لۆرەنس روبین پڕۆفیسۆری كاروبارە نێودەوڵەتییەكان لە سكوڵی سام نون بۆ گوڵان: بۆشایی دەسەڵاتی دەوڵەت وایكردووە گرووپە تیرۆریستییەكان بتوانن كردەوەكانیان ئەنجام بدەن
February 5, 2020
دیمانەی تایبەت
لۆرەنس روبین پڕۆفیسۆرە لە سكوڵی سام نون بۆ كاروباری نێودەوڵەتیی لە ئەنستیوتی تەقەنیی جۆرجیا، هەروەها توێژەرە لە ئەنستیوتی نێودەوڵەتی بۆ دیراساتی ستراتیژی. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێكی گرنگ دەدات، لە نێویاندا سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی نێودەوڵەتی و گرنگییەكی دیاریكراو بە بابەتەكانی پەیوەست بە پەیوەندییەكانی نێوان دەوڵەتانی ناوچەكە دەدات، لە بارەی پرسی ئایین و سیاسەت و بڵاوبوونەوەی چەكی ناوكی، چەندین توێژینەوەی لە وڵاتانی میسر و ئیسڕائیل و ئەردەن و یەمەن و مەغریب ئەنجام داوە، هەروەها لە ماوەی ساڵانی 2017-2018 لە نووسینگەی وەزیری بەرگری راوێژكاری باڵا بووە.* وەك ئاشكرایە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەتایبەتی لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مشتومڕێكی زۆر هەڵدەگرێت، شرۆڤەكارانیش بۆچوون و لێكدانەوەی جیاوازیان بۆی هەیە تێڕوانین و هەڵسەنگاندنی ئێوە لەم رووەوە و، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەست بێت بە پەرەسەندن و بارگرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێرانەوە چییە؟
- بە تێڕوانینی من ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە نیازی ئەوە نەبوو بارودۆخەكە بەرەو هەڵكشانی زیاتر بەرێت، بەتایبەتی ئەگەر ئێمە كوشتنی قاسم سولەیمانی لەبەرچاو بگرین، بەڵكو زیاتر ئامانجەكە بریتی بوو لە ناردنی پەیامێك بۆ ئێران بەوەی كە ئەمریكا جددییە، لەم رووەوە رەچاوی ئەوەشی كرد كە دەبێت بوارێك بدرێت ئاوڕووی ئێران تا راددەیەك بپارێزدرێت. هەرچۆنێك بێت، من پێم وایە ئەگەر بهاتایە فڕۆكە مەدەنییەكە لە ئێران نەخرایەتە خوارەوە، بارودۆخەكە بە ئاراستەیەكی دیكەدا دەڕۆیشت. بە هەر حاڵ باوەڕم وایە ناكرێت پێشبینیی ئەوە بكەین كە ئێران تۆڵە نەكاتەوە، خۆ ئەگەر لە ئێستاشدا نەبێت، ئەوا رەنگە لە داهاتوودا ئەمە بكات.
* ئێوە ئاماژەتان بەوەكرد كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ویستی پەیامێكی بەهێز بنێرێت لە بارەی جددیبوونیەوە لە ئاست ئێراندا، پێت وایە تا چ راددەیەك ئەم پەیامە گەیشتبێت و ئایا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی لەمەودوا ئێران بە حەزەرێكی زیاترەوە هەنگاو هەڵبگرێت؟
- لە راستیدا هێشتا ماوەیەكی كەم بەسەر ئەم كارەدا تێپەڕیوە، لەبەر ئەوە ناتوانین دڵنیا بین لەوەی ئایا ئەو هەنگاوەی ئەمریكا كارا بووە لە هێنانەئارای ئامانجەكەی، یان نا. دواتر ئێمە دەبێت ئەوەمان لە بەرچاو بێت، كە ئایا پێناسەی سەركەوتن چییە لە پەیوەندی بە دروستكردنی رەدێك (بەرپەرچدانەوەیەك) لە ئاست ئێراندا.
* ئەوەی پەیوەندی بە رێككەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و ئەمریكاوە هەبێت، ئەوا ئێران رایگەیاندووە كە هەنگاو بە هەنگاو پابەندبوونەكانی بەم رێككەوتنەوە كەم دەكاتەوە، پێت وایە دواجار ئێران بڕیار بدات كە بە یەكجاری لێی بكشێتەوە؟ ئایا دەرئەنجامەكانی بڕیارێكی لەم چەشنە چی دەبن؟
- من مەزەندەی ئەمە دەكەم و پێم وایە ئەو بارودۆخەی هاتۆتەئاراوە پاڵنەری ئەوەی بۆ ئێران دروست كردووە كە دەست بداتەوە بەرەوپێشبردنی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی، بەڵام ئایا ئێران بە شێوەیەكی فەرمی لەم رێككەوتنە دەكشێتەوە، یان هێشتا درێژە بە پابەندبوونی خۆی دەدات بە هەندێ لە بڕگەكانیەوە، ئەمە پرسیارێكی تەواو جیاوازە.
* هەروەك دەزانین كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ هەڵمەتی ئەوپەڕی گوشاری لە دژی ئێران گرتۆتەبەر و زنجیرەیەك سزای ئابووری و دارایی قورسی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە، پێت وایە ئەم سزایانە تا چەند كاریگەرییان هەبووە و ئایا ئێران ناچار دەكەن بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنێكی هەمەلایەن لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا؟
- من پێم وایە ئەمە كارێكی دژوار و پڕ لە تەحەددی دەبێت، كاتێك ئێمە باسی مێزی گفتوگۆ دەكەین، ئەوا رەنگە وەك هەوڵێكی جیاوازی دیپلۆماسی لێك بدرێتەوە، كە بۆی هەیە لایەنەكان رووبەڕوو لەگەڵ یەكتردا دانیشتن نەكەن، هەرچەندە بۆی هەیە لە هەندێ حاڵەتدا ئەو هێزانە ئەم كارە بكەن، هەرچۆنێك بێت من دووپاتی دەكەمەوە كە لە مەودای نزیكدا زۆر زەحمەتە بۆ ئێران كە سازش بكات، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی گوتاری توندی هەندێ لە سەركردە ئێرانییەكان، بەتایبەتی دوای هێرشەكەی ئەم دواییە كە تەنانەت ئیحراجبوونی بۆ ئێرانیش لێ كەوتەوە، كاتێك كەسێكی بەهێز و دەستڕۆیشتوویان لەدەست دا، ئەگەرچی ئەو وڵاتە بەهۆی ئەو گوشارانەوە گرفتار بێت و خەڵكی وڵاتەكەش دوچاری چەندین نەهامەتی ببنەوە، كەواتە ئەمە بۆ ئێران قورسە.
* كەواتە نابێت لەم ساتەوەختەدا چاوەڕوانی ئەوە بین كە هەوڵەكانی ئەنجامدانی گفتوگۆ لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێراندا بەرهەمیان هەبێت و بەم نزیكانە ببینین كە ئەم دوو وڵاتە پێكەوە دابنیشن و گفتوگۆ بكەن؟
- لە راستیدا ئەمە بەندە بەوەی چۆن پێناسەی گفتوگۆ دەكەین، چونكە بۆی هەیە گفتوگۆكان بە ئامانجی هێوركردنەوەی بارودۆخەكە و خاوكردنەوەی گرژییەكان ئەنجام بدرێن، هەرچۆنێك بێت زەحمەتە ببینین شێوە، یان فۆرمێكی فەرمیی گفتوگۆ لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێراندا ئەنجام بدرێت، تەنانەت ئەمە بۆ ئەمریكاش زەحمەتە، ئەگەرچی ئیدارەی سەرۆكی دۆناڵد ترەمپ گوزارشتی لە ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی وتووێژ لەگەڵ ئێراندا كردووە.
* ئەگەر باس لە بابەتێكی تەواو جیاواز بكەین و پرسی تیرۆر و توندوتیژیی سیاسی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بورووژێنن، ئەوا پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا ئێوە وەك كەسێكی شارەزا و تایبەتمەند لەم بوارەدا تا چ راددەیەك پێشبینیی ئەوە دەكەن كە بە لەبەرچاوگرتنی ناسەقامگیریی دۆخی ئەم دوو وڵاتە شەپۆلێكی دیكەی تیرۆر و توندوتیژی وڵاتانی وەك عێراق و سووریا بگرێتەوە؟
- سەرباری ئەوەی ئێوە لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێكردووە، من دەمەوێت ئەوەش زیاد بكەم، كە لەم رووەوە نادڵنیاییەك لە ئاست هەڵوێستی ئەمریكا لە ئاست ئەم پرسەدا بەدی دەكرێت، لەم روانگەیەوە من پێم وایە هەندێ لەو گرووپانە خۆیان رێك دەخەنەوە. بە هەر حاڵ من پێشبینی درێژەكێشان و بەردەوامبوونی ئەو حاڵەتە دەكەم كە پێی دەوترێت بۆشایی دەسەڵات، بەتایبەتی ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عێراق بكشێتەوە، ئەگەرچی هێزەكانی وەك ئێران و بگرە رووسیاش هەوڵبدەن ئەو بۆشاییە پڕ بكەنەوە، ئەوا ناتوانن كارێك بكەن كە هەندێ ناوچە ئارام بكەنەوە، یان زەمینەی ئەوە دروست بكەن كە حكومەت كۆنتڕۆڵی خۆی بۆ ئەو ناوچانە درێژ بكاتەوە، چونكە هەروەك ئێوەش باشتر دەزانن دۆخەكە تا راددەیەكی زۆر ئاڵۆزە.
* ئایا پێت وانییە ئەو هۆكارانەی لە بنەڕەتدا بوونە هۆی سەرهەڵدان و هەڵكشانی گرووپە توندڕەو و تیرۆریستییەكان، هێشتا لەئارادان و چارەسەر نەكراون، بەو پێیە دروستبوونەوەی ئەم گرووپانە دەرئەنجامێكی حەتمییە؟
- لە راستیدا زەحمەتە ئێمە ئاماژە بە گرووپێكی دیاریكراو بكەین لەم رووەوە، بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە یەكێك لەو فاكتەرانەی كە بوونەتە هۆی ئەوەی گرووپە تیرۆریستییەكان بتوانن كارەكانیان ئەنجام بدەن، بۆشایی دەسەڵاتە، ئەگەرچی رەنگە ئەمە هۆكاری دروستبوونیشیان نەبێت. هەروەها هەروەك دەزانین هەندێكیشان لە دژی حكومەتێكی دیاریكراو شەڕ دەكەن، وەك ئەلقاعیدە و داعش لە سووریادا كە دژی حكومەتەكەی بەشار ئەل ئەسەد لە شەڕدان و ئێمەش دەزانین ئەم حكومەتە لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە و رووسیاش لەو وڵاتەدا دەمێنێتەوە. لەلایەكی دیكەوە ئەوەی پەیوەست بێت بە عێراقەوە، ئەوا كێشەكە لە بوونی تایفەگەریدایە لە نێو دەوڵەتەكەدا، كەواتە ئەم كێشانە بۆ رۆژگارێكی دوور و درێژی دیكە رووبەڕووی ئەم ناوچەیە دەبنەوە و گرفتاری دەكەن.
* ئێمە دەزانین كە هێشتا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستڕۆیشتووترین هێزە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن ئەم هێزە كاریگەرە دەتوانێت و پێویستە چی بكات بۆ ئەوەی رۆڵێكی بنیادنەر و بەرهەمداری لەم ناوچەیەدا هەبێت؟
- لە ئێستادا دۆخێكی دژوار لە ئارادایە، ئەگەر وەڵامی پرسیارەكەی ئێوەش بدەمەوە، ئەوا پێم وایە هەنگاوێكی باش كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەم رووەوە هەڵیگبرێت، ئەوەیە كە بە روونی بەرژەوەندییەكانی خۆی لەم ناوچەیەدا بخاتەڕوو. لەلایەكی دیكەوە ئەوەی پەیوەست بێت بە داڕشتن و دەستنیشانكردنی ئەولەوییەتەكانی ئەمریكاوە، ئەوا لەم رووەوە هەندێ جار لە نێوان كۆشكی سپی و وەزارەتی بەرگری و هەروەها كۆنگرێسیشدا ناكۆكی دروست دەبێت، وەك بینیمان كەسانێكی نێو وەزارەتی بەرگری و هەروەها كۆنگرێسیش بەرهەڵستیی بڕیارەكەی كۆشكپی سپیان كرد، بۆ دەستەبەردرابوون لە پشتیوانیی كورد لە سووریا.