راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی: رێكخراوی ئەلقاعیدە توانای جارانی نەماوە لە عێراق

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی: رێكخراوی ئەلقاعیدە توانای جارانی نەماوە لە عێراق
گوڵان- عەبدولستار ئەحمەد

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی سەفا شێخ رایگەیاند: هێزەكانی ئاسایشی نیشتمانی دەچنە قۆناخێكی تازە لە رووبەرووبوونەوەی رێكخراوی ئەلقاعیدە بەتایبەت دوای ئەوەی توانی لە قۆناخی رابردوودا شەرەكە لەبەرژەوەندی خۆی كۆتایێ بێنێ بەتایبەت بەكوشتنی هەردوو سەركردەكەی لە عێراق، ئەوەش دەخاتەروو كە تائێستا ئەلقاعیدە توانای هەیە هێرش و پەلامارە تیرۆریستییەكانی ئەنجام بدات بەڵام بەشێوەیەكی كەمتر لە جاران.

شێخ ئاشكرایكرد كە حكومەتی عێراق زانیاری تەواوی لەبەردەستدا كە دەیسەلمێنێ لایەنی دەرەكی لە كردەوە تیرۆریستییەكانی ناو عێراق دەستیان هەیەو لەپشتەوەی تەقینەوەكانن كە بەهۆیەوە چەندین بێتاوانی عێراقی دەكوچرێن و بریندار دەبن.

ناوبراو جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە ئەستەمە جارێكیدیكە ئەلقاعیدە بتوانێ وەكو جاران مەرامە تیرۆریستییەكانی خۆی لە عێراق جێبەجێ بكات و هێزەكانی ئەمنی عێراقیش توانای ئەوەیان هەیە ئەلقاعیدە لە وڵاتەكەیان بنەبڕ بكەن.

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوەشدا چەند زانیارییەكی وردیان لەبەردەستدایە كە ئەلقاعیدە لە هەوڵی دانانی پلانێكە بۆ ئەنجامدانی چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی لە پارێزگاكانی ناوەڕاست بۆ ئێستا هێزە ئەمنییەكان لە ئامادەباشیدان بۆ رێگەگرتن لە روودانی هەر كردەوەیەكی لەو شێوەیە.
Top