ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: حزبە كوردستانیەكان نوێنەرانی خەڵكی كوردستانن و بەرپرسیارێتی مێژووییان دەكەوێتە سەرشان بۆ بەهێزبوونی

ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: حزبە كوردستانیەكان نوێنەرانی خەڵكی كوردستانن و بەرپرسیارێتی مێژووییان دەكەوێتە سەرشان بۆ بەهێزبوونی
بارودۆخی ئابووری عێراق و چارەنووسی پرۆژە یاسای بودجەو شایستە داراییەكانی هەرێم تەوەرەی سەرەكی دیداری گۆڤاری گوڵان بوو لەگەڵ ( ڤیان سەبری) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
دیمانە : شەماڵ نوری
• كۆرۆنا و داشكانی بەهای نەوت زیانێكی گەورەی بە ئابووری عێراق و هەرێمی كوردستان گەیاندووە ، لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای نەوت بۆ 31 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك و پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراق ئومێدێك هەیە بۆ باشبوونی بارودۆخەكە؟
- كۆرۆنا زیانی گەورەی بە ئابووری هەموو جیهان گەیاندوو عێراق و هەرێمی كوردستانیش بەهەمان شێوە زیانی گەورەیان بەركەوت، بەتایبەتی داشكانی بەهای نەوت بەتەواوەتی ئابووری و دارایی عێراقی تێكداوە، چونكە عێراق وڵاتێك نییە پشتی بە فرە سەرچاوەی داهات بەستبێت ، ئەوەتا بەرێژەی لە 90% ی داهاتەكانی ئەم وڵاتە لە فرۆشتنی نەوتەوە بەدەست دەهێنێت، واتا بودجەو داهاتی عێراق لە رێگەی ( پترۆ دۆلار) ەوە بەدەست دەهێنرێت، بەمەش دابەزینی بەهای نەوت لەبەر هەر هۆكارێك بێت دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی بارودۆخی دارایی و ئابووریی، هەرچەندە كابینەكەی مستەفا كازمی لەدوای ململانێ یەكی زۆر دوا جار پێكهێنرا، بەڵام كێشە ئابوورییەكان لەریزبەندی پێشەوەی ئەو تەحەدییانە دێت كە رووبەرووی ئەم كابینە نوێیە دەبێتەوە، ئەوەتا عێراق ناچارە قەرز لە بانكی نێودەوڵەتی و وڵاتانی بیانی وەربگرێت، هەرچەندە زۆر زەحمەتە عێراق لەم ساڵدا و لەگەڵ بەردەوامی قەیرانی كۆرۆنا و نزمی بەهای نەوت و كەمبوونەوەی یەدەگی دراو لەبانكی ناوەندی عێراق حكومەت بتوانێت پشت بەقەرزی دەرەكی ببەستێت و زۆر وڵات ئامادە نابن قەرزمان بدەنێ، هەر لەبەر ئەم هۆكارانەشە تا دێت بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی لەدابەزیندایە، ئەمە لەكاتێكدا بودجەی عێراق بەردەوام لە كورتهێناندایە لەساڵی 2019 ئەم كورتهێنانە گەیشتە 38 تریلیۆن دینارو چاوەڕوان دەكرێت لەمساڵدا كورتهێنانی بودجە بۆ 60 تریلیۆن دینار بەرز بێتەوە .
• بەڕێزت لەكۆبوونەوەی شانەی قەیران كە لەئەنجومەن بەڕێوەچوو ئامادە بوویت، ئایا عێراق بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی و موچەو بەردەوامبوونی خزمەتگوزارییەكانی پێویستی بەچەند سیولەی نەختینەیی هەیە؟
- لەو كۆبوونەوەیەی كە تایبەت بوو بە كۆرۆناو بارودۆخی دارایی كە لە ئەنجومەن بەڕێوەچوو منیش تێیدا ئامادەبووم ، دەركەوت عێراق مانگانە پێویستی بە نزیكەی 7 تریلیۆن و نیو دینار هەیە تەنیا بۆ دابینكردنی موچە و كڕینی كارەبا و تەمویلكردنی ماددەكانی ناو پسوولەی خۆراك و پێدان قەرزی كۆمپانیاكان، بۆ ئەمەش لەتوانایدا نابێت ئەو بڕە پارەیە تەرخان بكات بۆیە پێویستی بە رێكاری دیكە هەیە لە رێگەی كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران و زیادكردنی باج و رسوماتەكان و یاخود پەنا بۆ قەرزی بانكەكانی ناوخۆ ببات.
• بودجەی تەخمینی لەبری بودجەی گشتی عێراق چی جیاوازییەكی هەیە و دەكرێت لەرێگەی ئەم بودجەیەوە وڵات لەداڕمانی دارایی و ئابووری دەربازی بێت؟
- بەرەو كۆتایی مانگی 5ی 2020 دەچین و تا ئێستا پرۆژە یاسای بودجەی 2020 نەهاتووەتە پەرلەمان تاوەكو گفتوگۆی لەسەر بكەین و پەرلەمانتاران پەسەندی بكەن، لەم بارودۆخەی كۆرۆناو قەیرانی دارایی زۆر زەحمەتە یاسای بودجە دەربچێت، خۆ ئەگەر یاسای بودجە نەهات هەر لەسەر یاسای ئیدارەی دارایی 2019 بودجەیەكی تەخمینی 12 مانگی 2020 دابەشی 12 مانگ دەكرێت و لەسەر وەزارەتی دارایی كاری لەسەر دەكرێت، ئومێدەوارین لەدوای جەژنی رەمەزانی پیرۆز لە بەرنامەی حكومی لە بڕگەی 4 دا ئاماژەی پێكراوە كە بودجەیەكی ئیستسنائی هەیە كە لەسەر بنەمای نرخی ئێستای نەوت بڕە پارەیەك تەرخان بكرێت بەتایبەتی بۆ شارەكانی لێقەوماوی باشوور ناوەڕاست و هەرێمی كوردستانیش.
• بەڵام موچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەعێراق بەكوێ دەگات ئایا گفتوگۆو دانوستانەكان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی نوێ ئەنجام دراوە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم كێشەیە؟
- هەر لەیەكەمین سەردانی رێزدار مەسرور بازانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا نیەت باشی خۆمان نیشاندا كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە بەپێی دەستوور هەموو كێشەو گرفتەكانی خۆی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات، وابزانم لای هەمووان روون و ئاشكرایە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ رادەستكردنی نەوت بەسۆمۆ هەروەكو چۆن لە ساڵی 2019 پارەی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم لەپشكی بودجەی كوردستان بڕاوە، بەڵام لەمانگی 3-4ی 2019 كێشەو خۆپیشاندانەكانی ناوخۆی عێراق رێگربوون لەچارەسەركردنی تەواوەتی ئەم گرفتە ، ئەوەبوو لەمانگی ئەبریل و گوڵانی2020 بۆ سێ جار شاندی حكومەت سەردانی بەغدای كردوو دوو جاریان بەسەرپەرشتی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان و سەرۆك و سكرتێری دیوانی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی بەغدایان كردووەو چەندین دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت ئەنجام داو جەختیان لەسەر ئامادەیی هەرێم نیشاندا بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیەو رادەستكردنی نەوت بەرامبەر بە بودجە، بەڵام ئەمجارەش گۆڕینی كابینەكە و دەستبەكاربوونی كازمی گفتوگۆكانی دواخستەوە .
• بەڵام لە2009 ەوە سەرۆك وەزیرانەكانی عێراق بەڵێن دەدەن و رێكەوتن دەكەن و پاشگەز دەبنەوە، ئایا كورد چۆن متمانە بە بەڵێنەكان بكات و ئەمجارە رێكەوتنێكی وا بكرێت كە بواری پاشگەزبوونەوەی تێدا نەبێت؟
- پاشگەزبوونەوە لەبەڵێن و رێكەوتنەكان گرفتێكی مێژووی گەلی كوردستانە لەعێراقدا، هەموو شۆڕش و راپەرینەكان دەرئەنجامی فەرامۆشكردنی مافەكانی گەلی كوردستان هەڵگیرساوە، بەڵام ئەمجارە بۆ یەكەمینجارە لەناو كارنامەی حكومەتدا ئەو بڕگەیە دادەنرێت: ( دەبێت حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ هەرێم هاوكاریی یەكتر بن و كێشەكان چارەسەر بكەن لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە رێكەوتنەكان) بەڕاوبۆچوونی من ئەمە بەڵگەیەكی یاسایی یە ئەگەر جەختكردنی سەرۆك بارزانی نەبووایە نەدەهاتە دی .
بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پێم وایە گەلی كوردستان تەنیا لەرێگەی یەك دەنگی و یەكڕیزییەوە دەتوانێت پارێزگاریی لەمافەكانی گەلی كوردستان بكات، نابێت حزبەكانی كوردستان لەهەرێم لەحكومەت بن و لەبەغدا خۆیان بەمەزڵوم و ئۆپۆزسیۆن نیشان بدەن و زیان بەبەرژەوەندی گەلی كوردستان بگەیەنن، حزبە كوردستانیەكان نوێنەرانی خەڵكی كوردستانن و بەرپرسیارێتی مێژووییان دەكەوێتە سەرشان بۆ پارێزگاریكردن و بەهێزبوونی حكومەتی هەرێم و یەكڕیزی لەمەڕ مافە داراییەكانی هەرێم لەبەغدا.
Top