سەربەخۆییی کوردستان لە کوێی ساڵی دیپلۆماسیی جیهانە لە ئەمەریکا؟

 	 سەربەخۆییی کوردستان لە کوێی ساڵی دیپلۆماسیی جیهانە لە ئەمەریکا؟
ئەمڕۆ تا هەینیی دابێ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دیداری لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان دەبێ، لە دیدارەکانیشدا سەربەخۆییی کوردستان یەکێک لە تەوەرەکانی نێوان هەندێ لەو سەرۆکوڵاتانە دەبێ.
واپێدەچێ لەم حەفتەیەدا، سەرۆکی ئەمەریکا کەناڵی دیپلۆماسیی خۆی رادەسپێرێ بە ئاراستەی گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوین و، پێدەچێ بە داواکەی (نەتەنیاهۆ) رازی بێ کە ئەمەریکا دوای ریفراندۆم پشتگیریی راستەوخۆ لە هەرێمی کوردستاندا بکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، (دۆناڵد ترامپ)سەرۆکی ئەمەریکا، گوتارێکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبەردەم زیاتر لە ١٣٠ سەرۆک و سەرکردەی جیهاندا دەبێت.
(دۆناڵد ترامپ) تا هەینیی دابێ دانیشتنی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی جیهان بەردەوام دەبێت، لەسەر سێ تەوەری گرینگ، کە ئەوانیش پرسی ئەتۆمیی ئێران، پرسی کۆریای باکوور و پرسی میانمارن. لەگەڵ ئەوەی کە (ترامپ) داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت، کە بە هەوڵێکی زیاترەوە لە جیهاندا دەرکەون. هاوکات لە دانیشتنە دووقۆڵییەکانیشدا، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سەربەخۆییی کوردستان لەگەڵ (ترامپ)دا تاوتوو دەکرێت. ئەوەی پێوەندیی بە سەربەخۆییی کوردستانەوە بێت، لە پشتەوەی پەردە و دوور لە چاوی کامیراکان دەبێت. بەرلەوەی باسی هەڵوێستی (ترامپ) بکەین، لە دەستپێکدا دەبێ ئەوە بزانرێت، کە ئەمەریکاییەکان تا ئێستا وەک کەناڵی دیپلۆماسی، کە پاشماوەی سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکان، بە هەمان چاوی (ئۆباما) لە ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێ دەڕوانن، کە سیاسەتێکی جێگیر لە ناوچەکەدا هەبێت؛ جێگیر بەو مانایەی نەخشەی ناوچەکە وەک خۆی بێت. بەڵام لەگەڵ هاتنی داعشدا ئەمەریکاییەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی، ئیدی سایکس-پیکۆ کۆتایی هاتووە و دەبێ جەستەی ناوچەکە بگۆڕدرێت و سنووری نوێ و دەوڵەتی نوێ لە ناوچەکەدا دروست ببن و ناوچەکە ببێت بە ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێ.
ئایا (دۆناڵد ترامپ)، وەک سەرۆکێکی کۆماری، کە پرەنسیپەکانی لەگەڵ (ئۆباما)دا جودایە و تێڕوانینی ئەو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێ گۆڕانکارییە لە هاوکێشەی ناوچەکەدا چی دەبێت؟ لەم حەفتەیەدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا لە لایەک (ئەردۆغان) و (عەبادی)، بە هاوبەشی داوای لێ دەکەن، کورد لە سەربەخۆیی بوەستێنێت، لە لایەکی دیکەشەوە، (نەتانیاهۆ)، وەک سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پێی دەڵێت، دەبێ پشتگیری لە سەربەخۆییی کوردستان بکەیت. (ترامپ) دەخرێتە بەردەم دوو بژارەوە، بژارێک کە بڕیار لەسەر میراتی دیپلۆماسیی (ئۆباما) دەدات؛ کە ناوچەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، یان بژاردەیەک کە لەگەڵ (نەتانیاهۆ) دەبێت و ئیدی کاتی دەستکاریکردنی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێیە.''

لەوەتەی سەرکردایەتیی سیاسیی باشووری کوردستان ڕۆژی ٢٥ـی ئەم مانگەیان بۆ بڕیاردان لە چارەنووس دیاری کردووە، تا لەو ڕۆژە مێژووییە نزیک و نزیکتر دەبینەوە، گوشاری وڵاتانی سەد ساڵ پێشتر کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، زیاتر دەبێ، لە بەرانبەریشدا، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان شێلگرانەتر پێداگری لە ئەنجامدانی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی دەکەن و، بە مافی ڕەوا و یاسایی گەلی کوردستانی دەزانن.
ئەگەرچی هێشتا هیچ وڵاتێک راینەگەیاندووە، کە گەلی کوردستان مافی بڕیاردان لە جارەنووسیان نییە، بەڵام گوشارەکان بۆ دواخستن نەشاردووەتەوە؛ وڵاتی ئیسرایل یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی ناوچەکەیە کە ڕاشکاوانە و چەندان جار، خواستی وڵاتەکەیان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی کوردستان ڕاگەیاندووە.

هیچ کەس هێندەی (دۆناڵد ترامپ) لە پێگەی (نەتانیاهۆ) لە ئەمەریکا و ناوچەکەدا تێناگات، چونکە سیناتۆرە ئەمەریکاییەکان، بەتایبەت لە کۆمارییەکان، هێندەی حیساب بۆ (نەتانیاهۆ) دەکەن، هێندە بۆ سەرۆکی وڵاتەکەیانی ناکەن، بۆیە (ترامپ) لەم حەفتەیەدا چ بە ئاشکرا، یان بە نهێنی، کەناڵی دیپلۆماسیی ئەمەریکا لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکەی ئاگادار دەکاتەوە، کە پێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی کوردستاندا بکەن.

پێ ناچێت (ترامپ) پێش ڕووداوەکان بکەوێت و پشتگیریی ڕاستەوخۆ بۆ ڕێفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان دەرببڕێت، بەڵام پێ دەچێت کە مامەڵەی واقیعبینانە لەگەڵ ئەنجامی ڕیفرەندۆمدا بکات، چونکە ئەمەریکا مامەڵە لەگەڵ ئەنجام دەکات و ناتوانێت خۆی لەو ڕاستییە بشارێتەوە، کە ئەگەر دۆستەکانی لە ناوچەکەدا بخاتە مەترسییەوە، ئەوا لە وادەیەکی دوورخایەندا ئەمەریکایش دەکەوێتە مەترسییەوە.

(دۆناڵد ترامپ) لە نرخی عێراق تێدەگات و لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکادا چەند جارێک گوتی، ئەمەریکا لە سەردەمی (ئۆباما)دا عێراقی بۆ ئێران جێ هێشتووە و دووپاتی لەوەش کردووەتەوە، کە پشتگیری لە کورد دەکات و ئەوەیشی گوتووە، کە کوردەکان دەبێ زیاتر پشتگیرییان لێ بکرێت و پارێزراو بن.

ئەوەی لەم حەفتەیەدا چاوەڕوانکراوە، هۆشداریی توندی (دۆناڵد ترامپ) بۆ ئێران بەڕێوەیە، چونکە لە چەندین بۆنەی دیکەدا ڕایگەیاندووە، نابێ ئێران دەست لە ناوچەکە وەربدات. پێ دەچێت هەرێمی کوردستانیش لەو هێڵەدا بێت، کە دەبێ پارێزراو بێت لە هەر دەستتێوەردانێکی هەرێمایەتی لە ناوچەکەدا. بە شێوەیەکی گشتی دوای ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان چاوەڕوان دەکرێت ئەمەریکا پاڵپشتیی ئاشکرا بۆ سەربەخۆیی دەرببڕێت، لەبەر ئەم هۆکارانە:
یەکەم: ئەمەریکا دەیەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا ئەو لاوازییەی ڕاست بکاتەوە، کە پێشتر لە سەردەمی (ئۆباما)دا نەیتوانی پێگەکەی بپارێزێت، لە بەرانبەردا ڕووسیا و ئێران بە بەهێزی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا دەرکەوتن.
دووەم: ئەمەریکا دەیەوێت لە زۆنێکی ئارامدا خۆی جێگیر بکات، بۆ ئەو زۆنە ئارامەش، هیچ شوێنێک، بە بریت بۆ کوردستان نابینرێت، هەم لە ڕووی سەقامگیری و هەمیش لە ڕووی پێگەی جیۆگرافیی کوردستانەوە، چونکە لە ڕابردوودا سەلمێنراوە، کوردستان چەندە ناوچەیەکی ستراتیژیی گرینگ بووە بۆ ئەمەریکا.
سێیەم: ئەمەریکا بانگەشەی دیموکراسی دەکات و ئەوجۆرە حوکمڕانییەی کە لە هەرێمی کوردستانیشدا هەیە بۆ پارێزگاریکردن لە پێکهاتە ئایین و نەتەوەکان و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و بەهێزکردنی پایەکانی دیموکراسی لە ناوچەکەدا بۆ ئەمەریکا گرینگە.
چوارەم: هەرێمی کوردستان لە شەڕی تیرۆردا براوە بوو، وەک کەناڵی یەکەمی جیهان بەسەر تیرۆردا سەرکەوت، بۆیە ئەمەیش بۆ ئەمەریکا گرینگە، کە هەرێمی کوردستان سەقامگیریی جیهانی دەوێ.
پێنجەم: هەرێمی کوردستان لە وزەدا خاوەنی داهاتوویەکی گەورەیە، بۆیە پێ ناچێت ئەمەریکا دژی هەرێم بجووڵێتەوە، چونکە لە بەرژەوەندیی ئەودا نابێت، بە تایبەتی ئێستا کە ڕووسیا لەسەر هێڵە بۆ پشتگیریکردن لە هەرێمی کوردستان.
kdp -
Top