ئارام باڵەتەیی پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: بڕینی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە نادەستووری و نایاساییە

ئارام باڵەتەیی پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: بڕینی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە نادەستووری و نایاساییە
ئەندامانی كورد لەبەغدا بەنیگەرانییەوە دەڕواننە بڕینی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، ئەوان پێیان وایە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەكو سزاو كارتێكی سیاسی دژی كورد بەكاردەهێنرێت، لەدیمانەیەكدا كە شەماڵ نوری لەگەڵ ئارام باڵەتەیی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامیدابوو؛ باڵەتەیی باسی ئەو هۆكارانەی كرد كە بەهۆیەوە هەندێك لایەنی سیاسی لەبەغدا دەستیان بۆ مووچەو بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی كوردستان بردووە ، لێرەدا دەقی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
• لەكاتێكدا هەمووان سەرقاڵی رووبەرووبوونەوەی قەیرانی كۆرۆنا و لێكەوتە تەندروستی و ئابوورییەكانی بوون و گفتوگۆو دانوستاندن لەنێوان شاندی كوردستان و بەرپرسانی حكومەتی عراق لەمەڕ هەماهەنگی و هاوكاریی نێوانیان ئەنجام درا، لەم بارودۆخەدا راستەوخۆ مەسەلەی بڕینی مووچەو بودجەی خەڵكی كوردستان لەلایەن بەغداوە دروست بوو ، ئایا ئێوەی پەرلەمانتارانی كورد لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پێتان وانییە ئەم بابەتە نادەستووریی و نایاسایی یە؟
- بڕینی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە نادەستووری و نایاساییە، هەر خۆی لەخۆیدا جگە لەوەی چەندین ساڵ حكومەتی عێراق مووچەو بەشە بودجەی كوردستانی لەبەغدا بێ هیچ هۆكارێك بڕیوە و تەنیا ویست و خواستی شۆڤێنی و لاوازكردنی كوردی لەپشتەوە بووە، ئەمجارەش هەندێك لایەنی سیاسی لەبەغدا بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بژێوی ژیانی خەڵكی كوردستانیان كردە كارتێكی سیاسی و تێكەڵی موزایەدەو ئەجیندەی ناوخۆیی و دەرەكییان كردووە، هەمووان دەزانن دوای هەڵوێستە نیشتمانی و دڵسۆزییەكەی سەركردایەتی كوردستان و پەرلەمانتارانی كورد بەرامبەر دەنگ نەدانی پەرلەمانتارانی كورد لەبەغدا لە سەر دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق و دواتر پاڵپشتینەكردنی حكومەتەكەی محمد عەلاوی و چەند بابەتێكی دیكە، چەند لایەنێكی سیاسی بەئاشكراو روونی دەیانەوێت سزای گەلی كوردستان بدەن. ئەم هەڵوێستانەی سەركردایەتی كوردستان و نوێنەرەكانیان لەبەغدا هەڵوێستێكی نیشتمانپەروەرانە بووە نەك تەنیا بۆ گەلی كوردستان بەڵكو بۆ بەرژەوەندی هەموو میللەتی عێراقیش، هەمووان دەزانن دەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق لەم كات و ساتەدا كە داعش دەستی بەجموجوڵ كردووەتەوەو گورزی كوشندە دەوەشێنێت و نائارامی و ناسەقامگیری لەتەواویی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و شاری موسڵ و چەند ناوچەیەكی دیكەی عێراق دروست كردووەو هەڕەشەیەكی جیددییە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات، لەلایەكی دیكەوە عێراق لە بۆشاییەكی حوكمڕانی دایەو بۆ ماوەیەكی زۆرە نەتوانراوە كابینەی نوێ پێكبهێنرێت، بەواتایەكی دیكە هەندێك كەسی شۆڤێنی لەبەرامبەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانی گەلی كوردستان ئەو بابەتەیان بەلارێدا بردووەو راستیەكانیان شاردۆتەوە و دووبارە مووچە و بودجەی كوردستانیان وەكو كارتێكی فشار بەكار هێناوە.
• لە دوا گفتوگۆو دانیشتنی نێوان شاندی دانوستاندكاریی كوردستان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق بەتایبەتی وەزیری نەوتی عێراق باس لەپەرەپێدانی كێڵگەكانی گازی سروشتی و پەیوەندی و هاوكاری بواری نەوت و وزەو كارەبا كرا، لەكاتێكدا خەڵكی چاوەڕوانی ئاسیبوونەوەی دۆخەكەیان دەكرد راستەوخۆ بارودۆخە گۆڕاو بابەتی بڕینی مووچە هاتە پێشەوە ئایا ئەم بابەتە تاچەند كاریگەریی لەسەر دروستبوونی ئەو بارگرژییە هەبووە؟
- دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی لەكوردستان هەلی زێڕین لەبەردەم وەبەرهێنان و پەرەپێدانی كێڵگە گازییەكان هەیە بۆ ئەوەی چیتر عێراق بە پارەیەكی زۆر گازی سروشتی لە ئێران نەكڕێت و هەردوو لا واتا هەرێم و عێراق لەبواری پەرەپێدانی گازی سروشتی هەنگاو بنێن و ئەو بۆشاییە گەورەیەی نەبوونی سوتەمەنی بۆ بەگەڕخستنی وێستگەكانی كارەبا چارەسەر بكەن، لەمەشدا پێگەوە هەرێمی كوردستان و عێراق سوودمەند دەبن و چیتر ئەو پارە زۆرەی كوردستان بۆ وڵاتانی دراوسێ و دەرەوە ناچێت و بەهای دراوی دیناریش بەرز دەبێتەوە، دیارە ئەم بابەتە بەدڵی هەموو ئەو كەس و گروپ و لایەنە سیاسییانە نەبووە كە پەوەندییەكانیان لەسەر بنەمای مەبەستی تایبەتی و ئەجیندەی دەرەكی دادەڕێژن، هەربۆیە حكومەتی عێراق نەیشاردۆتەوە كە ئەوان لەژێر فشارێكی زۆری هەندێك لایەنی سیاسی دان و مەسەلەی دابینكردنی مووچە پێویستی بەگفتوگۆی زیاتر هەیە، دیارە ئەو لایەنە سیاسییانە پەیوەندییەكانی خۆیان و بەرژەوەندییەكانیان لە ئابووری عێراق و بارودۆخی خەڵكی كوردستان بەگرنگتر دەزانن، هەر بۆیە لەبری ئەوەی ئەم پەیوەندییانەیان لەگەڵ برا كوردەكانیان بەهێز بكەن و خەڵكی عێراق و كوردستان لێی سوودمەند بێت و ئابووری و داهاتی عێراق ببوژێتەوە، ئەوان بەپێچەوانەوە هەڵسوكەوتیان كردوو راستەوخۆ كێشەو گرفتی سیاسییان تێكەڵ بە دۆسێ هەستیارەكان كرد بێ ئەوەی گوێ بدەنە دەستوور و بنەما یاساییەكان راستەوخۆ مووچەی كوردستانیان نەنارد.
• تاچەند هەوڵەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەڕاندنەوەی مووچەو شایستە داراییەكانی هەرێم دەستی پێكردووە؟
- هەردوو بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خەمخۆری باروبژێوی ژیانی خەڵكی كوردستانن، ئەوان وێڕای ئەوەی لەبابەتە نیشتمانی و نەتەوەییەكاندا رۆڵ و پێگەیان دیارەو ماوەیەكیشە سەرقاڵی رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو پاراستنی سەروسەلامەتی خەڵكی كوردستانن، هاوكات هەوڵێكی زۆریان داوە تاوەك لەماوەی رابردوودا مووچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان زامن بكەن، ناردنی شاندی دانوستانكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەر لە م چوارچێوەیەدا بووە، ئێستاكەش هەوڵەكانیان بەردەوامەو ئومێدێكی زۆر هەیە ئەم بابەتە زۆر درێژە نەكێشێت و لەبەرژەوەندی هەردوو لا چارەسەر بێت.
• ئێستا مستەفا كازمی لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدایە، نانەوەی ئەم كێشەو گرفتانە خزمەت بە كێ دەكات ئایا دروستكردنی ئەم كێشەیە پەیوەندی بە پێكهێنانی كابینەكەی كازمی یەوە هەیە؟
- سەرەتا هەمووان دەزانین ئەجیندەی دەرەكی بەتایبەتی ئەجیندەی وڵاتێكی دراوسێ تاچەند لەعێراقدا بەهێزەو كاریگەریی لەسەر جوڵاندنی دۆسێ و بابەتەكان هەیە، هەندێك لایەنی سیاسیش لەناوخۆی عێراقدا بەتەواوەتی كەوتوونەتە ژێر ئەژموون و فشاری ئەو ئەجیندەیەوە، لەلایەكی دیكەوە شۆڤێنی یەكان و كەسانی دژ بەكورد رۆڵێكی خراپ دەگێڕن و پروپاگەندەو قسەی خراپ لەسەر كورد دەكەن گوایە ئابووری عێراق بەهۆی كوردستانەوە وێران بووە، ئەم درۆو قسانە وێڕای ئەوەی قەناعەت بەكەس ناكات خزمەتیش بە عێراق و گەلەكەی ناكات، چونكە زۆر دوورە لە راستیەوە و هەمووان دەزانن هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە 2014 ەوە بودجەی بڕاوەو دواتریش هیچ ساڵێك بەشە بودجەی راستەقینەو مافی خۆیی و شایستە داراییەكانی وەرنەگرتووە، هەرچارەو بەبیانوو پاساوێك بودجەكەیان بڕیوەو لە 2019 شدا هیچ كاتێك تەواویی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانیان نەناردووە، پاڵپشتی كوردیش بۆ كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لەسەر ئەو بنەمایە دێت تاچەند ماف و شایستە داراییەكانی كوردستان و كێشە هەڵپەسێردراوەكان روو لەچارەسەركردن دەكات چونكە گەلی كوردستان لەسەر بنەمای پاراستنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەشداری لەو كابینەیەدا دەكات.
• لەكاتێكدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە هەروەكو كارتێكی فشار بەكاربهێنرێت، تاچەند كورد دەتوانێت رێگای دیكەو كارتی خۆی بەكاربهێنێت؟
- حكومەتی عێراق پاش ئەو راستییە دەزانێت كە چۆن كورد پێویستی بەبەغدایە بەهەمانشێوە عێراقیش پێویستی بەهەرێمی كوردستانە، كوردیش كارتی خۆی هەیە دەتوانێت لەكاتێكدا هەر ماف و شایستە داراییەكانی كوردستان نەدرێت ئەو كارتانەی بەكاربهێنێت، بەتایبەتی كە لەمەسەلەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە عێراق هەڵەیەكی یاسایی و دەستووری دەكات و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم پێشێلكارییە دەستووری و یاساییە دەزانێت، لەلایەكی دیكەوە حكومەتی عێراق لەرووی پاراستنی ئەمنیەت و سەقامگیرییەوە پێویستی بەهاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، ئەوەتا هەر دوێنێ بوو كردەوە تیرۆریستیەكانی داعش لەكەركوك و چەند ناوچەیەكی دیكەی عێراق بەچڕی دەستیان پێكردەوەو داعش سەرقاڵی خۆرێكخستنەوەیە، هەروەها لەرووی كارەبا و نەوتەوە عێراق پێویستی بەهەرێمی كوردستان هەیە، لەرووی كارەباوە هەرێمی كوردستان كارەبا بۆ موسڵ و كەركوك و چەندین ناوچەی دیكە دابین دەكات، هەروەها حكومەتی عێراق پێویستی بەگازی سروشتی هەرێمی كوردستان هەیە و دۆسێی ناوچە جێناكۆكەكان و چەندنین بابەتی دیكەی هەڵپەسێردراو پێویستی بەهەماهەنگی نێوان هەرێم و عێراق هەیە بۆ چارەسەركردنی ، هەموو ئەم بابەت و كێشە هەڵپەسێردراوانە پێویستی بەهەماهەنگی و لێكتێگەیشت و گفتوگۆی هەردوو لا هەیە .
Top