نەوزاد شێخ كامیل سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان بۆ گوڵان : پلانی رووبەرووبوونەوەی قەیرانی دارایی هەنگاوێكی گرنگە بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانی خەڵك و رزگاركردنی ئابووری

نەوزاد شێخ كامیل سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان بۆ گوڵان : پلانی رووبەرووبوونەوەی قەیرانی دارایی هەنگاوێكی گرنگە بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانی خەڵك و رزگاركردنی ئابووری
پلانی رووبەرووبوونەوەی قەیرانی دارایی كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند كراوە كە تێیدا چەندین بڕگە لەخۆدەگرێت بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكان و زیادكردنی داهات و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی كە بەشێكە لەكاروبارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن ئابووریناسانەوە گرنگیەكی زۆری پێدراوە لەمبارەیەوە لەلێدوانێكیدا نەوزاد شێخ كامیل سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان بۆ گوڵان جەختی لەسەر گرنگی ئەم بابەتە كردەوە لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
كۆرۆناو قەیرانی داڕمانی بەهای نەوت و بڕینی موچەو بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە پێویستی بەوە دەكات كە چاوخشاندنەوەو رێكخستنێكی سەرتاسەریی بە داهات و خەرجییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بكرێت، پلانی رووبەرووبوونەوەی قەیرانی دارایش لەم چوارچێوەیەدا دێت كە چەندین بڕگەی گرنگ لەكەمكردنەوەی خەرجیەكانی تەشغیلی و بودجەی پرۆژەكان و راسپاردنی زۆر لەكاروبارەكان بەكەرتی تایبەت و خۆدوورخستنەوە لە خەرجی زیادەی تێدایە ئەمە جگە لەوەی كۆمەڵێك بڕیارو بڕگەی تێدایە كە تایبەتە بەجێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی كە بەشێكە لەكارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كەمكردنەوەی دەرماڵە و موچەی پلە تایبەتەكان و راگرتنی خەرجی وەبەرهێنانی وەزارەت و پارێزگاكان و پێداچوونەوە بەخەرجی خزمەتگوزارییەكانی نەوت و غازی سروشتی و چەندین بواری دیكە ، لەبواری داهاتەكانیشدا بۆ زیادكردنی داهاتەكان چەندین بڕیاری گرنگ بە هەڵوەشانەوەی لێخۆشبوونی گەورە كۆمپانیاكان بەباج و كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان و هەڵوەشاندنەوەى تەرخانکردنى زەوى کە بە موساتەحە دراون، بەڵام دەستیان بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکان نەکردووە، ئەمە جگە لەچەندین بڕیاری باش بۆ هاوڵاتیان لەوانە تاپۆکردنى سەرجەم ئەو زەوییانەى کە بە شێوەى کارت تەرخانکراون بۆ هاووڵاتیان و هەروەها تاپۆکردنى یەکەکانى نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکانى وەبەرهێنان بە ناوى هاووڵاتیان و پێداچوونەوە بە نرخى خزمەتگوزاریى کۆمەڵگەکانى نیشتەجێبوون. داشکاندنى رێژەیەک لەو پێشینانەى حکومەت کە لە لای هاووڵاتیانە (پێشینەى خانووبەرە و پێشینەى هاوسەرگیریی و قەرزى بچووک) ، ئەمانە هەمووی بڕیاری گرنگن بەڵام پێویستی بە دەركردنی رێنمایی و رێكاری كردارەكی خێرا هەیە لەلایەن وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەتەوە .
سەبارەت بەو رێكارانەی كە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە گرنگانە سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان وتی : ( ئابووری بەهێز جگە لەوەی پێویستی بەسەقامگیری سیاسی و ئابووری هەیە هاوكات پێویستی بەسیستەم و پلانیش هەیە، بەتایبەتی لە قۆناغە هەستیارو چاەنووسسازەكاندا كە ناچار دەبیت بڕیاری خێراو زۆرجار ئازاربەخشیش دەربكرێت بۆ ئەوەی ئابووری و خەڵك لەو قەیران و لێكەوتانەی دەرباز بكەیت كە هەرێمەكە تێیكەوتووەو زیاتر زیانەكانی دانەخزێتە ناو باروبژێوی ژیان و بارگرانی رادەبەدەری بۆ سەر هاوڵاتیان، لەم بارودۆخەدا سیاسەتمەدارو حزبەكان و رۆژنامەنووسان و هەموو چین و توێژەكان بۆچوون و پێشنیاری جۆراوجۆریان هەیە ، بەڵام حكومەت ئەركێكی قورسی لەسەر شانە دەبێت ئەو رێگاو پلان و بەرنامانە بگرێتەبەر كە دۆخەكە رزگار بكات و ئەزموونی هەرێمی كوردستان كە بەخوێنی شەهیدان بونیاتنراوە بپارێزێت ، لەناوچەیەكدا كە جگە لە خەڵك و حكومەت كەس خەمخۆری بارودۆخەكە نییە، هەموومان دەبینین حزبەكان لەبری ئەوەی بیر لە رێگاچارەسەرەكانی قەیرانی دارایی بكەنەوە هەروەكو چۆن حكومەت لە رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا سەركەوتوو بوو هەرواش پاڵپشتی حكومەت بگرن بۆ چارەسەركردنی كەچی لەسەر شاشەی تیڤیەكانەوە تۆمەت و قسەی ناشرین دەكەن ، هەربۆیە حكومەت خۆی دەبێت بزانێت چۆن كەرتی تایبەت دەهێنێتە پێشەوەو چۆن بارگرانی دارایی لەسەر خۆی كەم دەكاتەوەو ریزبەندی بۆ كام پرۆژەو كار دادەنێت، حكومەتی بەهێزو كەسانی شارەزاو پسپۆر لە رۆژە قورسەكاندا دەردەكەوێت كە چۆن لە هونەری بەڕێوەبردنی قەیران دەزانن و رووبەرووی دۆخەكە دەبنەوە).
سەبارەت بەكەرتی تایبەت و خستنەڕووی 1055 پرۆژەی وەبەرهێنان لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانی كوردستانەوە سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان وتی : ( هەموو ئەم هەنگاوانەی خستنەڕووی ئەو ژمارە زۆرەی پرۆژە كە خەڵكی ئەو ناوچانەو ئابووری كوردستان پێویستێتی لەگەڵ هاندانی كەرتی تایبەت بۆ هاتنە پێشەوەی لەو كاروپرۆژانەی خزمەتگوزارییە كاری گرنگن بەڵام دەبێت دامەزراوەكانی حكومەت بزانێت چی بكات بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت ئەو سەرمایە و پارەیەی كەهەیە دەریبهێنێت و لەو پرۆژەو كارانە بەگەڕی بخات هاوكات هەلێكی باشیشە بۆ كەرتی تایبەت كە دەست بەكاروچالاكی خۆی بكاتەوە ، ئابووری بازاڕ و سیستەمی سەرمایەداری بەهەموو گلەیی و رەخنەكانەوە شتێكی پێشكەش بە مرۆڤایەتی كردووەو كۆمەڵگە پێشكەوتووەكانی ئەوروپاو رۆژئاوای لێكەوتۆتەوە ، بەڵام ئەمە پێویستی بە یاسا و رێنمایی و چاودێریی و ئاراستەكردنیش هەیە ، هونەری هاندان و پاڵپشتیكردنە وایكردووە كەرتی تایبەت هاوبەشی لە ژیانی ئابووری دا بكات ، كاتێك حكومەت زانی خەڵكی چی دەوێت و چی خزمەتگوزارییەك و بەچی شێوازێك پێویستێتی ئەو كات وەزارەتێك دەتوانێت بزانێت چی لەكەرتی تایبەت دەوڵەت و لەدانوستان و گفتوگۆدا هەردوو لا دەكەنە رێكەوتنێك كە بۆ بەرژەوەندی خەڵك و هەرێمەكە پێویستە ، ئەم رازیبوونەی خەڵكی سەقامگیری سیاسی و ئاشتی كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە كە حزبەكانیش ناچار دەبن دژی حكومەت رانەوەستن و پاڵپشتی و پشتگیریی بكەن ، چونكە حكومەت و خەڵك ئەو هێزە ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی یە دروست دەكات كە وڵات لەقەیران و گرفت و كێشەكان دەپارێزێت).
ئا: شەماڵ نوری
Top