لایەنە عێراقییەکان پۆستـێکی باڵای وڵاتەکەیان بە سروە عەبدولواحید دەدەن
بەپێی هەواڵی ژمارەیەک میدیای عێراقی، پەرلەمانی عێراق بە نیازە داوا لە دادگای دەستووریی عێراق بکات، بڕیاری لەسەرکار لادانی فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق دەربکات.
حزب و لایەنە شیعییەکانی عێراق هەوڵ دەدەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە شوێنی فوئاد مەعسوم دابنێن، وەک پاداشتێک بۆ سروە عەبدولواحید لەبەرامبەر دژایەتیکردنی ریفراندۆمیی سەربەخۆیی کوردستان.
لایەنە عێراقییەکان هەڵوێستەکانی سروە عەبدولواحید لە دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە ”جوامێرانە“ بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق دادەنێن و پێیان وایە پێویستە لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستانەی، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی پێ بدرێت.
پێشتریش سروە عەبدولواحید لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵێکی عێراقی رایگەیاند، کە ئەگەر کوردستان سەربەخۆیی رابگەیەنێت، ئەوا ئەو ناگەڕێتەوە کوردستان ووەک عێراقییەک لە عێراق دەمێنێتەوە.
رۆژی دووشەممە 25/9/2017، گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئەنجام دا و بەپێی ئامارە سەرەتاییە نافەرمییەکان، زۆرینەی دەنگدەران داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە.
باسنيوز