پێنج ئافرەت لە بەغدا دەستگیر كران

 پێنج ئافرەت لە بەغدا دەستگیر كران
پۆلیسی بەغدا ئەمڕۆ دووشەممە پێنج ئافرەتی دەستگیر كردووە و تۆمەتباری كردوون بە بازرگانیكردن بە مرۆڤ و دروستكردنی باندی لەشفرۆشی لەناو شارەكەدا.

سەعد مەعن گوتەبێژ بەناوی پرۆسە هاوبەشەكان لە بەغدا رایگەیاند كە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی پۆلیسی فیدراڵی بە هاوبەشی لەگەڵ هەواڵگری پاراستنی دەزگاكان و كارمەندان توانیویەتی باندێكی بازرگانیكردن بە مرۆڤ ئاشكرا بكات، كە لە پێنج ئافرەت پێكهاتوون و لەنێو شاری بەغدا كاریان كردووە.

گوتەبێژەكە رایگەیاندووە كە پۆلیس دوای كۆكردنەوەی زانیاری و دەركردنی بڕیار لەلایەن دادگاوە، بەپێی مادەی پێنج لە یاسای بازرگانی، دوای ئەنجامدانی پشكنینی شوێنەكە و دان پێدانانی تۆمەتبارەكان بە ئەنجامدانی بازرگانی بە مرۆڤ و لەشفرۆشی، پێنج ئافرەت دەستگیر كراون.

ماوە ماوە لە بەغدا هێزەكانی پۆلیس دەستگیركردنی باندی بازرگانیكردن بە مرۆڤ رادەگەیەنن، بەڵام چەندین جار بەرپرسانی سیاسیی شارەكە ئاماژەیان بەوە داوە كە خودی بەرپرسان و میلیشیاكان خاوەندارییەتی ئەم باندانە دەكەن و دەستگیركردنی باندەكانیش پەیوەندییان بە كێبەركێی نێوان ئەم بازرگانیەی بەرپرسانی عێراقی لە شارەكەوە هەیە.











باسنيوز
Top