فوئاد مەعسوم بڕیارێک لە دژی نەجمەدین کەریم واژۆ دەکات
بەپێی مەرسوومەکە، کە فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق رۆژی چوارشەممە 18/10/2017 واژۆی کردووە، لەو بڕیارەی مەعسوم پشت بە بەندی حەوتی ماددەی 73ـی دەستووری عێراق بەستراوە.
هەروەک لە مەرسوومەکەدا هاتووە، فوئاد مەعسوم بڕیارەکەی واژۆ کردووە، کە بریتییە لە بڕیاری ”لەسەرکار لادان“ی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک لە پۆستەکەی.
دوای داگیرکردنی شاری کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، حکوومەتی عێراق بڕیاری دا نەجمەدین کەریم لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە و جێگرە عەرەبەکەی لە شوێنی دانرا.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران و چاوساغیی پاڤێڵ تاڵەبانی و چەند بەرپرسێکی دیکەی یەکێتی، هێرشیان کردە سەر کەرکووک و شارەکەیان داگیر کرد.
رۆژی چوارشەممە (ئەمڕۆ) کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.
باسنيوز