بڕیارێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ناڕەزایی توندی لێدەکەویتەوە

 بڕیارێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ناڕەزایی توندی لێدەکەویتەوە
لە بەیاننامەیەکدا، هاوپەیمانیی هیزە عێراقییەکان بە توندی رەخنە لە بڕیارێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەگرێ و بە نایاسایی و پێشێلکردنی ئاشکرای دەستوور ناو دەبات.

بە گوێرەی بڕیارێک، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ٤٠ کارمەندی وەزارەتەکەی بە پلەی جیاوازی کارگێڕی و دیبلۆماسی لە پۆستەکانیان دوور خستووەتەوە. ئەم بڕیارەش نارەزایی زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراقی لێکەوتووەتەوە.

لەم بارەیەوە، هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان لە بەیاننامەیکدا ئەم بڕیارەی وەزارەتی بە بڕیارێکی نایاسایی و پێشێلکردنێکی ئاشکرای دەستوور ناوی دەبات و لە بەیاننامەکەدا هاتووە: " ئەم بڕیاری دوورخستنەوەیە کە هیچ پاساوێکی پیشەیی و کارگێڕی نییە و تەنیا پێکهاتەیەکی دیاریکراوی عێراقی گرتووەتەوە، پێچەوانەی ئەو بانگەشانەی حکومەتی عێراقییە بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی و نەهێشتنی هەر جۆرە جیاکاریێکی تایەفی و پەراوێزخستنی پێکهاتەکان".

هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان لە بەیاننامەکەیاندا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە " لەکاتێکدا خەریکە وڵاتەکەمان لە چەتە و تیرۆریستانی داعش پاک دەبێتەوە و هاووڵاتیان چاوەڕوانن وڵاتەکەیان بە ئاراستەی ئاشتەوایی و شەراکەتی راستەقینە و کۆتاییهێنان بە حوکمڕانیی تایەفەگەری، هەنگاو بنێ، کەچی بڕیارێکی لەم جۆرە، نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی عێراق نایانەوی ئەم وڵاتە ئاشتەوایی تێدا بەرقەرار بێت".

هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان باس لەوە دەکات کە ئەم بڕیارەی وەزارەت لەسەر ڕاسپاردەی ئەو لیژنە ئەمنییە دراوە کە ساڵێک پێش ئێستا لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێکهێنرا، لیژنەیەک هەر ئەوکات هۆکاری پێکهێنانەکەی و ستافەکەی بووە جێی گومان و چەندین پرسیار و گفتوگۆی بەدوای خۆیدا هێنا.

لە درێژەی بەیاننامەکەداو داوا لە وەزیری دەرەوە کراوە کە چاو بە بڕیارەکەدا بخشینێتەوە، چونکە "جگە لەوەی بڕیارێکی ناڕەوا و پێشێلکردنێکی ئاشکرای دەستوورە، هاوکات زۆرینەی کارمەندە دوورخراوەکانیش لە پێکهاتەیەکی دیاریکراوی وڵاتن کە ئەمەش خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی و یەکڕیزی و ئاسایش و سەقامگیریی وڵات ناکات".

هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان، کوتلەیەکی پەرلەمانی عێراقە کە چوار فراکسیۆن و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ لە خۆی دەگرێ و نوێنەرایەتیی سووننەی عێراق دەکات. ئەم هاوپەیمانێتییە لە ٢٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ وەک نوێنەری ئەو پارێزگایانەی خۆپیشاندان و مانگرتنیان دژی سیاسەتەکانی ئەوکاتی سەرۆکی حکومەت (نوری مالیکی) کرد، دامەزراوە.









باسنيوز
Top