ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: هیوادارین سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق پابەندبێت بە دەستوورەوە بۆ رێكخستنی پەیوەندییەكان لە نێوان هەر
February 12, 2020
دیمانەی تایبەت
راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە مانای كۆتاییهاتنی كێشەكان و ئاساییبوونەوەی دۆخەكە نایەت، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕانكارییەكە كە دەبێت هەڵوەستەی لەسەر دەكرێت، بەتایبەتی كە ئاڵوگۆڕەكانی بەغدا كاریگەری و رەنگدانەوەیان لەسەر هەرێمی كوردستانیش دەبێت. ئەم پرسە بووە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.* سەرەنجام بارودۆخی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا گەیشتە ئەوەی كە سەرۆك كۆمار كەسایەتییەك بە ناوی محەمەد تۆفیق عەللاوی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ حكومەتی كاتیی عێراق دەستنیشان كرد، دیارە لەو رۆژەوەی كە دەستنیشان كراوە، لەسەر ئاستی شەقام و لایەنە سیاسییەكانی شیعە راوبۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام پرسیاری ئێمە ئەوەیە رای هاوپەیمانیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەسەر ئەم كاندیدە تازەیە چۆنە؟
- هەر لە دوای دەستلەكاركێشانەوەی د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، راوبۆچوونی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق و راوبۆچوونی سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش لەم بارەوە ئەوە بووە كە كەسێك راسپێردرێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، كە لەسەر بنەمای دەستوور و كۆدەنگیی شیعە بێت، بە رەچاوكردنی داواكاریی خۆپیشاندەران. چونكە ئێمە وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان، لامان روون و دیارە كە ئەم پۆستە پەیوەندی بە پێكهاتە و فراكسیۆنەكانی شیعەوە هەیە، وەك عورفی سیاسی كە لە عێراقدا هەیە، بۆیە ئێمە ڤیتۆمان لەسەر هیچ ناوێك نییە، ئەگەر لەسەر بنەمای دەستوور و كۆدەنگیی شیعە و راوبۆچوونی خۆپیشاندەرانی لەسەر بێت. چونكە دەستنیشانكردن و راسپاردنی سەرۆك وەزیران دەبێت، یەكەم: لەسەر بنەمای دەستوور بەپێی ماددەی 76بێت. دووەم: پێویستە كۆدەنگیی گەورەترین كوتلەی شیعەی لەسەر بێت. سێیەم: ئێستاكە راسپاردنی سەرۆك وەزیران دەبێت بە رەچاوكردنی داواكاری و بیروبۆچوونی خۆپیشاندەران بێت، كە خۆپیشاندەرانی ئێستای شەقامیش هەر شیعەن.
* دیارە سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدڕاڵی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانیشەوە هەیە، ئایا ئەوەی ئێوە لە محەمەد عەللاوی دەیخوێننەوە، چۆن سەیری هەرێمی كوردستان دەكات؟ دەكرێت بڵێین: پابەند دەبێت بەو رێككەوتنەی كە لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە؟
- هێڤیدارین سەرۆك وەزیرانی نوێیی حكومەتی فیدڕاڵ پابەند بێت بە جێبەجێكردنی دەستوور بۆ رێكخستنی پەیوەندییەكان لە نێوان هەرێم و بەغدا و بەردەوامی و گەشە بەو رێككەوتن و لێكتێگەیشتنانە بدات، كە لە نێوان عێراق (حكومەتی عادل عەبدولمەهدی) و هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە.
* محەمەد عەللاوی لە یەكەم پەیامیدا بۆ خۆپیشاندەران جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە كاندیدی حزبە سیاسییەكان بۆ وەزارەتەكان قبووڵ ناكات، بەڵام پشكی كوردستان مەسەلەی حزبی سیاسی نییە، ئایا بە رای ئێوە لە سەر پشكی كوردستان لە حكومەتەكەیدا چۆن مامەڵە دەكات؟
- تا ئێستا لەسەر ئەم بابەتە هیچ دانوستاندنێك نەكراوە، بەڵام بەگشتی پێویستە هەموو پێكهاتە سیاسییەكانی عێراق بە هەموو رەنگ و دەنگەكان لە پڕۆسەی حكومڕانیی عێراقدا بەشدار بن، تاوەكو حكومەت لە كار و ئەركەكانیدا سەركەوتوو بێت.
* ئێستا پەرلەمانی عێراق لە وەرزی پشووی خۆیدایە، كاندیدی سەرۆك وەزیرانیش تەنیا كاتێكی دیاریكراوی هەیە بۆ ئەوەی كابینەكەی رابگەیەنێت، ئایا پەرلەمان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعە تازەیە دەكات؟
- راسپاردن و تەكلیفكردنی سەرۆك وەزیران كاری پەرلەمان نییە، بەڵكو دوای 15 رۆژ لە دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران، سەرۆك كۆمار كەسێك بۆ ئەو پۆستە تەكلیف دەكات، كە دەبێت لە ماوەی یەك مانگدا كابینەكەی پێك بهێنێت، بێگومان ئێستا پەرلەمانی عێراق لە پشوودایە و دەنگدانی پەرلەمان لەسەر كابینەی حكومەت لە دوای پێكهێنانی كابینەكەیە، كە ماوەی یەك مانگی بۆ دیاریكراوە، بەڵام ئەگەر لە كاتێكێ دیاریكراودا و لە ماوەی ئەو مانگەدا كابینەی حكومەت پێكهێنرا و پێش تەواوبوونی پشووی پەرلەمان بوو، ئەوە دەكرێت ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنێكی نائاسایی ببەستێت و متمانە بە وەزیرەكان و كابینەی حكومەتە تازەكە بدات، یان متمانەی پێ نەدات، لەلایەكی دیكە لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی دیاریكراوی پێكهێنانی كابینەكە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، پشووی پەرلەمانیش تەواو دەبێت، لە كۆبوونەیەكی ئاساییدا دەنگدان بۆ پێدانی متمانە بە وەزیرەكان و كابینەكە تازەكە دەكرێت.
* حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك رێككەوتنی لەگەڵ حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی هەبووە، ئایا ئەم حكومەتە كاتییەی كە دادەمەزرێت، پابەندی ئەو رێككەوتنانە دەبێت؟
- حكومەتی نوێی عێراق دەبێت بەردەوام بێت لەسەر كار و رێككەوتنەكانی پێش خۆی، تا ئەو كاتەی كە هەڵبژاردنی تازە ئەنجام دەدرێت، پێویست و گرنگە ئەو رێككەوتنانەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق كراون، بەرەوپێشەوە ببردرێن و بچنە بواری جێبەجێكردن.
* هەتا ئێستا بودجەی ساڵی 2020ی حكومەتی عێراق لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند نەكراوە و، بە ریژەی یەك لەسەر دوانزە كارەكان بەڕێوەدەبرێن، ئایا لە ماوەی ئەم حكومەتە كاتییەشدا هەر كار بەو میكانیزمە دەكرێت، یان بەنیازن بودجەكە پەسەند بكەن؟
- یەكێك لە كار و ئەركەكانی حكومەتی نوێی عێراقی فیدڕاڵ پاش وەرگرتنی متمانە لەلایەن پەرلەمانەوە، ئەوەیە كە دەبێت پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 رادەستی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت، بۆ دەنگدان و پەسندكردنی، بەڵام ئەگەر پرۆژە یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان نەكرا، ئەوا هەر لەسەر شێوەی بودجەی 2019 كارەكان بەڕێوە دەبرێن.