د. محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بۆ گوڵان: مسرور بارزانی بڕیاری داوە مۆنۆپۆڵ لە ئابووریی كوردستاندا نەمێنێت

د. محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بۆ گوڵان:  مسرور بارزانی بڕیاری داوە مۆنۆپۆڵ لە ئابووریی كوردستاندا نەمێنێت
هەفتەی رابردوو مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، لەو كۆبوونەوەیەشدا راگەیەندرا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نیازە هەزار پڕۆژەی گەورەی وەبەرهێنان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان رابگەیەنێت، لەو ژمارەیەش 445 پڕۆژەیان بریتین لە پڕۆژەی پیشەسازیی گەورە و مامناوەند و بچووك، بەشەكەی دیكەشی تەرخان كراوە بۆ بوارەكانی بایەخدان بە پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و چەندین پڕۆژەی گەورە بۆ كێڵگەی هاوچەرخ ئامادە كراون، چەندین پڕۆژەی گەورەش بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار ماستەرپلانی بۆ ئامادە كراوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا رادەگەیەندرێت، هاوكات لەگەڵ ئەم وەرچەرخانە گرنگە لە بواری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، دەستەی وەبەرهێنان پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنانی كوردستانی هەموار كردۆتەوە و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە، بۆ ئەوەی بنێردرێتە پەرلەمان و هەمواركردنی پەسەند بكرێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم وەرچەرخانە گەورەیەی بواری وەبەرهێنان و هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ د.محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە كوردستان ئەنجامدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* كۆبوونەوەكەی مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و سەرمایەدارانی كوردستان تاچەند گرنگ بوو؟ ئایا گرنگترینی ئەو تەوەرانەی لەو كۆبوونەوەیەدا باس كران، چی بوون؟
- كۆبوونەوەكەی رێزدار مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی لەگەڵ گەورە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و سەرمایەدارانی كوردستان لە دوای كۆبوونەوەیەكی گرنگی دیكە دێت، كە لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ئابووریی هەرێمی كوردستان ئەنجامی دابوو، تێیدا بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و میكانیزمی پێویستی گەشەپێدانی ئابووری تاوتوێ كران، ئەم كۆبوونەوەیەی جەنابیان گرنگییەكی لە راددەبەدەری بۆ بەهێزبوونی ئابووریی كوردستان و راستكردنەوەی رێڕەوی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان هەبوو، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو كۆبوونەوەیەدا بە راشكاوی باسی لە دوو خاڵی سەرەكی كرد:
1. وەبەرهێنان و بەگەڕخستنی سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستاندا دەبێت بارقورسی لەسەر حكومەت كەم بكاتەوە، نەك بەپێچەوانەوە، وەبەرهێنان دەبێت هەلی كار بۆ گەنجان دابین بكات و پارە لە پێناوی خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیدا بەگەڕبخرێت و كار و كاسبی لە هەرێمدا زۆر بكات.
2. دەبێت سەرجەم وەبەرهێنەرانی كوردستان پابەندی یاسا و راسپاردە و رێنماییەكانی حكومەت بن و خۆیان لە بەرتیل و بەخشینی دیاری و گەندەڵی بەدوور بگرن و پابەندی رێبازی خزمەتكردنی گەلی خۆیان بن.
بەمەش حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت لە ماوەیەكی نزیكدا ببێتە خاوەنی ئابوورییەكی بەهێز، كە هەمووان تێیدا سودمەند بن و هەلێكی كاری زۆر بۆ دەرچووانی زانكۆكان و گەنجان بەگشتی دابین بكرێت و بواری دارایی و ئابووریی هەرێمیش بەهێز بێت، ئەم كابینەیە ئەو ئیرادەیەی تێدایە كە گەندەڵكاران و هەموو ئەو كەسانە رادەستی یاسا و لێپرسینەوە بكات كە گەمە بە بەرژەوەندیی گشتی دەكەن و دەستیان لەگەندەڵیدا هەیە، لەو ماوە كەمەی دەستبەكاربوونی كابینەكەشدا چەندین كەس و كەیسی جۆراوجۆر رادەستی پۆلیس و دادگاكان كراون و كەسانێك دەستگیركراون كە تا دوێنێ بوو، خۆیان لە سەرووی یاساوە دادەنا. تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە پاڵپشتی و پشتگیریی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی كە كاری گەورە و ستراتیژی و جوان بۆ میللەتەكەیان دەكەن، ئەركی حكومەتیشە ئاسانكاری بۆ وەبەرهێنەران لە دامودەزگاكانی حكومەت بكات و رۆتین نەهێڵدرێت و سەقامگیری و ئارامیی هەرێم بپارێزێت و زەمینەیەكی لەبارتر بۆ وەبەرهێنەران لە سەرجەم كەرتەكان دابین بكات و، ئاسانكاریی پێویستیان بۆ بكات، رێزدار سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە نزیكەوە گوێبستی هەموو پێشنیار و بۆچوونەكان بوون و خاڵە نێگەتیڤ و لاوازەكانی كاركردنیش خرانەڕوو، كە بوونەتە هۆی كەوتنەوەی چەندین گرفت و ئاستەنگی بەردەم كاركردنی وەبەرهێنەران و وەڵامی تێبینی و پرسیار و سەرنجەكانیشی دانەوە، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی حكومەت جەختی لەسەر گرنگیی پلانێكی زانستی ئابووری كردەوە، كە دوو مەرجی سەرەكیی تێدا بێت، یەكەمیان: رەچاوی پێداویستیی هەرێمی كوردستان بكات، دووەمیان: لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتیدا بێت، چونكە هەروەكو بەڕێزیان ئاماژەیان پێ كرد، پێویستە وەبەرهێنان هەلی كار بۆ گەنجان بەگشتی و دەرچووانی زانكۆكانی كوردستان بەتایبەتی دابین بكات، كاتێكیش بە روونی بەوەبەرهێنەرانی گوت: «لە بەگەڕخستنی وەبەرهێناندا گرنگی بە دۆزینەوەی هەلی كار بۆ لاوانی كوردستان بدەن» مەبەستی بوو وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و ئاوەدانكردنەوەی وڵات و باشبوونی بار و بژێویی ژیانی تاكەكانی ناو كۆمەڵگە بێت.
* دیارە وەك زانراوە، دوای ئەوەی سەرۆكی حكومەت كۆبوونەوەی لەگەڵ وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی ناوخۆ ئەنجام دا، وا بڕیارە كۆبوونەوەیەكی دیكە لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانی و گەورە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانیش ئەنجام بدرێت، ئایا ئەم كۆبوونەوەیە كەی ئەنجام دەدرێت؟
- سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەبەستی بوو سەرەتا گرنگی بە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و سەرمایەدارانی كوردستان بدات، بەڵام گرنگی بە راكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانییش دەدەین، هەروەكو چۆن لە سیستەمی نوێی جیهاندا هیچ وڵاتێك نییە كە گرنگی بە وەبەرهێنەرانی بیانی و راكێشانی سەرمایەدارانی بیانی نەدات، چونكە لە رووی ئابووریی و دارایی و شارەزایی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە ئەم وەبەرهێنانە بیانییانە گرنگن، وا بڕیارە لە بەروارێكی نزیكدا سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو وەبەرهێنەرە بیانییانە و گەورە كۆمپانیاكانی نێودەوڵەتییش گفتوگۆ بكات، كە لە كوردستان كاری وەبەرهێنان دەكەن و هەرێمی كوردستان سوودی زۆریان لێ وەردەگرێت. هەروەها لە ئێستادا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت هانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆی كوردستان بدات، كە وەبەرهێنان لە دەرەوەی وڵات نەكەن و سەرمایەكانیان لە ناو كوردستان بەگەڕ بخەن، بەتایبەتی كە لەم كابینەیەدا ئیرادەیەكی بەهێز هەیە و هانی وەبەرهێنەران دەدات بۆ كاركردن لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكان، هەر لەم بارەیەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی دا، تاوەكو لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان كۆببێتەوە.
* باسی ئەوە دەكرێت كە لە چەند رۆژی داهاتوودا پلانێكی ستراتیژی بخرێتە روو، كە تێیدا هەزار پڕۆژەی گەورە لە سەرانسەری كوردستان رابگەیەندرێت، دەكرێت بزانین ئەم پرۆژانە چین و لە چ بوارێكدا جێبەجێ دەكرێن؟
- دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان پلانێكی 20 ساڵەی هەیە و بەپێی ئەو بەرنامەو پلان و هەڵسەنگاندنانەی ئێمە بێت كە لەم كابینەیەدا هەیە و بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنە بێت كە لە ماوەی 100 رۆژی كاركردنی كابینەكەدا بەدەستهاتووە، ئەوا بە تەئكید لەماوەی تەنیا دوو ساڵدا كوردستان لە بواری وەبەرهێناندا بازێكی گەورە دەدات، چ لە رووی قەبارەی وەبەرهێنانەوە بێت، یان لە رووی جۆراوجۆركردنی وەبەرهێنان، بۆ ئەم مەبەستە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ستراتیژیەتی وەبەرهێنان لە كورستان دەگۆڕێت، ئەگەرچی لە چەند ساڵی رابردووشدا كاری باش و گەورە ئەنجام دراون، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایییەوە زۆربەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان راوەستابوون، ئێستا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت ئەو سەرمایەدارەی كوردستان كە لە دەرەوەی هەرێم وەبەرهێنانی هەیە، بیگەڕێنێتەوە ناوخۆی هەرێم و خەڵكیش لێی سوودمەند بێت. سەبارەت بەو هەزار پڕۆژە گەورەیەی وەبەرهێنانیش كە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت، لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە سەرقاڵی پلانێكی ستراتیژین بۆ رێكخستنەوەی ئەو وەبەرهێنانە نوێیانەی كە لە داهاتوودا دەكرێت، ئەم كارەش بە چەند قۆناغێك كراوە. قۆناغی یەكەم: داوای پلانی هەموو وەزارەت و پارێزگاكان و قایمقامیەت و تا ئاستی گوندەكانمان كردووە و هەمووی هاتۆتە لامان و لەچوارچێوەی ماستەرپلانێكدا رێكخراوەتەوە و لەماوەی دوو هەفتەدا ماستەرپلانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان رادەگەیەنین و بڕیاری لەسەر دەدرێت و دەنێردرێتە ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان و بەهەرسێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە. قۆناغی دووەم: بەشێكی ئەو پرۆژانەی كە 1000 پڕۆژەی گەورەن داوامان لە وەزارەتەكان كردووە، زەویان بۆ تەرخان بكەن، هەندێك شوێنیش هەیە زەوی بۆ تەرخان كراوە، بۆ نموونە دروستكردنی كارگەیەك لە چەمچەماڵ، یان لە بامەڕنێ، یان لە زاخۆ و شوێنەكانی دیكە، ئەمانە تەنیا پرۆپۆزەڵی بۆ ئامادە دەكرێت و بانگەوازی بۆ دەكرێت و رادەگەیەندرێت بۆ وەبەرهێنەران تاوەكو كێ ئامادەیی تێدا بوو، دەست بە ئیجرائاتی پڕۆژەكە بكات. لەو 1000 پڕۆژەیە نزیكەی 445 پڕۆژەی لە سێكتەری پیشەسازیی قورس و مامناوەند و بچووكن و بەشێكی زۆری بۆ پیشەسازیی خۆراكی تەرخان كراوە، لەو بەرنامەیەدا وا دانراوە ئەوەی لە كوردستان بەرهەم بهێنێت و بازاڕی هەبێت، بە خۆراك و جلوبەرگەوە لێرە بەرهەمی دەهێنین، لەلایەكی دیكەوە ئێستا لە پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكردنی یاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵین كە رۆڵ و گرنگییەكی راددەبەدەری بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی ناوخۆیی هەیە، لەلایەكی دیكەوە لەو 1000 پڕۆژەیە بەشێكی زۆری بۆ پڕۆژەی كێڵگەی هاوچەرخ تەرخان كراوە، لەمەدا خودی جەنابی وەزیری كشتوكاڵ زۆر هاوكارمانە و لە ماوەی داهاتوودا كاری باش و گەورە دەكرێت، هەروەها سەبارەت بە پڕۆژەكانی گەشتوگوزاریش بە هاوكاری لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاردا بە دەیان پڕۆژەی گەشتیاری ماستەرپلان و نەخشەو زەوی بۆ دانراوەو تەنیا راگەیاندن و جێبەجێكردنی ماوە، لە قەزای دووكان و چیای سەفین و پارێزگای دهۆك و ناوچە جیاجیاكانی دیكەی كوردستان چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆر دانراون. سەرۆكی حكومەت داوای لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆی خۆمان كرد ئەم پرۆژانە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەن. لەمەشدا لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پڕۆژەكانمان لە سەرجەم پارێزگاكانی كوردستان و ناوچە و دەڤەرەكاندا دابەش كردووە، هەر لە زاخۆوە تاوەكو گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە، هەڵبەتە لەم پڕۆژانەدا سوود لە پلانی وەزارەتەكان و وەبەرهێنەران وەرگیراوە. سوودی ئەم پڕۆژانە هەر ئەوە نییە كە وەرچەرخانێكی گەورە بە كەرتی وەبەرهێنان و بووژانەوەی زۆر لە سێكتەرەكان دەات، بەڵكو وا لە كوردستان دەكات، پشت بەخۆی ببەستێت، ئەمە جگە لە دابینكردنی سەدان هەلی كار و بەگەڕخستنی بازاڕی ناوخۆ و دۆزینەوەی كار بۆ دەیان كاسب و پیشەوەر و بەڵێندەری جۆراوجۆر.
* لەگەڵ ئەوەی دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق و پەسەندكردنی دەستووری عێراق، دەركردنی یاسای وەبەرهێنان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە یەكێك بوو لە یاسا گرنگەكان بۆ كردنەوە و دەستپێكردنی پرۆسەی پەرەپێدان لە رێگەی وەبەرهێنانەوە، بەڵام هەر لە سەرەتاوە هەست بەوە كرا كە ئێمە لە بواری وەبەرهێنان كەم ئەزموونیمان پێوە دیار بوو، ئەم كەم ئەزموونییەش هەر لە سەرەتاوە بە یاساكەوە دیار بوو، ئێوە وەك سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، چ خوێندنەوەیەكتان بۆ یاساكە هەیە؟
- یاسای وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 2006 دەرچوو، پێویستییەكی ئەو سەردەمە بوو بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت و فراوانكردن و راكێشانی وەبەرهێنان بۆ ناو هەرێمی كوردستان، بەڵام دوای نزیكەی 15 ساڵ بە سەر دەرچوونی ئەو یاسایەدا و لەگەڵ گۆڕانكارییە خێراكانی سەردەمەكە و واقیعی سیاسی و ئابووریی كوردستان و عێراق، هەموو ئەمانە ئەوە دەخوازن كە چاوخشاندنەوە بكەین بە یاساكەدا، هەنگاوی باش لەمبارەیەوە نراوە و یاساكە چاك دەكرێتەوە و رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی پێ وەردەگیرێت و دەینێرینە پەرلەمانی كوردستان تاوەكو پەسەند بكرێت، لە چاككردنەوەی یاساكەشدا رەچاوی پاراستنی بەرژەوەندیی وەبەرهێنەران و خەڵكی هەرێمی كوردستانیش كراوە.
* ئەگەرچی لەناو یاسای وەبەرهێناندا هەموو سێكتەرەكانی پەرەپێدان ئاماژەی پێ كراوە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی وەبەرهێنان زیاتر بواری نیشتەجێكردنی گرتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش حكومەت ئاسانكارییەكی زۆری پێشكەش كرد، ئایا لە پرۆسەی هەمواركردنەوەی ئەم یاسایەی كە ناردووتانە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، تاچەند بە كردەیی بایەختان بە كۆی سێكتەركانی دیكەی بواری پەرەپێدان لە كوردستان داوە؟
- هەر لە كۆبوونەوەكەدا رێزدار مسرور بازرانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر ئەم بوارە كردەوە كە ئامانجی حكومەتە ئابووری فرەچەشن بكات بەرەو كەرتێكی تایبەتی بەهێز، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی راكێشانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی دەدات، بەتایبەتی روو بكەنە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و پاڵپشتی و ئاسانكاریشیان بۆ دەكات، بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران لە هەموو بوارەكاندا كارا بكەن، لەسەر ئەو بنەمایەش كاردەكەین بۆ داڕشتنەوە و هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و ئەمەش ئامانجی حكومەتە لە وەبەرهێنان، كە دەرفەتێكی یەكسان و دادپەروەرانە زامن بكات و یاساكە هەموار بكرێتەوە، بەو چەشنەی هانی كەرتەكانی ئابووری بدات، بە جۆرێك داهاتی وڵات و داهاتی تاكەكەسی زیاد بێت، نەك تەنیا ئامانج لێی كەڵەكەكردنی سەرمایە و پارە بێت لەسەر حیسابی خەڵك و حكومەت، گومانیشی تێدا نییە، باشترین كەرت بۆ بەدەستهێنانی هەلی كار و بەرزكردنەوەی داهاتی تاكەكەسی، پێشخستن و فراوانكردنی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیارییە، دەستەكەشمان لە هەوڵی فراوانكردنی كاری وەبەرهێنانین.
* پارێزگاری هەولێر لە دیمانەیەكی گوڵاندا ئاماژەی بەوە كردووە كە سێكتەری نیشتەجێبوون ئێستا پێداویستی ئەم قۆناخە پڕدەكاتەوە و چیتر زەوی بۆ شاری نیشتەجێبوون تەرخان ناكرێت، ئەمە لە كاتێكدا كاركردن لە چەندین شاری نیشتەجێبووندا راوەستاوە و خەڵكیش پارەیەكی زۆری داوە، ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ پڕۆژە راوەستاوەكان دەكەن؟
- كارمان بۆ ئەوە كردووە یەكەكانی نیشتەجێبوون لەسەر خاوەنەكانی تۆمار بكەین، لەقۆناغی داهاتوودا كار بۆ ئەوە دەكەین زیاتر وەبەرهێنەران رووبكەنە بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاری، تا راددەیەكی باش توانیمان زۆربەی ئەو پرۆژانەی بە هۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوون، دووبارە تێیدا دەست بەكاركردن بكرێتەوە، ئەمە وێڕای ئەوەی كەموكورتی لە وەبەرهێنەران هەبووە و پابەندی ماوە و كوالێتیی پڕۆژەكان نەبوون، ئەمانە هەمووی گرفت و كێشەی كەڵەكەبوون و لەم كابینەیەدا كار بۆ چارەسەركردنی دەكەین.
* ئایا لە هەمواركردنەوەی ئەم یاسایەدا، هاوسەنگیتان لە نێوان قازانجی وەبەرهێنەران و بەرژەوەندیی گشتیی خەڵك دروست كردووە؟
- لەكۆبوونەوەی سەرۆكی حكومەتدا لەگەڵ گەورە وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی كوردستان جەخت لەسەر ئەم خاڵە كرایەوە كە پێویستە رەچاوی بەرژەوەندیی گشتی و پێداویستیی هەرێمی كوردستان بكرێت، لەكاتی بەگەڕخستنی وەبەرهێنان لە پەروەردەو خوێندندا، هەروەها سەرۆكی حكومەت جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەبێت خوێندن لە كوردستان بەو شێوەیە بێت كە پێداویستیی ئەمڕۆی بازاڕ پڕبكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستە داوای لە گەورە وەبەرهێنەرانی كوردستان كرد، پێویستیی بازاڕیان چییە، بیدەنە حكومەت و لە رێگەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵاوە كار لە سەر داوا و ئەو ئاراستەیە دەكرێت، تاوەكو دووبارە پرۆسەی خوێندن دادەڕێژدرێتەوە، سەرۆكی حكومەت لەم خاڵەدا بەنچەی لەسەر كەموكورتییەكی گەورە دانا، كە جگە لەوەی زیانی بە بازاڕ و ئابووری گەیاندووە، زیانی بە دەرچووانی زانكۆش گەیاندووە، بەوەی لە بازاڕی ئەمڕۆدا هەلی كاریان دەست ناكەوێت، ئێمەش لە دەستەی وەبەرهێنان هەستمان بەوە كردووە كە كەلێنێكی گەورە لەنێوان خوێندن و پێداویستی بازاڕ هەیە، هەروەها بەداواداچوونمان بۆ ئەو ناهاوسەنگییەش كردووە كە لەنێوان قازانجی وەبەرهێنەران و بەرژەوەندی گشتی خەڵك دروست بووە، بەڵام ئەركی ئێمە مۆڵەتدانە بە دروستكردنی بینایە و رادەستكردنی بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بەپێی رێنمایی و مەرجەكانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئەوە ئەركی ئەوانە هەڵسەنگاندنی ورد بۆ مەرج و رێنماییەكانیان بكەن، منیش لەگەڵ ئێوەدا هاوڕام كە پێویستە چاوخشاندنەوە بە وەبەرهێنان لە بواری پەروەردەو خوێندنی باڵا بكرێت، چ لە رووی كوالێتیی بەرهەمی قوتابخانە و زانكۆكان بێت، یان لە رووی نرخەوە بێت.
* هەتا ئێستا جۆرێك لە ناهاوسەنگی لەنێوان كەرتی تایبەت و گشتی دروست بووە، لەگەڵ ئەوەی بە سەدان و هەزاران هۆتێل و مۆتێل و مۆڵ و ریستۆرانت و بەنزیخانە دروست كراون، هەروەها بە سەدان قوتابخانە و كۆلێژ و نەخۆشخانەی ئەهلی دروست كراون، بەڵام ئەمانە نەبوونە هۆكارێك بۆ ئاسانكردنی باری سەرشانی حكومەت، ئایا لە هەمواركردنەوەی یاساكەدا چۆن ئەم لایەنەتان رەچاو كردووە؟
- وەكو لە سەرەتای قسەكانمدا ئاماژەم پێ كرد، لەگەڵ زیادبوونی وەبەرهێنان و فراوانبوونی ئەو سێكتەرانەی كە وەبەرهێنانی تێدا دەكرێت، راستەوخۆ دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی باری سەرشانی حكومەت و بگرە لەهەندێك رووەوە حكومەت سوودمەندیش دەبێت، كەموكورتییەكان زۆرن و كاری جددی كراوە بۆ چارەسەركردنی، قسەیەكی ئابوورییانە هەیە، بەوەی سەرمایە ترسنۆكە، هەر لەبەر ئەمەشە بەدوای كاری خێرا و قازانجی پەلەن و روو لەو بوارانەدا دەكەن كە پارە و داهاتەكانیان زوو لێ دەست بكەوێتەوە، بەڵام چیتر نابێت وەبەرهێن تەنیا بیر لە بەرژەوەندیی خۆی بكاتەوە، بێ ئەوەی رەچاوی بەرژەوەندیی گشتی بكات.
* كەرتی بانكی سێكتەرێكی دیكەی زۆر گرنگە كە وەبەرهێنانێكی زۆری تێدا دەكرێت، بەڵام كەرتی بانكی كەرتی تایبەت نەبۆتە فاكتەرێك بۆ هاریكاركردن بۆ دروستبوونی پڕۆژەی بچووك بۆ هاووڵاتیان و سەرچاوەی داهاتیان، ئەم كەرتەش وەك كەرتەكانی دیكە ئیتسغلالێكی زۆری تێدایە، ئایا لە هەمواركردنەوەی ئەم یاسایە، چۆن مامەڵە لەگەڵ وەبەرهێنان لە كەرتی بانكی لە كوردستان كراوە؟
- یەكێك لەو سێكتەر و بوارانەی كەموكورتیی زۆری تێدایە، سیستەمی بانكییە، تەنانەت ئەمە بووەتە هۆی لاوازیی كاری وەبەرهێنان لە زۆر بواری دیكەدا، بەڵێ، لە كەرتی بانكی كەموكورتی هەیە و بە جورئەتەوە لێپرسینەوە لەگەڵ زۆر بانكدا كراوە و لە نزیكەوە چاودێریی كەرتی بانكی و مەسرەفی لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، لە 20 و 21ی مانگی نیسانی ئەمساڵ لەگەڵ وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی عێراق و لقی كوردستان، كۆنفرانسێكی تایبەت بە بانكە ئەهلی و بازرگانییەكانمان هەیە، ئێمە دەمانەوێت سیستەمی بانكی لە رێگەی وەبەرهێنانەوە رێك بخەینەوە، لە ئەنجومەنی باڵای ئابووری باسی ئەم بابەتە كراوە كە چۆن بتوانین پارە لە ناوخۆی هەرێمدا كەڵەكە بكەین، تاوەكو تەمویلی وەبەرهێنانی پێ بكەین، ئێمە دەبێت لە رێگەی بانكەوە سەرمایە دروست بكەین و خەڵكی پارە لە بانك دابنێت و وەبەرهێنانی پێ بكرێت، هەروەها حكومەت لە رێگەی دامەزراندنی كۆمپانیای هاوبەشەوە پشك و سەنەدات بفرۆشێت و پارە لە ناوخۆی هەرێمدا كەڵەكە بكرێت و چیتر دوچاری كەمیی سیولەی نەختینەیی نەبینەوە.
* بە بۆچوونی خۆت تا چەند هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان، ئابووریی بازاڕ لەژێر قۆرخكاریی خەڵكی خاوەن دەسەڵات رزگار دەكات و، كەرتی تایبەت بە یاساكانی بازاڕ هەڵدەسووڕێن؟ ئەگەر ئەمەتان كردووە، ئایا تا چەند لە هەمواركردنەوەی ئەم یاسایەدا، بواری ئیستغلاكردنی بازاڕتان رەچاو كردووە بۆ ئەوەی بووژانەوەیەكی راستەقینە لە ئابووریی كوردستان بێتەئاراوە؟
- رێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی كوردستان باسی ئەوەی كرد كە بە هیچ جۆرێك لە ئابووریدا قۆرخكاری نامێنێت، تەنانەت ئەو 1000 پڕۆژە و پلانە ستراتیژییەی وەبەرهێنان كە رادەگەیەندرێت، بە روونی و شەفافییەتەوە لە هۆكارەكانی راگەیاندن بڵاودەكرێتەوە، لەلایەكی دیكەوە لەسەرجەم كەرت و سێكتەرەكاندا كێبڕكێ رێكدەخرێتەوە، چاكسازی و گۆڕانكاری لە بەرنامەو كاری ئابووری و بازاڕیش پێش هەموو شتێك ئیرادەیەكی بەهێزی دەوێت و دواتر دامەزراوەكان دەتوانن كاری زانستی و جددی لەسەر بكەن، لەم رووەشەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هەڵگری پەیامی چاكسازی و گۆڕانكارییە لە ئابووریدا بە كردەوە دەستی بەم كارە كردووە و لە چەندین بواردا لێپرسینەوەی توندی لەگەڵ سەرپێچیكاران و گەندەڵكاران ئەنجام داوە، سەرۆكی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە وەبەرهێنەرانی كوردستان ئاماژەی بە گرنگیی سیاسەت و نەخشەڕێگای زانستی كردووە بۆ گەشەپێدانی ئابووری لە رێگەی زیادكردنی داهات و رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و كەمكرنەوەی خەرجییە ناپێویستەكان و هاندانی وەبەرهێنان و پێشكەشكردنی ئاسانكاریی بۆیان. ئێمە توانیومانە سەرپێچیكاری وا بدەینە دەستەی دەستپاكی و دادگاكان كە پێشتر خۆی لە سەرووی یاساوە دادەنا، هەر ئەمەش بوو وایكرد بە سەدان پڕۆژەی نیشتەجێبوون دەست بە كارەكانیان بكەنەوە، شانبەشانی كارەكانی ئێمە وەزارەتە پەیوەندیدارەكانیش هەنگاوەكانی چاكسازییان دەست پێكردووە و گرنگیی ئەم كابینەیە لەوەدایە هەموو وەزارەت و دامەزراوەكان وەكو تیمێك هاوكارو هەماهەنگی یەكترن و ئێمەش لە دەستەی وەبەرهێنان زۆر سوودمان لەم هاوكاری و پاڵپشتییانە وەرگرتووە، بەمەش بۆ یەكەمجارە وەزارەت و دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت بە پاڵپشتیی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان و دامەزراوەكانی چاودێری و دەستپاكی پێكەوە فشارێكی زۆر بهێنن بۆ كەسانی گەندەڵكار و بەمنزیكانەش شوێنەوارەكانی ئەم جموجووڵە بەهێزەی حكومەت زیاتر دەردەكەوێت.
Top