جۆن مولەر لە سەنتەری مێرشۆن بۆ دیراساتی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە زانكۆی ئۆهایۆ ستەیت بۆ گوڵان: بەرپرسیارێتیی باشتركردنی بارودۆخەكە لە ئەستۆی خەڵكی عێراقە

جۆن مولەر  لە سەنتەری مێرشۆن بۆ دیراساتی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە زانكۆی ئۆهایۆ ستەیت بۆ گوڵان:  بەرپرسیارێتیی باشتركردنی بارودۆخەكە لە ئەستۆی خەڵكی عێراقە
جۆن مولەر پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی ئۆهایۆ ستەیت و لە هەمان كاتدا توێژەرە لە سەنتەری مێرشۆن بۆ دیراساتی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەمان زانكۆ، خاوەنی چەندین كتێبە لەبارەی چەند پرس و بابەتی گرنگەوە، وەك هەڕەشەكانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی، تیرۆریزم و دیموكراسی و گۆڕانكارییەكان لە سیاسەتی جیهانی و سیاسەتی دەرەوە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا شرۆڤەكرد، كە پەیوەست بوون بە هەڵسەنگاندنی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەكی گشتی و سیاسەتی ئەم ئیدارەیە لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری ئەوەی ئایا ویلایە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەتوانێت هاوكار بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەم ناوچەیە، یان تێكڕای هەوڵ و دەستێوەردانەكانی دەبنەهۆی خراپتركردن و ئاڵۆزكردنی زیاتری بارودۆخەكە.
* سەرەتا دەمانەوێت بپرسین هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی ئێوە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ چییە؟ ئایا لەجێی خۆیەتی ئەگەر بڵێین سیاسەتێكی تاكلایەنەیە؟
- ئەگەر من بە دەستەواژەیەكی كورت وەڵامی ئەم پرسیارەتان بدەمەوە ئەوا دەڵێم سیاسەتێكی گەمژانەی گرتۆتەبەر.
* ئێوە بە شێوەیەكی گشتی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ بە گەمژانە وەسف دەكەن، ئەی چی دەڵێن سەبارەت بە سیاسەتی ئەم ئیدارەیە لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئایا سیاسەتێكی روون و جێگیر بەدی دەكەن؟
- من وەسفكردنەكەی خۆم دووبارە دەكەمەوە و دەڵێم ئەگەر جێگیریش بێت، ئەوا بە شێوەیەكی گەمژانە جێگیرە، بەتایبەتی ئەمە بە شێوەیەكی باوەڕپێنەكراو لە سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ئاست ئێراندا بەدی دەكرێت، هەروەك ئاشكرایە ئیدارەی سەرۆك ترەمپ سیاسەت و چۆنیەتیی مامەڵەكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای لەگەڵ ئێراندا پێچەوانە كردەوە، ئەو سیاسەتەی كە سەرۆك باراك ئۆباما گرتیەبەر و باوەڕی وابوو كە ئەگەری ئەوە هەیە دووبارە ئێران ئاوێتەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكرێتەوە، بە چاوپۆشین لە ئاست و ئەندازەی ئەو دوژمنكارییەی لە ئارادا بوو لەگەڵ ئەو وڵاتەدا. لەلایەكی دیكەوە و ئەوەی پەیوەست بێت بە عێراق و ئەفغانستانەوە ئەوا ئەو بەڵێنی دا بە جێهێشتن و كشاندنەوەی هێزەكان لەو دوو وڵاتەدا، بەڵام ئێستا ئێوە دەبینین كە دۆخەكە چۆنە.
* ئێوە ئاماژەتان بە پێچەوانەكردنەوەی سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما لە ئاست ئێراندا كرد لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە، كە ئاشكرایە ئەم ئیدارەیە تاكلایەنانە لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كشایەوە و دواتر سزای سەختی ئابووریی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند، ئەوەی پێی دەوترێت سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار، پرسیارەكە ئەوەیە تا چەند ئەم سیاسەتە ئامانجە راگەیەندراوەكانی بەدی هێناوە؟
- لە راستیدا من پێم وایە ئەم سیاسەتە دەرئەنجام و ئاكامی پێچەوانەی لێ كەوتۆتەوە. هەرچەندە دەبێت ئەوە بزانین كە ئێرانیش بە دەست چەندین كێشەوە دەناڵێنێت كە دەرئەنجامی ئیدارەدانی گەمژانەی كاروبارەكانە لەو وڵاتەدا، بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە دەرئەنجامی سزاكان ئەوە بووە كە پاساوێكی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران دروست كردووە، هەرچەندە لە هەمان كاتدا ژیانی خەڵكی هەژاری هێندەی دیكە ناهەموار كردووە، واتە ناهەمواریی دۆخی هەژارانی ئەو وڵاتە دوو هۆكاری هەیە، یەكەمیان ئیدارەی خراپی ئەو وڵاتەیە بۆ كاروبارە ئابوورییەكان و هۆكاری دووەمیان سزا ئابوورییەكانە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەپاندوونی بەسەر ئەو وڵاتەدا.
* ئەی پێشبینی ئەوە دەكەیت كە ئەم سزایانە ئێران ناچار بە سازشكردنی قورس بكەن و لە ئەنجامدا ئێران ئامادە بێت بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و واژووكردنی رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ؟
- نەخێر، من پێم وانییە پەرەسەندنەكان بەم ئاراستەیەدا بڕۆن، بەڵكو ئەوەی سەرنج دەدرێت ئەوەیە كە لە بنەڕەتدا پەرەسەندنەكان بە ئاقارێكی پێچەوانەدا دەڕۆن، هەرچۆنێك بێت، ئەگەر ئێران ببوایەتەوە ئەندامێكی ئاسایی، یان ئاوێتەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ببوایە و وەك دەوڵەتێكی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بكرایە، ئەوا هەم لە بەرژەوەندیی خەڵكی ئەو وڵاتە و هەم لە بەرژەوەندیی دەوڵەتە دراوسێكانیشی دەبوو، بەتایبەتی عێراق و كورد.
* ئێوە باس لەوە دەكەن كە ئەگەر ئێران ئاوێتەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ببێتەوە، ئەوا لە بەرژەوەندیی دەوڵەتانی دراوسێیە و بە پلەی یەك عێراق، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت، ئەوەیە كە عێراق كراوەتە گۆڕەپانی ململانێ و یەكلاكردنەوەی كێشەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا، تێروانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- ئەگەر ئێمە دەستێوەردان و كاریگەریی دەستێوەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عێراقدا لە بەرچاو بگرین، ئەوا دەكرێت بڵێین ئەنجامەكەی بریتی بووە لە خراپتركردنی دۆخی عێراق بەراورد بە سەروەخت و سەردەمی حوكمڕانیی سەددام حوسێن، هەروەها لە ئەنجامی دەستێوەردانی ئەمریكا هەلومەرجی ئەفغانستان بەراورد بە رۆژگاری دەسەڵاتی بزووتنەوەی تاڵیبان ئاڵۆزتر بووە. لەم روانگەیەوە دەبێت ئەوە بڵێین كە بەرپرسیارێتی باشتركردن و بەرەوپێشبردنی بارودۆخەكە لە ئەستۆی خەڵكی عێراقە و ئەمە بۆ كوردیش هەر راستە، ئەگەر بە راشكاوی بدوێم لەگەڵتاندا ئەوا من نازانم چۆن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەتوانێت لەم رووەوە هاوكار بێت، بە پێچەوانەوە من باوەڕم وایە هەوڵەكانی ئەمریكا لەم رووەوە تەنیا خراپتربوونی بارودۆخەكەی لێ دەكەوێتەوە. كەواتە من پێم وایە ئەگەر بێت و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا نەمێنێت، ئەگەری ئەوە هەیە كە گەلانی ناوچەكە لە دۆخێكی باشتردا بن.
* كەواتە ئێوە پێتان وانییە هیچ رێگاچارەیەك هەبێت بۆ ئەوەی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بتوانێت بیگرێتەبەر تا لەم ناوچەیەدا رۆڵێكی بنیاتنەر و ئەرێنیی هەبێت و هاوكاری وڵاتەكان، بە تایبەتی عێراق بێت، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان؟
- ئەگەر ئێمە لە 20 ساڵی تەواوی شكستهێنان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڕوانین، ئەوا ئەگەر پێمان وابێت ئەمریكا دەتوانێت كارێك بكات بۆ باشتركردنی بارودۆخەكە، ئەوە وەك بیرۆكەی شێتانە دەردەكەوێت، چونكە ئەوەی روویداوە، هەم لە روانگەی سەربازییەوە و هەم لە گۆشەنیگای سیاسەتی دەرەكییەوە شكستهێنانێكی بەرچاو بووە. رەنگە پەرەسەندنێكی ئەرێنی لەم رووەوە كە بتوانرێت ئاماژەی پێ بكرێت، بریتی بێت لە ئەنجامدانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ وڵاتی ئێراندا، ئەگەرچی دواتر ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ تاكلایەنانە پاشەكشەی لێ كرد. هەروەها تۆ بڕوانە وڵاتی پاكستان كە دوایین راوەرگرتن لەو وڵاتەدا كرابێت لەبارەی هەڵوێست و تێڕوانینی خەڵكی ئەو وڵاتە لە ئاست ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، دەرئەنجامەكەی ئەوەیە كە زۆربەی خەڵكی ئەو وڵاتە وەك دوژمنی پاكستان لە ئەمریكا دەڕوانن. ئەمە لە كاتێكدا ئەمریكا بە شێوەیەكی ساڵانە چەندین ملیار دۆلار لە شێوەی هاوكاری و كۆمەكی سەربازیدا بەو وڵاتە دەبەخشێت. لێرەدا من ئەو پرسیارە دەكەم، ئایا ئەمە دەستكەوتێكە كە تۆ پارە و كۆمەك و هاوكاری بە وڵاتێك ببەخشێت، بەڵام خەڵكی ئەو وڵاتەدا وەك دوژمن لێت دەڕوانن؟
* بەڵام پێت وانییە دۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە راددەیەك قورس و ئاڵۆزە كە بە ئاسانی ناتواندرێت كێشەكان سنووردار، یان چارەسەر بكرێن؟
- من ئەوە لەبەرچاو دەگرم كە بارودۆخەكە بێ ئەندازە ئاڵۆزە و، لەسەر ئەم بنەمایەش دەزانم كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كارێكی كەمی لەدەست دێت لەم رووەوە، بە چەشنێك ئەگەر وا بیر بكرێتەوە، یان گریمانەی ئەوە بكرێت كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەتوانێت كێشەكانی ئەم ناوچەیە چارەسەر بكات، یان بە ئەندازەیەكی گەورە هاوكار بێت، ئەوا ئەمە بیرۆكەیەكی گومان هەڵگرە، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئێمە لە تۆماری پڕ لە شكستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕوانین لەم ناوچەیەدا، ئەوا دەبینین كە ئەوەی ئەمریكا دەتوانێت لەم رووەوە بیكات، تەنیا بریتیيە لە خراپتركردن و ئاڵۆزكردنی زیاتری دۆخەكە. دواتر من پێم سەیرە دوای ئەو هەموو شكستە چاوەڕوانی ئەوە بكرێت كە ئەمریكا رێگاچارەیەكی راست و دروست بگرێتەبەر، بۆ باشتركردنی دۆخی ئەم ناوچەیە.
* بەڵام هێشتا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پلان و دەستپێشخەری رادەگەیەنێت و بە بانگەشەی خۆی ئەمانە باشترین نەخشەڕێگان بۆ چارەسەركردنی زۆرێك لە كێشە درێژخایەنەكانی ناوچەكە هەیە، بەتایبەتی ئەوەی لەم رۆژانەدا بە ناوی سەفقەی سەدەوە بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكیی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین راگەیەندرا، تێڕوانینی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- من پێم وایە كێشەكە لەوەدایە كە فەلەستینییەكان ئیعتیرافیان بەوە نەدەكرد كە شەڕەكەیان دۆڕاندووە، هەروەها لە ئێستادا ئەوەی بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە پشتیوانی لە نێو جیهانی عەرەبیدا بۆ فەلەستینیەكان كەم دەبێتەوە، هەروەها لە نێو جیهانی ئیسلامیشدا. دواتر ئەوان بەردەوام پێداگری لەسەر مافی گەڕانەوە دەكەن، كە ئەمە دەرئەنجامی شەڕێكە كە 70 ساڵ پێش ئێستا دۆڕاندوویانە، كە من پێم وانییە ئەمە رووبدات.
Top