دكتۆر ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: بۆ دابینكردنی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەوڵ و هەماهەنگیی بەردەوام هەیە

دكتۆر ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:  بۆ دابینكردنی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەوڵ و هەماهەنگیی بەردەوام هەیە
بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەتە ئەولەویەتێكی جددیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەم رووەوە بەردەوام هەنگاوی پێویست هەڵدەگیرێت بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی ئەم پەتایە و چارەسەركردنی ئاكامەكانی لە رێی گرتنەبەری رێكارە تەندروستییەكان و بەتایبەتی بەدەستهێنانی ڤاكسینی ئەم ڤایرۆسە، ئەم پرسانە بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ دكتۆر ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
* رۆژانە بە سەدان حاڵەتی نوێی كۆڕۆنا تۆماردەكرێن، بەڵام وەك ئەوە وایە هیچ مەترسییەك بوونی نەمابێت، ئایا هەتا ئێستا مەترسیی ئەم پەتایە لە چ ئاستێكدایە؟
- ئێمە وەك وەزارەتی تەندروستی لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆناوە مەترسیی ئەو ڤایرۆسەمان راگەیاندووە و، لە شەپۆڵی دووەم و ڤایرۆسە گۆڕاوەكەش بەهەمان شێوە رێنمایی و رێكارە خۆپارێزییەكانمان راگەیاندووە و، جەختمان لەسەر مەترسیی ڤایرۆسەكە كردووەتەوە كە پێویستە هاووڵاتیان پابەندی خۆپارێزی بن، هەر بۆیە هەڵمەتێكی زۆری وشیاریی تەندروستی لەوبارەوە بە چەندین جۆر و هۆكار بڵاودەكەینەوە، تاوەكو زوو بگاتە هاووڵاتیان.
* لەم وەرزەدا گەشتیارێكی زۆر روو لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، خۆشتان دەزانن لە شارەكانی دیكەی عێراق مەترسیی كۆرۆنا لە هەڵكشاندایە، ئایا وەك وەزارەتی تەندروستی رێنماییەكانتان گۆڕانكاری بەسەردا دێت بۆ ئەم پرسە و بۆ رێگرتن لە بڵابوونەوەی پەتاكە؟
- بۆ هاتنی گەشتیاران رێكارمان گرتووەتەبەر، ئەو رێكارانەش ئێستا زیاتر و توندتر كراون، هەر كەس و گەشتیارێك لە عێراق كە دێتە كوردستان ئێمە پابەندمان كردوون بە پشكنینی كۆرۆنا و، دەبێت پشكنینی PCR پێ بیت، كە ئەمەش لە گرنگترین هۆكارەكانە بۆ كەمتر تەشەنەكردنی ئەو ڤایرۆسە.
* لەبەر ئەوەی مەترسیی ئەم پەتایە تا ئێستاش بوونی هەیە، گرنگ بوو لە هۆیەكانی راگەیاندن بەردەوام هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە و بەستنی ماسك بوونی هەبوایە، ئایا وەك وەزارەتی تەندروستی ناتوانن بۆ ئەم هەڵمەتە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن دروست بكەن؟
- ئێمە لەگەڵ زۆربەی كەناڵەكانی میدیا لە هەماهەنیگداین، بەتایبەتی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری كە سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە، كە بە سوپاسەوە رۆڵێكی كاریگەریان هەیە لە هەڵمەتی هوشیاركردنەوە و پابەندبوونی هاووڵاتیان بە رێنماییە تەندروستییەكان و بەستنی ماسك و ئەو هەڵمەتەش بەردەوامە، چ لە رێگای نووسین، چ لە رێگای وێنەی ڤیدیۆیی كە لە كەناڵە هەرە گەورە و پڕ بینەرەكان بڵاو دەكرێتەوە، كە ئەو هەڵمەتانەش رۆڵێكی باڵایان لە هوشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لەسەر خۆپارێزی و تاكپارێزی و رێنمایە تەندروستییەكان لە بارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە، هەڵمەتەكانیشمان لە هەموو روویێكەوە بەردەوام دەبێت.
* ئایا ناكرێت وەزارەتەكانی دیكە بەتایبەتی «وەزارەتی ناوخۆ» چەند رێوشوێنێكی توند بگرێتە بەر بۆ ئەوەی رێنماییەكان باشتر جێبەجێ بكرێن، بۆ نموونە بە ئیلزامیكردنی بەستنی ماسك؟
- بۆ بەستنی ماسك دەسەڵاتمان داوەتە ئیدارە سەربەخۆیەكانی پارێزگاكان و ئەوان مولزەمن و، ناكرێت ئەو رێنماییانەی دەردەچن، جێبەجێ نەكرێن، هەر بۆیەش بۆ نموونە پارێزگاری هەولێر بەستنی ماسكی ئیلزام كردووە و نەبەستنیشی غرامەی بۆ داناوە، چونكە بە هۆی ئەو ڤایرۆسە چەندین ئازیز و كەسانی نزیك لە دەست دەدەین، هەڵمەتەكانی هوشیاریی تەندروستی مەبەستمان ئەوەیە نەگەینە ئەو ئاستە، بەڵكو خەڵك خۆی درك بە مەترسیی ڤایرۆسەكە بكات.
* بڕی هاتووی ڤاكسین بۆ كوردستان زۆر كەمە، هەماهەنگیتان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی فیدڕاڵی بۆ دابینكردنی بەشی كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟
- بێگومان ئەو ژمارە ڤاكسینەی هاتووە بەش ناكات، بەڵام ئێمە بۆ بەدستهێنانی ڤاكسین بەپێی ژمارە و رێژەی دانیشتووانی كوردستان هەماهەنگین لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و لەچەند رۆژی داهاتوودا ملیۆنێك و سەد و پەنجا هەزار ژەمە ڤاكسینی دیكە لە رێگای كۆڤاكسەوە دەگاتە عێراق و لەمەش بەشی هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت، لەلایەكی دیكەشەوە ئێمەش وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان و دانوستانمان لەگەڵ چەندین كۆمپانیا هەیە، بۆ ئەوەی خۆمان بە زووترین كات ڤاكسینەكە دابین بكەین، واتە هەنگاو و هەوڵەكانمان زۆر كورت كردووەتەوە، تاوەكو بە زووترین و كورتترین ماوە بتوانین باشترین جۆری ڤاكسین بۆ هاووڵاتیانمان دابین بكەین، بە سوپاسیشەوە بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی لەسەر هێڵە بۆ ئەو بابەتە و پشتگیریی تەواوی هەوڵەكانی وەزارەتی تەندروستی دەكات، بۆ دابینكردنی ڤاكسین بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان.
* ئێستا كۆمەڵێك ڤاكسین هەیە، هەندێك دەوڵەت بەشێك لەو ڤاكسینانە رەتدەكەنەوە و رێگە نادەن كە هاووڵاتیان وەری بگرن، ئایا كێشەی سەرەكیی ڤاكسینە جیاوازەكان چین؟
- بێگومان هەندێك لە جۆری ڤاكسین لە هەندێ پشكنین دەرچووە، كاریگەریی لاوەكی لەسەر مرۆڤەكان دەبێت، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو ڤاكسینانەی دەگاتە كوردستان لەناوەندە تەندروستییە جیهانییەكان و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی پەسند كراون و، ئەو ڤاكسینانەی دەگاتە هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، بە شێوەیەكی رێكوپێك دابەش دەكرێن. ئەو ژمارە ژەمە ڤاكسینەی تا ئێستا بۆ هەرێمی كوردستان هاتووە، راستە بەش ناكات، بەڵام وەك ئاماژەم پێ دا، ئەو بڕ و ژمارە ڤاكسینەی لە رێگای كۆڤاكسەوە دەگاتە عێراق، ئێمەش وەك هەرێمی كوردستان بەشمان لێی هەیە و، هەوڵ و كارەكانی ئێمەش زۆر و بەردەوام و نزیكە لەوەی كە خۆشمان باشترین جۆری ڤاكسین بۆ هەرێمی كوردستان بێنین.
Top