ئەندازیار كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا بۆ گوڵان : دەستمان بە چاكسازی و بنیادنانی ژێرخانی كارەبا كردووە و لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا بەكردەیی ئەنجامەكەی دەبینن
January 15, 2020
دیمانەی تایبەت
وەزارەتی كارەبا یەكێكە لە وەزارەتە گرنگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و راستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیانی هاووڵاتیان و ئابووریی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، ئەم وەزارەتە هەوڵیداوە لەگەڵ زیادبوونی خواست و ژمارەی هاوبەشانی كارەبا و فراوانبوونی شار و شارۆچكەكانی كوردستان، كار و بەرهەمەكانی بەرفراوان بكات، قسەكردن لەسەر ڕەوشی كارەبا و كێشە و گرفتەكانی، لەگەڵ پلان و بەرنامە و پڕۆژەكانی وەزارەتی كارەبا و ئەو چاكسازی و گۆڕانكارییانەی لەم ماوەیەدا ئەنجام دراون، تەوەری سەرەكیی ئەم دیدارەی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ ئەندازیار كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا پێكدەهێنن .* لە ژێر رۆشنایی هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم وەزارەتەكان بەرنامەی خۆیان بۆ چوار ساڵی كاركردن ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، بەتایبەتی وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان، ئایا هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی وەزارەتی كارەبا بۆ باشكردنی خزمەتگوزاری لەم كابینەیەدا چین؟
- وەزارەتی كارەبا یەكێكە لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەیوەندی بە هاونیشتمانیان و ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستانەوە هەیە، ئەمە وێڕای ئەوەی كارەبا بە یەكێك لە سەرچاوە گرنگەكانی وزە دادەنرێت و كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئابووری و پەرەپێدانی وڵات و بەرزبوونەوەی ئاستی گەشەوە هەیە، هەرچەندە ئەم وەزارەتە لە چەند ساڵی رابردوودا لە هەموو سێكتەرەكان كاری گەورە و گرنگی ئەنجام داوە، بەڵام لە ئاكامی پێشكەوتنەكان و بەرزبوونەوەی خواست و پێداویستییەكان لەسەر كارەبا و زیادبوونی ژمارەی هاوبەشانی كارەبا بۆ(یەك ملیۆن و 574 هەزار) هاوبەش، واقیعێكی وای خوڵقاندووە كە سەرەڕای هەموو پڕۆژە و هەوڵەكانمان بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا، بەڵام ئاستی خواستی بەكارهێنەرانی كارەبا و پێشكەوتنی شارەكان و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان زیاتر و فراوانترە، هەربۆیە گرفتی كارەبا كە بە رێژەی جۆراوجۆر و بەتایبەتیش لە كاتی زستان و هاویندا دەبیندرێت، بۆ زانینی زیاتری كەرتی كارەبا و دۆخەكە پێویستە سەرەتا بە كورتی باسێكی سێكتەرەكانی كارەبا بكەین.
وەزارەتی كارەبا لە چەندین سێكتەری گرنگ پێكهاتووە كە بریتین لە سێكتەرەكانی (بەرهەمهێنان، گواستنەوە، دابەشكردن، كۆنتڕۆڵ)، ئەم بوارانە هەر هەمووی بناغەی ژێرخانی كارەبا پێكدەهێنن و رۆڵ و كاریگەرییان لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كارەبا هەیە، لەسەر راسپاردەی رێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خزمەتكردنی هاووڵاتیان لە ریزبەندی پێشەوەی كار و ئەركەكانی وەزارەت دادەنرێت، بۆیە بەردەوام كار بۆ زیادبوونی ماوەكانی پێدانی كارەبا دەكەین و چاكسازیی لەسەرجەم بوارەكانی هەیكەلی وەزارەت و رێنمایی و راسپاردەكان و چۆنێتیی بەڕێوەچوونی ئیشوكاری هاووڵاتیان دەكەین، بۆ نموونە: فەرمانی وەزاریمان دەركردووە بۆ چارەسەركردنی ئەو خانووانەی تاپۆ و هاوبەشی كارەبایان نییە، تاوەكو لەماوەی دوو مانگدا هاوبەشیان بۆ بكرێتەوە و پێوەر ببەستن، هەروەها ئەوانەشی سەرپێچیان لەسەر تۆڕەكانی كارەبا كردووە، ماوەی یەك مانگمان دانابوو تاوەكو سەردانی فەرمانگەكان بكەن بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانیان، لەلایەكی دیكەوە ئاگاداری فەرمانگە و پارێزگاكانمان كردووە لەسەری ساڵی نوێوە كارەبای بەردەوام تەنیا بۆ نەخۆشخانە حكومییەكان و پڕۆژەكانی ئاوی ستراتیژی و فڕۆكەخانە و گرتووخانەكان و فەرمانگەی جەوازات و كارتی نیشتمانی و بانكی مەڵبەندی و خاڵە سنوورییەكان دەمێنێت، هەروەها رێنماییمان دەركردووە بەوەی هەر كۆمپانیایەك كە دوو پڕۆژەی لەلا بێت، دەبێت یەكێكیان تەواو بكات، ئەوكات دەتوانێت بەشداری لە تەندەرەكان و گرێبەستی نوێ لەگەڵ وەزارەت بكات، لە بواری گواستنەوەی كارەبا و دابەشكردنیشدا چەندین پڕۆژە و كارمان دەستپێكردۆتەوە و لە ماوەیەكی كەمدا كاریگەرییەكانیان دەردەكەوێت.
* لەناو وەزارەتی كارەبادا چەندین سێكتەری گرنگ هەیە كە پێویستە بە هاوتەریب كاری لەسەر بكرێت، بەتایبەتی بواری بەرهەمهێنان و دابەشكردنی كارەبا، دەكرێت بزانین لەم بوارانەدا چی كراوە؟
- سەرەتا با لە سێكتەری بەرهەمهێنانی كارەباوە دەست پێ بكەین، تاوەكو هاووڵاتیانی بەڕێز لە رێگەی گۆڤارەكەتانەوە بزانن چ گۆڕانكاری و چاكسازییەك لە ماوەی تەنیا 100 رۆژی كاركردنی ئەم كابینەیەدا و تەنیا لە بواری بەرهەمهێناندا ئەنجام دراوە، وەك:
1- پێداچوونەوە بە گرێبەستی كۆمپانیای (MEP)ی لوبنانی، لە دوای ئەوەی گرێبەستەكەیان بە كۆتایی هات، بۆ بەكارخستنی هەردوو وێستگەی 29 مێگاواتی لە هەولێر و دهۆك، لە ئەنجامدا ئەم گۆڕانكارییە لە بەرژەوەندیی وەزارەتی كارەبا ئەنجام درا.
2- كەمكردنەوەی نرخی كڕینی هەر (یەك) مێگاوات كارەبا لە كاتژمێرێكدا لە (30 بۆ 28) دۆلار.
3- پێداچوونەوە بە قەرەبووكردنەوەی كۆمپانیا ئەگەر لەلای ئێمە سووتەمەنیی بۆ دابین نەكرا لە شوێنی 30 دۆلار، بۆ یەك مێگاوات بۆ ئەوەی ببێتە (14) دۆلار بۆ یەك مێگاوات.
4- گۆڕینی جۆری سووتەمەنی لە گازوایل بۆ نەوتی رەش كە بەهای هەریەك تەن لە 700 دۆلار دەبێتە 200 دۆلار، لێرەدا رۆژانە تەنیا لە وێستگەی هەولێر و دهۆك بڕی بەكارهێنانی سووتەمەنی لە 140 تەن × 700 دۆلار= (98.000 دۆلار)، دەبێتە (140 تەن× 200دۆلار= 28.000 دۆلار رۆژانە، بۆ هەر ساڵێك لە هەر دوو وێستگەی 29 مێگاواتی لە هەولێر و دهۆك بڕی 140.000 جاران 365= (51.100.000 ) دۆلار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە.
5- لێخۆشبوون لە قەرزی كۆمپانیاكان لەسەر حكومەت لە ئەگەری كارنەكردنی وێستگەكان لەبەر بابەتی دابیننەكردنی گازوایل بۆ ساڵانی (2014 -2015-2016-2017-2018-2019) كە بووەتە (29.821.26 دۆلار).
6- كۆتاییهێنان بە گرێبەستی كۆمپانیای سیمنسی ئەڵمانی كە بە گوژمەی (69.500.000دۆلار) واژوو كرابوو، لە بەرامبەر (5.29.000دۆلار) دواتر هەمان پڕۆژە بە گوژمەی (42 ملیۆن دۆلار) ئەنجام دەدرێت و نزیكەی 22 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی .
7- بەكارخستنی یەكەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی 150 مێگاوات كارەبا لە وێستگەی خەبات لە رێكەوتی 25/10/2019، ئێستاكەش بڕی كارەبای بەرهەمهاتوو لەم وێستگەیە بەرەو 200 مێگاوات كارەبا دەچێت.
سەبارەت بە سێكتەری دابەشكردنی كارەباش لە رووی خزمەتكرنی هاووڵاتیان و كەمكردنەوەی رۆتین و خێراكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان وەزارەتمان زۆر بەجددی دەوامی فەرمانبەرانی رێكخستۆتەوە، ئەمەش لەو هزر و بۆچوونەوە هاتووە كە خزمەتی هاووڵاتیان بكرێت و رۆتین و دواكەوتنی كار لە فەرمانگە حكوومییەكان كەم ببێتەوە، لەلایەكی دیكەوە هێڵی تەلەفۆنی سەرجەم فەرمانگەكانی چاكسازی و بەڕێوەبەرەكان لە وێب سایت و پەیجی فەرمیی وەزارەت لە فەیسبووك بڵاومان كردۆتەوە، هەر هاووڵاتییەك گرفتی كارەبای هەبێت، دەتوانێت لەو رێگەیەوە پەیوەندی بكات، ئەمە وێڕای دانانی دوو ژمارە تەلەفۆن و ئیمەیل بۆ هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی دڵنیایی جۆری و بەڕێوەبەرایەتیی بەدواداچوون و چاودێری. هەروەها لە رووی راكێشانی هێڵی كارەبا بۆ ئەو وێستگانەی تەواو بوون، هەنگاوی باشمان ناوە و بەم نزیكانە ژمارەیەك لەو وێستگانە دەكەونە كار.
* حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەی كاری 100 رۆژی رابردووی بڵاوكردەوەو تێیدا ئاماژە بە چەندین كار و پڕۆژەی وەزارەتی كارەبا كراوە، بەڵام دۆخی كارەبا لە ئەمساڵدا بەرە و باشی نەڕۆیشتووە، هۆكارەكەی چییە؟
-كێشەی كارەبا كێشەیەكی هاوبەشە لە نێوان وەزارەتەكاندا و زۆر بواری جیاجیا لەخۆ دەگرێت، ئەگەر بە هاوبەشی كار نەكرێت، ئەم گرفتە هەر دەمێنێت، بەڵام دەرئەنجام هاووڵاتیان مافی خۆیانە گلەیی لە وەزارەتی كارەبا بكەن، لەكاتێكدا زیادبوونی بەرهەمهێنانی كارەبا و باشبوونی ئەم سێكتەرە هەستیارە ئەركی وەزارەتی كارەبا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، وەزارەتی دارایی و پلاندانان و تەنانەت كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و چەندین وەزارەت و فەرمانگەی دیكەیە، بۆ نموونە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا پێویستیمان بە گاز و بودجە هەیە، بەتایبەتی بۆ بەگەڕخستنی 13 وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا كە لە توانایدا هەیە 6737 مێگاوت كارەبا بەرهەم بهێنێت، ئەمەش پێویستی بە هاوكاریی وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان و وەزارەتی دارایی هەیە، لەلایەكی دیكەوە كێشەی گەورەی كارەبا لە سێكتەری دابەشكردنی كارەبایە كە بە شێوەیەكی باش كۆنتڕۆڵ نەكراوە، ئەمەش پێویستی بە هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچییەكان و هاوكاریی وەزارەتی ناوخۆ و داد و چەندین لایەنی دیكەی وەكو وەزارەتی پەروەردە و ئەوقاف هەیە، كە بۆ هۆشیاریی هاووڵاتیان و زیادە مەسرەفی لە بەكارهێنانی كارەبا و نەهێشتنی سەرپێچیەكان پێویستی زۆرمان بە هاوكاریی ئەوان هەیە.
بەشێوەیەكی گشتی كێشەكانی كارەبا بەم شێوەیەیە:
1- ئێمە 13 وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبامان هەیە و لەتوانایاندا هەیە كە 6.737 مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنن، بەڵام تەنیا لە 2019 بەتێكڕا 3.145 مێگاوات كارەبا بەرهەم هاتووە، واتا بەرێژەی 46%، ئەویش بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە بووە.
2- كارەبای دابەشكراو بەسەر هاووڵاتیاندا بە تێكڕا 2.506 مێگاوات بووە، لەكاتێكدا بڵندترین خواست بۆ 6200 مێگاوات كارەبا بەرز بووەتەوە.
3- ئێمە تەنیا سیستەمی ڤۆڵتیەی 132 كەی ڤی مان هەیە، لە كاتێكدا كە دەبێت سیستەمی 400 كەی ڤی بەكار بهێنین بۆ گواستنەوەی كارەبا لە نێوان شارەكان و دراوسێكانی ئێمەدا.
4- چەندین وێستگەی دیكەی گۆڕینی كارەبامان هەیە لە هەرسێ پارێزگاكە لە 100% تەواو بوون، بەڵام لەبەر نەبوونی بودجە بۆ راكێشانی هێڵی گواستنەوە بەكار نەكەوتوون، لەوانە وێستگەی بازیان لە سلێمانی و ئازادی نوێ و روناكی و كەسنەزان و سۆران لە هەولێر و تل كەبەر لە زاخۆ .
5- بەرزبوونەوەی رێژەی بەفیڕۆچوونی كارەبا كە لە رووی ستانداردی جیهانییەوە لە هەموو دنیادا بە 8 تا 12% دادەنرێت، بەڵام لای ئێمە بە رێژەی 40% زیاد بووە.
ئەم كار و پڕۆژانە پێویستیان بە بودجە هەیە، پێشتر وەزارەتی كارەبا پێنج سەرچاوەی دارایی لە بەردەستدا بووە (بودجەی ئاسایی، بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاكان، بودجەی داهاتی كارەبا لە 100% و بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەت و بودجەی پترۆ دۆلار) بەڵام لە ئێستادا هەموو ئەو بودجانە، یا نەماون، یان كەم بوونەتەوە، لە لایەكی دیكەوە دەبێت هاووڵاتیانی كوردستان ئەو راستییە بزانن كە دابینكردنی بودجە بۆ بەگەڕخستنی ئەو وێستگانە لەم كاتەدا كارێكی قورسە، چونكە حكومەت دابینكردنی مووچە و باشكردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان و بەگەڕخستنەوەی زۆر پڕۆژە و بەردەوامبوونی خەرجییەكانی لەسەر شانە و چەندین وەزارەت و سێكتەری دیكەی وەكو تەندروستی و پەروەردەش هەن، كە پێویستیان بە بودجەیە.
* باس لەوە دەكرێت كە ئەگەر سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە گازوایلەوە بگۆڕدرێن بۆ غاز، ئەوا پارەیەكی زۆر بۆ حكومەت و گەنجینەی هەرێم دەگەڕێتەوە، ئایا چی كراوە بۆ ئەوەی سەرجەم وێستگەكان بۆ غازی سرووشتی بگۆڕدرێن؟
- گۆڕینی بەرهەمهێنانی كارەبا لە گازوایلەوە بۆ غاز جگە لەوەی سوودێكی گەورەی ئابووری و دارایی بۆ گەنجینەی حكومەت و پارە و داهاتی هەرێم هەیە، هاوكات لە رووی ژینگەشەوە بایەخی تایبەتی هەیە.
* باس لەوە دەكرێت كە بڕە كارەبایەك دەدرێت بە كەركووك و موسڵ و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئایا لەم بارودۆخەدا كە ماوەكانی پێدانی كارەبا كەمە، تاچەند پێدانی كارەبا بەو شار و ناوچانە كاریگەریی لەسەر دۆخی كارەبای هەرێم دەبێت؟
- زۆرجار ئەم پرسیارە دەكرێت، دیارە كەسانێك بۆ مەبەستی دیكە بەكاری دەهێنن، من حەزم كرد لە رێگەی گۆڤارەكەتانەوە ئەم روونكردنەوەیە بدەم، سەرەتا دەبێت بزانین شاری كەركووك و بەشێكی زۆری پارێزگای موسڵ ناوچەی كوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن و خەڵكی خۆمان و هەموو پێكهاتەكانی دیكەشی لێیە، هاوكات پێدانی 104 مێگاوات كارەبا بۆ كەركووك لە ئەمساڵدا لە رێگەی كۆمپانیای ماس و بە پارە و بودجەی ئەو پارێزگایە بووە و لەو یەكەی وێستگانەوە دراوە كە ئێمە ناتوانین بە هۆی بارگرانیی سەر بودجەی هەرێم سووتەمەنییان بۆ دابین بكەین و لە ئیلتزاماتی یاسایی و داراییش دەمانپارێزێت، هەروەها 300 مێگاوات كارەباش لە رێگەی هەردوو كۆمپانیای كار و قەیوان بە هەمان شێوەیە بۆ موسڵ كە بەشێكی گەورەی دەشتی نەینەواش دەگرێتەوە، هاووڵاتیانی كوردستانی لێیە و ناكرێت بێ كارەبایان بكەین و كۆچ بكەن بۆ هەرێمی كوردستان و بەتەواوەتی كورد لەو ناوچانە نەمێنن. لەلایەكی دیكەوە ئەم بڕە كارەبایەش هاوكاریی حكومەت دەكات بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو یەكانە نەداتە وەبەرهێن كە سووتەمەنیی بۆ دابین نەكردووە، هەروەها ئێمە بەرەو بەهێزبوونی پەیوەندییەكان لە نێوان هەرێم و بەغدا و دابینكردنی مووچە و بودجە دەڕۆین، ئەم پەیوەندییەش ئاساییە و دەبێت هەبێت و لە دواڕۆژدا زۆر سوودی لێ وەردەگرین، بەتایبەتی لەم دوو ساڵەی دواییدا كە موچەی هەرێمی كوردستان دەنێرن و هەمووان باس لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان دەكەن.
* وەزارەتی كارەبا مانگێكی تەرخان كردووە بۆ ئەوەی سەرپێچیكارانی سەر تۆڕەكانی كارەبا گرفت و كێشەكانیان لە رێگەی فەرمانگەكانی فرۆشتنی كارەباوە چارەسەر بكەن، ئایا تا ئێستا بەدەنگەوەهاتنی سەرپێچیكاران چۆنە و بەنیازن دوای ئەو مانگە چۆن هەڵمەتەكە دەست پێ بكەن؟
- بۆ رێكخستنەوە و چارەسەركردنی ئەو هەموو سەرپێچی و زێدەڕۆییەی كراوەتە سەر كارەبا و لە پێناو كردنەوەی هاوبەش و پێوەری كارەبا بۆ ئەو خانووانەی بە سەرپێچی دروست كراون، وەزارەتی كارەبا بە پاڵپشتی و هاوكاریی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكانی داد و شارەوانی بڕیاری دا هاوبەش و پێوەر بۆ سەرجەم هاوبەشانی بكاتەوە، بەمەش بڕە كارەبایەكی زۆر كە بە سەرپێچی راكێشراوە و پارە نەدراوە، بۆ گەنجینەی حكومەت دەگەڕێتەوە، تەنانەت بارگرانییش لەسەر تۆڕەكانی ئەو ناوچانەی سەرپێچیەكانی تێدایە كەم دەبێتەوە، لەلایەكی دیكەوە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوانەی گرفت و كێشەی كارەبایان هەیە، بۆ هاندان و پاڵپشتیكردنی نەهێشتنی سەرپێچی ماوەی مانگێكی داناوە، بۆ ئەوەی سوود لەو لێخۆشبوونە وەربگرن و بە زووترین كات چارەسەری گرفتەكانیان بكەن، بۆ ئەوانەشی كە پێوەریان نییە، ماوەكەمان تا كۆتایی ئەم مانگە درێژ كردەوە، لە دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە وەزارەتی كارەبا لە رێگەی لێژنەكانی سەرپێچیی كارەباوە كار دەكات و ئیجرائاتی توندیش ئاراستەی ئەو كەسانە دەكەین كە بە سەرپێچی كارەبایان راكێشاوە.
* زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە سەرپێچی لەسەر تۆڕەكانی كارەبا لە لایەن كەسانی دەستڕۆیشتوو ئەنجام دراوە، ئایا لەم كابینەیەدا تاچەند وەزارەت توانای لێپێچینەوەی ئەم جۆرە كەسانەی هەیە؟
- بە پاڵپشتیی رێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەس لە یاسا گەورەتر نییە و هەموو دەسەڵاتێكی پێ داوین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو كەسانەی خۆیان بە دەستڕۆیشتوو دەزانن و سەرپێچیان كردووەتە سەر موڵك و سامانی گشتی، جگە لەمە داوامان لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و ئەوقافیش كردووە كە رۆڵیان لە هوشیاركردنەوەی هاووڵاتیاندا هەبێت و دژی دزین و زێدەڕۆیی بن لە سەر تۆڕەكانی كارەبا، داوام لە كەناڵەكانی راگەیاندنیش هەیە لە هەڵمەتی سەرپێچییەكان و چارەسەركردنی گرفتەكانی كارەبا رۆڵیان هەبێت. لەلایەكی دیكەوە لە رووی بڕینی سەرپێچی و كارەبای بەردەوام لە سەر زۆر شوێن و بارەگا ئەنجامدراوە، رێنمایی توندیشمان ئاراستەی فەرمانگەكانی چاككردنەوەی كارەبا كردووە كە بە توندی سزای هەر كارمەند و بەڕێوەبەرێك دەدەین، كە رۆڵی هەبێت لە پێدانی كارەبای بەردەوام، هەروەها زۆربەی كۆمپانیاكانیشمان ئاگاداركردووەتەوە كە لە كاتی بوونی سەرپێچی و كەمتەرخەمیدا ناویان دەخەینە لیستی رەش و وەزارەت جگە لەوەی داوای یاساییان لەسەر تۆمار دەكات، هاوكات كاریشیان لەگەڵدا ناكات.
* كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لە هەموو جیهاندا رۆڵێكی گەورەیان لە پێشخستنی كەرتی كارەبا و دابەشكردنی كارەبا بەسەر هاووڵاتیاندا هەیە، ئێوە تا چەند لە بەشداریكردنی كەرتی تایبەت سەركەوتوو بوون؟
- لە سێكتەری (بەرهەمهێنان)دا توانرا بە سەركەوتوویی بەرەو كەرتی تایبەت بچین، لە ئێستاشدا پڕۆژەمان هەیە كە كەرتی تایبەت لە سێكتەری (دابەشكردن) بەشدار بێت و لە هەر پارێزگایەك 50 هەزار بۆ 100 هەزار هاوبەش وەك نموونە وەربگرێت، بۆ ئەوەی لەم كەرتەشدا بە هاوشێوەی هەموو ئەزموونە سەركەوتووەكانی دنیا بەرەو كەرتی تایبەت بچین، ئەمەش دوای ئەوەی پڕۆژەی تۆڕی زیرەكمان لە شارەكان دانا. لە لایەكی دیكەوە ئێمە پاڵپشتی و كارئاسانیی باشمان بۆ سەرجەم كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كردووە و لە بواری بەڵێندەرایەتی و جێبەجێكردنی پڕۆژە و دابینكردنی وێستگەی مۆبایل و كەرەستەدا رۆڵێكی باشیان بینیوە و بەردەوام لەژێر چاودێری و بەدواداچوونی ئێمەدان، هەر بۆیە ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا چەندین كۆمپانیای گەورەی جیهانی دەبینین كە كاری باش و سەركەوتوو ئەنجام دەدەن، لەلایەكی دیكەشەوە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە سەر رێكخستنەوە و چاوخشاندنەوە بە گرێبەستی كڕینی كارەبا ئامادەییەكی باشیان هەیە، بۆ ئەوەی كڕینی كارەبا لە سەرجەم كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا یەك بخرێن. لە سەرەتای ئەم هەفتەیەشدا كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور سەردانی كردم و وێڕای ئاڵۆزبوونی دۆخەكە و توندبوونەوەی ململانێكانی نێوان تاران و واشنتۆن، بەڵام كۆمپانیاكانی كۆریای باشوور ئامادە بوون لە هەموو ئەو پڕۆژە و كارانەی كە تایبەتن بە وەزارەتمان بەشداری بكەن.
* لە سەرەتای زستانی ئەمساڵدا كتوپڕ پەستانی غاز لە دانەغاز دروست بوو، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ دروستبوونی گرفتێكی تەكنیكی لە وێستگەی كارەبای غازی ماس و دواتر كوژانەوەی یەكەیەكی كارەبای خۆرمەڵەی كۆمپانیای كار، ئایا ئەمە رێككەوتن بوو، یان كێشەیەكی تەكنیكی و كتوپڕ بوو؟
- مەسەلەی دابینكردنی سووتەمەنی، چ غاز بێت، یان گازوایل، یا نەوتی رەش تایبەتە بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، ئێمە لەم كابینەیەدا هەماهەنگیی باشمان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان هەیە، ئەمەش یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی ئەم كابینەیە كە هەموومان وەكو یەك تیم كار دەكەین، بەڵام هەندێك جار گرفتی پەستانی غاز و گرفتی تەكنیكی لە كێڵگەكانی غاز روودەدات، یان دابینكردنی ئەو بڕە زۆرەی گازوایل تێچوون و خەرجییەكی زۆری پێویستە، لەگەڵ دانانی پێوەری زیرەك و كەمكردنەوەی لۆدی سەر تۆڕی كارەبا و هەڵكشانی خواست، ئەم كێشەیە بەرەو چارەسە دەچێت.
* زۆر باس لە گرنگیی تۆڕی زیرەك و دانانی پێوەری زیرەك دەكرێت، ئایا دەتوانین بزانین گرنگیی ئەم پڕۆژەیە چییە و قۆناغەكانی جێبەجێكردنی گەیشتۆتە كوێ و كەی تەواو دەبێت؟
- دەستپێكردنی گرێبەستی دانانی پێوەری زیرەك بۆ سەرانسەری هەرێمی كوردستان لە 1/8/2019 دەست بەكاربوون و تا رێكەوتی 30/12/2019 ژمارەی دانانی پێوەرەكان گەیشتە زیاتر لە 121هەزار پێوەر لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان، ئەم پڕۆژەیە وێڕای ئەوەی تێچوون و نرخی جێبەجێكردنی زۆر كەم كرایەوە، هاوكات لە خزمەتی هاووڵاتیاندایە و لە بەستنی پێوەرەكان و دانانی سندوقەكان هیچ بڕە پارەیەك لە هاووڵاتیان و هاوبەشانی كارەبا وەرناگیرێت و تەنانەت لەم قۆناغەشدا بە هیچ شێوەیەك نرخی كارەبا زیاد ناكەین، ئەمە وێڕای ئەوەی تۆڕی كارەبا لە هەموو سەرپێچییەكان پاگژ دەكاتەوەو هەر هاوبەشێكی كارەبا پێوەری نەبێت، لە سەنتەری داتابەیسەكەوە كارەبای پێ نادرێت، ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەكە 18 مانگە، بەڵام لە پڕۆژەیەكی وا ستراتیژیی و گەورەدا پەلە ناكەین و بە شێوەیەكی زۆر زانستی و بە كوالێتی كارەكان ئەنجام دەدەین، هاووڵاتیان و هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە ئەو راستییە دەزانن، ئەگەر نرخی كارەبا و دانانی پێوەر نەبێت مومكین نییە بتوانرێت:
1- بەشێوەیەكی دادپەروەرانە خزمەتگوزاریی كارەبا بگەیەنینە هاووڵاتیان.
2- لەوەرزەكانی زستان و هاوین كۆنتڕۆڵی سیستەمی كارەبا بكەین.
3- زێدەڕۆیی و سەرپێچیەكان بنبڕ بكەین.
4- زێدەمەسرەفی لەبەكارهێنانی كارەبا نەكرێت و رێژەی تێكچوونی محاویلە و وێستگەكان كەم بكەینەوە.
* باس لەوە دەكرێت كە لە پلان و بەرنامەی وەزارەتی كارەبادایە لەم كابینەیە زۆر بواری وەكو فەرمانگەكانی چاككردنی كارەبا و فرۆشتنی وزە بدرێتە كەرتی تایبەت، ئەو میكانیزمەی دەگیرێتەبەر بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە چییە؟
- وەكو هەموو ئەزموونە پێشكەوتووەكانی دنیا كەرتی كارەبا و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كارەبا لەلای كەرتی تایبەتە بە چاودێری توندو بەردەوامی وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەكان، ئێمە سێكتەری بەرهەمهێنانی كارەبامان داوە بە كەرتی تایبەت و بۆ گواستنەوە و دابەشكردنیش كاری جددی دەكەین، بەڵام سەرەتا دەبێت كەرتی كارەبا رێك بخرێتەوە و ئەو هەموو سەرپێچی و كەموكورتییە چارەسەر بكرێت، ئەوجا هەنگاوی دووەممان دانانی یاسا و رێنمایی تایبەتە بۆ هاتنە پێشەوەی كۆمپانیاكان لە بواری دابەشكردن و بەشێك لە گواستنەوەش.
* لایەنێكی دیكەی گرنگ لەم بارودۆخەدا كۆنتڕۆڵكردنی ئەو هەموو هاوبەش و وێستگەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو دابەشكردنی كارەبایەیە لەم بوارەدا چۆن هەموو ئەم سێكتەرانە رێك دەخەنەوە؟
- لەبەر ئەوەی 13 وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبامان هەیە و توانای 6737 مێگاوات كارەبایان هەیە 283 وێستگەی گواستنەوەی كارەبا و زیاتر لە 3200 كیلۆمەتر هێڵەكانی 132 و 1967 هێڵی 11و 33 كی ڤی و 68951 گۆڕەری كارەبا و زیاتر لە یەك ملیۆن و 574 هەزار هاوبەشی كارەبا، هەربۆیە زۆر پێویستە كۆنتڕۆڵی ناوەندی هەرێم دابمەزرێنین و هەموو كۆنتڕۆڵەكانی شارەكان ببەستینەوە بەیەكەوە و لەم رووەوە كار لەسەر پڕۆژەیەكی گەورەی ستراتیژی دەكەین كە بە (پڕۆژەی سكادا) ناودەبرێت و قۆناغەكانی بڕیوەو لەسەرەتای ساڵی نوێوە تەندەری سكادا ئیعلان دەكرێت. بەشێوەیەكی گشتی وەزارەتی كارەبا و فەرمانبەر و كرێكارو ئەندازیارەكانی ئەركێكی قورسیان لەسەر شانە، ئەویش چاكسازییە لەسەرجەم سێكتەرەكان و كاركردنە بۆ دووبارە رێكخستنەوەی بوارەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو دابەشكردن و كۆنتڕۆڵ، ئەمە وێڕای چارەسەركردنی كێشەیەكی موزمن كە سەرپێچییەكانی سەر تۆڕەكانی كارەبایە، لەم پێناوەشدا بەرنامەی كارمان پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران كردووە و بەم نزیكانە رادەگەیەندرێت و كاری دڵسۆزانە لەسەر یەكە یەكەی بڕگەكانی دەكەین، لە كۆتا جاریشدا باشكردنی خزمەتگوزاریی كارەبا دەكەینە جێگای رەزامەندیی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.