دكتۆر دلۆڤان محەمەد فاتیح بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بۆ گوڵان: لە چەند رۆژی داهاتوودا نەخۆشخانەیەكی راوێژكاریی منداڵان دەكرێتەوە

دكتۆر دلۆڤان محەمەد فاتیح بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بۆ گوڵان:  لە چەند رۆژی داهاتوودا نەخۆشخانەیەكی راوێژكاریی منداڵان دەكرێتەوە
تەندروستی و ساخڵەمی لە پێداویستییە سەرەكییەكانی هەر تاكێكە و لە سەرانسەری وڵاتانی جیهانیشدا بایەخێكی زۆری پێ دەدەن، بەڵام لە زۆر وڵاتیشدا (بە هەرێمی كوردستانیشەوە) كێشە و كەموكووڕیی هەیە و پێویستی بە دۆزینەوەی رێكارەكانی چارەسەر هەیە. گۆڤاری گوڵان لەم دیمانەیەدا چەندین پرسی گرینگی لە سەر هێڵە گشتییەكانی تەندروستی ئاراستەی دكتۆر دلۆڤان محەمەد فاتیح بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر كردووە.
* بەرنامە و پلانتان بۆ چوار ساڵی داهاتووی كەرتی تەندروستی بەپێی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چییە و تا چەند ئەو كارو بەرنامە و هێڵە گشتییانەی تەندروستی خزمەت بە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكات؟
- ئێمە جەخت لەسەر هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە، كە گرنگترینیان پابەندبوونی دەوامی فەرمانبەر و كارمەند و پزیشكانە، بۆ ئەو مەبەستەش پەنجەمۆرمان داناوە، تاوەكو دەوامكردنەكە بە رێكوپێكی بێت و هەوڵمانداوە رۆتینیات كەم بكرێتەوە و كاری هاووڵاتیان بە باشی و خێراتر لە جاران بەڕێوەبچێت، هاوكات لە كارنامەی حكومەتی هەرێم هاتووە، لە هەموو روویێكەوە چاكسازی بكرێت، بۆیە لە هەر شوێنێك كەمتەرخەمی و لادان هەبێت، یان كەسانێك لە كەرتی تەندروستی بە لاڕێدا چووبن، كاریان لەسەر دەكەین بۆ رێكخستنەوەیان و هەر كارو بەرنامەیەكی باشیش لە پێش خۆمان هەنگاوی بۆ نرابێت، ئێمە بەردەوامی پێ دەدەین، تاوەكو تەواو دەبێت. تەندروستی پێداویستیی سەرەكیی هەر تاك و خێزانێكە و پێویستە زۆرترین بایەخی پێ بدرێت. لە ئێستادا زیاتر لە 20 هەزار كەس لە كەرتی تەندروستی گشتیی لە سنووری پارێزگای هەولێر كار دەكەن، بە هەمووشمانەوە هەوڵ دەدەین خزمەتگوزاری پێشكەش بە نەخۆش و هاووڵاتیان بكەین. لە چەند رۆژی داهاتوودا نەخۆشخانەیەكی راوێژكاریی منداڵان دەكرێتەوە، كە باڵەخانەیەكی سەربەخۆیە بۆ ئەوەی زیاتر بتوانین خزمەتی منداڵانی نەخۆش بكەین. هەروەها شان بەشانی وەزارەتی تەندروستی پلانمان هەیە كە سیستەمی بیمە دروست بكرێت، چونكە لەسەر ئاستی هەموو كوردستانە و كاری سەرەكی لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستانەوە دەكرێت و ئێمەش لەگەڵیانین تاوەكو بتوانین پرۆژەكە سەركەوتن بەدەست بێنێت، سیستەمی بیمەی تەندروستی یەكێكە لەو پرۆژە گرنگانە و ئەگەر لە ئایندەیەكی نزیكدا بكەوێتە بواری جێبەجێكردن 90%ی گرفتەكانی كەرتی تەندروستی لە هەموو هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكات.
* ماوەی چەند هەفتەیەكە دنیا بەگشتی و كەرتی تەندروستی بەتایبەتی لەهەموو وڵاتانی جیهاندا سەرقاڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی «كۆڕۆنا»ن كە لە وڵاتی چین زۆر بە توندی سەریهەڵداوە، بۆ خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە چیتان كردووە و رێنمایی تایبەت بەو نەخۆشیە چییە؟ ئایا هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بەو ڤایرۆسە لە هەولێر تۆمار كراوە؟
- كۆڕۆنا ڤایرۆسێكە زیاتر لە وڵاتی چین سەری هەڵداوە و لە پاشان تەشەنەی كرد و چەند وڵاتێكی دیكە گومانی تووشبوونیان بەو ڤایرۆسە لەسەر هەیە، لەچەند وڵاتێكیش ژمارەیەكی كەم لەو حاڵەتە تۆمار كراون، و هەر لەگەڵ باسی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە چین، وەزارەتی تەندروستیی عێراق و هەرێمی كوردستان رێنماییان بۆ خۆپاراستن و چارەسەركردنی داوە، ئێمەش لەسەر رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری و ئیجرائات بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا دەكەین، هاوكات لە خاڵە سنوورییەكان ئیجرائاتی پێویست ئەنجام دەدرێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئەوانەی لە وڵاتی چین دەگەڕێنەوە، یان خەڵكی چینن، هەروەها لە فڕۆكەخانەی هەولێر بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی فڕۆكەخانەمان هەیە بۆ ئەوانەی بەتایبەتی لە چین دێن، پشكنینی وردی تەندروستی پیادە دەكرێت، ئەگەر هەر كەسێك گومان، یان نیشانەی ئەو ڤایرۆسەی هەبێت، بۆ ماوەی 14رۆژ لە شوێنێك دادەنرێت و چاودێری دەكرێت، ئەگەریش گومان و نیشانەی ڤایرۆسەكەی نەبێت، ئەوە رەوانەی ماڵ و شوێنی خۆی دەكرێ و كۆنتاكتیان لە رێگای تەلەفۆن و ناونیشانەوە لەگەڵ دروست دەكرێت، بۆ بەدواداچوون و چاودێریكردنیان.
* ئایا بەرنامەتان هەیە كە دەرچووانی كۆلێژەكانی پزیشكی بەپێی پێویست دابمەزرێنن، بەتایبەتی كە لێرەو لەوێ دەبیستین بنكەكانی تەندروستی و نەخۆشخانەكان پێویستیان بە پزیشك هەیە؟
- دامەزراندن بە بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو كەرت و بوارێك راگیراوە و نییە، ئەگەرچی لە ماوەی رابردوودا دامەزراندن بۆ پزیشكانی گشتی كرا، لەبەر ئەوەی ئەوان پلەبەندییان هەیە و ئەو پلەبەندییەش وادەكات كەمیی پزیشك لەو بەشە دروست دەبێت، هەروەها ئێستا ئێمە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی لە هەوڵداین پزیشكانی ددان و هەندێك كارمەندی تەندروستی كە گرنگن بە گرێبەست، یان بە شێوەی هەمیشەیی دابمەزرێنین، بەڵام تا ئێستا رەزامەندی لەسەر ئەو دامەزراندنە و شێوەی دامەزراندنەكە نەدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین، تاوەكو بتوانین پزیشكان و دەرمانسازان و ددانسازان و كارمەندانی تەندروستی بەپێی پێویست دابمەزرێنین.
* بەپێی رێنمایی و یاساكان و ئەو بڕیارانەی هەیە، بەشە دەرمان و ئامێر و پێداویستیی تەندروستیتان لە حكومەتی عێراقی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان دێت، ئەگەر دوای بخەن، ئێوە چۆن دابینی دەكەن؟
- بەپێی بودجەی عێراق، بەشە بودجەی داودەرمان و ئامێر و پێداویستیی تەندروستی و پزیشكی لەسەر بودجەی سیادییە كە لەلایەن بەغداوە لە رێگای وەزارەتی تەندروستی دابین دەكرێت و بەشی هەرێمی كوردستانیش هەر چەندە كەمیشە رەوانە دەكرێت، بەهۆی خراپیی بارودۆخی عێراق كەرتی تەندروستی بەتایبەتی لە ئامێر و دەرمان كێشە و گرفتی زۆری هەیە، ئەمەش كاریگەریی نەخوازراوی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، بۆ نموونە ئامێرە گەورەكانمان بەشێكیان وەك سیتی سكان و رەنینی موگناتیسی سازدانەوەیان (صیانة) لەسەر بەغدایە، لە كاتێكدا ئەو ئامێرانە پێویسیان بە سازدانەوەیە ئەو كۆمپانییانەی ئەو كارە دەكەن، گرێبەسەكانیان نوێ نەكراوەتەوە، تاوەكو ئەو ئامێرانە سازدانەوەیان بۆ بكرێت، لەلای خۆشمان لە هەرێمی كوردستان ناتوانرێت ئەو ئامێرانە سازدانەوەیان بۆ ئەنجام بدرێت، بۆیە ئەو ئامێرانە لەكاركردن رادەوەستن، هەر بۆیە زۆرجار هاووڵاتیان لەسەر كارنەكردنی ئەو ئامێرانە گلەیی دەكەن، ئەگەرچی هۆكارەكەی نە ئێمەین و نە حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵكو گرێبەستەكانیان لە بەغدایە و هەر دەبێت لەوێش چاككردنەوە و سازدانەوەیان بۆ بكرێت، هاوكات دەبێت داودەرمان لە بەغداوە بۆمان رەوانە بكرێت، بەڵام زۆرجار ئەو بەشە دەرمانەش بەپێ پێویست و بودجەكەی تەرخان كراوە، كەمترمان بۆ دێت، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە لە داودەرمان حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی تەرخان كردووە و لەكاتێكدا بەشە دەرمانمان لە بەغداوە كەمتر بۆ بێت، ئەوا لە رێگای بودجەكەی هەرێمی كوردستانەوە ئەو بۆشاییەی پڕدەكەینەوە. ئێمە لە هەرێمی كوردستان بۆ هێنانی دەرمان لە رێگای كۆمپانیای تایبەتمەند و پسپۆڕ و مۆڵەتپێدراو ئەو كارە ئەنجام دەدین. وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستانیش هاوكاری و هەماهەنگیی باشی لەگەڵ بەغدا هەیە، بەڵام بەهۆی ئەو رۆتینە زۆرانەی لە وەزارەتی تەندروستیی بەغدا هەیە، ئەو گرێبەستانە تازە ناكرێنەوە كە تایبەتن بۆ هێنان و سازدانەوەی ئامێرە پزیشكییەكان.


* بۆ زیاتر برەودان بە كەرتی تەندروستی لە پارێزگای هەولێر پەیوەندی و هەماهەنگیتان لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهان (WHO) چۆنە؟
- هەماهەنگیمان لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانی(WHO) زۆر باشە و ئەو رێكخراوە لە نزیكەوە لەگەڵمانن، بەتایبەتی لەو كاتەی كە ڤایرۆس و هەوكردنەوەكان بڵاودەبنەوە، هەروەها رێكخراوی تەندروستی جیهانی هاوكاریمان دەكەن لە كاروباری تەندروستیی ئاوارە و پەنابەران لە كەمپەكاندا و زۆرجاریش بەپێی توانای خۆیان یارمەتمان دەدەن، چاوەڕوانی زیاتریش لەم رێكخراوە دەكەین، ئەو هاوكاری و هەماهەنگییانە بارسووكی و كاریگەری ئەرێنییان لەسەر ئەرك و كارەكانمان هەیە.


* پەیوەندی و هەماهەنگیتان لەگەڵ سەندیكاكانی پزیشكان و دەرمانسازان و ددانسازان و كارمەندانی تەندروستی چۆنە و بۆچی پاش ئەو هەموو بڕیار و رێنماییانە نەتوانراوە نۆرینگەی كۆڵانەكان لە ناو شارو سنووری پارێزگای هەولێر دابخرێت؟
- سەندیكاكانی كەرتی تەندروستی زۆربەی كات هاوكارمانن و رۆڵی باش و كاریگەریان هەبووە لە پشتگیریكردنی دەزگا تەندروستییەكان و ئێمەش لە نزیكەوە لەگەڵ سەندیكاكانی پزیشكی و دەرمانسازی و ددانسازی و كارمەندانی تەندروستی هاوكار و هەماهەنگین و كۆبوونەوەی بەردەواممان لەسەر پرسەكان لەگەڵیان هەیە. سەبارەت بە نۆرینگە لاكۆڵانەكان، ئەوا رێنمایی تایبەتیان بۆ دەرچووە كە چەند كارو ئایتیمێك هەیە دەتوانن تەنیا لەو بوارانەوە كار بكەن، هەروها بەردەوام لە رێگای سەندیكا و لێژنەكانمانەوە بەدواداچوون و چاودێرییان دەكرێت و هەر كاتێك لە رێنماییەكان دەربچن، ئیجراتیان لەگەڵ ئەنجام دەدرێت.


* ئایا هیچ كارو بەرنامەو هەوڵێك هەیە بۆ پێداچوونەوە بەنرخی نۆرینگە پزیشكییەكان كە هاووڵاتیان زۆر جار لە گرانیی نرخەكان گلەییان هەیە؟
- ئێمە پێشنیارەكانمان لەسەر نرخ و جۆری نۆرینگەكان لە رێگای نوێنەرەكانمانەوە بە لێژنەكان گەیاندووە كە لە وەزارەتی تەندروستین، ئێستا وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان پلانی تازەی هەیە بۆ ئەوەی رێنمایی و نرخی نوێ بۆ پزیشكان و نۆرینگەكان و نەخۆشخانە تایبەتەكان بەپێی پسپۆڕایەتییان دیاری بكات. سەبارەت بە كەرتی تەندروستی تایبەت ئەوە ئێمە هەر چەندە گرنگییەكی زۆر بە كەرتی گشتی و نەخۆشخانە حكوومییەكان دەدەین، بۆ ئەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان لە نەخۆشخانە گشتییەكان و بنكە تەندروستییەكان زۆر بەرز و باش بێت، هاوكات لێژنەمان هەیە كە بەدواداچوون لەسەر نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت دەكەن و دەتوانین بەشێوەیەكی گشتی بڵێین كەرتی تایبەتیش رۆڵیان هەبووە لە خزمەتكردنی كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئامانجی سەرەكیی ئێمە ئەوەیە لە كەرتی تەندروستیی گشتی خزمەتگوزاریی باش و سەركەوتوو پێشكەش بە خەڵك بكەین. هەر بۆیە ئاستی خزمەتگوزاریی تەندروستیی گشتی زۆر باش و بەرزترە لەوەی بەراوردی بكەین بە كەرتی تایبەت، ئەگەرچی خەڵكانێك كە تەنیا كەموكووڕییەك لە كەرتی گشتی دەبینن، وادەزانن كەرتی تایبەت باشترە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئێستا كەرتی تەندروستیی گشتی لە هەولێر و هەرێمی كوردستان بەگشتی زۆر پێشكەوتوو و هاوچەرخە.
Top