پاوڵ كوادرۆس پڕۆفیسۆری سكوڵی هەسمان بۆ رۆژنامەگەری و راگەیاندن لە زانكۆی نۆرس كالیفۆڕنیا بۆ گوڵان: كێشەی سەرەكی لە ئێستادا ئەوەیە چۆن رۆژنامەگەری بتوانێت متمانەی رای گشتی بەدەست بهێنێت
January 24, 2020
دیمانەی تایبەت
پاوڵ كوادرۆس پڕۆفیسۆرە لە سكوڵی هەسمان بۆ رۆژنامەگەری و راگەیاندن لە زانكۆی نۆرس كالیفۆڕنیا، وەك نووسەر و رۆژنامەنووسێكی لێكۆڵینەوە بۆ نیویۆرك تایمز، هەفتیگتۆن پۆست، تایم مەگەزین كاری كردووە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی گرنگی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پەیوەست بوون بەو ئاستەنگ و دژوارییانەی لە ئێستادا رووبەڕووی كاری رۆژنامەگەری و راگەیاندن بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەی ئایا چۆن رۆژنامەگەری دەتوانێت درێژە بە كار و ئەركی خۆی بدات و ئایا دروستبوونی سۆشیال میدیا چ شتێكی لە واقیعی كاری رۆژنامەگەری و راگەیاندن گۆڕیوە.؟* لە ئێستادا باس لەوە دەكرێت كە بە هۆی گۆڕانی هەلومەرجەكەوە چیتر رۆژنامەگەری و راگەیاندنی تەقلیدی ناتوانن ئەركی چاوەڕوانكراوی خۆیان ئەدا بكەن، بە تێڕوانینی ئێوە گرنگترین و قورسترینی ئەو كێشانە چین كە لە ئێستادا رووبەڕووی كاری رۆژنامەگەری بوونەتەوە؟
- بە تێڕوانینی من لە ئێستادا ئەو كێشە سەرەكییەی رووبەڕووی كاری رۆژنامەگەری بۆتەوە پەیوەستە بە پرسی متمانەوە، مەبەستم ئەوەیە ئایا رۆژنامەگەری دەتوانێت پەیوەندییەكی متمانەئامێز دروست بكات لە نێوان ئەو كارەی دەیكات، هەروەها سەرچاوەكانی لەگەڵ گوێگر، یان خوێنەر، یان بینەرەكانی، بە واتایەكی دیكە ئایا خوێنەران متمانە بە راپۆرتە رۆژنامەگەرییەكان دەكەن؟ لە راستیدا هۆكاری ئەم پشێوییە و نەمانی پەیوەندییش ئەوەیە كە لە ئێستادا كۆمپانیاكان ئەم كارە دەكەن و ئەمەش هەلومەرجێكی خوڵقاندووە، كە حكومەت بتوانێت سوود لەم بارە پشێوییە و لە بڵاوبوونەوەی زانیارییە ناڕاستەكان وەربگرێت، ئەویش لە پێناوی سەرلێشێواندنی خەڵكی تاوەكو نەزانن متمانە بە چ زانیارییەك بكەن.
* پێت وانییە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاش لەم رووەوە رۆڵی هەبووە و هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی ئەم گۆڕانكارییە بەسەر رەوشی رۆژنامەگەریدا بێت؟
- بە دڵنیاییەوە كاریگەری هەبووە، تەكنەلۆژیا بۆ رۆژنامەگەری و راگەیاندن چەكێكی دوو دەم بووە، بەو مانایەی كە وەك ئامرازێك بەكارهێنراوە بۆ برەودان بە كاری رۆژنامەگەری، لە هەمان كاتدا بەكارهێنراوە بۆ دروستكردنی بێمتمانەیی و بڵاوكردنەوەی زانیاریی ناڕاست.
* ئایا ئەم تەحەددی و دژواری و بارودۆخە نوێیە تا چ راددەیەك كێشە و بەربەستییان بۆ رۆژنامەگەری دروست كردووە، بۆ ئەوەی نەتوانێت رۆڵی تەقیلدیی خۆی وەك چاودێرێك ببینێت؟
- بە دڵنیاییەوە ئەم رەوشە نوێیە كاریگەریی لەسەر كار و وەزیفەی رۆژنامەگەری لە بواری چاودێریدا دەبێت، هەرچۆنێك بێت لە ئێستادا كاری رۆژنامەگەری بەردەوامە و هەندێ لە كارە رۆژنامەگەرییەكانیش كاریگەری لەسەر خەڵكی دروست دەكەن و كاردانەوەیان تێدا دروست دەكەن و بگرە رەنگە هۆكارێك بن بۆ گۆڕینی بونیادە كۆمەڵایەتییەكەش. لەگەڵ ئەوەشدا كێشەكە ئەوەیە بە هۆی ئەوەی لە ئێستادا و لە تێكڕای 24 سەعاتدا بە بەردەوامی هەواڵ بڵاو دەبێتەوە، ئەوا رەنگە هەواڵی گرنگیش هەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی زانیاریی دیكەی لەگەڵدا تێكەڵ دەبێت، ئەوا رەنگە دەرئەنجامی خوازراوی لێ نەكەوێتەوە.
* لە ئێستادا ئەوەی ناكرێت نكۆڵی لە رۆڵی بكرێت، ئەوەیە كە پێی دەوترێت سۆشیال میدیا، بەتایبەتی فەیسبووك و تویتەر كە ناكرێت كاریگەریی ئەمانە نادیدە بگرین، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دەكرێت فەیسبووك و تویتەر وەك رۆژنامەگەریی تەقیلدی سەیر بكەین؟
- من پێم وانییە، بەتایبەتی كێشەی فەیسبووك ئەوەیە كە ئەم كۆمپانیاییە كۆت و بەند دانانێت لەسەر بڵاوكردنەوەی ئەو كارە رۆژنامەگەری و راگەیاندنانەی كە لەسەر بنەمای زانیاری دانەڕێژدراون، ئەمەش بۆ سۆشیال میدیا بە گشتی دروستە، واتە ئەگەر كۆمپانیایەك هەبێت و بڕیار بدات ناوەڕۆكی كارە رۆژنامەگەری و راگەیاندنەكان رێك نەخات، بەتایبەتی لە سەروەختی هەڵمەتە سیاسییەكاندا بە چەشنێك زانیاریی بێ بنەما و ناڕاست بڵاو ببنەوە، ئەوا بە راستی تۆ ناتوانیت وەك سەرچاوەیەكی باشی زانیاری متمانە بەو دەزگایە بكەیت.
* لە ئێستادا دەستەواژەیەكی باو هەیە كە بە شێوەیەكی بەربڵاو بەكار دەهێنرێت، كە بریتییە لە هەواڵی ساختە (فەیك نیوز) ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن و هەڵسەنگاندنتان چییە بۆی؟
- كێشەكە ئەوەیە لە ئێستادا خەڵكانێكی زۆر هەن كە ئەم هەواڵە ساختانە بەكار دەهێنن و توانیویانە راگەیاندن بەكار بهێنن بۆ گەمەكردن بە هەست و هۆشی خەڵكی، مەبەست ئەوەیە حكومەت و سیاسییەكان هەوڵ دەدەن هەمیشە هەنگاوێك لە پێش راگەیاندنەوە بن و راگەیاندن بەكاربهێنن بۆ گەیاندنی پەیامی خۆیان، یان كارێك بكەن پەیامی دروستی راگەیاندن تەڵخ بكەن و بیشارنەوە، دەرئەنجامی ئەمەش ئەوە دەبێت كە رای گشتی نازانن متمانە بە كێ و بە چ لایەنێك بكەن، كێشەكەش ئەوەیە كاتێك نەزانیت متمانە بە كێ بكەیت، ئەوا رەنگە متمانە بە هەموو كەسێك بكەیت، ئەمەش ئەو جیهانەیە كە ئێستا ئێمە ژیانی تێدا دەگوزەرێنین.
* ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بێت كە ئێوە ئاماژەی پێ دەكەن، ئایا رۆژنامەنووسان و راگەیاندنكاران دەتوانن لەم بارەیەوە چی بكەن؟
- بە رای من پێویستە رۆژنامەنووسان هەوڵبدەن درێژە بە كاری چاودێریی خۆیان بدەن و هەوڵ بدەن پتر پەیامەكەیان بڵاو بكەنەوە، دەبێت رۆژنامەنووسان كار لەسەر دروستكردنی پردی متمانە بكەن لە نێوان رۆژنامەگەری و رای گشتیدا و بوێری ئەوەیان تێدا بێت كە پەردە لەسەر ئەو گەمەپێكردنەی حكومەت و سیاسییەكان هەڵبماڵن.
* هەندێ جار دەبینین كە خودی سەرۆكی ئەمریكا (دۆناڵد ترەمپ) ئەم دەستەواژەیە بەكار دەهێنێت و كاری رۆژنامەگەری و راگەیاندنی وڵاتەكەی بە ساختە و بێ بنەما وەسف دەكات، پێت وایە ئەمە هەوڵێك بێت بۆ لەباربردنی متمانە و میسداقییەتی رۆژنامەگەری لە چاوی خەڵكدا؟
- بە دڵنیاییەوە ئامانج و پلانەكە بریتییە لە لەناوبردنی میسداقییەتی رۆژنامەگەری، كە ئەگەر ئەمەشی بۆ بچێتەسەر، ئەوا دەتوانێت ئامراز و دەزگاكانی راگەیاندن تەنیا بۆ بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە بەكار بهێنێت. لە راستیدا ئەمە تەنیا پەیوەست نییە بە ئیدارەی ئێستای ئەمریكاوە، بەڵكو ئەمە حاڵەتێكی دیار و بەرچاوە لە نێو دەسەڵاتدار و سەركردە خۆسەپێنەكانی دیكەی جیهاندا. هەموو ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ئەم سەركردانەدایە بۆ بەكارهێنانی راگەیاندن بۆ مەرامی سیاسی، یان بۆ پڕوپاگەندەكردن.
* بەڵام هەندێ جار خودی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ راگەیاندنی بە دوژمنی گەل ناوبردووە، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
- لە راستیدا دۆناڵد ترەمپ چەندین ساڵە پەیوەندیی لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندندا هەیە و ئەو دەزانێت چۆن گەمە بەو دەزگایانە بكات، چونكە ئەو وەك بزنێسكارێك بۆ چەندین ساڵ كاری لەگەڵ رۆژنامە و كەناڵە تەلەفزیۆنییەكانی نیویۆركدا كردووەو، لەم روەوە دەزانێت چۆن دەزگاكانی راگەیاندن بەكار بهێنێت. كەواتە ئەو پێش بوونی بە سەرۆكیش توانیویەتی ئەم كارە بكات و لە سەروەختی سەرۆكایەتیشدا درێژەی بەم رەوتی كاركردنە داوە.
* خاڵێكی دیكەی جێی سەرنج ئەوەیە كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بە راددەیەكی زۆر تویتەر بەكار دەهێنێت، تەنانەت هەندێ جار هەواڵی لابردنی وەزیرێكی ئیدارەكەش لە رێی تویتێكەوە بڵاو دەكاتەوە، ئێوە هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێننەوە؟
- ترەمپ تویتەری كردۆتە پێگەیەكی شەخسی بۆ خۆی، یان با بڵێین كردوویەتە دەزگایەكی راگەیاندنی تایبەت بە خۆی، كەواتە ئامرازێكی راگەیاندنی هەیە كە راستەوخۆ لە رێیەوە پەیامەكانی خۆی بڵاو دەكاتەوە، لە هەمان كاتدا ئامرازەكانی دیكەی راگەیاندنیش بۆ مەبەست و مەرام و مانەوەی سیاسیی خۆی بەكار دەهێنێت.
* بە شێوەیەكی گشتی لەم هەلومەرجە دژوارەی كە رۆژنامەگەری رووبەڕووی بۆتەوە، پێویستە چی بكرێت، یان دەتوانرێت چی بكرێت بۆ برەودان و بەهێزكردنی رۆژنامەگەری؟
- لە راستیدا پێم وایە دەكرێت كار لەسەر ئاشناكردنی رای گشتی بكرێت بە كاری راستەقینەی رۆژنامەگەری و راگەیاندن، چونكە ئێمە چەندین نموونەمان هەیە كە خەڵكی نەیاتوانیوە رۆژنامەگەریی راستەقینە و پڕوپاگەندەكردن لێك جیا بكەنەوە. لەبەر ئەوە من ئەم ئاشناكردنە بە پێویست دەزانم و تەنانەت پێم وایە پێویستە ببێتە بەشێك لە پڕۆگرامی خوێندنیش. ئەویش لە پێناو ئەوەی رای گشتی بتوانێت جیاكردنەوەیەك لە نێوان كاری راستەقینەی راگەیاندن و پڕوپاگەندەكردندا بكات.