پەروین محەمەد نووری بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی بۆ گوڵان: دەبێت پشت بە بودجەیەك ببەستین كە سەربەخۆیی كوردستان بپارێزێت و رێگا نەدەین چیتر یاری بە مافەكانی گەلی كوردستان بكرێت
March 11, 2021
دیمانەی تایبەت
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 ی هەرێمی كوردستانن، بۆ قەسەكردن لەسەر گرنگیی بودجە و وردەكارییەكانی ئامادەكردنی پرۆسەكە، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەی پەروین محەمەد نووری بەڕێوبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی كرد.* لە ئێستادا دوای حەوت ساڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجەیە، هەرچەندە تائێستا روون و ئاشكرا نییە كە حكومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەنێرێت، یان نا، ئایا ئێوە لە وەزارەتی دارایی چۆن دەڕواننە گرنگیی داڕشتنەوەی بودجەكە؟
- لە هەر وڵاتێكدا دەسەڵاتە دارایی و ئابوورییەكان بەبێ بودجە جێبەجێ بكرێن، جگە لەوەی ناشەفاف دەبێت، هاوكات بارودۆخی دارایی و ئابوورییەكەشی نادیار و ناڕوون دەبێت، چونكە بودجە لە چوارچێوەیەكی یاساییدا پێوەرێكە بۆ داهات و خەرجییەكان، ئەمە وێڕای ئەوەی پێوەرێكیشە بۆ پەرلەمان و دەزگا چاودێرییە داراییەكانی دیكە بۆ چاودێریكردنی جووڵەی دارایی و نەختینەیی، بۆ نموونە چاودێری دارایی دەچێتە یەكەیەكی ژمێریاری و دەبێت پێوەرێك هەبێت، تاوەكو بزانێت پشت بە چ بنەما و چوارچێوەیەكی یاسایی ببەستێت، بۆ كۆكردنەوەی داهاتەكان و خەرحكردنی لە بوارو سێكتەرە جیاجیاكان و، ئایا لە چوارچێوەیەكی یاساییدا خەرج كراوە، هەروەها بودجە بەرچاوڕوونی دەداتە حكومەت تاوەكو داهاتەكان بەسەر كەرت و سێكتەرەكاندا دابەش بكات و، لەو ساڵە داراییەدا گرنگی بە چ سێكتەرێك زیاتر بدرێت. بەم شێوەیە دەتوانم بڵێم بودجە ئاوێنەیەكە بۆ رەنگدانەوەی هەموو شارستانییەتی ئەو دەسەڵاتە كە تاچەند بەرەو مەدەنییەت رۆیشتووە و تا چەند بە دادپەروەری لە خزمەتی خەڵكیدا بووە و ئومێد بە گەشەكردنی ئابوورییەكەی دەدات.
* لە كابینەی نۆیەم هەوڵەكان چڕكراونەتەوە بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسای بودجە ئامادە بكرێت و رەوانەی پەرلەمانی بكرێت بۆ پەسەندكردنی، ئایا دانانی بودجە بۆ هەرێمی كوردستان تا چەند گرنگە؟
- هەڵبەتە دانانی بودجەیەك دوای حەوت ساڵ كارێكی زۆر ئاسان نییە، چونكە بودجە ژمارەیەكی خەمڵێندراوە و لەو ماوەیەدا گەشەی دانیشتووان و داتا و ئامارەكان زۆر روون نین، تاوەكو لە دانانی بودجەكەدا پشت بە بودجەی ساڵی رابردووی گەشە ببەستین، بۆ نموونە ئایا رێژەی گەشە لەو ماوەیەدا 2 یان 5% بووە، تاوەكو ئیزافەی سەر خەرجییەكانی بكەین، هەروەها لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكان حزبەكان وەكو موزایەدە گفتوگۆكانی تایبەت بە بودجە و پەسەندكردنی بەكارنەهێنن، لە كاتێكدا بودجە داهات و خەرجی میللەتە و دیدو بۆچوونی هاووڵاتیانە بۆ داهاتوو نابێت وەكو پڕوپاگەندە و بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاربهێنرێت.
* گرنگترینی ئەو ئاستەنگ و بەربەستانە چین كە بۆ داڕشتنەوەی بودجەی بەكارخستن گرفت و كێشەی بۆ دروست كردووین؟
- نەبوونی داتا و ژمارە لە وەزارەتەكان یەكێكە لەو گرفتانە كە رووبەڕوومان دەبێتەوە لە میزانی موراجەعە و ژمێریاریی كۆتایی، چونكە خۆی لەخۆیدا لەچەند ساڵی رابردوودا بودجە نەبووە و زیاتر خۆیان لە خشتەی دارایی بینیوەتەوە، لەلایەكی دیكەوە یەكە ژمێركارییەكان ئەو شارەزاییە باشەیان نەبووە لە مەسەلەی تۆماری دارایی ژمێریاری، بۆ نموونە ئەمە وایكردووە لە وەزارەتێكدا چەند ژمێریارییەك بەكار بهێنرێن تەنانەت وەزارەت هەیە سێ سیستەمی ژمێریاریی تێدا بەكار هێنراوە (مەركەزی و نامەركەزی و سیستەمی ژمێریاریی یەكگرتوو) لەكاتێكدا هەر یەكە لەم سێ سیستەمە یاسا و رێنمایی خۆی هەیە بۆ جێبەجێكردن و بەڕێوەبردنی تۆمار و خشتەی ژمێریاری و میزانی موراجەعە، هەموو ئەم داتا و ژمارە زانستی و كارانە لەناو یەك خشتەدا كۆكراوەتەوە، ئەمەش هەڵەیەكی گەورەیە و دەبێت لەگەڵ ئەم وەزارەتانە كۆببینەوەو بیخەینە سەر سكەی خۆی و هەڵەو ژمارەكان راست بكەینەوە. بە شێوەیەكی گشتی دەبێت لە بەرێوەبەرایەتی گشتیی ژمێركاریی كە سەرچاوەی خەرجییەكانە و سەرچاوەی داهاتەكانیش هەر دێتەوە ئەوێ و دەبێت هەمووی لەوێدا كۆبكرێنەوە، نەوەكو وەكو ئێستا پەرشوبڵاو بێت و زۆر لە داهاتەكان بە فیعلی نایەتە بەردەستمان. سەبارەت بە میلاكاتەكانیش گیروگرفتی زۆرمان هەیە و بەدواداچوون نەبووە و هیچ پێوەرێك نەبووە پشتی بێ ببەستین، چونكە ئەگەر بودجە هەبووایە میلاكاتیش پەسەند دەكرا، هەر لەبەر ئەم گرفتانە ئەگەر ئێمە بمانەوێت بودجەیەكی زۆر ستاندار بنێرینە پەرلەمان، پێویستە زۆر ماندوو بین .
* مەسەلەیەكی دیكە پەیوەندی بە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق هەیە، تا ئێستا بەرچاوڕوونی نییە كە ئایا ئەو بڕە پارەیەی لە عێراقەوە بۆمان دێت چەندە؟
- بەڵێ، تا ئێستا بەرچاوڕوونی نییە كە چۆن رێك دەكەوین و ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بۆمان دێت چەندە، باس لە 164 تریلیۆن دیناری بودجەكە كرا و گوایە دوای یەكلاكردنەوەی بودجەی سەروەریی و حاكیمە لە 12.67% بۆ هەرێمی كوردستان دێت كە خۆی لە 15 تریلیۆن دینار دەبینێتەوە، ئەمە لەكاتێكدا هەموو ئەو ژمارانە راست نین و ئێستا باس لەهاتنە خوارەوەی بودجەكە بۆ 130 تریلیۆن دینار دەكرێت و داواكراوە نرخی بەرمیلێك نەوت بەرز بكرێتەوە، تەنانەت بەپێی رێژەی ژمارەی دانیشتووان و بەڵگەنامەكانی وەزارەتی پلاندانان و بازرگانی بێت، دەبووایە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق بە رێژەی 13.9% بێت. لەناوخۆی هەرێمیشدا تا ئێستا ئێمە لەهەندێك ژمارەدا بەرچاوڕوونیمان نییە،ـ لە كاتێكدا دەبێت داهات و خەرجی سامانە سرووشتییەكان بە فەرمی بەدەستمان بگات، داهات هەیە، ناگەڕێتەوە ناو گەنجینەی حكومەت و هەموو ئەو كەموكورتی و كێشانە پێویستیان بە رێكخستنەوە هەیە. بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابووری ئاماژەی بەوە كردووە، دەبێت سەرجەم داهاتەكانی نەوت و پرۆسەی دەرهێنان و ناردنە دەرەوەی نەوتی خاو و گواستنەوە و فرۆشتن و قەرزەكان بخرێنە ناو پرۆژە یاسای بودجەوە و، لەناو چوارچێوەیەكی یاسایی جێگای بۆ بكرێتەوە، بەمەش بەرچاوڕوونی بۆ خەڵكیش دەبێت و متمانە لە نێوان خەڵك و حكومەت دەگەڕێتەوە .
* ئایا لەگەڵ دانانی پڕۆژە یاسای بودجەی بە شێوەیەك پشت بەداهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی خۆمان ببەستین، یان لەگەڵ دانانی بودجەیەك پشت بە پشكی هەرێمی كوردستان ببەستێت لە عێراق؟
- هەرچەندە ئێمە پشت بە دوو ئاراستە لە ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجە دەبەستین، بەڵام ئەگەر ئێمە بمانەوێت هەرێمی كوردستان سەربەخۆ بێت و، چیتر بەغدا ئەوەندە بە بیانووی جۆراوجۆر ماف و شایستە داراییەكانمان لێ زەوت نەكات، ئەوە دەبێت پشت بە بودجەیەك ببەستین كە سەربەخۆیی كوردستان بپارێزێت و رێگا نەدەین چیتر یاری بەمافەكانی گەلی كوردستان بكرێت كە لە دەستووردا جێگیركراوە، خۆ ناكرێت لە پێناو مووچە و بودجەدا تەواوی مافەكانی گەلی كوردستان لەبیر بكەین، پێویستە خۆمان بگونجێنین لەگەڵ داهاتی نەوتی و نانەوتی، ئەگەر داهاتەكانمان رێك بخەینەوە و خەرجییەكانمان دەستی پێوەبگرین و دەست بڵاوی تێدا نەكەین، ئەوا عێراق نەیدەتوانی بەم شێوەیەی ئێستا مافەكانمان پێشێل بكات، وامان لێهاتووە مافە دەستوورییەكانمان لەبیر كردووە.
* سەرەتای قسەكانت باسی هەماهەنگیی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانانت كرد، پرسیار ئەوەیە چۆن بە هەردوو وەزارەت پرۆژە یاسای بودجە ئامادە دەكەن؟
- بودجە بە هەردوو بەشەكەیەوە تەواوكەری یەكترن و ئەوجا دەبێتە بودجەیەكی گشتی، ئەوەی تایبەتە بە بەشی بەكارخستنەوە، هەیە تایبەتمەندێتیی وەزارەتی داراییەو، ئەوی دیكە وەبەرهێنانە و تایبەتمەندێتی وەزارەتی پلاندانانە كە بەپێی سێكتەر و ناوچە و پارێزگا و پێداویستییەكانی دەڤەرەكانی كوردستان داهاتەكانی بۆ تەرخان دەكرێت.
* بۆ دەربازبوون لە قەیران و پشتبەستن بە داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆسەیەكی چاكسازیی دەستپێكردووە، تاچەند ئەم پرۆسەیە گرنگە بۆ پڕكردنەوەی خەرجییەكان و هاوسەنگكردنی بودجە؟
- چاكسازی لە نەوت و داهاتە نانەوتییەكان و گەڕانەوەی هەموو داهاتەكان بۆ گەنجینەی گشتی زۆر گرنگن، هەر وەكو چۆن چاكسازی لە داڕشتنەوەی پەیكەری حكومەت و كەرتی تایبەتیش پێویستە. كاتی ئەوە هاتووە خۆمان بگونجێنین لەگەڵ ئەو داهاتەی لەبەردەستماندایە و بەپلان كار بكەین، ئەم چاكسازییە دەبێت بوارەكانی باج و رسووماتەكانیش بگرێتەوە. ناكرێت تەنیا باج لەسەر خەڵكی زیاد بكەین، من لەگەڵ ئەم خاڵەدا نیم بەڵام لەگەڵ رێكخستنەوەی چۆنیەتی وەرگرتنی باجم .
* دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجان بە یەكێك لەو تەوەرە هەستیار و گرنگانە دادەنرێت كە خەڵكی بە پەرۆشەوە لە چاوەڕوانی راگەیاندنی دامەزرانی ژمارەیەك لە گەنجەكانن، بەتایبەتی دەرچووانی زانكۆ، ئایا لە پرۆژە یاسای بودجە تەوەرەیەك دانراوە بۆ دامەزراندن؟
- لە ساڵانی پێشوو لەگەڵ ئەوەی بودجەش نەبوو، دامەزراندن هەر هەبووە، تەنیا لە ساڵی رابردوو 5 هەزار و 88 مامۆستای گرێبەست كرانە هەمیشەیی و یەكەم و دووەم و سێیەمی زانكۆكانی كوردستانیش دامەزراون و 1000 پزیشكی فێرتەرنەری دامەزران. ئێمە نزیكەی 26 هەزار فەرمانبەری گرێبەستمان هەیە، خۆ ئەگەر پلانمان هەبێت بۆ دامەزراندن پێویستە سەرەتا لە دامەزراندنی ئەم فەرمانبەری گرێبەستانەوە دەست پێ بكەین و چاكسازیی لە میلاكاتدا بكەین هەندێك وەزارەت لە یەك كاتدا فەرمانبەرانی زیادیان هەیە و پێویستیان بە فەرمانبەرانیشە، كاتی ئەوە هاتووە ئەو ژمارە زۆرەی قوتابیان لە زانكۆكانی هەرێم و زانكۆ ئەهلییەكان وەرنەگیرێن، چۆن دەبێت قوتابی بە نمرەیەكی كەم بچێتە زانكۆ و دواتر داوای دامەزراندن و پۆست بكات، دەبێت توانای زانستی رەچاو بكرێت .
پێویستە لە خۆمان بپرسین پەتای كۆرۆنا و قەیرانی دارایی چی فێركردین و چۆن لەمەودوا داهاتەكانمان رێكبخەینەوە و پێش كەوتنەوەی قەیران خۆمان بۆ بەڕێوەبردنی قەیران ئامادە بكەین، یەدەكی دراوی قورس و پاشەكەوتمان هەبێت لە خێزانێكەوە تاوەكو بەرزترین وەزارەت و دامەزراوە داهاتەكانمان زیاد بكەین، نەك خەرجییەكان هەموو وەزارەت و دامەزراوەیەك دەتوانێت داهاتەكانی بە كەمێك رێكخستنەوە زیاد بكات، هاوكات گەشە بە بەرهەمهێنانی ناوخۆ و پیشەسازیی خۆماڵی و گەشتوزاری و بازرگانی بدەین.