هوشەنگ ئەمیرئەحمەدی پڕۆفیسۆری پلاندانان و سیاسەتی گشتی لە زانكۆی رۆتگێرز بۆ گوڵان: لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا نابێت چاوەڕوانی چارەسەرێكی ئاسان بین
January 25, 2020
دیمانەی تایبەت
هوشەنگ ئەمیرئەحمەدی پڕۆفیسۆرە لە سكوڵی ئیداورد بلاوستین بۆ پلاندانان و سیاسەتی گشتی لە زانكۆی رۆتگێرز و دامەزرێنەری سەنتەری شرۆڤەكاری و توێژینەوەی ئێرانە، هەروەها دامەزرێنەری ئەنجومەنی ئەمریكی-ئێرانییە كە رێكخراوێكی توێژینەوەی قازانج نەویستە. ئەمیرئەحمەدی پێشتریش لە هەمان زانكۆ بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێكی دیاریكراو دەدات، وەك: پلاندانان و سیاسەتی پەیوەست بە پەرەپێدانی ئابووری نیشتمانی، بە جیهانیبوون و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە پەیوەندییەكان، یان گرژی و كێشەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران، بەتایبەتی لە دوای پەرەسەندنەكانی ئەم دواییە و ئایندە و ئەگەرەكانی ئەو پەیوەندییانە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.* چۆن لە پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران دەڕوانیت و ئایا لە ئێستادا رەوتی رووداوەكان ناوچەكە بەرەو كوێ دەبات؟
- لەم بارەیەوە ئەوەی دەكرێت بیڵێین ئەوەیە كە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ژیرانە بارودۆخەكەی بەرەو هەڵكشان برد و گەمەیەكی زیرەكانەی لەگەڵ ئێراندا كرد، لە ئێستاشدا لە سەر ئەم رەوتە بەردەوامە. ئاشكرایە ئەم هەڵكشانەش كاریگەریی خراپی لەسەر ئێران دروست كردووە و رۆژ بە رۆژ ئەو وڵاتە هەست بە كاریگەرییە نەرێنییەكانی دەكات، بە چەشنێك دەتوانین بڵێین ئەوەی ئێستا روودەدات بارودۆخێكی تەواو نوێیە بۆ ئەو وڵاتە و من نازانم چۆن دەتوانن بارودۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكەن. كەواتە بە شێوەیەكی گشتی بارودۆخەكە پشێوی باڵی بەسەردا كێشاوە و زۆر كەس هەوڵی ئەوە دەدەن كە بۆیان روون ببێتەوەـ كێ چ گەمەیەك دەكات، چونكە بە راستی چەندین گەمەكار و كاراكتەری ناوخۆیی و دەرەكی، حكوومی و ناحكوومی هەن كە رۆڵ و كاریگەرییان لە سەر بارودۆخەكە هەیە. هەروەها پێم وایە بارودۆخەكە بەردەوام كاریگەریی خراپی لە سەر ئێران دەبێت. چونكە ئێران ویستی بۆ كەمكردنەوەی فشارەكان لە سەری بگاتە رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا، بەڵام پێم وایە ئەو هەوڵانە دەرئەنجامی پێچەوانەیان لێ كەوتەوە.
* ئاشكرایە كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە دژی ئێران هەڵمەتی ئەوپەڕی فشاری گرتۆتەبەر، ئایا پێت وایە پەرەسەندنەكانی ئەم دواییە ئاماژە بوون بەوەی ئەم رێگاچارەیە نەیتوانیوە دەرئەنجامی خوازراو بەدەست بهێنێت؟
- ئێمە دەزانین كە هەمیشە ئیدارەی سەرۆك ترەمپ لە سەر سێ رەهەند كاری كردووە، یەكەمیان پەیوەست بووە بە ئامادەیی ئەم ئیدارەیەوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ، دووەم بریتی بووە لە هەڵمەتی ئەوپەڕی فشار، هەروەك ئێوە لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێ كرد، كە ئەمەش لە بنەڕەتدا بە مانای فشار و سزای ئابووری دێت، رەهەندی سێیەم كە سەرنجێكی كەمتری لە سەرە، بریتییە لە رەهەندە سەربازییەكە، كە هەندێ جار ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خۆی راستەوخۆ ئۆپەراسیۆن و كردارێكی سەربازی ئەنجام دەدات، كە هەندێكیان دژی ئەو گرووپ و لایەنانەی سەر بە ئێرانن و هەندێ جاریش دژ بە كەسانی سەر بە ئێرانە، هەروەك ئەوەی لە كوشتنی قاسم سولەیمانی بینیمان، هەندێ جاریش پشتیوانی لە هەندێ گرووپی دیاریكراو دەكات، كە دژی ئێرانن، واتە لەم رووەوە پارسەنگییەك دروست دەكات لەبەرامبەر بەكارهێنانی ئێران بۆ هەندێ گرووپ لە ناوچەكەدا لە پێناو برەودان بە سیاسەتەكانی خۆی، كەواتە ئیدارەی ترەمپ لە یەك كاتدا لەسەر هەر سێ بواری سەربازی و سزا ئابوورییەكان و ئەگەری گفتوگۆكردن كار دەكات.
* ئێوە ئاماژە بەوە دەكەن كە ئیدارەی ترەمپ لە دژی ئێران پەنا بۆ فشار و سزای ئابووری و ئۆپەراسیۆنی سەربازییش دەبات، لە هەمان كاتدا ئامادەی گفتوگۆشە، ئایا پێت وایە ئەم شێوازی كاركردنەی ترەمپ ئێران ناچار بكات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ؟
- بە داخەوە لە ئێستادا زۆر دژوار بووە، ئەگەر نەڵێین مەحاڵ بووە كە ئێران بتوانێت پێشنیارێك بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ، یان پێشنیاری چارەسەرێكی دیپلۆماتی لەبەرامبەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بخاتەڕوو. لە هەمان كاتدا ئێمە دەزانین كە گفتوگۆی پشت پەردە هەبوون و ئەمریكاش لەگەڵ حكومەتی رۆحانی ئەم گفتوگۆیانەی كردووە، بەڵام لە ئێراندا سوپای پاسداران و لایەنە سەختگیرەكانی دیكە هەن، كەواتە لە ئێستادا روون نییە كە دەرئەنجامی ئەم گەمەیە چی دەبێت، هەرچۆنێك بێت پێم وایە درەنگ یان زوو لە ئێراندا ململانێیەك بەدی دەكرێت لە نێوان ئەوانەی پێیان دەوترێت شۆرشگێڕەكان، یان سوپای پاسداران و سەختگیرەكان و ئەوانەی پێیان دەوترێت لیبڕاڵەكان و حكومەتی رۆحانی، یان ئەوانەی پێیان دەوترێت باڵی ریفۆرمخوازەكان. حاڵی حازر ئەم ململانێیە لە ئارادایە و درێژەی هەیە و بەردەوامە، پێم وایە لە مانگەكانی داهاتوودا ئەنجامی ئەو ململانێیە یەكلا دەبێتەوە، چونكە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەو وڵاتەدا بەڕێوەدەچێت و دواتر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییش ئەنجام دەدرێت. كەواتە پێم وایە ئەم ململانێیە گەورەترین كاریگەریی دەبێت، چونكە كاریگەرترین ململانێیە لە نێو وڵاتەكەدا و لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا بەڕێوەدەچێت، پێم وانییە بەرهەڵستكارانی ئێران مەترسییەكی ئەوتۆ، یان جددی دروست بكەن، لەبەر ئەوەی خاوەنی رێكخستن و خاوەنی داراییش نین، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە كە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە نێو خەڵكدا رێكخستنی نییە. كەواتە ئەگەر ئێمە ململانێی نێوان سەختگیرەكان و میانڕەوەكان لەبەرچاو بگرین، لە هەمان كاتدا پێكهاتەی سەربازیی ئەو وڵاتە لەبەرچاو بگرین، وەك سوپای پاسداران و هێزی پۆلیس كە بە هەزاران و بگرە سەتان هەزار خەڵكیان تێدایە كە ئەمانەش پێكهاتەی بەهێزن، ئەوا هەموو ئەمانە وامان لێدەكەن كە بە نیگەرانییەوە لە دۆخی ئێران بڕوانین.
* زۆر باس لەوە دەكرێت كە ئێران توانیویەتی پەرە بە دەستڕۆیشتوویی و رۆڵی خۆی بدات لە ناوچەكەدا، ئایا پێت وایە دوایین پەرسەندنەكانی ئەم دواییە ئێران ئەوەیە كە سڵ دەكاتەوە، یان چیتر ناتوانێت بە چەشنی رابردوو لە ناوچەكەدا پەرە بە رۆڵی خۆی بدات؟
- لە راستیدا من پێم وانییە ئێران لە پێگەیەكی ئابووریی ئەوتۆدا بێت كە بتوانێت درێژە بەم رۆڵە بدات، لە هەمان كاتدا لەو باوەڕەدا نیم كە بتوانێت كۆنترۆڵی ئەو گرووپانە بكات كە وەك بەشێك لە گرووپەكانی موقاوەمە ئاماژەیان پێ دەكات، چونكە هەروەك ئاماژەم پێكرد لە ئێستادا ئێران لە بارێكی ئابووریی لەباردا نییە و دارایی پێویستی نییە، تەنانەت لە ئێستادا شیعەی عێراق و لوبنانیش لە ئاست ئێراندا هەڵوێستێكی دیكەیان هەیە، كەواتە ئەوەی رودەدات پەرەسەندنێكی پڕ لە پشێوییە. راستە لە ناوچەكەدا پشتیوانی بۆ ئێران لە ئارادایە، بەڵام پێم وانییە ئێران ئەو هێزە دەستڕۆیشتووە بێت كە پێشتر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وێنای دەكرد، واتە راستە رۆژگارێك هەبوو كە ئێران زۆر دەستڕۆیشتوو بوو، بەڵام پێم وایە ئەو دەستڕۆیشتووییەی لە دەست داوە، هەرچۆنێك بێت ئێمە نازانین داهاتوو چی لە هەگبەدایە.
* كەواتە پێت وانییە لە ئێستادا هیچ دەرفەتێك هەبێت بۆ ئەوەی ئێران و ئەمریكا لە رێی دانوستاندن و بە شێوەیەكی ئاشتییانە كۆتایی بە ململانێ و كێشەكانی نێوانیان بهێنن؟
- بە تێڕوانینی من ئەم ململانێیە بەردەوام دەبێت و درێژە دەكێشێت، چونكە ئێمە دەزانین كە رابەری باڵای ئێران (ئایەتوڵا خامنەئی) رایگەیاند كە ململانێی نێوان ئێمە و ئەمریكا ئەو كاتە كۆتایی پێ دێت كە ئەگەر یەكێك لە ئێمە (كۆماری ئیسلامی ئێران)، یان ئەوان (ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا) بوونی نەمێنێت. كە من نازانم ئایا بەم نزیكانە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەناو دەچێت، یان نا، كەواتە ئەوەی لە ئارادایە بریتییە لە دۆخێكی زۆر دژوار. لەبەر ئەوە نابێت چاوەڕوانی چارەسەرێكی ئاسان بین، كەواتە تێڕوانینەكەی ئایەتوڵا خامنەئی راستە كە ئەم ململانێیە كۆتایی نایەت تاوەكو یەكێك لەم دوو وڵاتەدا لە ناو نەچن، پرسیارەكەش ئەوەیە ئێران چۆن چاوەڕوانی ئەوە دەكات كە ئەمریكا لە ناو بچێت؟ لە هەمان كاتدا پێناچێت ئێران لە دۆخێكدا بێت كە ئامادەی دەستەبەردار بوون بێت. هەرچۆنێك بێت ئێران لە ئێستادا لە دۆخێكی مەحاڵدایە.