دكتۆر ئازاد شكور صالح پرۆفیسۆری یاریدەدەر لەیاسای بازرگانی و وەبەرهێنان بۆ گوڵان: هەمەجۆركردنی ئابووری كوردستان و ئەنجامدانی چاكسازیی گرنگە بۆ رووبەرووبوونەوەی قەیرانی نەوت

دكتۆر ئازاد شكور صالح  پرۆفیسۆری یاریدەدەر لەیاسای بازرگانی و وەبەرهێنان بۆ گوڵان:  هەمەجۆركردنی ئابووری كوردستان و ئەنجامدانی چاكسازیی گرنگە بۆ رووبەرووبوونەوەی قەیرانی نەوت
لەئابووری بازاڕو سیستمی بازرگانی و دارایی دا هەموو وڵاتانی جیهان وەكو زنجیرەیەكی یەك لەدوای یەك كاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنیەكانیان لەسەر یەكتر دەبێت، هەر ئەمەش بووەهۆی دەركەوتنی لێكەوتە سەخت و دژوارەكانی
لەئابووری بازاڕو سیستمی بازرگانی و دارایی دا هەموو وڵاتانی جیهان وەكو زنجیرەیەكی یەك لەدوای یەك كاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنیەكانیان لەسەر یەكتر دەبێت، هەر ئەمەش بووەهۆی دەركەوتنی لێكەوتە سەخت و دژوارەكانی كۆرۆنا و راستەوخۆ لەدوای دەركەوتنی ڤایرۆسەكەو تێكچوونی رەوشی تەندروستی جیهانی قەیرانێكی ئاڵۆزو دژواری ئابووری و دارایی كەوتەوەو زۆربەی سێكتەرەكانی ئابووری تووشی داڕمانی گەورە بوون بەتایبەتی سێكتەرەكانی وەكو نەوت و وزەو بازرگانی و وەبەرهێنان و گەشتیاری و كشتوكاڵ و پیشەسازیی و فرۆكەوانی و تەكنەلۆژیاو تا كار گەیشتە سەر گەورەبوونی زیانەكان تا ئاستی 9 تریلۆن دۆلار و زیانگەیاندن بەهەزارەها كۆمپانیاو زۆربوونی رێژەی بێكاری و دەردە ئابووری و كۆمەڵایەتیەكانی دیكە بۆ قسەكردن لەسەر دەركەوتەكانی كۆرۆنا ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ دكتۆر ئازاد شوكر ساڵح لەزانكۆی سەلاحەدین ئەنجام دا.
دیمانە : شەماڵ نوری
• كۆرۆنا وەكو پەتاو نەخۆشیەكی مەترسیدار رووداوێكی كتوبڕ نییە لەمێژووی مرۆڤایەتی ؛ ئایا جیاوازی دەركەوتنی ئەم ڤایرۆسە بەراورد بە ڤایرۆسەكانی دیكە چی بووە؟
- مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لەقەیران و بڵاوبوونەوەی پەتاو نەخۆشی درم و مەترسیدار، هەر لەتاعونی رەش و سارس و مەلاریان و تاعونی ئیسبانی تاوەكو ئەنفلۆنزای باڵندەو بەرازو سەدان ڤایرۆس و پەتای دیكە ، هەموو ئەم پەتاو زایرۆسانەش كاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری وڵاتان و كیشوەرەكان و زۆربەی جار ئابووری جیهانی هەبووە ، بەرێژەو كاریگەریی و ماوەو قەبارەی جیاواز ، بەڵام دەركەوتن و تەشەنەكردنی ئەم ڤایرۆسەی كۆرۆنا لەمێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتی و لەماوەی ئەم دە ساڵەی رابردوو زۆر جیاواز بوو چ لەرووی زۆری تووشبووان و قوربانیەكانەوە یاخود لەرووی زۆری ماوەكان و نەبوونی چارەسەر و ڤاكسینەوە بێت ، بێگومان نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت كە هەر لە ساڵی 2019 ەوە جیهان خۆی بۆ ئەگەری دەركەوتنی قەیرانێكی دارایی و ئابووری گەورە ئامادەكردبوو بەجۆرێك كە لەدوای ساڵی 1945 پاش شەڕی جیهانی دووەم و قەیرانی دارمانی نرخی پشكەكانی بۆرسەی نیۆیۆرك لە 1987 و تەشەنەكردنی بۆ سەرجەم بۆرسەكانی جیهان و مایەپووچبوونی زۆربەی دەزگاكانی ئابووری لە ساڵی 1999 ، دەركەوتنی كۆرۆناهاندەرو پاڵپشت بوو بۆ مەترسی گەورەی كاریگەرییەكانی كۆرۆنا لەسەر بواری دارایی و ئابووری .
• بەڵێ ؛ پێش كۆرۆنا ئابووریناسان چاوەڕوانی قەیرانێكی دارایی و ئابووری گەورەیان دەكرد، بەڵام لەچاوەڕوانی دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبوون لەشاری وهانی چینی و تەشەنكردنی و بوون بە قەیرانێكی تەندروستی و ئابووری جیهانی ؛ ئایا تۆش بێت وانییە دەبووایە دەزگا ئابووری و گەورە كۆمپانیاو حكومەتەكان زیاتر خۆیان بۆ ئەم زەنگی مەترسییانە ئامادەبكردایە ؟
- گرفتە گەورەكە لەوەدایە جیهان گیرۆدەی كۆمەڵێك گرفتی سیاسی و ململانێ بووە و ئەوەندەی سەرقاڵی ئەو ململانێیانەن هەماهەنگی و كۆدەنگی نەماوە، من پێشتر چەندین وتارم خوێندۆتەوە كە جیهانیان لەوە ئاگاداركردۆتەوە كە لە كۆتاییەكانی مانگی ئاداری ئەمساڵ سیمای مەنگ بوونی ئابووری لە جیهان بەدیار دەكەوێت كە لەژێر كاریگەریی گۆڕانی خوولی كاری جیهانی یەوە روودەدات ، هەر خۆی لەخۆیدا ناكۆكییەكانی نێوان چین و ئەمەریگا لەسەر پێناسەی گومرگی و دواتر ناكۆكی نێوان روسیا و ئەمەریكا لەلایەك و ئەمەریكاو ئێران لەلایەكی دیكە جوڵەی بازرگانی سست و لاواز كرد ، ئێستا وڵاتانی جیهان پابەندی رێنمایی و راسپاردەكانی گەورە رێكخراوە دارایی و ئابوورییەكانی جیهان نابن ، ئەوەتا رێكخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی دەڵێت بەرێژەی 23% ی گەشەی ئاڵووێری بازرگانی لەنێو وڵاتان كەمی كردووە .
• ئەم قەیرانەی كۆرۆنا قەیرانی دابەزینی رادەبەدەری نرخەكانی نەوتیشی لێكەوتەوە و دواتر ململانێی نێوان سعودییەو روسیا بارودۆخەكەی خراپتر كرد، تەنانەت رێكەوتنەكەی ئەم دواییەی نێوان ئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئەو رێكخراوە لەسەر كەمكردنەوەی نەوت بارودۆخەكەی باشتر نەكردووە ئایا بەڕێزت چۆن دەڕوانیتە قەیرانی نەوت و داشكانی بەهای نرخەكانی؟
- هەروەكو چۆن قەیرانی ڤایرۆسی كۆرونا چاوەڕوان ناكرێت وا بەزوویی كۆتایی بێت هەرواش چاوەڕوان ناكرێت بەمنزیكانە گەشەی ئابووری جیهان باش بێتەوە، ئاشكراشە ناكۆكییەكی قوڵ هەیە لەنێوان گەورە وڵاتانی جیهان بەتایبەتی ئەمەریكاو چین ، ئەوەش روونە كە سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە لەشاری ووهانی چینەوە دەستی پێكرد كە دانیشتوانەكەی زیاتر لە 11 ملیۆن كەسەو 2-4 ملیۆن بەرمیل نەوت لەم كارگە پیشەسازییەكان بەكاردەهێنرێت ، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ ململانێ توندەكانی نێوان سعودییەو روسیا لەسەر كەمكردنەوەی بەهای نەوت، بەردەوامبوونی ڤایرۆسەكە هیچ ئومێدێكی بۆ باشبوونی دۆخەكە لەم نزیكانە نەهێشتووەتەوە ئەمەش هەمووی كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت هەبوو تا گەیشتە ئەو دۆخەی ئێستا كە نەوتی تكساس دابەزییە سەر سفر.
• لەم بارودۆخە جیهانییەوە دابەزینی بەهای نەوت دا ئابووری كوردستان بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت؟
- داڕمانی بەهای نەوت كاریگەرییی لەسەر ئەو وڵاتانە دەبێت كە بودجەو داهاتەكانیان پشتی گەورەی بە پترۆدۆلار بەستووە ، كەواتە دەبێت هەرێم بەدوای جێگرەوەی نەوت بگەڕێت و تەقەشوفێكی گەورە دەست پێ بكات ، چونكە بودجەی عێراقیش كە خۆی لەخۆیدا پێش ئەم دابەزینەی بەهای نەوت كورتهێنانی هەبوو ئێستا زۆر زیاتر دەبێت ، هەمەجۆركردنی ئابووری كوردستان و ئەنجامدانی چاكسازیی و كەمكردنەوەی رێژەی فەرمانبەران لەرێگەی خانەنشین و ئاراستەكردنیان بەرەو كاركردن لەكەرتی تایبەت و هاندانی بەگەڕخستنی بازاڕی ناوخۆ و پشت بەستن بە بژێوی نێوخۆیی و رێگرتن لەگەندەڵی و بەدواداچوون و دووبارە چاوخشاندنەوە بەگرێبەستە گەورەكاندا ، لەمەش گرنگتر پێویستە شانەیەكی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكان دروست بكات پێش كەوتنەوەی قەیرانەكە زانیاری لەبەردەستدا بێت بۆ بەڕێوەبردنی مەترسیەكان . بەمشێوەیە چەندین رێگاو شێوازی كاركردنی نوێ هەیە كە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان لەقۆناغی كۆرۆناو دوای قۆناغی كۆرۆناو دابەزینی بەهای نەوت پەیڕەویان بكات.
Top