زاگرۆس فەتاح بريكاری وەزارەتی پلاندانان لەوەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان : بۆ 377 پرۆژە لەسەرجەم پارێزگاكانی كوردستان بڕی 195 ملیار دینار پارە خەرج كراوە، بێ ئەوەی هیچ

زاگرۆس فەتاح بريكاری وەزارەتی پلاندانان لەوەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان :  بۆ 377 پرۆژە لەسەرجەم پارێزگاكانی كوردستان بڕی 195 ملیار دینار پارە خەرج كراوە، بێ ئەوەی هیچ
خەرجی پرۆژەكانی وەزارەت و پارێزگاكان لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بەیەكێك لەو بابەتە گرنگ و هەستیارانە دادەنرێت، كە لەدەستپێكی كابینەكەدا پێداچوونەوەو گۆڕانكاریی باشی بەسەردا هات، هەرچەندە لە ئێستادا بەهۆی كۆرۆناو لێكەوتە ئابوورییەكان و قەیرانی داراییەوە زۆر لەو خەرجیانە راگیراوە، بەڵام دووبارە پێویست بەوە دەكات بە میكانیزمێكی نوێ و بەرەچاوكردنی دۆخی دارایی دەست بەخەرجیەكان بكرێتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی زاگرۆس فەتاح بەڕێوەبەری گشتی لەوەزارەتی پلاندانان كرد لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.
• لەم كابینەیەدا پێداچوونەوە بەسەرجەم خەرجی پرۆژەكانی وەزارەت و پارێزگاكان كرا، دەكرێت بزانین ئەم پێداچوونەوەیە لەسەر چی بنەمایەك بوو هاوكات تاچەند تێیدا سەركەوتوو بوون؟
- رێزدار ( مەسرور بارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دا راستەوخۆ پێداچوونەوەی بەسەرجەم خەرجی پرۆژەكانی وەزارەت و پارێزگاكان كرد، ئەمەش لەچوارچێوەی رێكخستنەوەی داهات و خەرجیەكان بۆ رێگرتن لەبەفیڕۆدانیداهات و تەرخانكردنی بڕە پارەی پێویست بۆ ئەو پرۆژانەی گرنگن بۆ هاوڵاتیان و بونیاتنانی ژێرخانی هەرێم، ئەمە لەكاتێكدا بوو كە بەهۆی قەیرانی دارایی و قەرزاریی حكومەتی هەرێمەوە لەكابینەی پێشوو نەك تەنیا خەرجی زۆربەی ئەو پرۆژانە راگیرابوون بەڵكو جێبەجێكردنی پرۆژەكانیش وەكو پێویست نەبوو. لەپێناو خزمەتكردنی خەڵكی و دەستپێكردنەوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و دادپەروەریی لەدابەشكردنی پرۆژەكان بەسەر سەرجەم دەڤەر و پارێزگاویەكە ئیدارییەكان و شارو شارۆجگەكانی كوردستان دا، بەبڕیارێكی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لێژنەیەكی پسپۆر و پەیوەندار دامەزرا بەئەندامێتی ( ئەنجومەنی وەزیران – وەزارەتەكانی پلاندانان و دارایی و ئاوەدانكردنەوە و شارەوانی و چەندین لایەنی دیكەی پەیوەندار) كاروبارەكانی ئەم لێژنەیەش بەراوێژكاریی لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و پارێزگاكان كاروبارەكانی بەڕێوە دەبرد، بگرە لە بابەتی دەستنیشانكردنی پرۆژەكان و چۆنیەتی تەرخانكردنی بڕە پارەی پێویست و ریزبەندی بۆ پرۆژەكان ئازادییەكی تەواو درا بەخودی پارێزگاكانی كوردستان و یەكە ئیدارییەكانی .

• تاچەند لێژنەكە توانی ریزبەندی بۆ پرۆژەكان دابنێت و دادپەروەریی لە سەرفكردنی خەرجی پرۆژەكان لەنێوان پارێزگاو ناوچە جیاجیاكاندا بكات، چونكە زۆرجار ئەم بابەتە وەكو موزایەدەیەك لەسەر شاشەی تیڤییەكان و سۆشیال میدیا بەكاردەهێنرێت بۆ بەفریودانی هاوڵاتیانی پارێزگایەكیاخود دەڤەرێكی دیاریكراو؟
لەوەزارەتی پلاندانان هەموو وەڵامەكان بەداتاو ژمارەیە بەوتە وتی و پروپاگەندەو قسەی ئەم و ئەو نابێت كە بۆ مەرامی شەخسی و ئامانجی لەخشتەبردنی خەڵكی ئەم مەسەلەیە بەكار دەهێنرێت؛ بەڵێ ئێمە توانیمان سەركەوتووانە ( ریزبەندی – هاوسەنگی ) لەخەرجی پرۆژەكانی وەزارەت و پارێزگاكان پەیڕەو بكەین، ئەوەتا لێژنەكە لە ( مانگی ئەیلوولی 2019 ەوە تا كۆتایی مانگی شوباتی 2020 ) توانی بە (2 ) قۆناغ ( 59 ) پرۆژە پەسەند بكات و 152 ملیار دینار بۆ ئەو پرۆژانە خەرجكرا. بەهەوڵ و هیمەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و فەرمانی راستەوخۆی رێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەزارەت و پارێزگاكان بەیەك تیم توانیان لەو ماوەیەدا ژمارەیەكی بەرچاو لە پرۆژەكان جێبەجێ بكرێت و ئەوانەی دیكەش رێژەیەكی بەرزیان جێبەجێ كرا. ئەوەبوو
ژمارەیەكی بەرچاو لە پرۆژەكان كە لەپارێزگاكاندا پارەیان بۆ خەرجكرا لەسەر بودجەی وەزارەتەكان بەمشێوەیەی خوارەوە بوو:
- پارێزگای هەولێر 26 پرۆژە بە بڕی 50 ملیار دینار
- پارێزگای سلێمانی 20 پرۆژە بەبڕی 57 ملیار دینار
- پارێزگای دهۆك 8 پرۆژە بە بڕی 38 ملیار دینار
- پارێزگای هەڵەبجە 5 پرۆژە بە بڕی 7 ملیار دینار.
هەروەها رێژەی بڕی تەرخانكراو لەهەردوو قۆناغ كە بۆ پرۆژەكان تا ئێستا خەرج كراوە بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
پارێزگای هەولێر 33%
پارێزگای سلێمانی ( بەگەرمیان و راپەرینەوەش) 38%
پارێزگای دهۆك 25%
پارێزگای هەڵەبجە5%
• دەكرێت بزانین ئەو پارەیەی لەسەر بودجەی پارێزگاكان بۆ هەرسێ پارێزگا خەرجكرا لەسەر چی بنەمایەك بوو؟
- ئەو بڕە پارەیەی لەسەر بودجەی پارێزگاكان بۆ هەر پارێزگایەك خەرجكرا بەمشێوەیەی خوارەوە بە سێ قۆناغ بوو:
١- هەر پرۆژەیەك بە رێژەی 85% بۆ سەرەوە تەواوبوو پارەی بۆ تەرخان بكرێت بەشێوەی نەختینەیی.
٢- ئەو پرۆژەیەی لە 75% بۆ سەرەوە بوو پارەی بۆ خەرجكرا.
٣- بڕیاردرا 15 ملیار دینار بۆ ئەو پرۆژانە خەرج بكرێت كە لەدەرەوەی ئەو دوو رێژەیەی سەرەوە بوون و بەپێی رێژەی پارێزگاكان بۆیان تەرخانكرا، بەمەش پارە بۆ ٣١٨ پرۆژە كە بڕەكەی 43 ملیار دینار تەرخانكرا بەمشێوەیەی خوارەوە:
١- پارێزگای هەولێر 11 ملیار دینار بۆ 80 پرۆژە
٢- پارێزگای سلێمانی( بەگەرمیان و راپەرینەوەش) 24 ملیار دینار بۆ 196 پرۆژە
٣- پارێزگای دهۆك 6 ملیار دینار بۆ 22 پرۆژە
٤- پارێزگای هەڵەبجە 2 ملیار دینار بۆ 20 پرۆژە.


• خەرجكردن بۆ پرۆژەكانی وەزارەت و پارێزگاكان بۆ قۆناغی سێیەم بەكوێ گەیشت كە بەهۆی قەیرانی كۆرۆناو داراییەوە راگیرا؟
- بەهۆی قەیرانی كۆرۆنا و نەوت و داراییەوە قۆناغی سێیەمی خەرجكردنی پرۆژەكان راگیرا تاكو كاتێكی نادیار، كە هاوكات بوو لەگەڵ بڕینی موچە و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق لەلایەن بەغداوە، بەمەش حكومەت ریزبەندی خەرجیەكانی بۆ رووبەرووبوونەوەی كۆرۆناو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە تەرخانكرد.

• بەپێی ئەم داتاو ژمارانە بێت كە بەڕێزت لەگۆڤارەكەماندا خستەڕوو تاڕادەیەكی باش دادپەروەریی لەنێوان پارێزگاكانی كوردستان كراوە ئەی بۆچی باس لەوە دەكرێت پارێزگای سلێمانی كەمتر پرۆژەو پارەی بۆ تەرخانكراوە؟
- حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكابینەی نۆیەم دا تاوەكو سەرهەڵدانی قەیرانی كۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوت و بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە؛ بۆ 377 پرۆژە بە بڕی 195 ملیار دینار پارەی خەرج كردووە، لەسەرجەم پارێزگاكانی كوردستان بێ ئەوەی هیچ غەدر و جیاكاریی و نادادپەروەرییەك لەنێوان پارێزگاكانی كوردستان بكرێت، لێژنەی هەڵسەنگاندنی پرۆژەكانی وەبەرهێنانی وەزارەت و پارێزگاكان رۆژانە لەوەزارەتی پلاندانان كۆدەبوونەوەو نوێنەری وەزارەت و پارێزگاكان لەزۆربەی گفتوگۆو بڕیارەكاندا بەشداریی كارایان هەبوو، ئەم لێژنەیە بەبەشداری كەسانی پسپۆرو شارەزا كارەكانی بەڕێوە دەبرد كە پێكهاتبوون لە كەسانی بەرپرس لە نوێنەرانی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی بەشداربووی ناو حكومەتی هەرێمی كوردستان، واتا لە دەرەوەی دیدگای حزبی و ئایدیۆلۆژیاو بیروباوەڕ هەموو بڕیارەكان لەلایەن ئەم لێژنەیەو بەڕەچاوكردنی تەواویی راوبۆچوون و پێشنیارەكانی پارێزگاكان بڕیاری راست و دروستی لەسەر دراوە، خۆ ئەگەر ئەو قەیران و تەحەددا سەختەی بەردەم حكومەت نەبووایە ئەوا قۆناغی سێیەمیش بەسەركەوتوویی بەڕێوەدەبراو تەواویی پرۆسەكە جێبەجێ دەكراو هەنگاو بەرەو قۆناغێكی پێشكەوتووتر دەنرا، لەم بەیانات و ژمارەو داتایانە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیسەلمێنێت كە خەمخۆری هەموو هاوڵاتیانی كوردستانە لە هەرپارێزگاو ناوچەو دەڤەرو شاروشارۆجگەیەك بێت. هەموو ئەم داتاو ژمارانە سەلمێنەرو بەڵگەی ئەوموزایەدەو درۆو لەخشتەبردنی خەڵكە كە كەسانێك بۆ مەرامی شەخسی و خۆدەرخستن و بەهاندانی كەسانی گەندەڵ و نابەرپرس و كۆمپانیای كەمتەرخەم بەڕێوەدەبرێن ، ئەگینا هیچ حكومەتێكی دنیا نییە بەمشێوەیە رەچاوی دادپەروەریی لە جێبەجێكردنی پرۆژەكان بكات .
Top