئایاری ساڵی داهاتوو بەڕێوە بچێت ، پرۆسەکەش بەئەلیکترۆنی دەبێت و نابێت رێگە بەو پارتانە بدرێن بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، کە باڵی سەربازییان هەیە.
کەریم نووری سەرکردە لە رێکخراوی بەدر، کە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یاسای حیزبەکان کە پەرلەمان پەسندی کردووە، رێگە نادات هیچ حزبێک کە باڵی سەربازی یان میلیشیای چەکداری هەیە بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکات. ئەمە روون و ئاشکرایە کە رێگە بەهێزە ئەمنییەکان نادرێت بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن".
لەهەمانکاتدا کەریم نووری پرسەکەی بە گوماناوی و ناڕوون وەسفکرد و گوتی: "نادیاری و گومان لەو بابەتەدا هەیە، چونکە زۆر خۆبەخش هەنە لەنێو ریزەکانی حەشدی شەعبی لەسەر بڕیار و فەتوای مەرجەعیەت پێوەندییان بەحەشدەوە کردووە. ئەوەی کە ئێستا باس دەکرێت دژ بەهەندێک پارتی سیاسی کە خۆبەخشیان لەنێو ریزەکانی حەشدا هەیە، پێویستی بە راستکردنەوە و روونکردنەوە هەیە. ناکرێت کەسێکی سیاسی سزا بدرێت، چونکە هاتووەتە نێو ریزەکانی حەشدی شەعبی و بێبەش بکرێت لە هەڵبژاردنەکان".
ئەو سەرکردەیەی حەشدی شەعبی روونیکردەوە کە ، بەهۆی شانازیکردن بە سەرکەوتنەکانی دژی داعش بەشێک لە پارتەکان ناویان لە خۆیان ناوە باڵی سەربازی ، وەک بەدر کە پێی دەڵێن باڵی سەربازی بەدر. ئەو ناوە بەڕەمەکی لێینراوە پێوەندی بەباڵی سەربازی بەدرەوە نییە. لەبەرئەوەی بەدر رێکخراوێکی مەدەنیی سیاسییە لەراستیشدا هیچ باڵێکی سەربازی نییە، تەنیا خۆبەخشی هەیە.
کەریم نووری پێیوایە ، ئەگەر ئەو دەستەواژەیە بگشتێندرێت ، ئەوا سەرجەم پارتەکان باڵی سەربازییان هەیە. وەک حیزبی دەعوە ، فەزیلە ، سەدر ، نوجێفی ، سەلیم جبوری ، عەسائیب و ئەوانی دیکەش، بەڵام پارتی سیاسی رۆڵی خۆی دەبێت و مافی بەشداریکردنیشی دەبێت لە هەڵبژاردنەکان.
رووداو-