سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ ده‌كات
پاش نیوه‌ڕۆی دوێنی دكتۆر نوری ئه‌لمالیكی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ و سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌یاوه‌ری شاندێك گه‌یشتنه‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ فرۆكه‌كه‌خانه‌ی نێوه‌ده‌وڵه‌تی هه‌ولێر له‌لایه‌ن به‌رێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و دكتۆر رۆژ نوری شاوه‌یس جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ و مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و دكتۆر فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیان لێكرا.

پاشان كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان هه‌ردوو به‌رێزان مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و دكتۆر نوری ئه‌لمالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ به‌رێوه‌چوو كه‌ تیایدا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵ و چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوانیان خرایه‌ به‌رباس و دواتریش به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی و دكتۆر نوری ئه‌لمالیكی ئه‌مینداری گشتی حزبی ده‌عوه‌ ، هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی حزبی ده‌عوه‌ و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونه‌وه‌و تیایدا قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ پێویستن بهاوێژرێن بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق تاوتوكران.

هه‌ردوولاش بریاریاندا كه‌ ئه‌و جۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ به‌رده‌وامیان هه‌بێت .

له‌لایه‌ن حزبی ده‌عوه‌وه‌ سادق ئه‌لروكابی، حه‌سه‌ن ئه‌لسنێد و یاسین مه‌جید، له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ش، به‌رێزان فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی و دكتۆر رۆژ نوری شاوه‌یس و مه‌سروور بارزانی و مه‌حموود محه‌مه‌د ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.
Top