شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی لێژنەی ئاساییکردنەوەی رەوشی کەرکووک، بۆ گوڵان: لەدوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە باردۆخی سەربازی بەسەر کەرکوکدا فەرز کراوە

شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی لێژنەی ئاساییکردنەوەی رەوشی کەرکووک، بۆ گوڵان:  لەدوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە باردۆخی سەربازی بەسەر کەرکوکدا فەرز کراوە
شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی لێژنەی ئاساییکردنەوەی رەوشی کەرکووک لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، تیشکی خستە سەر پرسی کەرکووک و باسی لە مەلەفی سیاسی و ئەمنی شارەکە کرد، ھاوکات پێیوایە بەبێ بوونی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ناتواندرێ مەلەفی ئەمنی شارەکە بپارێزرێت، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە کەرکووک چەقی ململانێ سیاسییەکانە و مەوقعێکی ستارتیژیی گرنگی ھەیە و، ئەگەر کەرکووک رزگار بکرێت و بکەوێتەوە دەستی پێشمەرگە، ئەوا تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی سنووری ئیدارەی ھەرێم بەدەست دێنینەوە.
گوڵان: وەکو ئەندامی لێژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک، کارەکانتان بە چ ئاراستەیەکدا رۆیشتووە و ھەنگاوەکانتان تا چەند ئەنجامی دڵخۆشکەری بۆ خەڵکی شارەکە ھەبووە؟

شاخەوان عەبدوڵا: ئاشکرایە لە دوای خیانەتی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، کەرکووک بە دۆخێکی نەخوازراوو ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت، حاڵەتێکی سەربازی بەسەر شارەکەدا فەرزکراوە و ھیچ بەرپرسێکی شەرعی و دەستووری لە شارەکەدا نەماوە، تەنانەت پارێزگارێکی ھەڵبژێردراویش لە شارەکەدا نییە، مەلەفی عەسکەریی کەرکووک لە دەست کەسانی بێگانەدایە و خەڵکی شارەکەش ھیچ شتێکیان بەدەست نییە، ھاوکات پرۆسەی تەعریب لە شارەکە بەردەوامە و تاکی کورد بەردەوام ناحەقی بەرامبەر دەکرێت، توندوتیژییەکانیش روو لە زیاد بوونن و داگیرکردنی زەویوزاری کورد بەردەوامیی ھەیە، نزیکەی ٤٥٠٠ حاڵەتی رووداوی ئەمنی لەدوای ١٦ ئۆکتۆبەر روویان داوە، ئەم دۆخە ناسەقامگیر و نائارامی و بارێکی ناجێگیری دەروونیی لای تاکی ئەو شارە دروستکردووە، ھەموو لایەک چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، ئەگینا بەم شێوەیەی کە ئێستا ھەیە دواجاری زیانی گەورەی بەر کورد و پێکھاتەکانی دیکەش دەکەوێت. سەبارەت بە لێژنەکەشمان،ئەوە لەسەر داواکاریی جەنابی سەرۆک پێکھێنرا، کە بەڕێز د. کەمال کەرکووکی وەک سەرۆک و من و بەڕێز د. ئومێدیش وەکو ئەندام دەستنیشان کراین، ھەر لەسەر فەرمانی لێژنەکە من وەکو نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان راسپێردرام بە ئەندامێک لە لێژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لێژنەی پێکھاتەکانە و لە بەغدا دانراوە، ساڵی پار کۆبوونەوەکانمان دەستپێکرد و ئامانج لێی ئاساییکردنەوەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بوو، ئەمەش بووە بناغەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پرسە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، دیارە مەلەفەکەش مەلەفێکی گشتگیرە و خۆی لە دۆخی ئەمنی و سەربازیی شارەکە و ئەو ھێزانەی دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەر ھاتوونەتە کەرکووک دەبینێتەوقە، پرۆسەی ئاساییکردنەوەی کەرکووک ھەنگاوی باشی بڕی و گەیشتە قۆناغی ئیمزاکردن لەمانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٩، دواتر ئیمزاکردنەکە بۆ مانگی دواتر دواخرا، بەڵام بەھۆی رووداوەکانی بەغدا و خۆپیشاندانەکان و دواجاریش دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەوە پرۆسەکە جارێکی دیکە دواخرا، لە سەرەتای ئەم ساڵیشەوە کۆرۆنا جارێکی دیکە کۆبوونەوەکانمانی دواخست، ئێستاش ماوەی مانگێکە کۆبونەوەکە دەستی بە کارەکانی کردۆتەوە و ئەمڕۆ کە لەگەڵ ئێوە قسە دەکەم ماوەی دوو سەعات لە کۆبوونەوەدا بووین و تەنیا لەم ھەفتەیە سێ کۆبوونەوەمان ئەنجام داوە.

گوڵان: کەباسی پرسی کەرکووک دەکەین، واتە پرسی تەواوی ئەو ناوچە کوردستانییانەی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان کە ناوچەی کێشە لەسەرن لەنێوان ھەرێم و بەغدا، لەم چوارچێوەیەدا دەمەوێت بپرسم بۆچی پرسی کەرکووک بۆتە (ناسنامەو چەق) ی تەواوی ناوچە کێشەلەسەرەکان، ئایا گرنگیی کەرکووک تەنیا لەبەر ئەوەیە کە نەوتی تێدایە؟ ئەگەر ھەر ئەوە نییە گرنگیی کەرکووک لەچیدایە؟
شاخەوان عەبدوڵا: کەرکووک بەلای ئێمەوە ناسنامەی ٥٠% ی خاکی باشووری کوردستانە، رێککەوتن لەسەر ھەر شارێک کرابێت، لەسەر کەرکووک نەکراوە، چونکە کەرکووک چەقی ململانێ سیاسییەکانە و مەوقعێکی ستراتیژیی گرنگی ھەیە، ئەم شارە شارێکی کوردستانییە و بەھیچ شێوەیەک ناکرێت تەنازولی تێدا بکرێت، کەرکووک پێش ئەوەی نەوتی لێ بدۆزرێتەوە، شارێکی کوردستانی بووە و بەپێی سەرژمێرییەکان کورد لە شارەکەدا زۆرینە بووە، لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا ئێمە وەکو کورد لەشارەکەدا دانمان بە پێکەوە ژیانی پێکھاتەکانی دیکەی کەرکووک ناوە، سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا کورد بۆ خاکەکەی، یان بۆ نەوتەکەی کەرکووکی دەوێت، وەڵامەکە رێک پێچەوانەکەی تەواوە، ئەویش لای حکومەتی ئیتیحادی بەو شێوەیە نەک لای ئێمە، دڵنیابە ئەگەر کەرکووک بەشێک نەبووایە لە سەرچاوەی داھاتی عێراق و ئەگەر پێیان وا نەبووایە کە بە لەدەستدانی کەرکووک قەیرانی دارایی گەورە روو لە عێراق دەکات، ئەوان ھەوڵی ئەوەیان نەدەدا کەرکووک لە دانیشتووانە رەسەنەکەی وەربگرنەوە وداگیری بکەن، بەڵام کەرکووک لای ھەموو کوردێک خاکەکەی پیرۆزە، نەک نەوتەکەی، لە وەڵامی ئەوەی کەرکوک بۆچی بووەتە ناسنامەی ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێم، من پێم وایە واقعێک وای کردووە، سەرنج بدەن کاتێک ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە پیلانێک لە کەرکووک شکا و کەرکووک تەسلیم کرا، ھەموو ناوچەکانی دیکەش لەدەستدران، لەبەر ئەوە، پێمان وایە ئەگەر کەرکووک رزگار بکرێت و بکەوێتەوە دەستی پێشمەرگە، ئەوا تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دیکەش بەدەست دێنەوە، ھەر بۆیە پێناسەی کەرکووک لێرەوە خۆی دەبینێتەوە.

گوڵان: وەک ئاشکرایە لە دوای کارەساتی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی٢٠١٧ تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان بارەگاکانی لەو شارە ھێناوەتە دەرەوە و تەنیاش پارتی بایکۆتی ھەڵبژاردنەکانی کەرکووکی کردووە، وەک دەبینین تەواوی حزبەکانی دیکەی کوردستان بارەگایان لە کەرکووک ھەیە و بەشدارییشیان لە ھەڵبژاردنەکانی کەرکوک کردووە، بەڵام ھەموو کوردستانییەکان داوای ئەوە دەکەن ( دەبێت کورد بگەرێتەوە بۆ کەرکووک و باردۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە) پرسیاری ئێمە لەسەر ئەوەیە، بۆچی بە شێوەیەکی لاشعوری لە نەستی ھەر تاکێکی کوردستانە ( پارتی بۆتە ناسنامەی پرسی کەرکووک) و پێیانوایە ئەگەر پارتی لەو شارە نەبێت، ئەو شارە خاوەنەکەی لەوێ نیبە؟
شاخەوان عەبدوڵا: لە دوای کارەساتی ١٦ ی ئۆکتۆبەرەوە، تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان بارەگاکانی لەو شارە ھێناوەتە دەرەوە، تەنیاش پارتی بایکۆتی ھەڵبژاردنەکانی کردووە، پارتی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دەیتوانی بگەڕێتەوە کەرکووک، بەڵام پارتی ھیچ کاتێک نایەوێت بەبێ بوونی شکۆ لە ھیچ شوێنێک دابنیشێت، پارتی و بارەگاکانی لەکوێ بن، بەشکۆوە لەو شوێنە دەبن، پارتی ناتوانێ لە شارێکدا بژی و نەتوانێ بەرگری لە رێکخستنەکانی و خەڵکەکەی خۆی بکات، ئاشکراشە جگە لە پارتی تەواوی حزبە کوردستانییەکان لەوێن، رۆژانە تەعریب بەردەوامە، سوکایەتی بەتاکی کورد دەکرێت، ئەمە وێڕای لادانی بەڕێوەبەرە کوردەکان لە پۆستەکانیان، بەڵام ئەو عزبانەی کە لەوێن ھیچیان پێ ناکرێت، بۆیە بوونی پارتی بەو شێوەی ئەوان لە شارەکەدا، جگە لە قبوڵکردنی واقیعەکە ھیچی دیکە ناگۆڕێت، ئەگەر پارتی بەشداریی ھەڵبژاردنەکانی کەرکووکی بکردبا، بەدڵنیاییەوە بەھۆی توڕەیی خەڵک لە بەرپرسانی یەکێتی بەھۆی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە، ژمارەی کورسییەکانی پارتی زیادیشی دەکرد، بەڵام پارتی ئەو قوربانییەی دا، بۆ ئەوەی ھەموو لایەک درک بەو واقیعە بکات کە لە کەرکووک روو دەدات، ھەر ئەوەش وایکرد نەتەوە یەکگرتووەکان بێتە سەرخەت و دەست ب ەپرۆسەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک بکرێت، پێموایە بوونی پارتی لە دەرەوەی شارەکە بۆ داکۆکیکردنە لەمافی خەڵکەکەی، نەک بەجێھێشتنیان، ئەو بەرگرییەی پارتی لە دەرەوە دەیکات، خەڵکانێک لە ناو شارەکە ناتوانن بیکەن، ھەروەھا بەشداری نەکردنمان لە ھەڵبژاردنەکان، مانای ئەوەیە کە ئێمە ئیعتیرافمان بە دۆخەکە نەکردووە، ئەمڕۆش خەڵکی ئەو شارە داوای گەڕانەوەی کورد بۆ کەرکووک دەکەن، بەدڵنیاییەوە مەبەستیان گەڕانەوەی پارتییە، پارتی ھەمیشە لە دوو روانگە بینراوە کە جگە لەئەرکە قورسەکەی، لە چوارچێوەی نەتەوەیی و قەومییش تەماشاکراوە.
گوڵان: ئاشکرایە بەرێز( د.نەجمەدین کەریم )کە تا رۆژێک پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر پارێزگاری کەرکووک بوو، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، بەڵام ھەر خۆیان بوونە ھۆکاری ئەوەی ئەو شارە داگیر بکرێتەوە و لە جێی( د.نەجمەدین)کەسێکی وەک راکان جبوری دابندرێت، یەکێتی نیشتمانی کە ئێستا خاوەنی ٦ کورسیی نوێنەرانی کەرکووکە لە پەرلەمانی عێراق و مەڵبەند و بارەگاکانی لە کەرکووکە، بەرامبەر کارەکانی راکان جبوریدا دەستەوەستانە کە دەستی کردۆتەوە بە ئازاردانی کوردی کەرکووک و درێژەپێدانی سیاسەتی بەعەرەبکردنی ئەو شارە، لە بەرامبەریشدا راگەیاندنەکەی یەکێتی خۆیان لەم پرسە بێ ئاگا کردووە، ئایا بۆچی بە د.نەجمەدین رازی نەبوون، بەڵام ئێستا لە بەرامبەر راکان جبوری بێدەنگن؟
شاخەوان عەبدوڵا: د. نەجمەدین کەریم نەک ھەر پارێزگاری کەرکووک بوو، بەڵکو توانی یەکێتی بۆ ئاستێکی زۆرباش ھەڵبستێنێتەوە و ژمارەی کورسییەکانی لە شەش کورسی بکاتە ھەشت کورسی، ئەو کاتانەی د. نەجمەدین کەریم پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری و نیشتەجێبوونی دەدا بە بەرپرسانی ئیدارەی یەکێتی، ئەوان ھیچ قسەیەکیان نەبوو، بەڵام کاتێک لەسەر پڕۆژەی عەلوەکەی کەرکووک کێشە کەوتە نێوانیان، ئەوکاتە ھەوڵی لادانی د. نەجمەدین کەریمیان دا، تەنانەت لە بەغداش کاریان بۆ لادانی کرد. بەرگریکردنی پارتیش لە د. نەجمەدین کارێکی شەخسی نەبوو، چونکە لە ماوەی رابرردوودا لە کەرکووک ئەو زەربە و ئەو غەدرەی د. نەجمەدین کەریم لەپارتی کرد، تائێستاش بە راکان جبوریشەوە کەس بەرامبەر پارتی نەیکردووە، بەڵام پارتی دڵنیابوو لەوەی کە ئامانجی بەغدا لە لادانی د. نەجمەدین کەریم مەسەلە نەتەوەییەکە بووە، نەک شتی دیکە، بەم ھۆیەوە پارتی د. نەجمەدینی پاراست و نەیھێشت بکەوێتە دەست حەشد، یان ھەر گرووپێکی دیکە، ئەمڕۆش پێموایە یەکێتی بەجۆرێک لە جۆرەکان بەراکان جبوری رازییە و سەردانی دەکەن و تیرۆریستی بۆ بەردەدەن و گرێبەستی وەرگرتنی نەوتیان لە شارەکەدا ھەیە، بەڵام ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئەم چرکەیە ھیچ موخاتەبەیەکی فەرمیی راکان جبوریمان نەکردووە، ھەرچەندە راکان جبوری چەندجارێک داوای دیداری سەرۆک بارزانی-ی کردووە، ئێمە وەکو پارتی ھەموو ئەو دیدارانەمان رەتکردۆتەوە.
گوڵان: بەردەوام ھەڕەشەی تیرۆریستانی داعش لەسەر کەرکووک و ناوچەکانی دەورووبەری کەرکووک ھەیە، زۆر باس لەوە دەکرێت کە بۆ رەوینەوەی ئەو ھەڕەشانە، پێویستە ھەماھەنگی لە نێوان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزە عێراقییەکان دروست بێتەوە، لەسەر ئەم پرسە ماوەیەک پێش ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند کە گەیشتوونەتە جۆرێک لە رێککەوتن، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا ھێزێکی عێراقی ھەوڵیدا خۆی لە ناوچەکانی کفری نزیک بکاتەوە، لەسەر ئەم پرسەش وەک باس دەکرێت دیسان جۆرە رێککەوتنێک کراوە، بەڵام پرسیاری ئێمە ئەوەیە، بۆچی ھێزە عێراقییەکان پابەندی رێککەوتنەکانی نێوان بەغدا و ھەرێم نابن؟
شاخەوان عەبدوڵا: ھەر لە سەرەتاوە ئێمە پێمان وابوو کە پاراستنی دۆخی ناوچەکە لە رووی ئەمنییەوە بە ھێزی خۆسەپێنەر ناکرێت، پێش ١٦ ی ئۆکتۆبەر کەرکووک ھاوشێوەی شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان ئارام بوو، باری ئەمنی سەقامگیر بوو، بەڵام کە پێشمەرگە لە کەرکووک نەما، داعش لە ناوچە گەرمەکانەوە چالاکییەکانی دەست پێکرد و کردە تیرۆریستییەکانی ئەنجام دایەوە، ئیدی بەو قەناعەتە گەیشتووین بەبێ بوونی پێشمەرگە ناتواندری مەلەفی ئەمنی لە کەرکووک بپارێزرێت، ھەر لەم روانگەیەشەوە ساڵی پار بڕیار درا کە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان ناوچەکە بپارێزن، وەک ھەمیشە ھەندێک حزب و لایەنی سیاسیی عێراقی دژی ئەوە بوون کە ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ پێشمەرگەدا بکرێت، سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییەی کفرییش، ئەم کارە بەبێ ئاگاداریی وەزارەتی پێشمەرگە کرا، لەکاتێکدا رێککەوتنێک ھەبوو کەوا لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی ھەیە، ھێزی ھاوبەش بچنە ناوچەکە و بیپارێزن، بەڵام لە کفری و کارێز و ناوچەی خانەقین ئەوەی کرا، بە بڕیارێکی تاک لایەنە بوو، ئەمەش لە ھەیبەت و سەنگی حکومەتی ھەرێم کەم دەکاتەوە لە بەرامبەر بەغدا، ئێمە پێمان وایە تەعامولکردن لەگەڵ بەغدا، دەبێت لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی ھەرێم بکرێت و بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم پرسەکان لەنێوان ھەردوولا، پشت بە بنەما دەستوورییەکان ببەسترێت.
Top