بەشار كیكی جێگری سەرۆكی فراكسێۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ گوڵان خستەڕوو: ئەو عەقلیەت و رق و قینە شۆڤینیە ئێستا خۆی لەبنەڕەتدا لە عیراقدا لەبەرانبەر كوردستان ه

بەشار كیكی جێگری سەرۆكی فراكسێۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ گوڵان خستەڕوو: ئەو عەقلیەت و رق و قینە شۆڤینیە ئێستا خۆی لەبنەڕەتدا لە عیراقدا لەبەرانبەر كوردستان ه
شیعەكان لەهەوڵی ئەوەدان و دەیانەوێت وەزارەتی دارایی بۆ خۆیان ببەن، تاوەكو وەزارەتەكە بۆ مەرامی خۆیان بەكاربێنن مەبەسیتی شیعە و دەسەڵاتدارانی عیراق لە نەناردنی موچەو شایستە داراییەكانی كوردستان بۆ ئەوەیە كە بە بودجەو موچەو شایستە دارایانەی هەرێم كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن
وەك ئاشكرایە و دەزانین كە كورد پێكهاتەو هاوبەشێكی سەرەكی و كاریگەری عیراق و حكومەتی عیراقە، گەرچی ماوەماوە لەلایەەن حكومەت و دەسەڵاتدارانی عیراق بودجەو موچەی فەرمانبەران و شایستە دارایەكان رادەگیرێت و كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكەن و ئێستاكەش دووبارە حكومەتی عیراق موچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی نەناردووە بۆ ئەو پرسەو چەندین پرسیاری دیكەمان وەك گۆڤاری گوڵان لە بەشار كیكی جێگری سەرۆكی فراكسێۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرد بەڕێزیان بەمجۆرە راوبۆچوونەكانی خستەڕوو.
• له‌ناو په‌رله‌مانی عێراق هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ببڕێت، ئایا ئه‌م پرسه‌ چۆن سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و ئه‌و هۆكارانه‌ چین كه‌ ئه‌م رقه‌ شۆڤێنیه‌ به‌رانبه‌ر كوردستان دروست بووه‌؟
- خۆی لە بنەڕەتدا ئەو عەقلیەتە و رق و قینە شۆڤینیە لە عیراقدا لەبەرانبەر كوردستان هەیە، بەڵام ئەوەی ئەمجارە و ئێستا سەریهەڵداوە لەبەر چەند هۆكارێكە، یەكەم: شیعەكان لەناو خۆیاندا لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان رێك نین وەكو دەزانین پێنج وەزارەتی سیادی لە عیراق هەیە كە وەزارەتەكانی بەرگرێ و ناوخۆ و دارایی و دەرەوەو نەوتە و لەم پێنج وەزارەتە یەكێك بۆ كوردەو یەكێك بۆ پێكهاتەی سوننەیە ئەوەی دەمێنێتەوە سێ وەزارەتن كە كوتلەكانی شێعە بەشیان ناكات و لەسەریان ناكۆكن. دووەم: شیعەكان لەم كێشەو ناكۆكیەی نێوان خۆیان دەیانەوێت وەزارەتی دارایی كە ئێستا پشكی كوردە بۆ خۆیان بیبەن تاوەكو بتوانن زۆرترین سووی لێوەربگرن و جەماوەری خۆیان پێ قانیع بكەن، چونكە پێیانوایە ئەو بارودۆخە خراپەی كە لە بەغدا هەیە لەبەر ئەوەیە كە وەزارەتی دارایی لەلای ئەوان نەبووە، ەگرچی ئەو قسەیەو هەقیقەتە بە پێچەوانەیە. سێیەم: شیعەكان دەیانەوێت بەرێز دكتۆر فوئاد حسین كە وەزیری داراییە بیگۆڕن كە بەڕێزیان وەك وەزیری دارایی هیچ دۆسیەكی گەندەلی لەسەر نییە و سیاسەتمەدارێكی زۆر رێكوپێكەو جێگای متمانەیە بەتایبەتی جێگای متمانەی كوردەو بۆیە شیعەكان دەیانەوێت ئەو وەزیرە بگۆڕن و بەئاشكراش باس دەكەن. چوارەم هۆكاریش كە هۆكاری ئەو رق و كێشەی ئێستای شیعە بەرانبەر كوردستان دەبێت بلین كە ئێستا بارودۆخی عیراق لە رووی ئابورییەوە تووشی قەیران و بارودۆخێكی زۆر خراپ بووە كە دابەزینی نرخی نەوت و پەتاو نەخۆشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا كاریگەری زیاتری لەسەر دروستكردووە هەر بۆیە ئێستا عیراق ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانی دابین بكات بۆیە دەیانەوێت سوود لەو بەش و شایستە دارایانەی كوردستان وەربگرن كە نانگانە بۆ هەرێمی كوردستان دێت و دەیانەوێت بۆ فەرمانبەرانی خۆیان بەكاری بێنن، بۆیە ئێمە دەتوانین بلین ئەو كێشانەی ئێستاكە بەرانبەر كوردستان دروستیانكردوە كێشەیەكی سیاسیە و ئابوریە و لەهەقیقەتیشدا بەداخەوە كێشەیەكە لە ئەنجامی ئەو عەقلیەتە مەزهەبی و شۆڤینیەیە كە بەرانبەر كوردو كوردستان هەیانە.
• باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی به‌ناو كورد رۆڵیان هه‌یه‌ له‌ دروستكردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ ، خۆشیان نه‌یان شاردۆته‌وه‌ و شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ن، له‌ كاتیكدا كه‌ هاوپه‌یمانیه‌ك له‌ نێوان فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان هه‌یه‌ ،، ئایا هاوپه‌یمانی فراكسێۆنه‌ كوردستانیه‌كان هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ به‌ناو كوردانه‌ چی یه‌؟
- بێگومان لەمبارەوە ئێمە گلەیمان لەهەندێك لە پەرلەمانتارە كوردەكان كە لە فەراكسێۆنە جیاجیاكانن هەیە كە هەندێجار كە هەندێ لێدوان و شێكردنەوە دەكەن لەسەر هەندێ بابەت كە پەیوەندی بەبەرژەوەندی باڵای هەرێمی كوردستانەوە هەیە ئەوەی ئەو ئەندام پەرلەمانە كوردانە دەیكەن كە ژمارەیان لە لەپەنجەكانی دەست كەمترەو ئەو كارو ئێشانەی دیكەن ئێمە پێمانوایە كارێكی راست نییە، گەرچی لەهەمانكاتدا ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان رێز لە بۆچوونی جیا جیا وەردەگرین و ئەو سیاسەتەی بەغدا بەرانبەر كوردو هەرێم دەیكات راست و رەوانییە و لەلایەكی دیكەوە دەستووریش نییە. هەروەها ئەو چەند ئەندام پەرلەمانەی كورد وەك ئاماژەم پێدا لە ژمارەی پەنجەكانی دەست كەمترن قسەو كارەكانیان لەسەر بنەماو لایەنی زانستی بینا نەكراوە و زیاتر بۆ ئەوەیانە كە لایەنێك رازی بكەن.
• سه‌باره‌ ت به‌ ناردنی مووچه‌ی ئه‌م مانگه‌ی هه‌رێمی كوردستان باس له‌وه‌ ده‌كرێت له‌ یه‌كدوو رۆژی داهاتوو سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بریاری خه‌رجكردنی ده‌دات .. ئایا ئێوه‌ تاچه‌ند ئاگاداری ئه‌م پرسه‌ن ؟ ئایا مه‌زنده‌كه‌ن یه‌كدوو رۆژی دیكه‌ پاره‌ له‌ به‌غداوه‌ بێته‌ كوردستان؟
- ئەو بەشە بودجەیەی كە لەلایەن عیراقەو بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت ئەوە ماف و هەقێكی یاسایی و دەستووری خەڵكی كوردستانە و ئەو نووسراوەی بە تەوجهی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەرو بە واژوی ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران رەوانەی وەزارەتی دارایی كراوە لەرووی یاسایەوە راست نییە و پێچەوانەی ماددەی 10ی یاسایی موازەنەی 2019ە بۆیە ئێمە چاوەڕوان دەكرێت ناردنی بەشە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام بێت لەهەمانكاتدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا لە دانوساندن و گفتوگۆیەكی چڕدایە بۆیە ئەوەی من مەزندەی دەكەم لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەدا دەگەینە تەفاهومێكی باش لەسەر بودجەی 2020 و لە كابینەی عادل عەبدولمەهدی ئەوە كورد لەسەر دۆسیەی نەوت و ئەمنیەت گەیشتبوونە رێككەوتن و لێكتێگەیشتنی زۆر باش، لەلایەكی دیكە لەسەر ئەو رەفتارو كردارە نایاسایانەی لە بەغدا بەرانبەر هەرێم دەكرێت ئێمە وەك فراكسێۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی لە بەغدا نارەزایمان دەربڕیووەو ئەو شاندەی كوردستان كە بۆ بەغدا هاتبوون ئەوانیش ناڕەزیان دەربڕیووە هەر بۆیە ئێستا چاوەڕێ دەكەین كە بەغدا موچەو قوتی خەڵكی هەرێمی كوردستان تێكەڵی كێشەی سیاسی نەكرێت و راستە كێشەی ئابوری هەیە، بەڵام نابێت عیراق كێشەی ئابوری خۆی لەسەر حیسابی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات، بێگومان ئێمە مەزندە دەكەین لە چەند رۆژی داهاتووی بەشە موچەی فەرمانبەرای هەرێمی كوردستان لە بەغداوە رەوانە دەكرێت.
• حكومه‌ته‌كه‌ی مسته‌فا كازمی خه‌ریكه‌ ته‌واو ده‌بێت ,, ئایا ئێوه‌ پێتان وایه‌ به‌م زوانه‌ بێته‌ په‌رله‌مان و متمانه‌ وه‌ربگرێت ؟
- ئێمە پێمانوایە لە هەفتەی داهاتوو لە پێش 9ی مانگی5 كابینەكەی مستەفا كازمی ئامادە دەبێت و دێتە پەرلەمان كە هاتە پەرلەمانیش و ئامادەبوو ئەوە مانایوایە كە كابینەكە متمانەی بەدەستهێناوە بۆیە دێتە ناو پەرلەمان، چونكە لەكاتێكدا مستەفا كازمی دڵنیانەبێت متمانە بەدەست دەهێنێت ئەوە موجازەفە ناكات و رەوانەی پەرلەمان ناكرێت.
• ئه‌م باردۆخه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت ئابوری عێراقی خستۆته‌ دوریانێكی مه‌ترسیی دار ,, ئایا حكومه‌تی عێراق به‌رگه‌ی ئه‌م ئه‌زمه‌یه‌ ده‌گرێت ..یان ئایا چۆن ده‌توانێت ئیداره‌ی ئه‌م ئه‌زمه‌یه‌ بدات؟
- عیراق تووشی قەیرانی زۆر بووە لەوانە شەڕی داعش و شەڕەكانی پێشووترەو قەیرانی داراییە، بەڵام ئێستاكە بەهۆی دابەزینی نەوت و دەرئەنجامەكانی پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆناش كاریگەری خۆیان لەسەر ئابوری عیراق دروست دەكات، بەڵام ڤایرۆسی كۆڕۆنا ئەوەندە كاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری عیراق دروست ناكات، بەڵكو پەتایەكی جیهانیە و چارەسەر دەبێت، چونكە لەكاتێكدا ئەو حكومەتەی عیراق دابمەزرێت ئەوە كاریگەری و رۆڵی خۆی ببینێت لە چارەسەری كێشەكان و دەسەڵاتی تەواوی خۆی هەبێت دەتوانێت ئەو بارودۆخ و قەیرانی داراییەی هەیە تا رادەیەكی باش چارەسەری بكات لەبەر ئەوەی عیراق دەوڵەتە و دەتوانێت لە بانكی نێودەوڵەتی و وڵاتان قەرز وەربگرێت و چەندین رێگای دیكەی هەیە بۆ ئەوەی كێشەو قەیرانی دارایی پێ سووك و چارەسەر بكات.
لەكۆتایدا بەشار كیكی جێگری سەرۆكی فراكسێۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وتی: ئەوانەی كە دكتۆر فوئاد حسین وەزیری دارایی بە ئامانج دەگرن ئەوانە كورد بەئامانج دەگرن و بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامانج دەگرن و ئێمە پێمانوایە زۆر هەلەیە كە هاوبەشەكەت رێز لە بەرانبەرەكەی نەگرێت و ئێمە پەیامێكمان هەیە كە هاوبەشەكانی ئێمە لە عیراقدا بەتایبەتی پێكهاتەی باڵای شیعە پێداچوونەوەیەك بەخۆیدا بكات بەرانبەر ئەو سیاسەتەی بەرانبەر بە كورد هەیەتی و پێویستە بۆ ئەوەی بە هاوبەشی لە عیراق بژین دەبێت ئەو سیاسەتە هەلەیە بگۆڕێت و لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەكان بەپێی دەستوور بكەونە دانوساندنێكی جددی بەتایبەتی لەسەر دۆسیەی ئەمنی و دارایی و وزە.
Top