لەیلا عەبدولجەبار پەرلەمانتاری كوردستان لە لێژنەی چاكسازیی و كۆمەڵایەتی بۆ گوڵان : پۆپۆلیستەكان گەمە بەیاسا و دیموكراتی دەكەن و زیانی گەورە بە سەقامگیریی و ئاشتی كۆمەڵایەتی دەگەیەنن

لەیلا عەبدولجەبار پەرلەمانتاری كوردستان لە لێژنەی چاكسازیی و كۆمەڵایەتی بۆ گوڵان :  پۆپۆلیستەكان گەمە بەیاسا و دیموكراتی دەكەن و زیانی گەورە بە  سەقامگیریی و ئاشتی كۆمەڵایەتی دەگەیەنن
كلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی ناسنامەی گەلی كوردستانە، هەموو نەتەوەو ئاین و ئاینزاكان و تەنانەت سەركردە مێژووییەكانی كورد كاریان لەسەر بەهێزكردنی ئەم كلتوورە كردووە، بۆ قەسەكردن لەسەر ئەم پرسە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی لەیلا عەبدولجەبار پەرلەمانتاری كوردستان كرد ، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە .دیمانە : شەماڵ نوری
• لێبووردەیی و پێكەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئاین و ئاینزاكان لەكوردستاندا مێژوویەكی دوورو درێژی لەناو گەلی كوردو كوردستانییەكان هەیە، هەر ئەمەشە وایكردووە ئەم هەرێمە ببێتە جێگای شانازیی و گرنگی پێدانی حكومەت و گەلانی پێشكەوتووی دنیا، پرسیار لێرەدا ئەوەیە بوونی ئەم كلتوورە لە ناو كورد بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- كورد جگە لەوەی گەلێكی مەزڵومە و بەدرێژایی مێژوو كەوتۆتە بەردەم هەڕەشەو هێرشی داگیركاران و كۆمەڵكوژیی لەبەرامبەردا ئەنجام دراوە، بۆیە هەست بەئازار و زوڵمی گەلانی دیكە دەكات و چەوسانەوەی بۆ پێكهاتەكانی دیكە و ئاین و ئاینزاكان قبووڵ ناكات، بەتایبەتی توندوتیژیی ئاینی هەموومان ئەو راستی یە باش دەزانین كە لە شۆڕشی ئەیلوول زۆربەی زانایان و مامۆستایانی ئاینی ئیسلام لە دەوری سەركردەی نەتەوەی كورد مەلا مستەفا بارزانی كۆبووبوونەوەو پاڵپشتیان لە خەباتی گەلی كورد و فكریی پێكەوەژیان و لێبووردەیی دەكرد، ئەم سەركردە گەورەیە لەناو جەرگەی شۆڕش و شەڕدا فێری كردین چۆن ڕێز لە بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی و لێبووردەیی و پێكەوەژیان بگرین، گەلی كورد كە زۆربەی موسڵمانە پەروەردەی دەستی كۆمەڵێك زاناو مامۆستای ئاینی بووە كە بەمیانڕەویی و لێبووردەیی ناسراون و تێگەیشتنێكی راستەقینەیان بۆ ئاینەكەیان هەیە، كە ئاینێكە بۆ هەموو مرۆڤایەتی و خێروخۆشی بۆ بەشەرییەت دەوێت، هەروەكو چۆن رێز لە نەتەوەكانی دیكەو مافە رەواكانی دەكات، ئەمە لایەنێكی جوانی و بەناوبانگی گەلی كوردستانە ، ئەوەشی وایكردووە زیاتر فكری پێكەوەژیان و لێبووردەیی بەهێز بێت بوونی ئەو نەتەوەو پێكهاتە و ئاین و ئاینزایانەیە كە لەكوردستاندا بوونیان هەیە و ئازادانە مومارەسەی مافەكانی خۆیان و یادو بۆنە نەتەوەیی و ئاینیەكانیان دەكەن ، تەنانەت هەرێمی كوردستان نەك تەنیا پێگەیەكە بۆ پێكەوەژیان بەڵكو ناوچەیەكیشە بۆ پارێزگاریكردن لەهەموو ئەو گەل و نەتەوەو ئاین و ئاینزایانەی لەناوچەكەدا لێیان دەقەومێت و هانا بۆ هەرێمی كوردستان دەبەن ، لەدوا پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ بەرگریكردن و پاراستنی پێكهاتەو كەمینەكانی كوردستان هەڵقوڵاوی مێژووی پڕ لەسەروەریی گەلی كوردو ئەو ناوبانگییەی كورد دەگەڕێتەوە كە لەناوچەكەو هەموو جیهان پێی ناسراوەو كورد و كوردستانیان لەناوەندە نێودەوڵەتییەكان و كاری دیبلۆماسی و بەهاناچوونمانەوە سوودی لێوەرگرتووە.
• فكری توندوتیژی و ململانێی حزبایەتی و هەندێك كەس و لایەن بەئاشكراو ناراستەوخۆ دژایەتی هەموو پێكهاتەو ئاین و ئاینزاكان لەعێراق و كوردستان دەكەن، بەڵام ئەوە سەرۆك بارزانی بوو تەنانەت نەك لەكوردستان بەڵكو لەناو دەستووریی عێراقیشدا مافەكانی نەتەوەو ئاین و ئاینزاكانی پاراست، ئێستا لەفەیسبووك و لەلایەن هەندێك كەسانی توندوتیژەوە دەیانەوێت هێرشی ناڕەوا بكەنە سەر ئەو پێكهاتەو كەمینانە، ئایا ئێوەی پەرلەمانتاران تاچەند بەرگریی لەو پێكهاتەو كەمینانە دەكەن؟
- سەرۆك بارزانی لەدوا پەیامیدا ئەو نیگەرانییەی دەربڕیوە كە هێرشی ناڕەوا دەكرێتە سەر پێكهاتەكانی كوردستان، ئامادەیشی دەربڕیوە هەروەكو چۆن لە وێستگەو قۆناغە گرنگەكانی نەتەوەكەماندا پارێزگاریی لە هەموو پێكهاتەو ئاین و ئاینزاكان كردووە هەرواش بەرگرییان لێدەكات، پێشتریش سەرۆك بارزانی لەدەستووری هەمیشەیی عێراقدا مافی كورد و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی توركمان و مەسیحی جێگیر كرد، ئەوان برای نیشتمانی ئێمەن و چارەنووسمان پێگەوەیە و وەكو ئێمەی كورد خەڵكی رەسەنی كوردستانن و هەموو مافێكیان لەسەر ئەم خاكە وەكو ئێمە هەیە، هۆكارێكی سەرەكی ئەم توندوتیژییە بۆ هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانیان دەگەڕێتەوە ، زۆرجاریش پەیوەندی بەتەشەنەكردنی فكری پۆپۆلیستی و فریودانی خەڵكی دەگەڕێتەوە ، بەتایبەتی ئەوانەی هەڵگری كلتووری توندوتیژیی و سڕینەوەی سیاسی و نەتەوەیی و ئاینیەوە هەیە كە كەسانێك هەڵگری فكرێكی دەرەكین و دەیانەوێت لەكوردستاندا بە جنێوو تەشهیرو ناوزڕاندن كەسانێك فریو بدەن و پێیان وایە ئەوانەی لەگەڵ ئەواندا نین دوژمنن و هەزارو یەك تۆمەتی هەڵپەسێردراویان ئاراستە دەكەن ، لەمەشدا سوودیان لە خراپی باروگوزەرانی خەڵكی وەرگرتووە، بەڵام خەڵكی كوردستان باش دەزانن خەمخۆری خەڵكی كێ یەو كێ بەكردەوە لەرۆژە سەختەكان و قەیرانەكاندا داربازیان دەكات.
• باشە ئەگەر ئەو كەس و لایەن و گروپانە هەڵگریی فكری لێبووردەیی نەبن ، لەكاتێكدا خودی كلتووری لێبووردەیی دەبێت دوولایەنە بێت، لەمەشدا سوودیان لەو كەلێن و پۆشاییانەی بنەماكانی دیموكراتی وەرگرتووە بۆ دژایەتیكردنی دامەزراوەكانی حكومەت بەكاری دەهێنن ، ئایا ئەمە چۆن چارەسەر دەكرێت؟
- دیاردەی پۆپۆلیست و بەكارهێنانی ئازادییەكان بۆ دژایەتیكردنی خودی دیموكراسی و دامەزراوەكانی حكومەت كارێكی قێزەوەنەو نوێ نییە ، ئەوان بۆ دژایەتیكردنی دامەزراوەكانی حكومەت سوود لە گەمەكردن بەیاسا و بنەماكانی ئازادی و دیموكراسییەوە وەردەگرن، ئەو دامەزراوانەی ژیانی خەڵكی رێكخستووەو هێزی هەرێمەكەیە ، ئەم گەمەكردنە سووكە بەیاساو دیموكراتیەت و ئازادییەكان بابەتێكی زۆر ئاڵۆز و مەترسیدارە، ئەمە بەیەكێك لەو پۆشایی و كەلێنانەی ناو پرۆسەی دیموكراسی دادەنرێت و هەڵگرانی كلتووری توندوتیژی و پۆپۆلیستەكان بۆ فریودانی خەڵكی سوودیان لێوەرگرتووە، تەنانەت گلەیی و رەخنەی خەڵك و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان لەلایەن ئەم كەس و تاقمانەوە هەمووی بۆ مەرام و ئامانجی تەسكی تایبەتی و حزبی بەكارهێنراوە، منیش لەگەڵ ئەوەدام جێبەجێكردنی بنەماكانی كلتووری لێبووردەیی دەبێت دوو لایەنە بێت بەتایبەتی لە لێبووردەیی سیاسی و لەناو پرۆسەی هەڵبژاردن و لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و حزبەكاندا، نەیارانی پارتی دیموكراتی كوردستان سوودیان لەو نەرمێتی و لێبووردەییەی پارتی وەرگرتووە و كەسانی پۆپۆلیست و فریودەرو جنێوفرۆش سوودیان لەئازادییەكان وەرگرتووە بۆ توندكردنی هێرش و تەشەنەكردنی بارگرژی و پشێویی بەكاریان هێناوە، لەگەڵ ئەمەشدا بارزانی و ئەندامانی پارتی هەڵگری فكرێكی پیرۆزی كوردایەتی و لێبووردەین و ئەوان لە پارێزگاریكردن لەدامەزراوەكان و بنەماكانی دیموكراسی بەردەوام دەبن.
• باشە دامەزراوەیەكی وەكو دادگا كە پارێزەرو جێبەجێكاریی یاسایە لەكوردستاندا چۆن دەبێت پۆپۆلیستەكان هێرش بكەنە سەر ئەو دەزگایەو تەنانەت سوكایەتیشی پێوە بكەن؟
- گەمەكردن بەیاسا و دیموكراسی و ئازادییەكان زیانێكی گەورە بەو بنەمایانە گەیاندووە، گرفتەكە لەوەدا نییە ئەو جۆرە كەسانە سوكایەتی بە كام دەزگاو گەمە بە كام یاسا و دامەزراوەوە دەكەن، بەڵكو گرفتە سەرەكییەكە لەوەدایە ئەوانە بڕوایان بە دیموكراسی و ئازادییەكان نییە، كەچی بێ ئەوەی شەرم بكەن سوود لە رەخنەو ناڕەزایەتی خەڵك وەردەگرن و گەمە بەیاساكانی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان بۆ مەرامی خۆیان دەكەن تا ئەو كاتەی دەگەنە دەسەڵات یاخود لەناو پرۆسەی دیموكراسی و سیاسی دا شوێن پێیان زیاتر بێتەوە، كاتێكیش دەگەنە دەسەڵات زۆر بەتوندی دژی دیموكراسی و یاساكان دەبنەوەو خۆیان باوەڕیان بە رژێمێكی سەركوتكارە، بەڕاوبۆچوونی من چارەسەری ئەم فریودان و دژایەتیكردن و گەمەكردنە بەیاسا و دیموكراسی یەوە تەنیا بە هەڵمەتێكی هوشیاری و رۆشنبیری فراوان دەبێت كە هەمووان پێكەوە رووبەرووی دەجال و فریودەرو كەسانی هەڵگری كاروكردەوەی توندوتیژی و جنێوفرۆشان ببینەوە، چونكە پۆپۆلیستەكان گەمە بەیاسا و دیموكراتی دەكەن و زیانی گەورە بە ئارامی و سەقامگیریی خەڵكی و ئاشتی كۆمەڵایەتی دەگەیەنن، ئەركی هەر سێ دامەزراوەی ( سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان)ە كار بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە داراییە بكەن، ئەركی ئەم سێ دامەزراوەیە پێكەوە هەماهەنگی بكەن و حزبەكان گرفت و كێشەیان بۆ نەدۆزنەوەو دڵسۆزانە میللەتەكەمان لەبەردەم ئەم هەموو تەحەددا ئابووریی و سیاسییە بپارێزن و كار بۆ بەهێزكردنی هەرێمەكەو پاراستنی ئەزموونەكەمان بكەن، ئەم پارێزگاریكردنە لە سەقامگیری سیاسی و ئابووری بە پلەی یەكەم دەكەوێتە سەرشانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی دیموكراتی كوردستان .
Top