دكتۆر محەمەد شاكر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: دانوستاندن و رێككەوتنەكانی هەرێم و بەغدا لە كوێ كۆتایی هاتووە پێویستە لەوێوە دەست پێ بكاتەوە

دكتۆر محەمەد شاكر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:  دانوستاندن و رێككەوتنەكانی هەرێم و بەغدا لە كوێ كۆتایی هاتووە پێویستە لەوێوە دەست پێ بكاتەوە
لەو كەشە ناهەموارە سیاسییەی عێراقدا، كە خۆپیشاندانەكان بەردەوامن و داوای گۆڕانكاریی جەوهەری و بنەڕەتی لە سیستمی حوكمڕانیدا دەكرێت، دواجار سەرۆك كۆماری عێراق كەسێكی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ حكومەتی كاتیی عێراق دەستنیشان كرد. پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و پڕۆژە یاسای بودجە و دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و چەندین هاوكێشەی دیكە و گرنگی سیاسی، تەوەری سەرەكیی ئەم دیدارەی گوڵان لەگەڵ دكتۆر محەمەد شاكر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێكدەهێنن.
* سەرەنجام بارودۆخی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا گەیشتە ئەوەی كە سەرۆك كۆمار كەسایەتییەك بە ناو محەمەد تۆفیق عەللاوی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ حكومەتی كاتیی عێراق دەستنیشان كرد، دیارە لەو رۆژەوەش كە دەستنیشان كراوە، لەسەر ئاستی شەقام و لایەنە سیاسییەكانی شیعە راوبۆچوونی جیاوازی لەسەر هەیە، بەڵام پرسیاری ئێمە ئەوەیە رای هاوپەیمانیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەسەر ئەم كاندیدە تازەیە چۆنە؟
- بە بڕوای من بەپێی ماددەی 76 گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی كە كوتلەی شیعەن (كوتلەی سائیرون بە سەركردایەتیی موقتەدا سەدر و فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری) سەرۆك وەزیرانیان دەستنیشان و ناوزەد كردووە و دواتر سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیرانی تازەی تەكلیف كردووە، بەڵام لەبەر تێڕوانینی شەقام و وەرگرتنی متمانەی خۆپیشاندەران، وا نیشان دراوە كە محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، لە دوای وەرگرتنی رای شەقام و خۆپیشاندەران لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە دەستنیشان كراوە، تاوەكو خۆپیشاندەران و شەقام وابزانن كە لەلایەن حزب و كوتلە سیاسییەكان دەستنیشان نەكراوە، ئەگەرچی سەرەڕای ئەمە دیتمان خۆپیشاندەران و شەقام محەمەد تۆفیق عەللاوی-شیان رەت كردەوە، چونكە خۆپیشاندەران مەرجێكیان بۆ سەرۆك وەزیرانی تازە داناوە، كە ئەو كەسە لە رابردوو تاقی كراوەتەوە، نابێت دووبارە تاقی بكرێتەوە، بەڵكو دەیانەوێت كەسێك لە نێوخۆپیشاندەران دەستنیشان بكرێت، نەك محەمەد تۆفیق عەللاوی كە بۆ دوو خول وەزیری پەیوەندییەكان و وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بووە، هەر بۆیە لەلایەن شەقامەوە رەت كراوەتەوەو، دەڵێن: ئەو پێشتر تاقی كراوەتەوە و ئێمە دەستنیشانمان نەكردووە، بەڵام لەلای ئێمە وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئەوا ناوزەدكردنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پەیوەندیدارە بە كوتلە شیعەكانەوە، چونكە بەپێی ئەو توافوق و عورفەی لە عێراق لە دابەشكردنی پۆستەكان پەیڕەو كراوە، ئەوا سەرۆك كۆمار بۆ كوردە و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ سوننەیە و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیش بۆ شیعەیە. بە بۆچوونی ئێمە وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ ئەو پۆستە كەسێكی گونجاوە و لەلایەن شەقامیش ئێمە ناڵێین هەموویان رەتیان كردۆتەوە، بەڵكو بەشێك لە خۆپیشاندەران لێی رازین، بەڵام زۆرینەیان رەتیان كردۆتەوە، بە بیانووی ئەوەی لە خولەكانی دیكەی حكومەت پۆستی هەبووە. ئەگەرچی محەمەد تۆفیق عەللاوی پۆستی لە حكومەتی عێراقی هەبووە، بەڵام هیچ كەیسێكی گەندەڵی نییە، لە ساڵی 2012 كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیران بوو، محەمەد عەللاوی وەزیری پەیوەندیەكان بوو، كێشەی لەگەڵ نوری مالیكی هەبوو و دەستی لەكار كێشایەوە، ئێستاش گرنگ ئەوەیە بتوانێت رای خۆپیشاندەرانیش بۆ لای خۆی رابكێشێت، بەوەی كە وەك خۆی ئاماژەی پێ كردووە، داواكاریی خۆپیشاندەران جێبەجێ دەكات و چەند وەزیرێك لە خۆپیشاندەران كە كەسی تەكنۆكرات و بەئەزموون بن، دابنێت و چاكسازی و خزمەتگوزاری ئەنجام بدات.
* دیارە سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدڕاڵی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانیشەوە هەیە، ئایا ئەوەی ئێوە لە محەمەد عەللاوی دەیخوێننەوە، چۆن سەیری هەرێمی كوردستان دەكات؟ ئایا دەكرێت بڵێین پابەند دەبێت بەو رێككەوتنەی كە لە نێوان هەرێم و بەغدا كراوە؟
- ئێمە لە بەرەی هیچ كوتلەیەك نین، بەڵكو وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەتایبەتی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەو لایەن و بڕیارو كارانەیەن كە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندا بێت و، هاوپەیمانییش لەگەڵ ئەو لایەنە دەكەین، محەمەد عەللاوی سەبارەت بە كورد وای بۆدەچین كە تێڕوانینی باشی هەبێت، چونكە خۆی كەسێكی رۆشنبیر و لیبڕاڵە و لەوانە نییە كە گیرۆدەی بیروهزری توندڕۆی مەزهەبی بێت. ئەو كەسانەی لێبڕاڵین بە واقیعییانەتر مامەڵە دەكەن و پێكهاتەكانی دیكە دەخوێننەوە، بە هاوشێوەی د. عادل عەبدولمەهدی، بۆیە پێمانوایە محەمەد تۆفیق عەللاوی بە شێوازێكی راست و دروست مامەڵە لەگەڵ كورد دەكات.
* محەمەد عەللاوی لە یەكەم پەیامیدا بۆ خۆپیشاندەران جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە كاندیدی حزبە سیاسییەكان بۆ وەزارەتەكان قبووڵ ناكات، بەڵام پشكی كوردستان مەسەلەی حزبی سیاسی نییە، ئایا لەسەر پشكی كوردستان لە حكومەتەكەیدا بە رای ئێوە چۆن مامەڵە دەكات؟
- محەمەد تۆفیق عەللاوی پێش كۆنگرەی داڤوس لایەنە سەرەكییەكانی شیعەكان رێككەوتبوون بۆ سەرۆك وەزیران كاندیدی بكەن، لایەنەكانیش دەیانویست بۆ پۆستی وەزراتەكان كاندیدی خۆیان هەبێت، بەڵام محەمەد عەللاوی دەیویست خۆی بە كەسانی تەكنۆكرات و دوور لە حزبەكان كابینەكەی پێك بێنێت، كە لە ئەنجامدا محەمەد تۆفیق عەللاوی پۆستەكەی رەتكردەوە، بەڵام لەپاشان لایەنە شیعەكان رازی بوون بە مەرجەكەی محەمەد عەلاوی كە كەسی دوور لە لایەن و حزبەكان بۆ پۆستی وەزیرەكان دەستنیشان بكات، هاوكات محەمەد تۆفیق عەللاوی خۆی ئاماژەی بەوە داوە، كە پێكهاتەكان بێبەش ناكەن و، ئەگەر تەماشا بكەین، لە كابینەی عادل عەبدولمەهدی شیعەكان دوازدە وەزارەتیان هەبوو، سوننە پێنج وەزارەت و كورد كە هەقی خۆی چوار وەزارەت بوو، بۆ زیاتر پشتگیریكردن لە عادل عەبدولمەهەدی لە وەزارەتێكی خۆی خۆش بوو، وەزیرێكیش هی كەمینەكان بەتایبەتی كریستیانەكانە و لەم كابینەی محەمەد تۆفیق ئەگەر چوار وەزارەتیش وەرنەگرین، بە دڵنیاییەوە سێ وەزارەت وەردەگرینەوە. وەزیرەكانی ئێمەش كە دەچنە بەغدا بێگومان نوێنەرایەتیی كورد دەكەن و هیچ نیشانە و وابەستەییەكی خراپ و حزبییان پێوەدیار نییە، بۆیە من بە پێویستی دەزانم لە نێوان لایەنە سەرەكییەكانی كوردستان بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی 25 كورسیی پەرلەمانییە كە زۆرترین كورسی لە هەڵبژاردنی رابردوو وەك حزب لە پەرلەمانی عێراق بەدەست هێناوە، كە لە كابینەی عادل عەبدولمەهدی دوو وزارەتمان هەبوو، هەروەها یەكێتی كە ئەوانیش یەك وەزارەتیان هەبوو، پێویستە گفتوگۆ بكەن و من وای دەبینم، ئەگەر لە بەرژەوەندیی پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان بێت، ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان لاریی نییە، ئەگەر كەسێكی بێلایەنیش كاندید بكات. پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرجاریش كورسیی خۆی داوەتە لایەنی دیكە و لە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پارتی لە بەشی خۆی تەنازولی بۆ حزب و لایەنەكانی دیكە كردووە و، هەموو كات پارتی دیموكراتی كوردستان قوربانی دەدات، لە كاتێكدا بزانێت ئەو كارە لە بەرژەوەندیی گشتییە و لە چوارچێوەی ئەو بارودۆخەی عێراقدا، ئەگەر بابەتەكە ئەوە بێت، كە كەسی حزبی كاندید نەكەن و، كەسی بێلایەنی تەكنۆكرات دابنێن بۆ پۆستی وەزارەتەكانی كابینەی نوێ، ئەوە پارتی هیچ لارییەكی نییە، چونكە پارتی خۆی حزبێكی نەتەوەییە و بە چاوێكی حزبی سەیری ئەو بابەتانە ناكات، بەڵام بە مەرجێك ئەوە ببێتە هۆكارێك بۆ سەقامگیریی عێراق و لە هەمانكاتدا لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان بێت، نەك لە دژی هەرێمی كوردستان و تێڕوانینمان وایە حزبەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش بە هەمان شێوە بیر بكەنەوە.
* ئێستا پەرلەمانی عێراق لە وەرزی پشووی خۆیدایە، كاندیدی سەرۆك وەزیرانیش تەنیا كاتێكی دیاریكراوی هەیە بۆ ئەوەی كابینەكەی رابگەیەنێت، ئایا پەرلەمان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعە تازەیە دەكات؟
- ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی دەستووری هەمیشەیی مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعە تازەیەی عێراق دەكات، كە لە ماددەی (76)ی دەستوور هاتووە، كە دوای ئەوەی كوتلەی گەورەی پەرلەمانی كەسێك بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان دەكات، ئەوە سەرۆك كۆماریش ئەو كەسە رادەسپێرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی مانگێكدا كابینەی خۆی پێكبێنێت و بەرنامەی حكوومەت دیاری بكات، لەپاش ئەوەی محەمەد تۆفیق عەللاوی كابینە و بەرنامەی خۆی و وەزیرەكانی دیاریكرد و، بە پەرلەمانی راگەیاند، ئەوا پەرلەمان لە كاتێكدا لە پشووش بێت، دانیشتنێكی نائاسایی دەبەستێت و دەنگ لەسەر وەزیرەكان و بەرنامە حكوومییەكەی دەدات، ئەگەریش وەزیر و بەرنامە حكوومییەكە متمانەیان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستهێنا، یان (نیوەی وەزیرەكان كۆی یەك) دەنگیان هێنا كە دەكاتە (12) وەزیر، ئەو حكومەتەكە پێكدەهێندرێت، بەڵام لەكاتێكدا لەماوەی ئەو مانگەی بۆی دیاری كراوە، نەیتوانی كابینەكەی پێكبێنێت، ئەوا كەسێكی دیكە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەستنیشان و تەكلیف دەكرێت.
* حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك رێككەوتنی لەگەڵ حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی هەبووە، ئایا ئەم حكومەتە كاتییەی كە دادەمەزرێت، پابەندی ئەو رێككەوتنانە دەبێت؟
- ئەگەر باس لە دامەزراوەیی بكەین، ئەوا عێراق هێشتا دەوڵەتێكی دامەزراوەیی نییە، بەڵام ئێمە كە باس لە دەستوور و یاسا و عورف و دەوڵەتی دامەزراوەیی دەكەین، ئەوا ئەو رێككەوتنانەی كە لە حكومەتی پێشوو ئەنجام دراون، دەبێت حكومەتی تازەش پابەندی بێت، چونكە شاندی حكومەتی هەردوولا (هەرێم و بەغدا) چەند جار سەردانی یەكتریان كردووە و گفتوگۆی تێروتەسەڵ و دراسەی بابەتەكانیان بە وردەكارییەوە ئەنجام داوە، لە پاشان گەیشتوونەتە ئەو رێككەوتنانە، بەڵام دەكرێت گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێتەوە و ئەگەر تێبینییەكیان لەسەری هەبێت، چارەسەری بكەن، چونكە حكومەتی پێشوو كاربەڕێكەر بووە و ئەو دەسەڵاتەی نەبوو، بۆ نموونە پرۆژە یاسای بودجە كە نەیتوانی بینێرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسند بكرێت. بەڵام ناكرێت ئەو رێككەوتننانە هەڵبوەشێتەوە و بگەڕێنەوە خاڵی سەرەتایی. هاوكات دانوستاندن و رێككەوتنەكان لە كوێوە راوەستاوە و كۆتایی پێ هاتووە، پێویستە لەوێوە دەستی پێ بكەنەوە.
Top