بە بەڵگە.. حکوومەتی عێراق رێگا بە سوننەمەزهەبەکان نادات بچنە بەغدا
حکوومەتی عێراق رێگا بە هاووڵاتییانی ئاوارەی عەرەبی سوننەمەزهەبی عێراق نادات روو بکەنە شاری بەغدا.
بەپێی نووسراوێک، کە لەم رۆژانەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووتەوە، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر پرۆژەبڕیارێک دژی هاووڵاتییانی شاری مووسڵ و شارۆچکەی قائیم لە پارێزگای ئەنبار، نیشان داوە.
بەپێی بڕیارەکە، کە "نهێنی و کەسییە" و ئاراستەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا کراوە، نابێ هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بازگەکانەوە، رێگا بە هاووڵاتییانی ئاوارەی مووسڵ و قائیم بدەن روو بکەنە بەغدا.
ئەو بڕیارە، کە دژی پێکهاتەی عەرەبی سوننەیە، لە کاتێک دایە، کە زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی عێراقی روویان لە هەرێمی کورداتان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردووە و سەرەڕای قەیرانی دارایی، حکوومەت و گەلی کوردستان باوەشیان بۆ ئەو ئاوارانە کردووەتەوە.
ئەو ئاوارە عەرەبە سوننەمەزهەبانە بەهۆی شەڕی تائیفیی میلیشیا و گرووپە شیعەمەزهەبەکان و هێرش و داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ناچار بوون ماڵ و ناوچەکانی خۆیان بەجێ بهێڵن و ئاوارە ببن.
دوای دیاریکردنی رۆژی 25ـی ئەیلوول بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان رایگەیاندووە، کە یەکێک لە هۆکارەکانی بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بریتییە لە پەراوێزخستنی گەلی کورداتان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی عێراقە لەلایەن حکوومەتی ئەو وڵاتە، کە حزبە شیعەکان سەرۆکایەتیی دەکەن.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکیدا، داعش نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعش هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و لەماوەی چەند رۆژێکی کەمدا، نزیکەی نیوەی خاکی عێراقیان داگیر کرد.
bas news-