پێشەوا هەورامی گوتەبێژی فراكسێۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: تێپەڕاندنی یاسای چاكسازی هەنگاوێكی گەورە بوو بە خێر و خۆشی بۆ خەڵكی كوردستان تەواو دەبێت

پێشەوا هەورامی    گوتەبێژی فراكسێۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:  تێپەڕاندنی یاسای چاكسازی هەنگاوێكی گەورە بوو بە خێر و خۆشی بۆ خەڵكی كوردستان تەواو دەبێت
دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان بەدەنگی 89 پەرلەمانتاری بڕگە و ماددەكانی (پڕۆژە یاسای چاكسازیی لە مووچە و دەرماڵەو بەخشینی ئیمتیازەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان) پەسەند كرد، سەبارەت بە گرنگیی پڕۆژەكە و هەماهەنگیی نێوان پەرلەمان و حكومەت بۆ جێبەجێكردنی یاساكە و رێخۆشكردن بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی دیكەی چاكسازی لە سەرجەم بوار و سێكتەرەكاندا؛ گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەی پێشەوا هەورامی گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان كرد، لێرەدا دەقی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
* دوای ئەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دڵنیایی دا كە نابێت هیچ مەترسییەك بۆ سەر مووچە و ئیمتیازاتی مووچەخۆران بەتایبەتی كەسوكاری شەهیدان دروست بكرێت، ئایا تاچ راددەیەك پێش پەسەندكردنی پڕۆژە یاساكە رەچاوی ئەم بابەتە كرا؟
- سەرەتا پێش وەڵامدانەوەی پرسیارەكەتان دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم، كە چاكسازی، پڕۆژە و هەنگاوێكی گرنگی حكومەتە و ئێمەش وەكو پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان پاڵپشتییەكی گەورەی لێ دەكەین، رێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیرادەیەكی بەهێزی بۆ چاكسازی هەیە، ئەو چاكسازییەی كە خواست و ویستی خەڵكە و دادپەروەریی لێ دەكەوێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا رێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمان و پەسەندكردنی پڕۆژەكە لە دواكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و پێشتریش بۆ چەند جارێك جەختی لەوە كردەوە، كە نابێت هیچ مەترسییەك بۆ سەر مووچە و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان دروست بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم ئەو بڕگانەمان لابردووە كە مەترسی بۆ سەر مووچە و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان دروست دەكات، ئەم یاسایەش لە خزمەت و قازانجی خەڵكی كوردستاندایە و دووبارە سەرجەم بوارەكانی (مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی و مووچەی پلەباڵاكان و ئیمتیازەكان) بە پێی یاسا رێك دەخرێنەوە و دادپەروەریی گەورەی لێ دەكەوێتەوە، واتا جگە لەوەی لە رووی گەڕانەوەی داهاتێكی باش دەتوانرێت بەو بڕە پارەیە مووچەی خانەنشینانی شارستانی پێ زیاد بكرێت، ئەمە وێڕای ئەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش باشتر و دەستكراوەتر دەبێت بۆ جێبەجێكردنی خواست و ویستی هاووڵاتیانی كوردستان و پێشكەشكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازیی زیاتر لەسەرجەم بوارەكانی دیكەدا. بەشێوەیەكی گشتی لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا پڕۆسەكە بە كۆی 89 دەنگی ئەندامانی پەرلەمان پەسەند كرا، ئەم رێژە بەرزەی دەنگدان بۆ ئێمە مایەی خۆشحاڵی بوو و بە گرنگییەوە دەڕوانینە ئەو پاڵپشتییەی پەرلەمانتاران، هیوایەكی زیاتری بەخشی بە ئێمە كە پڕۆسەی چاكسازیی ویست و هیوای زۆربەی لایەنەكانی هەرێمی كوردستانە، ئەوانەشی لەگەڵیدا نەبوون بە راستی هەنگاوێك بوو لێی بەجێمان و بۆ خۆیان خراپ بوو، چونكە ئەم پڕۆژەیە دواجار چاكسازیییە، ئەگەر لەسەر ماددەیەك، یان بابەتێكی بچووك تێبینییەك هەبووبێت، ئەمانە هەمووی بیانوو بوون، بەشێكی بۆ خۆڵكردنە ناو چاوی خەڵكی بوو، بەشێكی دیكەی بۆ موزایەدە بوو، ئەو موزایەدەیەی كە ئێستا باوی نەماوە، خەڵك هەموو بابەت و شتێك بە راستی و دروستی دەبینێت و لێی تێ دەگات، لە كۆتاییشدا ئەوەی چەند ساڵێكە كاری بۆ دەكرێت و خواستی هەموو لایەك بوو، چاكسازی بوو، سوپاس بۆ خوا و بە پاڵپشتیی جەماوەری كوردستان پڕۆژەكە تێپەڕێندراو بە خێر و خۆشی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان تەواو دەبێت و هەنگاوی گەورەتر و ئامانجی زیاتریشمان هەیە، چونكە تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای چاكسازی تەنیا سەرەتا و دەستپێكە و پاڵپشتیی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئەوەی بتوانێت كابینەی خەڵك و خزمەتكردنی كوردستان بێت.
* هەڵبەتە لە هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا جەخت لەسەر چاكسازی كراوەتەوە؛ ئایا دەكرێت بوترێت پەسەندكردنی ئەم پڕۆژە یاسایە هەنگاوی یەكەمە بۆ دەستپێكردنی چاكسازییەكی فراوانتر؟
- پارتی دیموكراتی كوردستان و فراكسیۆنەكەی سەلماندیان كە خاوەنی بەڵێن و بانگەشەكانی خۆیانن بۆ جەماوەرەكەیان و خەڵكی كوردستان، ئەوەتا سەرۆكی حكومەت بە كرداری لە چەندین بواردا هەنگاوی بۆ جێبەجێكردنی چاكسازی ناوە، فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان هەر لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە هەڵگری پەیامی (چاكسازی و دادپەروەری) بووە، ئەمە تەنیا بۆ موزایەدە نەبووە، ئەوەتا لە كەمكردنەوەی مووچەی پەرلەمانتارەكانەوە دەستمان بە چاكسازی كردووە، ئەم ئەركەش ئاسان نەبووە لە ناو پەرلەمان و لە دەرەوەی پەرلەمانیش دژایەتیی زۆری بۆ دروست بوو، بەڵام فراكسیۆنی پارتی و هاوپەیمانەكانی دەنگمان بەو یاسایە دا كە زامنی كوردستانێكی بەهێزە و دادپەوەری لێ دەكەوێتەوە، چونكە بەهێزكردنی سێكتەرەكانی حوكمڕانی و رێكخستنەوەی خەرجی و داهاتەكان و بنبڕكردنی گەندەڵی و بەدەستهێنانی دادپەروەری دەمانباتە قۆناغێكی دیكەی ئارامی و سەقامگیری لە حوكمڕانیدا، هەڵبەتە لەكاتی جێبەجێكردنی ئەم یاسایەدا بە رێژەیەكی زۆر بەرز دادوەری لە مووچە و ئیمتیازەكان دروست دەبێت، بێگومان لە دوای دەربازكردنی ئەم پڕۆژە یاسایە پڕۆژە و بڕیار و كاری دیكەی چاكسازیی لەسەرجەم كەرت و سێكتەرەكانی دیكەدا هەنگاوی بۆ دەنرێت. ئەوەتا هەر لەم ماوەیەدا دەنگمان بە پڕۆژە یاسایەكی دیكە دا لە بواری ماددە بێهۆشكارەكان و بە زۆرینەی دەنگ لەپەرلەمان تێپەڕێندرا، لەبەر گرنگی و گەورەیی پڕۆژە یاسای چاكسازی لە رووی راگەیاندنەوە ئەو گرنگییە بە پڕۆژەی ماددە بێهۆشكەرەكان نەدرا، لە كاتێكدا ئەم یاسایەش بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، چونكە هەرێمی كوردستان لە بەردەم مەترسییەكی گەورەدایە كە هەڕەشەیەكی جددییە بۆ سەروماڵ و حاڵی گەنجان، بەتایبەتی لەم ناوچەیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە بازرگانیكردن بەماددە بێهۆشكارەكان لە زیادبووندایە.
* ئاماژەت بەوە كرد كە پڕۆژە یاسای چاكسازی دژایەتیی زۆری كرا، بۆچی پڕۆژە یاسایەكی چاكسازیی بەم شێوەیە دژایەتی دەكرێت، لەكاتێكدا زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان و لە بۆنە و رێوڕەسمەكاندا بانگەواز بۆ چاكسازی و دادپەروەری دەكەن؟
- كەسانێك لەناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانیش لەو باوەڕەدا نەبوون پەرلەمانتارەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەو شێوەیە پاڵپشتیی پڕۆژەیەك بكەن كە لە كەمكردنەوەی ئیمتیازاتەكانی خۆیانەوە دەست پێ دەكات، هەربۆیە لە ناو هۆڵی پەرلەمان لە رۆژی دەنگدان ویستیان پشێوی و ئاژاوە دروست بكەن، بەڵام چاكسازیی ئیرادەی میللەتی لەپشتە و ناتواندرێت هەڵگرانی چاكسازی رابگیرێن، ئێمە بە كردار لیستی پیرۆزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی پاك دەكەینەوە و بەرگریی لە موستەحەقات و شایستەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەكەین و ئەوانە بە هیچ شێوەیەك دەستیان لێ نادرێت، ئەم پڕۆژەیە مۆركێكی نیشتمانیی هەیە، هەربۆیە نەمانهێشت بە تەنیا مۆركێكی حزبی وەربگرێت و ویستمان ببێتە پڕۆژەیەكی پارتی و هەموو هاوپەیمانەكانمان لە حكومەت و پەرلەمان، چونكە دواجار سوودەكانی بۆ هەموو خەڵكی كوردستانە. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم لەهەموو دنیا وایە كە پەرلەمان و حكومەت دوژمنی یەكتر نین و بۆ چاكسازی و باشتركردنی دۆخی وڵات و باشكردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان هاوكار و پاڵپشتی یەكترن، هەربۆیە پەرلەمان و حكومەت ئامانج و نییەتیان یەكە و پێكەوە كاری باش دەكەن لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیان و وڵات، ئەگەر ئێمە بەردەوام بین لەسەر ئەو شێوازە دروست و راستەی ئێستا، ئەوا بێگومان هەماهەنگیی نێوان پەرلەمان و حكومەت ئامانج و بەرهەمی باشتری لێ دەكەوێتەوە.
* ئەگەر باسێكی سوودەكانی ئەم پڕۆژە یاسایە بكەین لە رووی ئابووری و دارایی و دادپەروەریشەوە، پێت وانییە پێویستە فەرمانبەرانی هەرێم و خەڵكی كوردستانیش لەوە ئاگاداربكرێنەوە كە لە دۆخێكی وا هەستیاردا ناكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بێ چاكسازیی توانای جێبەجێكردنی پلان و بەرنامەكانی هەبێت؟
- راستە داتا و زانیارییەكی ورد نییە كە حكومەت لە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیەدا چەند پارەی بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام هەر لە پاككردنەوەی لیستەكانی مووچە و ئیمتیازاتە داراییەكان و رێكخستنەوەیان بڕە پارەیەكی باش دەست دەكەوێت، كە حكومەت دەتوانێت بۆ مووچە كەمەكانی خانەنشینان و كەسانی شایستە و كەمدەرامەت خەرجی بكاتەوە، هەروەها مووچەی خانەنشینیی پەرلەمانتاران و پلە باڵاكان كەم دەكرێتەوە و كۆتایی بەو هەموو یاسایەی خانەنشینی دەهێنێت و مووچەی پاسەوانی رێك دەخرێتەوە و مووچە كەمەكانی خانەنشینان زیاد دەكرێت، چەندین بڕگە و ماددەی دیكەی باشی تێدایە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەو دادپەروەرییەیە كە خەڵكی پێی ئاسوودە دەبن. ئەوەی ئێمە كردمان لە چاكسازی تەنیا هەنگاوە گەورەكە بوو، چاكسازیی پڕۆسەیەكی فراوان و بەردەوامە پشت بەخودا و پشت بە جەماوەری كوردستان و لە ژێر رۆشنایی هەنگاوەكانی جەنابی سەرۆك كە ئێمە پاڵپشتی و ئیلهامی خزمەتكردنی خەڵك لە جەنابیانەوە فێربووین، كاری باشتر و هەنگاوی باشتر دەنێین لەو ساڵانەی داهاتوودا كە لە بەردەستی ئێمە ماون بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، خواست و ویستی ئێمە لەمە زیاترە، بەڵام ئەمەش هەنگاوێكی گەورە بوو كە پەرلەمانی كوردستان ئەنجامی دا، ئێستا چاوەڕوانی ئەوەش دەكەین حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی رێزدار مسرور بارزانی تەواوی بڕگەو ماددەكانی ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بكات، لە كۆتاییشدا بە قازانجی خەڵكی كوردستان دەبێت.
Top