محەمەد ئەمین فارس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا بۆ پرسە گرنگەكان و مافی خەڵكی كوردستان بە یەكڕەنگی و یەكدەنگی بڕیار دەدەین
January 21, 2020
دیمانەی تایبەت
حوكمڕانیی لە عێراقدا رووبەڕووی زۆر كێشە و گرفت بووەتەوە و حكومەت لە ئێستادا كاربەڕێكەرە و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش تا ئێستا نەیتوانیوە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 پەسەند بكات، لەو دۆخە هەستیارەدا كە عێراق بەگشتی بە دۆخێكی زۆر نالەبار و ناهەمواردا تێدەپەڕێت، دروستكردنی هاوپەیمانیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە هەنگاوێكی ئەرێنی و گەورە دادەنرێت، بۆ ئەوەی بە یەكڕیزی و یەكدەنگی و كاری پێكەوەیی داكۆكی لە ماف و دەستكەوتەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەن، ئەمەو چەندین پرسی گرنگی دیكە تەوەری ئەم دیدارەی گوڵان لەگەڵ محەمەد ئەمین فارس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكدەهێنن.* بەم دواییە جۆرێك لە هاوپەیمانیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە نێو پەرلەمانی عێراق دروست بووە كە توانیویەتی هەڵوێستی هاوبەش وەربگرێت، بەتایبەتی لە پرسی دەنگدان لەسەر بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكان، چۆن لە گرنگیی ئەم فراكسیۆنە دەڕوانن و ئایا چەند چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت لە داهاتووشدا و لە پەیوەندی بە پرسەكانی پەیوەست بە كوردستانەوە هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت؟
- تا ئێستا بە فەرمی هیچ هاوپەیمانییەك لە نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان نییە، بەڵكو لە خولەكانی پێشتری پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانیی كوردستانی هەبوو، بەڵام ئەوەی ئێستا لەنێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا هەیە وەك لیژنەیەكی هاوبەشە بۆ یەكدەنگی و یەكڕەنگی لە بڕیاردان لەسەر هەر بڕیارو پڕۆژە یاسایەكی گرنگ، بەتایبەت ئەگەر پەیوەندی بە خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە هەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە و لەكاتی پێویستە هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ وەرگرتنی یەكدەنگی كۆبوونەوە ئەنجام دەدەین و بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنێكی كوردستانی لە نێوان هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە فەرمی هەوڵ هەیە، بەتایبەتی جەنابی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی هەموو فراكسیۆنە جیاوازەكانی كوردستان لە بەغدا هاوپەیمانییەك دروست بكەن و ببنە یەك فراكسیۆنی كوردستانی بۆ بڕیاردان لەسەر پرس و بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازەكان و مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكان بۆ ئەو كارە گرنگە بەردەوامە و ئومێد دەخوازین لەماوەیەكی نزیكدا ئەو فراكسیۆنە كوردستانییە بە فەرمی رابگەیەندرێت، ئەگەرچی ئێستاكەش هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەسەر ئەو بڕیارانەی وەك موازەنەو پڕۆژە یاسای گرنگ، یان هەر پڕۆژە یاسا و بڕیارێك پەیوەندی بە خەڵك و هەرێمی كوردستانەوە هەبێت، ئەوە یەكدەنگ و یەك بڕیارین و بە یەكەوە كاری بۆ دەكەین، سەبارەت بە بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق، هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان پێكەوە بڕیاریان دا كە بەشداریی ئەو دانیشتنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەكەن و دەنگ لەسەر بڕیارەكە نەدەن، لەو بڕیارەش تەنیا فراكسیۆنە كوردستانییەكان نەبوون، بەڵكو فراكسیۆنە سوننەكانیش بەشداریی دانیشتن و بڕیاردانەكەیان نەكرد، هاوكات دەبێت هەموو لایەكمان ئەوە بزانین كە بڕیارێكی زۆر باشە كە هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەسەر بڕیارە گرنگەكان بە یەكەوە كار بكەن و یەكدەنگ بن، ئەمەش هێزێكی گەورەو زیاتر بە فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەدات لەسەر ئەو بڕیارانەی گرنگن، بەتایبەتی بۆ مافی خەڵكی كوردستان و بێگومان ئەو یەكدەنگی و یەك بڕیارییەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان كاریگەری زیاتر دەبێت لەسەر هاتنەدی مافی هەرێمی كوردستان و خەڵكی دیكەش زیاتر گرنگی بە فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەدەن.
* هەر لە پەیوەندی بە بڕیارەكەی پەرلەمانەوە كە پتر لەلایەن شیعەكانەوە دەنگی لەسەر درا، پێتان وانییە ئەمە سەرەتایەكی خراپە بۆ شكاندنی بنەماكانی پێكهاتن و هاوبەشی؟
- بەپێی بڕگەو ماددەكانی دەستووری هەمیشەیی عێراق پێویستە لەسەر هەموو بڕیارێك بەتایبەتی لە پڕۆژە یاساو بڕیارە گرنگ و چارنووسسازەكان كە پەیوەندی بە مافی خەڵكەوە هەیە لەنێوان لایەنەكان و فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی عێراقدا تەوافوق هەبێت، هەروەها زۆر گرنگ و پێویست بوو لەسەر بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق بە یەكدەنگی و بە تەوافوق لەنێوان فراكسیۆنە بەشداربووەكانی پەرلەمانی عێراق ئەو بڕیارە دەربكرێت، هەرچەندە زۆر ئاساییە فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان بیروبۆچوونی جیاوازیان هەبێت، چونكە لەوانەیە هەندێ بڕیار هەبێت كە هەندێ فراكسیۆن لەسەری كۆك بن و هەندێكی دیكە دژی بن، ئەمەش ئاساییەو كاری پەرلەمانییە، بێگومان هەر سێ سەرۆكایەتی و زۆر پۆست لە حكومەتی عێراقدا بە تەوافوق دابەش كراوە، وەك سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننە و سەرۆكی وەزیران بۆ شیعە و سەرۆك كۆمار بۆ كورد، ئەمە بۆتە عورف و نە دەستوورییە و نە بە یاسایە، هەر بۆیە هەموو ئەو بڕیارو پڕۆژە یاسایانەی كە گرنگن و پەیوەست بێت بە هەموو خەڵكی عێراقەوە باشتر وایە كە فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان بە یەكەوە بڕیاری لەسەر بدەن، بەڵام ئەمەش مانای وانییە كە بۆچوونی جیاواز نەبێت، بەڵكو ئەوە كاری پەرلەمانییە هەر چەندە بڕیارە گرنگەكان پێویستی بەرێككەوتن و تەوافوق هەیە.
* چۆن لە پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا دەڕوانن، بەتایبەتی كە دەزانین لە ئێستادا عێراق بە دۆخێكی زۆر نالەبار و ناهەمواردا تێدەپەڕێت و تا چەند پێتان وایە عێراق و هەرێمی كوردستان پێویستیان بەوەیە درێژە بە هاوكاری و هەماهەنگییەكانیان بدەن؟
- پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی بەرەوباشی دەڕوات و بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، بۆ گفتوگۆ و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی هەیە، بەتایبەتی لەسەر ئەو پرسانەی كە پەیوەندی بە پڕۆژە یاسای بودجەوە هەیە، لەبەر ئەوەی تا ئێستا پڕۆژە یاساكە رەوانەی پەرلەمان نەكراوە، چونكە لەو كات و ساتەدا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەستی لەكار كێشایەوە و حكومەت بووە حكومەتێكی كاربەڕێكەر و حكومەتی كاربەرێكەریش ناتوانێت پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان بنێرێت، هەر بۆیە حكومەتی هەرێم دەیەوێت دڵنیا بێت كە چۆن لە ساڵی 2020 بەشە بودجەی هەرێم و بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج دەكرێت، بۆیە گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی دەكات، بۆ دەستنیشانكردنی چارەسەر و بۆ ئەوەی لانیكەم هەر وەك پێشتر بودجەكە یەك لەسەر دوانزەی خەرج بكرێت. بێگومان هەموو كاتێك كە پەیوەندی هەرێم و بەغدا باش بێت ئەوە لە بەرژەوەندیی هەردوولایە، بۆیە ئێستا هەوڵ دەدرێت پەیوەندییەكان زۆر بەهێزتر بێت، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی مەترسیی داعش لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان ماوە و تاوەكو هاوكاری و هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازیی نێوانیان زیاتر بێت، باشتر بەرگری دەكرێت. كە دەبینین پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداش رۆژ لەدوای رۆژ باشتر دەبێت، ئەوە بە هۆی سەردانەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی و دواتر جەنابی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بۆ بەغدا بووە، لە ئاستێكی هەرە باڵاو بەرزیشدا پێشوازییان لێ كراوە، لەلایەكی دیكەوە وەك بینیمان ئەو كەسانەی كە دژی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بوون، خەڵك لە هەڵبژاردنەكانی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق دەنگی پێ نەدان و دەرنەچوون، ئەمە مانای وایە شەقامی عێراقی لەگەڵ ئەوەیە كە پەیوەندیی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا باش بێت، ئەمەش وادەكات پەیوەندیی هەموو خەڵكی عێراق و هەرێم باشتر بێت.
* وەك ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاگاداری ئە پرسانەن كە پەیوەندی بەو كەرتەوە هەیە، بەتایبەتی لە وەرگرتنەوەی قەرزی جووتیارانی كوردستان لەو گەنمەی كە چەند ساڵە فرۆشتوویانەو عێراق هەقەكەی پێ نەداون، لەو بارەوە چ بڕیارێك دراوە؟
- ئەو موستەحەقاتەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان كە لەلای حكومەتی عێراق ماوەتەوە و نەدراون، هی ساڵانی (2014 و 2015 و 2016)یە، ئەگینا پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی (2017و 2018و 2019) هەر هەمووی خەرج كراوە، بەڵام بڕی (575) ملیار دیناری جووتیارانی هەرێمی كوردستان لەلای حكومەتی عێراق ماوەتەوە، ئەمەش زوڵمێكی زۆر گەورەیە كە لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان كراوە، چونكە گەنمەكە لە رێگای لیژنەیەكی پسپۆڕی تەنكیكی و هونەریی بەغدا كە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان وەرگیراوە و لەپاشان گەنمەكە بەكارهێنراوە و سوودی لێ وەرگیراوە و خەرج نەكردن و راگرتنی پێدانی پارەكە بە جووتیارەكان بە بڕیارێكی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئەو كات بووە، ئەگەرچی بەشێكی زۆری ئەو بڕە پارەیە لەلایەن وەزارەتی دارایی سەرف كراوە و گەیشتۆتە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە مەبەستی ئەوەی بە جووتیارانی هەرێمی كوردستانی بدەن، چەندین جاریش لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار وەك وەزارەتی دارایی و بازرگانیی عێراق باس لەو پرس و كێشەیە كراوە، ئەوانیش دەڵێن پارەكە بە بڕیارێكی سەرۆك وەزیران راگیراوە، هەر دەبێت ئەو بڕیاری خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان بدات، بۆ ئەو مەبەستەش چەندی نجار پەیوەندیمان بە حەیدەر عەبادییەوە كرد، یەڵام تا ئێستاكەش بڕیاری خەرجكردنی نەدراوە، لەلایەكی دیكەوە تەنانەت لە پڕۆژە یاسای بودجەی (2019)ش بڕگەیەكمان تێدا زیاد كرد بۆ ئەوەی لە كاتێكدا موستەحەقاتەكەش نەمابێت، ئەوە جێگامان لەناو پڕۆژە یاساكە بۆی كردۆتەوە، تاوەكو هەقەكە لەلایەك پارێزراو بێت لەلایەكی دیكە مولزەم بن بە یاسا خەرجی بكەن، بەڵام ئەوە تا ئێستا ئەو پارەیە هەر خەرج نەكراوە و لەلایەن حكومەتی عێراقی ماوەتەوە، ئێمەش بەردەوامین لە هەوڵ و پەیوەندی و كۆڵ نادەین تا ئەو هەق و مافە رەوایە بۆ جووتیانی هەرێمی كوردستان وەردەگرینەوە.
* ئایا پڕۆژە یاسای بودجەی 2020ی حكومەتی عێراقی رەوانەی پەرلەمان كراوە و بۆچی تا ئێستاكە پەسند نەكراوە و چۆن مامەڵە سەبارەت بە بودجە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكرێت؟
پێویست بوو پڕۆژە یاسای بودجەی 2020 سەرۆك وەزیران پێش ئەوەی دەست لەكار بكێشتەوە و حكومەت ببێتە كاربەرێكەر بۆ پەرلەمانی بنێرێت، هەر چەندە ئێستا لە پەرلەمان دەسەڵات دراوەتە حكومەت پڕۆژە یاساكەی بودجەی 2020 بۆ پەرلەمان بنێرێت، بەڵام دیسان باوەڕ ناكەم حكومەت پڕۆژەكە بنێرێت بۆ پەرلەمان، چونكە حكومەتەكە كاربەڕێكەرە و لە كاتێكدا حكومەتێكی دیكەش بێت، بۆی هەیە بڵێت ئەو پڕۆژە یاسایە هی من نییە و ناتوانم جێبەجێی بكەم، بۆیە ئەم حاڵەتی پەسندنەكردنی بودجەیە زۆر ئاساییە و پێشتریش ئەو حاڵەتە هەبووە و یەك لەسەر دوانزدەی بودجەكە بۆ هەرێمی كوردستان خەرج كراوە كە دەكاتە هەموو ئەو خەرجییانەی كە ساڵی رابردوو سەرف كراوە و ئەمساڵیش هەمان بەش دەبێت خەرج بكرێت، تەنیا بودجەی وەبەرهێنان ناتوانرێت خەرج بكرێت، واتە هەموو خەرجییەكی بودجەی بەگەڕخستن كە بودجەی ئاسایی پێ دەگوترێت، بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشەوە دەبێت خەرج بكرێت كە ئەمەش یاساییە، بۆیە دڵنیایی دەدەینە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە هیچ مەترسییەك لەسەر بڕینی مووچەكانیان نییە بۆ ساڵی 2020 و هەر وەك ساڵی رابردوو بەردەوام دەبێت.