دكتۆر بژار موسا عەلی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بۆ گوڵان: لەهەرێمی كوردستان و لە پارێزگای هەولێر و ناو شاری هەولێر ڤایرۆسی كۆڤید19 تەشەنەی ناو كۆمەڵگای نەكردوە

دكتۆر بژار موسا عەلی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بۆ گوڵان: لەهەرێمی كوردستان و لە پارێزگای هەولێر و ناو شاری هەولێر ڤایرۆسی كۆڤید19 تەشەنەی ناو كۆمەڵگای نەكردوە
مەترسی ڤایرۆسی كۆڕۆنا هەر دەمێنێت تا پێكوتە یان دەرمانی بۆ دەدۆزرێتەوەسەنتەرو لایەنە زانستیەكانی جیهان بەردەوامن لەگەڕان و توێژینەوە بۆ ڤاكسینی كۆڕۆنا
پاش ئەوەی ڤایرۆسی كۆڤید19 لەشاری ووهان لە وڵاتی چین سەریهلدا بەماوەیەكی زۆر كەم لە هەموو وڵاتانی جیهان بڵاوبۆوە و هەرێمی كوردستانیش لەتووشبوون لەو پەتا مەترسیدارە بەدەرنەبوو، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان لەرێگای وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ زۆر بەخێرایی و بەشێوەیەكی زانستی چەندین رێنمایی و رێكاری پێشوەختەو پێویستیان گرتەبەر كە بەهەم هۆیەوە توانرا هەرێمی كوردستان تا ئاستێكی زۆر باش بەرینگای ئەو پەتایە ببێتەوە و بەشێوەیەكی زۆر رێكوپێك خۆپارێزی گرتەبەر، سەرەڕای ئەمەش چەندین كەس تووشی ڤایرۆسی كۆڕۆنابوون، بەڵام بە رێكارو رێنمایە تەندروستیەكان و تەرخانكردنی نەخۆشخانەی تایبەت و بودجەیەكی تایبەت لەلایەن رێزدار سەرۆكی حكومەتی كوردستان بۆ چارەسەرو خۆپارێزی لەم ڤایرۆسە تەرخانكرا بەم هۆیەو بە ماندووبوونی زۆری پزیشك و كارمەندانی تەندروستی شاری هەولێر و پارێزگاكە بەگشتی توانرا تا ئاستێكی باش سەركەووتن بەسەر ئەو پەتایە تۆمار بكرێت، بۆ ئەوەی بزانین پەتای ڤایرۆسی كۆڤید19 ئێستا لە پارێزگای هەولێر لە چ قۆناغێكەوە و مەترسی ماوە یان توانراوە سەركەوتووبین بەسەریا و لە پارێزگای هەولێر لەسەرەتاوە تا ئێستا چەند كەس تووشی ئەو پەتایەبووە و چەند كەس چاكبۆتەوەو چەند تووشبوو گیانی لەدەستداوە و چەند تووشبوو لە ژێرچارەسەردان، بۆ ئەو پرس و چەندین پرسیاری دیكە بەرێز دكتۆر بژار موسا عەلی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێرمان وەك گوڵان دواند ئەویش بەمجۆرە پوختەی وردەكاریەكانی لەمبارەوە خستەڕوو.
راپۆرت: سالح عومەر
• ئایا ئێستا لە بڵاوبوونەوە و رێكارەكانی پەتایی ڤایرۆس كۆڤید19 لە چ قۆناغێك داین و رێكارو رێنمایە پێویستەكان چییە؟
- هەروەك ئاشکرایە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا لە سەرانسەری جیهان بڵاوبۆتەوە بەڕێژەیی لە هەر وڵاتێك، هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەم بڵاوبوونەوەیە، بەڵام خۆشبەختانە تەشەنەی ناوکۆمەڵگا ڕووینەداوە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوە زۆربەی ئەو هەڵگرانەی تاکوئێستا دەستنیشانکراون سەرچاوەکەیەن بەجۆرێك لە جۆرەکان دیارە. سەبارەت بە ڕێکارو ڕێنماییەکان ماوە ماوە گۆڕانی بەسەردادێت کە لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر دەردەچێت بە پشت بەست بەڕێنمایەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی.
• ئایا كەمكردنەوەی و ئاسانكاری قەدەغەی هاتوچۆ لەم قۆناغەدا چەند كاریگەری لەسەر پەتاكە هەیە و ئەو حالەتانەی ئێستا تۆماردەكرێن بۆچی دەگەڕێنیەوە؟
- ئەم حاڵەتانەی ئەم ڕۆژانەی دوای دەستنیشان دەکرێن درێژەپێدەری شەپۆلی یەکەمە و دەگەرێتەوە بۆ ئەوکۆشش و ماندووبوونەی تیمەکانی تەندروستی بۆ دۆزینەوەی گومانلێکراوان و هەڵگران ئەنجامی دەدەن.
• ئایا ژمارەی تووشبووانی كۆڕۆنا لە پارێزگای هەولێر گەیشتووتە چەند كەس و حالەتی گیان لەدەستدان هەبووەو چەند تووشبوو لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و تا ئێستا لە پارێزگای هەولێر وەك ئێوە لە بەرێوەبەرایەتی تەندروستی ئاگادارن بەگشتی چەند كەس كرەنتین كراون و ژمارەی ئەو كەسانەی لە كەرەنتین ماون چەندە؟
- تا ئێستا لە پارێزگای هەولێر 212 حالەتی تووشبوون بە كۆڤید 19هەبووە كە178 كەس چاکبونەتەوەو33هەڵگری ڤایرۆسەكە لە نەخۆشخانە ماون و تەنیا یەك كەسیش لە تووشبووەكان گیانی لەدەستداوەو بەگشتی تەنیا تا ئامادەكردنی ئەو راپۆرتە(410)کەس لە کەرەنتین ماون.
• رێكارو كارە تەندروستیەكانتان بەتایبەتی پشكنینی تاقیگەی ڤایرۆسی كۆڤید19 لە فڕۆكەخانەی هەولێر نیودەڵەتی و خالە سنووریەكانی وەك دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و ئەوانی دیكە ماوە و ئەو كارو پرۆسەیە چۆن بەڕێوەدەچێت رۆژانە نزیكەی چەند پشكنین لەو شوێنانەی ئاماژەمان پێداوە ئەنجام دەدرێت؟
- ڕێکار و ڕێوشوێنە پزیشکیەکان لەسەرجەم دەروازە نێودەوڵەتیەکان وەك خۆی ماوە، ئەنجامدانی پشکنین دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی لەسەر فەرمانی ڕێزدار سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێم و پارێزگای هەولێر.
• ئایا ئەو قۆناغەی ئێستای ڤایرۆسەكە چۆن هەڵدەسەنگێنن، مەترسیدار نییە و بۆچی، چی بكرێت باشە، پلانتان هەیە بۆ پشكنینی هەرەمەكی لەناو گەڕەك و كۆڵانەكانی شارو شارۆچكەو گوندەكان؟
- مەترسی ئەم ڤایرۆسە کۆتایی دێت بە دۆزینەوەی پێکوتەیەکی کاریگەر، ئێمە بەردەوامین لە پشکنینی هەڕەمەکی لەشوێنە گشتیەکان و ئەو شوێنانەی پێویست بێت یان گومانیان لەسەر بێت لەو ڤایرۆسە پشكنینی بۆ ئەنجام دەدرێت .
• ئایا لەلایەن عیراق وەك وەزارەتی تەندروستی عیراق و رێكخراوی تەندروستی جیهانی و وڵاتان چ هاوكاری و هەماهەنگیەك هەبووە و ئایا پێداویستی خۆپارێزی و تەندروستی بۆ كارمەند و پزیشكە بەرێزەكان كە ئەوانەی هەر وەك پێشمەرگە ئاسا لەبەرەی جەنگەكەنە فەراهەمكراوە؟
- لەڕووی پێداویستییە پزیشکیەکان کەم کوڕیمان نەبووە، هەمووشی لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین کراوە، دەکرێت حکومەتی عێراقی و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و وڵاتانی تر هاوکاریان پێشکەش کردبێت، بەڵام لەو ئاستەدا نەبووە.
• ئایا بۆ دەرمان و دۆزینەوەی ڤاكسین هێچ هەنگاوی مژدەبەخش لە كوردستان و هەموو جیهان هەیە؟
- بەشێوەیەكی گشتی سەرجەم سەنتەر و ناوەندە جیهانیە تەندروستییەكان بۆ دۆزینەوەی دەرمان و پێکوتە لە ئەرك و هەوڵدان و لەتوێژینەوەی بەردەوامدان.
Top