ئەلعێراقییە ئاراستەی هاوپەیمانییەتی بەرەو كوتلەی كوردستانی و ئیئتیلافی نیشتمانی دەبات

ئەلعێراقییە ئاراستەی هاوپەیمانییەتی بەرەو كوتلەی كوردستانی و ئیئتیلافی نیشتمانی دەبات
عەبدولستار ئەحمەد

گوڵان- ئەندامی لیستی ئەلعێراقییە جەمال بەتیخ ئاماژەی بەوەدا ئاراستەیەك لەناو لیستی ئەلعێراقییە هەیە بۆ لەیەكنزیك بوونەوە لە هەردوو كوتلەی هاوپەیمانی كوردستانی و ئیئتیلافی نیشمانی.
لە لێدوانێكدا بەتیخ رایگەیاند لیستی ئەلعێراقییە بەر لە ئەنجام دانی هەڵبژاردنەكان لەگەڵ هەردوو كوتلەی هاوپەیمانی كوردستانی و ئیئتیلافی نیشتمانی دەستی كرد بەئەنجام دانی گفتوگۆكان سەبارەت بەبەستنی هاوپەیمانییەتی دوو قۆڵی ، بەڵام بەهۆی بڕیارەكانی دەستەی لێپرسینەوەو دادپەروەری سەبارەت بەدوورخستنەوەی كاندیدكراوەكان و دواكەوتنی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە گفتوگۆكان لەبارچوون و بۆشاییان كەوتەبەر ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستاش گفتوگۆكان درێژەیان هەیە .
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ناوبراو دووپاتیكردەوە لیستی ئەلعێراقییە پێداگری دەكات لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران بەو پێیەی توانیویەتی بە 91 كورسی پلەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان بەدەست بێنێ .
تا ئێستا كوتلە براوەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 7 ی ئازار سەبارەت بەپێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق نەیانتوانیوە بگەنە رێككەوتن چاوەڕوانیش دەكرێ ئەمڕۆ سێسەممە دادگا ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسەند بكات ئەمەش وادەكات كوتلەكان پەلە بكەن لە پێكهێنانی حكومەت.
Top