ڕۆژنامه‌یه‌كی جیهانی: بانكى ناوه‌ندیی عێراق له‌ داڕمان نزیك بووه‌ته‌وه‌

ڕۆژنامه‌یه‌كی جیهانی: بانكى ناوه‌ندیی عێراق له‌ داڕمان نزیك بووه‌ته‌وه‌


ڕۆژنامه‌ى (حه‌یات)ى سعوودی، له‌سه‌ر زارى ئابووریناسێكه‌وه‌، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 28/ 9/ 2017، "مه‌ترسى" داڕمانى بانكى ناوه‌ندى عێراقی كرد، به‌تایبه‌ت كه‌ به‌هۆى بودجه‌ى گشتیی و پڕكردنه‌وه‌ى بڕگه‌كانى یاسكه‌وه‌، یه‌ده‌گى نه‌ختینه‌ بۆ خوار نیوه‌ دابه‌زیوه‌.


عه‌بدلعه‌زیز حه‌سون، شاره‌زاى دارایی و بانكى، به‌ ڕۆژنامه‌كه‌ى ڕاگه‌یاندووه‌: "به‌هۆى كێشمه‌كێشه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌، كه‌رتى دارایی ئالۆزیی تێكه‌وتووه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌، داهاتى ناوخۆیی لاواز بووه‌، به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى ئامرازه‌كانى به‌رهه‌مهێنان له‌ ئابوورى ڕاسته‌قینه‌، پاشكه‌شه‌ى كردووه‌".


ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه‌ هه‌لى باش له‌به‌رده‌ستدا بوو بۆ ئه‌وه‌ى ده‌زگاى بانكیی عێراق، په‌ره‌ به‌شێوازه‌كانى كاركردن بدات و به‌پێی سیستمى نوێی جیهانیی كار بكات، به‌ڵام به‌رده‌وامیدان به‌فرۆشتنى دراوى بیانی و به‌رزبوونه‌وه‌ى، وایكرد بانكه‌كان كارى هه‌واڵه‌ى دراو و فرۆشتنى بكه‌ن، ئه‌وه‌ش بوو به‌هۆى لادانى ئه‌و بانكانه‌ له‌ ئامانجه‌كانیان، یان خۆته‌رخانكردن ته‌نها بۆ بازاڕى دراو بۆ ئه‌وه‌ى به‌ بێ هیچ مه‌ترسییه‌ك قازانجى زیاتر به‌ده‌ست بهێنن.


سه‌رسوڕمانى خۆیشى ده‌ربڕى، له‌وه‌ى بانكى ناوه‌ندی عێراق به‌ڕاسته‌وخۆیی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ داخوازى كۆمپانیاكانى هه‌واڵه‌كردنى دراو ده‌كات، گوتیشی: "ئه‌م كاره‌ پێشینه‌ى له‌ هیچ بانكێكى ناوه‌ندى و بانكه‌ گشتییه‌كاندا، نه‌بووه‌".


ئه‌و شاره‌زایه‌، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كه‌ عێراق ته‌نها وڵاته‌ بانكه‌كانى پاره‌ بۆ هه‌واڵه‌كردنى دراو به‌ پاره‌ى نێوخۆیی نادات، وه‌ك له‌ وڵاتانى دنیادا كارى پێده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ وای ده‌كرد، بانكى ناوه‌ندى (هاوسه‌نگیی) له‌نرخى خه‌رجكردن بپارێزێت.


هۆشداریشی دا له‌ زیادكردنى كورتهێنان له‌ بودجه‌ى گشتی عێراقدا و ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ ئه‌وه‌ش مه‌ترسیترین كێشه‌یه‌ ڕووبه‌ڕووى ده‌سه‌ڵاتى نه‌ختینه‌ ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ كورتهێنانێكى زۆر له‌ بودجه‌ى گشتیی بۆ ساڵى 2018ـه‌دا هه‌یه‌، بانكى ناوه‌ندییش نیوه‌ى یه‌ده‌گى خۆى خه‌رج كردووه‌، گوتیشی: "به‌رده‌وامیدان به‌كه‌مبوونه‌وه‌ى یه‌ده‌گ، ده‌بێته‌ هۆى داڕمانى دینارى عێراقی و دواتر زۆر به‌ ئه‌سته‌م چاره‌سه‌ر ده‌كرێت".
bas news-
Top