زاگرۆس فەتاح محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری گشتیی بودجەی وەبەرهێنان لە وەزارەتی پلاندانان بۆ گوڵان: ئەمساڵ سیستمی بە ئەلیكترۆنیكردنی گرێبەستە گشتییەكان دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە

زاگرۆس فەتاح محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری گشتیی بودجەی وەبەرهێنان لە وەزارەتی پلاندانان بۆ گوڵان:  ئەمساڵ سیستمی بە ئەلیكترۆنیكردنی گرێبەستە گشتییەكان دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە
ئاشكرایە لە ئێستادا حكومەتی هەرێم هەوڵەكانی خستۆتەگەڕ بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی پێویست و جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات و هێنانەئارای وەرچەرخان لە ئەدای كەرتی گشتی و كاراكردنەوەی كەرتی تایبەت، هەموو ئەوانەش بە ئامانجی دامەزراندنی بناغەیەكی تۆكمە و پتەون بۆ ئابووریی كوردستان، بۆ تیشكخستنە سەر هەنگاو و هەوڵەكانی حكومەت بەم ئاراستەیە و تاوتوێكردنی ئاستەنگ و كێشەكان و راددەی ئەو گۆڕانكاری و ئاڵوگۆڕانەی لەم بوارەدا بەدیهاتوون، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ زاگرۆس فەتاح محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری گشتیی بودجەی وەبەرهێنان لە وەزارەتی پلاندان ئەنجام دا.
* دوای كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە وەبەرهێن و سەرمایەدارانی ناوخۆ پرسی چاكسازی و بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان گەرمتر بووە، ئایا تاچەند گرنگە هاوشانی ئەو گۆڕانكارییە كەرتی تایبەتیش گۆڕانكارییەكی نەوعی بە خۆیەوە ببینێت؟
- لەدوای پرۆسەی چاكسازی و بنبڕكردنی گەندەڵی مەسەلەی هەمەچەشنكردنی ئابووریی كوردستان بە خاڵێكی سەرەكی و ستراتیژیی ناو بەرنامەی كاری رێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، سەرۆكی حكومەت دیدگاو بۆچوونی وایە نابێت بەتەنیا پشت بە داهاتی نەوتی خاو ببەستین و سەرچاوەكانی دیكەی ئابووری و داهات پشتگوێ بخرێت، چونكە پەراوێزخستنی سەرچاوەكانی دیكەی داهات لە كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاری و رووكردنە تەنیا كەرتی نەوت هەڵەیەكی كوشندەو مەترسیدارە. لە روانگەی ئابوورییشەوە هیچ وڵاتێك نییە خاوەنی ئابوورییەكی بەهێزو گەلێكی خۆشگوزەران بێت كە تەنیا پشتی بە داهاتی نەوت بەستبێت، داهاتی نەوت و بەهاكەی پەیوەستە بە بەرژەوەندیی زلهێزەكان و رەوشی سەقامگیری سیاسی و سەربازی و ئابوورییەوە، هەر بۆیە بەهای نەوتی خاو بەردەوام لە هەڵكشان و داكشاندایە، ئەزموونی هەرێمی كوردستانیش لە ساڵانی رابردوو بەتایبەتی لە گەرمەی گەمارۆی ئابووری و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداو داشكانی بەهای بەرمیلێك نەوتی خاو لە بازاڕە جیهانیەكاندا هەمووی ئەوەمان پێ دەڵێن كە بودجە و ئابووریی هیچ وڵاتێك نابێت بە تەنیا پشت بە داهاتی نەوتی خاو ببەستێت، بەپێچەوانەوە پشت بەستن بەداهاتی نەوتی خاو واتا سووڕانەوەیە بە دەوری قەیرانی دارایی و گرفت و كێشەكانی كەمیی سیولەوە. لەم تێڕوانینەوە رۆئیای سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بەرەو هەمەچەشنكردنی ئابووری هەنگاو بنێین، لەپێناو گەیشتن بەم ئامانجەش پێویستمان بەوە هەیە ببینە خاوەن كەرتێكی تایبەتیی بەهێزو كارا، گەشەسەندنی كەرتی تایبەت بناغە و جومگەی هەموو ئابوورییەكی پێشكەوتووە لە جیهاندا، هەربۆیە سەرۆكی حكومەت و كابینەكەی بەو ئاراستەیە كار دەكەن كە كوردستانیش بە هاوشێوەیە وڵاتانی دیكەی پێشكەوتوو بەرەو بەهێزبوونی كەرتی تایبەت بچێت، ئەمەش پێویستی بە وەرچەرخانێك هەیە لە كارو ئەدای كەرتی تایبەت و كۆبوونەوەكەی ئەم دواییەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ گەورە وەبەرهێن و سەرمایەدارانی ناوخۆی كوردستان بۆ پاڵپشتیكردنیان و بەهێزكردنی ئابووریی كوردستان و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كوردستان بوو.
* بەو پێیەی ماوەیەكی زۆرە لەبواری بودجەو پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە وەزارەتی پلاندانان كار دەكەیت و لە نزیكەوە ئاگاداری ئەم بوارەیت، ئایا بەهێزكردنی كەرتی تایبەت دەبێت چۆن هەنگاوی بۆ بنرێت؟ بە واتایەكی دیكە ئەو یاسا و بنەما ئابوورییانە چین كە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری لەسەر بكات؟
- بەهێزكردنی كەرتی تایبەت پرۆسەیەكی ئاڵۆز و تێهەڵكێشە و دەكرێت لەچەند بوارێكدا كاری لەسەر بكرێت، سەرەتا دەبێت پێداچوونەوە بە ژینگەی كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بكرێت، بەتایبەتی لەم رێگایانەی خوارەوە:
1. پێداچوونەوە بە سەرجەم یاسا و رێنمایی و راسپاردەكانی كاركردنی كەرتی تایبەت، دەبێت یاسا و رێنماییەكان رێگر نەبن لە بەردەم كاركردنی كەرتی تایبەت و گەشەكردنی، بۆ نموونە هەرچی مۆڵەت و رێكارەكانی كە لەلایەن حكومەتەوە دەردەچێت، ئاسانكاریی تێدا بێت.
2. كەمكردنەوەی رۆتین و بیرۆكراتیەتی كوشندە؛ كە لەم بوارەدا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی گرنگی ناوە، ئێستا وەرگرتنی مۆڵەتی كاركردن لە كەرتی تایبەت و دامەزراندنی كۆمپانیاكان كاتێكی كەمتری پێدەچێت.
3. پەیڕەوكردنی بنەمای شەفافییەت لەكاركردن لەگەڵ كەرتی تایبەت.
4. گۆڕانكاریی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان لە رووی جۆر و چەندایەتییەوە بۆ نموونە لە رووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی كارەبا و ئاو و رێگاوبان و خزمەتگوزارییەكانی دیكەی شارەوانی.
5. گرنگیدان بە سێكتەری بانكی و دەوڵەمەندكردنی خزمەتگوزارییە بانكی و داراییەكان.
6. زیادكردنی بواری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا.
بۆ جێبەجێكردنی هەموو ئەم ئامانجانە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی دەستپێكردووە، لەلایەك هیچ رێگرییەكی نییە لە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژە و كار و وەبەرهێنانەی كە سوودی بۆ بەرژەوەندیی گشتی هەیە و لەلایەكی دیكەوە بە شەفافییەت و روونی گرێبەستەكان دەخرێتەڕوو، بگرە پاڵپشتی و كارئاسانی لە هەموو وەزارەتەكان بۆ ئەو وەبەرهێن و بزنێسكار و كۆمپانییانە هەیە كە بە جددیی و باشی كارەكانیان ئەنجام دەدەن، هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی دامەزراوەكانیەوە پاڵپشتی پێشكەش بە سەرجەم ئەو وەبەرهێن و كۆمپانیانە دەكات كە روو لە كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاری دەكەن، ئەمە جگە لەوەی چاوخشاندنەوە بە یاسای وەبەرهێنان كراوە و دەستەی وەبەرهێنان بە مەبەستی گەشەكردنی وەبەرهێنان پڕۆژە یاسایەكی نوێی ئامادە كردووە و دەچێتە پەرلەمان بۆ گفتوگۆ و پەسەندكردنی. هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەنگاو و كارانەی حكومەت و وەزارەت و دامەزراوەكانی كەرتی گشتی هەوڵ دەدەین هەندێك پڕۆژە لە نێوان كەرتی تایبەت و گشتی لە چوارچێوەی پرۆسەیەك ئەنجام بدەین كە پێی دەوترێت (PPP)، ئەمەش لەژێر رۆشنایی خاڵی شەشەمی ئاستی خزمەتگوزارییەكان وەك لە هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت پردێك یان رێگایەك دروست بكەین، كە پێویستی بە توانای دارایی هەیە، دەكرێت كەرتی تایبەت دروستی بكات و پارەكە بە شێوەیەك لە شێوەكانی وەربگرێتەوە.
* باسی هاوبەشیی نێوان كەرتی تایبەت و گشتیتان كرد، ئایا دەكرێت زیاتر باسی وردەكارییەكانی ئەم پرۆسەیەمان بۆ بكەیت و، ئایا تا چەند سوودی بۆ هاووڵاتیان و حكومەت و كەرتی تایبەتیش هەیە؟
- چوارچێوەی ئەم بیرۆكەیە ئامادە كراوە، لەژێر رۆشنایی هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رێنمایی و هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی ویلاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) و پڕۆگرامی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان (UNDP) و وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەڵبەتە مەودای كارەكانی بریتییە لە:
ئامادەكردنی چوارچێوەی هاوبەشی گشتی – تایبەت PPP.
ئامادەكردنی لیستی پڕۆژەكان بۆ هاوبەشی گشتی- تایبەت.
راهێنان.
هەروەها كار دەكەین بۆ دانانی ریزبەندی بۆ پڕۆژە شیاوەكان و ئاشناكردنی وەزارەتەكان و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەتەكان بە چوارچێوەی هاوبەشی گشتی – تایبەت، لەمەشدا رەچاوی ئەوە دەكەین كە پرۆسەكە بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتییەكان بێت و بگونجێت لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هەروەها لیستی پڕۆژەكان و ریزبەندییان و وردبینی و پەسەندكردنی گرێبەستەكان و دانانی نیشاندەری سەرەكیی ئەدا (KPIs) بۆ پڕۆژەكان و رێكار و ئاسانكاریی بۆ جێبەجێكردنی دەكرێت، ئەمە وێڕای چاودێری و بەدواداچوونی ئەركی سەرشانی وەزارەتەكان لە بەڕێوەبردنی گرێبەست و جێبەجێكردنی هەموو ئەو پڕۆژانەدا، پڕۆژە هاوبەشەكانی نێوان كەرتی تایبەت – گشتی زۆرن، لەوانە لەبواری گەیاندنی كارەبا و رێگاوبان و تەندروستی و ئاو و ئاوەڕۆ و چەندین بواری دیكە.
لە پڕۆژەی هاوبەشی نێوان كەرتی تایبەت- گشتی جەخت لەسەر یەك خاڵی سەرەكی كراوەتەوە، كە رێزدار مسرور بارزانی بەردەوام جەختی لەسەر دەكاتەوە، ئەویش ئەوەیە نابێت هیچ پڕۆژەیەكی كەرتی تایبەت دژی بەرژەوەندیی گشتی بێت، بەڵكو دەبێت لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا بێت و رەچاوی خەڵكی كەمدەرامەت و چینی هەژاری تێدا كرابێت و تێیدا زیانمەند نەبن، بە واتایەكی دیكە هەر كەسێك توانای داهات و بژێوی بەرزی هەیە و خزمەتگوزاریی زیاتر بەكار دەهێنێت، دەبێت پارەی زیاتر بدات. لێرەدا فەلسەفە و دیدگای حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە جگە لە بووژانەوەی ئابووری، دووبارە دابەشكردنەوەی داهاتی میللەت بكەین و دادپەروەرییەك بخوڵقێنین، رەوا نییە پارەی خزمەتگوزارییەكان لە نێوان دەوڵەمەند و هەژار بە یەك رێژە وەربگیرێت، واتا دەبێت لە بەهای خزمەتگوزارییەكان و سیستەمی باجدا رەچاوی رسومات و داهاتی هەڵكشاو بكرێت.
* باسی ئەو ژینگەیەت كرد كە لەم كابینەیەدا كاری لەسەر دەكرێت بۆ ئەوەی هانی وەبەرهێنان و گەشەی كەرتی تایبەت بدرێت، ئایا تاچەند لە بارودۆخی وەكو هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا ژینگەیەكی لەبار هەیە بۆ سەركەوتنی بەرنامەو هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان؟
- دوو ژینگە هەیە، دەبێت لێرەدا باسی بكەین:
1. ژینگەی ئاسایش و سەقامگیریی سیاسی.
2. ژینگەی ئابووری و ژێرخان.
ژینگەی ئاسایش و پاراستنی سەقامگیری، بە یەكەم بنەمای پێشكەوتنی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی دادەنرێت. خۆشبەختانە بە هەوڵ و هیممەتی جەنابی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزی ئاسایش و ناوخۆ توانرا ئەم ژینگەیە بپارێزرێت و پارێزگاری نەك تەنیا لە پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان بكرێت، بەڵكو كوردستان بووە پێگەیەكی ئارام بۆ سەرجەم ئاوارە و لێقەوماوانی عێراق و سووریا و ناوچەكە، ئەوە بوو لەو سەردەمە لە ناخۆشترین كاتەكاندا كە لە ساڵی 2014 دەستی پێ كرد، نەك تەنیا ژینگەی ئاسایشی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكو ژینگەی ئاسایشی ئەوروپا كەوتە مەترسییەوە، بەڵام لێرە ئاسایشی ناوخۆ پارێزراو بوو، بە راددەیەك دەتوانین بڵێین لە ساڵی 2014 – 2015- 2016 ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ئاسایشی شارەكانی فەرنسا و ئەڵمانیا ئارامتر بووە. هاوكات ژینگە سیاسیەكەی هەرێمی كوردستانیش نەبچڕاوە بگرە بە پرۆسەیەكی دیموكراتی و هەڵبژاردن توانرا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دابمەزرێت و دەستاودەستی دەسەڵات بكرێت و دانوستانەكان لەنێوان هەرسێ لایەنی سەرەكی (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) هەنگاوی باشی لێ بەرهەم هاتووە، لەگەڵ بوونی كەموكورتی لێرە و لەوێ، یان هەموو ئەو قسەو باس و بۆچوونانەی لەناو حزبەكان و شەقام و دەستەبژێری ئابووری و رۆشنبیراندا دەكرێت، بەڵام سیاسییەكانی ئێمە رۆئیایەكی روونیان بۆ گەشەكردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان و خزمەتكردنی خەڵكی هەیە، ئەوەتا لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەناو بەرنامەو كاری رێزدار مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم كۆمەڵێك كارو ئەجیندا دانراوە و بەرژەوەندیی گشتی لە ریزبەندی پێشەوەی هەموو ئامانج و هەنگاوەكانی ئەم كابینەیە دانراون، ئەم ئیرادە و ویستە سیاسییە زۆر لەبارە بۆ ئەوەی خەڵكی بتوانن وەبەرهێنان بكەن و متمانەیان بە حكومەت هەبێت. دوابەدوای ئەم ژینگەیەش ژینگەی ژێرخانی ئابووری دێت، سەرەڕای هەموو سەرنج و تێبینیەكانمان لە 15 ساڵی رابردوودا توانراوە ژمارەیەكی زۆری پڕۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێ بكرێت، هەر لەزیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا و زیادبوونی رێگاوبان و شەقام و پڕۆژەكانی دیكەی ئاو و ئاوەڕۆ و خانووبەرە و دروستكردنی فڕۆكەخانە و بینایەی میریی و نەخۆشخانە و قوتابخانەكان و چەندین پڕۆژەو كاری دیكە، بێگومان هێشتا زۆر پڕۆژەش ماون، جێبەجێ بكرێن و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوورە لەسەر بەردەوامبوونیدان بە پرۆسەی پەرەپێدان، چاكسازی و گەیشتن بە خۆشگوزەرانی ئیرادەی سەرۆكی حكومەت و ویستی خەڵكی كوردستانە، بۆیە هیچ هێز و گرووپێك ناتوانێت ئاستەنگ لە بەردەم ژینگەی سەقامگیریی و ئابووریی كوردستان دابنێت.
* بەڵام لە ئێستادا زۆر بواری وەكو گەندەڵی و قۆرخكاریی هەیە، تا چەند ئەوانە لەمپەڕ لەبەردەم ئەو ویست و ئیرادەیەی گەل و حكومەت بۆ چاكسازی دادەنێن؟
- ئێمە بە زەقی لە ناو حكومەتدا هەست بەو ئاستەنگ و گرفت و كێشانە دەكەین كە لەبەردەم پرۆسەی بنبڕكردنی گەندەڵی و نەهێشتنی قۆرخكاری دادەنرێت، بەڵام دەبێت هەمووان ئەو راستییە بزانن چاكسازی و نەهێشتنی قۆرخكاریی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تەنیا دروشم نییە و لە زۆر بواردا بە كردارەكی دەستی پێكراوە، بۆ نموونە تەنیا لە گرێبەستەكانی كارەبا و چاكسازیی بەرهەمهێنانی كارەبا و ئاشكراكردنی زێدەڕۆییەكان بە ملیۆنان دۆلار بۆ گەنجینەی گشتیی هەرێم گەڕاوەتەوە، بەسەدان تۆن دەرمان و خۆراكی ئیكسپایەر و خراپ لە ناو براون و خاوەنەكانی سزا و غەرامە كراون و بڕیاری بوێرو گرنگ بۆ كەمكردنەوەی رۆتین و خێرابەڕێوەچوونی مامەڵەی هاووڵاتیان گیراوەتەبەر، بێگومان لە هەموو پرۆسەیەكی چاكسازیدا كۆمەڵێك كەس (ئەوانەی لە بەرژەوەندیی تایبەتیان دەدرێت) هەوڵی ئەوە دەدەن بە شێوازی جۆراوجۆر رووبەڕووی ببنەوە، بەڵام ئەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرنامەی كاریدا دایناوە، هیچ كاتێك بەرژەوەندیی شەخسی گرنگتر نییە لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیانی كوردستان، سوودی گشتی زۆر گرنگترە لە بەرژەوەندی و سوودی تایبەتی. لە كۆتاییدا چاكسازیی پرۆسەیەكی بەردەوامە و هەندێكی جێبەجێ كراوە و بەشێكی زۆری دیكەشی لە تەمەنی ئەم كابینەیەدا جێبەجێ دەكرێت.
* ئاماژەتان بەوە دا كە پڕۆژە كاری زۆر بەڕێوەیە و جێبەجێ دەكرێن، هەر لەمبارەیەوە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان لە دیدارێكی تایبەتی گوڵاندا ئاماژەی بە خۆئامادەكردنیان دا، بۆ راگەیاندنی 1000 پڕۆژەی تایبەت بۆ وەبەرهێنەران لە هەرێمی كوردستان، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا جێبەجێكردنی ئەم ژمارە زۆرەی پڕۆژە تا چەند بازێك بە ئابووریی هەرێمی كوردستان و بژێویی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمەكە دەدات؟
- دەستەی وەبەرهێنان و ئەو یاسایەی كە هەموار دەكرێتەوە، كۆمەڵێك دەسەڵاتی زیاتر دەدات بە حكومەت و دامەزراوەكانی بۆ ئەوەی مامەڵەیەكی نوێ و باشتر بەرامبەر وەبەرهێنەران بگرنەبەر و رۆتین نەهێڵن و كارئاسانی و هاوكاریی نێوان كەرتی گشتی و تایبەتیش باشتر بێت، لەپێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیاندا، لێرەدا رۆڵی حكومەت فەراهەمكردنی ئەو ژینگەیە و مۆڵەتدانە بە كەرتی تایبەت، هەروەها كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان ئەو توانایەی هەیە بۆ جێبەجێەكردنی ئەو 1000 پڕۆژەیە، خۆ ئەگەر بەراوردی كەرتی تایبەت بكەین لەساڵی 2004 و 2005 لەگەڵ ئێستادا، ئەوە بە ئاشكراو روونی ئەو گۆڕانكارییە دەبینین لە رووی توانای دارایی و سەرمایەی مرۆیی و شارەزایی و پەیوەندییان لەگەڵ گەورە كۆمپانیاكانی جیهاندا، كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان و وەبەرهێنەرەكانمان لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی گەورە و ستراتیژیی توانای زۆر باشیان هەیە، لە رووی دارایی و جێبەجێكردنەوە، كەرتی تایبەتی كوردستان لە زۆر بواردا گەشەی كردووە، وەكو بەرهەمهێنانی كارەبا و رێگاوبان و زانكۆ و تەندروستی و گەشتیاری و كشتوكاڵی و پیشەسازیی چیمەنتۆ و ئاسن و پلاستیك و چەندین پڕۆژەی دیكە، لەگەڵ ئەمەشدا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە كەموكورتی لە ئەداو كاری كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرەكانیشماندا نییە، بەڵام شانبەشانی هەنگاوەكانی چاكسازی و هەمواركردنەوەی یاسا و رێنماییەكان، هەنگاویش بەرەو چاكسازی لە نەوعییەتی گرێبەست و رێككەوتنەكانمان لەگەڵ كەرتی تایبەت دەنێین.
* مەبەستت لەو گۆڕانكارییەیە لە چوارچێوەی یاسایی و رێكخستنی هاوبەشی كەرتی گشتی و تایبەت؟
- بەڵێ، پڕۆژەی گرێبەستە گشتییەكان دەكرێتە پڕۆژەیەكی ئەلەكترۆنی و دەبنە بنەمای هاوبەشی نێوان كەرتی گشتی – تایبەت، لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا دەكرێتە بواری جێبەجێكردن و بەمشێوەیە تەندەرەكان كە لەلایەن حكومەتەوە رادەگەیەندرێن، بە شێوەیەكی زۆر شەفاف و رێكوپێك رادەگەیەندرێن و قۆناغەكانی راگەیاندن و تەندەر و بەشداریكردن و قۆناغەكانی دواتریشی بە شێوەیەكی شەفاف و روون دەخرێتەڕوو، بەمەش زۆربەی گلەیی و رەخنەكان ناهێڵدرێت، لەئێستاشدا لەو وەزارەتانەی زۆر پڕۆژەیان هەیە، بە شێوەیەكی رێكوپێك سەرقاڵی جێبەجێكردنین و لە ناوەڕاستی مانگی شەش سیستەمی گرێبەستە گشتییەكان و بەئەلەكترۆنیكردنی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
* بەو پێیەی ئێوە لە وەزارەتی پلاندانان بەرپرسی سەرەكین لەلایەنی پلاندانان و لەم رووەوە رەخنەیەكی زۆر هەیە بەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی ستراتیژی، یان هەماهەنگی لە نێوان پلانی سەرەكی حكومەت و پلانی وەزارەتەكان نییە، ئایا لەم رووەوە چیتان كردووە؟
- یەكێك لەو لایەنە باشانەی كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیەتی، یەك تیمی و هەماهەنگیی نێوان وەزارەت و دامەزراوەكانیەتی، بۆ نموونە سەرجەم وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون هەیە، هەمووان پێكەوە لەگەڵ وەزاەرتی پلاندانان ریزبەندیمان بۆ دەستپێكردنەوەی ئەو پڕۆژە گرنگانە كردووە، لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەداین بەشێكی ئەو پڕۆژانەی كە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە راوەستاون، دەست بە جێبەجێكردنی بكرێتەوە، پلانی ئێمە ئەوەیە پارەیەكی زۆر تەرخان بكەین، بۆ ئەو پڕۆژە ستراتیژی و گرنگە زۆرانەی كە راوەستاون، بۆ ئەوەی لە هەموو پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان ئەو پرۆژانەی زۆر پێویستن جێبەجێیان بكەین، دواتر لە پرۆسەی چاكسازی و هەر بوارێكی دیكە پارەیەكی زیاتر بكەوێتەوە گیرفانی حكومەت و داهاتی حكومەت زیاد بكات، بەكاری دەهێنین بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان و تەواوكردنی پڕۆژەكان و تەنانەت جێبەجێكردنی پڕۆژەی نوێ.
* باس لەوە دەكرێت كە هاوسەنگی لەنێوان جێبەجێكردنی پڕۆژەكاندا لەنێوان پارێزگاو دەڤەرو ناوچەو تەنانەت قەزاكانیشدا نییە، ئێوە لە وەزارەتی پلاندانان تاچەند هەوڵی ئەوەتان داوە بە یەكسانی سەرجەم ئەو پڕۆژانە لەنێوان پارێزگاو ناوچەكاندا جێبەجێ بكرێت؟
پڕۆژەكان لەساڵانی رابردوو لەئێستاو داهاتووشدا لەسەر بنەمای دادپەروەری و ئەو رێژەیەی دانیشتووانەی هەمووان لە سەری رێككەوتوون، جێبەجێ دەكرێن، ئەویش بەمشێوەیەیە: (لە هەولێر 34% و 23% بۆ پارێزگای دهۆكە و 43%ی بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین)ە، هەرچی پڕۆژەیە كە پێشنیار دەكرێت و رەزامەندی لەسەر دەدرێت و دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەسەر ئەو بنەمایە دەكرێت و لەپلانی 2020یشدا هەر بەهەمان شێوە دەبێت، هەندێك جار ئەو پارەیەی تەرخان كراوە بۆ پڕۆژەیەك لە پارێزگایەك نەتوانراوە جێبەجێی بكەن و گەڕاوەتەوە، حاڵەتێكی دیكەش هەیە بەوەی كەرتی تایبەت ئامادەیە لە پارێزگایەك بە قەرز كار بكات، وەك لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامی 120 ی لە هەولێر هەبوو، كە كۆمپانیاكە هیچ پارەیەكی ئەوتۆی وەرنەگرتووە، تەنانەت بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتریش بە هەمان شێوە بەقەرز جێبەجێ دەكرێت، هیوادارین لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا پڕۆژەی 100 مەتریش لە سلێمانی جێبەجێ بكرێت و بگرە لە هەموو پارێزگاكان پڕۆژەی وا گەورە و ستراتیژی جێبەجێ بكرێت. بەرنامەی رێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە بە هیچ شێوەیەك جیاوازی نەكرێت لە نێوان پارێزگاكان و غەدر لە هیچ پارێزگایەك نەكرێت و لەمەشدا لە هیچ وەزارەت و دامەزراوەیەك قبووڵ ناكات جیاوازی بكات، هەر بۆیە دانیشتووانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیان لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە ئەو قسەو باسانەی لەناو هەندێك میدیا بۆ موزایەدەی سیاسی باس دەكرێت، نە رووی داوە و نەدەشهێڵین لە داهاتوودا رووبدات، من خۆم خەڵكی سلێمانیم و لە نزیكەوە ئاگاداری پرۆسەی جێبەجێكردنی پڕۆژەی هەموو وەزارەتەكانم و سەرۆكی حكومەت رایسپاردووین كە دادپەروەری و یەكسانی لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان، نەك لەسلێمانی بەڵكو لە سەرجەم ناوچەو دەڤەرەكان بە یەكسانی بكرێن و هەر شوێنەو بەپێی رێژەی دانیشتووان و ئەو پشكەی بەری دەكەوێت، پڕۆژەیان بۆ جێبەجێ بكرێت، لە ئێستاشدا هەموو ئەو پرۆژانەی وەزارەتەكان داوایان كردووە، جێبەجێی بكەن، هاتۆتە لامان و كۆمەڵێك پڕۆژە رەزامەندی لەسەر دراوە، كە بكەوێتەوە بواری جێبەجێكردن و پارەیان بۆ خەرج بكرێت، ژمارەیەكی دیكەی پڕۆژە ماوە كە رێژەیەكی زۆرتری بەر پارێزگای سلێمانی دەكەوێت و لە ئێستادا سەرقاڵی ئەوەین ئەو پڕۆژانەش رەزامەندی لەسەر بدرێت و بە شێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە پڕۆژەكان رابگەیەندرێت و بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، خۆ ئەگەر لەگەڵ حكومەتی عێراق رێك بكەوین و بودجەی پڕۆژەكان زیاتر بێت، ئەوا پارەیەكی زیاتر تەرخان دەكەین و لە ماوەیەكی كەمدا ئەو پرۆسەیە تەواو دەبێت.
Top