بابەكر زێباری سوپاسالاری پێشووی سوپای عێراق بۆ گوڵان: عێراق لە رووی سەربازییەوە لە بارێكی پشێویدایە و بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا زۆر هەڵە بوو
January 12, 2020
دیمانەی تایبەت
هەروەك ئاشكرایە لە ئێستادا عێراق لە بارودۆخێكی نالەباردایە و كەوتۆتە ژێری كاریگەریی ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێرانەوە، بڕیارەكەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا مەترسیی ئەوە دروست دەكات كە سیناریۆی ساڵی 2011ی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و دواتر سەرهەڵدانی داعش بێتەوەئارا، بۆ قسەكردن لەسەر كاریگەری و دەرهاویشتەكانی ئەم بڕیارە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ بابەكر زێباری سوپاسالاری پێشووی سوپای عێراق ئەنجام دا.* لە ساڵی 2011 و لە كاتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، ئەو كات كە سوپاسالاری عێراق بوویت، ئاماژەت بەوە كرد كە عێراق هەتا 10 ساڵی دیكەش پێویستی بە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا هەیە، ئەوە بوو پێشبینیەكانت راست بوون و دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا داعش خەلافەتی راگەیاند، ئێستا جارێكی دیكە پەرلەمانی عێراق لە بڕیارێكدا داوا لە حكومەت دەكات هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بچنە دەرەوە، ئایا چۆن سەیری ئەم بڕیارە دەكەیت و دەرهاویشتە خراپەكانی ئەم بریارەی پەرلەمان چین؟
- لە راستیدا ئەمە بڕیارێكی زۆر هەڵە بوو، هاوشێوەی ساڵی 2011 كە هێزەكانی ئەمریكا كشانەوە لە كاتێكدا هێشتا سوپای عێراق نۆ ساڵی مابوو لە رووی ئامادەكاری و پڕچەككردن و مەشقەوە و هێشتا پێداویستییەكانی تەواو نەكرابوو، ئەوە بوو هاوپەیمانان چەندین ملیار دۆلاریان لەو سوپایەدا خەرج كردو دواتر جێیان هێشت، سەرەنجامەكەش ئەوە بوو كە بە هاتنی داعش ئەو سوپایە بە یەكجاری لەبەریەك هەڵوەشایەوە، واتە چوار فیرقەی سوپا بە تێكڕا و بە چەكەوە لە ناوچوون، ئێستاش سوپای عێراق سوپایەكی لەبەریەك هەڵوەشاوەیە، چونكە گورزی زۆری بەركەوتووە و تەنانەت لە رووی ژمارەشەوە كێشەی هەیە، دەبوو هەر فەوجێك 750 كەس بێت، كەچی نەبۆتە 200 كەس، لە هەمان كاتدا دروستبوونی حەشدیش كاریگەرییەكی زۆر نەرێنیی لە سەر سوپا دروست كردووە، هەم لە رووی مەعنەوی و هەم لە رووی سەربازییشەوە، هێزەكانی حەشدی شەعبی لە نێو خۆیاندا یەك نین، هەروەها لەگەڵ سوپا و لەگەڵ پۆلیسی فیدڕاڵییش یەك نین، واتە هەموو ئەم هێزانە لەگەڵ یەكدی جیاوازن، رەنگە بتوانین بڵێین كە فەرماندەیی و كۆنتڕۆڵكردن لە ئارادا نەماوە. ئەمە لە روانگە سەربازییەكەوە. ئەوەی پەیوەست بێت بە لایەنە ئابوورییەكەوە ئەوا ئەگەر بێت و ئەمریكا ئابڵوقە لەسەر عێراق دابنێت، ئەوا ئەم وڵاتە ناتوانێت بەرگەی ئەم ئابڵوقەیە بگرێت، چونكە عێراق لەپاش ئەو ئابڵۆقە ئابوورییەی لە سەردەمی رژێمی سەدام لەسەری بوو، جارێكی دیكە ئەو توانا و ئیمكانیاتەی نییە كە بتوانێت رووبەڕووی ئابڵۆقەیەكی دیكەی ئابووری ببێتەوە. لایەنێكی دیكە پەیوەستە بەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێ كە ئەمە دەرئەنجامێكی زۆر نەخوازراوە. لەبەر ئەوە دەتوانم بڵێم كە ئەوانەی بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكایان دا، دەسەڵاتیان لە دەستی خۆیاندا نەبووە و ئاراستەكراو بوون.
* هێشتا مەترسیی تیرۆریستانی داعش تەواو نەبووە و ئێستا خەریكی خۆڕێكخستنەوەن، ئایا ئەگەر ئەمریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمانیی دژی داعش هاوكاری عێراق نەكەن، مەزندەتان بۆ مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش چۆن دەبێت؟
- بێگومان هەموو كات تیرۆریستان لەو ناوچە و شوێنانە سەرهەڵدەدن كە سەقامگیری و ئەمنییەتی نەبێت و لە بارودۆخێكی خراپ و شپرزەدا بێت، ئێمە دەزانین كە داعش لەناو نەچووە، واتە راستە تیرۆریستانی داعش چەندین شار و ناوچەیان لە دەستدا بوو و سەركردە و شوێنی راهێنان و مەشق و حەوانەویان هەبوو، ئێستا ئەوانەیان لەدەستچووە، بەڵام داعش ئێستا بە شێوەی پارتیزانی شەڕ لەگەڵ هاوپەیمانان و عێراق دەكات، پێشتر زۆربەی داعشەكان بیانی بوون، بەڵام ئێستا عێراقین و دەتوانن خۆیان بپارێزن و بە رۆژ كاری خۆیان بكەن و لە شەویشدا ببنەوە داعش و كەسیش نەیانناسێت، ئەمەش مەترسییەكی زۆر گەورەیە، لە لایەكی دیكەوە ئەو داعشانەی خۆیان حەشار دابوو، دێنەوە و ئێستا لە ناوچەی شنگال هەن و مەزنترین مەترسی لەوێ دروست بووە.
* بێگومان كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە كۆتایی ساڵی 2011 و پاشانیش سەرهەڵدانی داعش لە ساڵی 2014، كاریگەری لە سەر كوردستانیش هەبوو، كەوتینە شەڕێكی گەورە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش و قوربانییەكی زۆر گەورەشمان دا، بە بۆچوونی ئێوە ئایا دەبێت هەرێمی كوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە بكات و تاچەند دەتوانێت كار لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بكات، بۆ ئەوەی كوردستان سەلامەت و پارێزراو بێت؟
- هەرێمی كوردستان ئێستا زۆر مەترسیی داعشی لەسەر نییە، چونكە داعش هەرچی بكات، توانا و هێزی لەو ئاستەدا نییە، ئەمەش بەتایبەتی بە هۆی ئەو هێڵی بەرگرییەی هێزی پێشمەرگە كە لە سنوورەكاندا هەمانە، بەڵام لێرە و لەوێ دەتوانن هەندێ كاری تیرۆریستی و تەقاندنەوەی بۆمبێك، یان كردەی خۆكوژی ئەنجام بدەن. بۆ وەڵامی پرسیارەكەشتان كە هەرێمی كوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە بكات، من پێم وایە هەرێمی كوردستان بە نەرمی دەستی بە جووڵە كردووە، ئەوە بوو پەیامی جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر روون و راشكاو بوو، هەروەها پەیامی سەرۆكی هەرێم زۆر نەرم بوو، ئێمە دەزانین كوردستان نە دژی ئێرانە و نە دژی ئەمریكایە و ئێمە دۆستی هەردووكیانین، بەڵام رەنگە كێشەكە ئەوە بێت كە لایەنێك قبوڵی نەبێت ئێمە دۆستی لایەنەكەی دیكە بین، بەڵكو دەیەوێت دۆستی ئەو بین و دوژمنی لایەنەكەی دیكە بین، ئەمەش كار و داوایەكی خراپە. لەلایەكی دیكەوە تا ئێستا ئێمە وەك هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاوپەیمانان پەیوەندی و هەماهەنگیی باشمان هەیە، هاوپەیمانان بنكەیان لە هەولێر و چەندین شوێنی دیكە هەیە و كونسوڵگەریی ئەمریكا و چەندین وڵاتی دیكە لە هەولێر و هەرێمی كوردستانن، بینیمان كاتێك پرسە بۆ قاسم سولەیمانی دانرا، هەموو سەركردەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەت لەگەڵیان بەشدار بوون و هاوخەمی و پەیامیان هەبوو. بەگشتی وەك هەرێمی كوردستان ئێمە نەچووینەتە ناو ئەو كێشە و گرژی و ململانێیانەوە.
* كاردانەوەی سەرۆكی ئەمریكا لەسەر بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، جیا لەوەی هەڕەشەی ئەوە دەكات گەمارۆیەكی توند بخاتە سەر عێراق، لە هەمانكاتدا داوای وەرگرتنەوەی ئەو پارانەش دەكات كە لە بنكە سەربازییەكانی عێراق سەرفی كردووە و وەك خۆی ئاماژەی پێ دەكات بە ملیاران دۆلارە، ئایا لەم كاتەدا حكومەتی عێراق دەتوانێت خۆی بخاتە ژێر باری ئەو هەموو پارەیە؟
- ئەوەی ترەمپ دەیڵێت كە ئەگەر هێزەكانمان لە عێراق دەرچوون، دەبێت حكومەتی عێراقی یەك تریلیۆن دۆڵارمان پێ بداتەوە، مانای ئەوەیە كە ئەمریكا لە عێراق ناكشێتەوە، چونكە یەك تریلۆن دۆڵار بودجەی 12 ساڵی عێراق دەكات، ئەگەر هیچی لێ نەخوات و خەرج نەكات، عێراق ناتوانێت ئەو بڕە پارە زۆرە بە ئەمریكا بدات، بۆیە ئەو داوایەی ئەمریكا و ترەمپ تەنیا بیانووە بۆ نەكشانەوەی هێزەكانیان لە عێراقدا، لەلایەكی دیكەوە ئەگەر عێراق ئەو پارەیەش بە ئەمریكا نەدات و تەنیا ئابڵوقەی ئابووری بخرێتە سەر، ئەوە ناتوانێت بەرگەی بگرێت.
* لە ساڵی 2011 سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی و دامەزراوە ئەمنییەكانی عێراق، زۆر لە ئێستا بەهێزتر و پڕچەكتر بوون، بەڵام وەك بینمان بە یەك دوو ساڵ هەمووی لەبەر یەك هەڵوەشان، لە ئێستادا سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی و دامەزراوە ئەمنییەكانی عێراق زۆر لاوازن، هێزی سەرەكی گرووپەكانی حەشدی شەعبین، وەك فەرماندەیەكی سەربازیی شارەزا، ئەمجارە خوێندنەوەتان بۆ عێراقی دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا چۆن دەبێت؟
- پاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بارودۆخی عێراق زۆر خراپ دەبێت، لە لایەكی دیكەوە حەشد ئەو هێزە نییە كە رێكخراو بێت و مەشقی تەواوی كردبێت و شارەزا بێت، بەڵكو پێكهاتەی سەربازیی تازەن و ئەزموونیان زۆر كەمە، حەشدی شەعبی لە نێوان خۆیاندا ناكۆك و ناتەبان و پێنج شەش گرووپن و سەركردەیەكی یەكگرتوویان نییە، دواتر چۆن دەبێت هێزێك سەر بە سیستمی بەرگریی وڵاتەكە بێت و بچێت لە وڵاتەكەی خۆیدا هێرش بكاتە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتێك؟ لە بەر ئەوە پێم وایە پشێوییەكی زۆر هەیە لەم رووەوە.
* ئاشكرایە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی هاوپەیمانی كوردستان بەشداریی ئەو دانیشتنە نائاساییەی پەرلەمانی عێراقیان نەكرد كە ئەو بریارەی تێدا درا، ئەمەش لەبەر ئەوە بووە كە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان دووربینانە سەیری باردۆخەكەی كردووە و زانیویەتی هەمان سیناریۆكانی 2011 دووبارە دەبنەوە، ئایا تاچەند ئەم هەڵوێستەی هاوپەیمانیی كوردستان خزمەتی سەقامگیریی كوردستان دەكات؟
- ئەم هەڵوێستەی فراكسێۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە بەشداریی دانیشتنەكەی پەرلەمانی بەغدایان نەكرد، بۆ دەركردن و پەسندكردنی پرۆژە یاسایەك بۆ دەركردنی هێزی ئەمریكا لە عێراق، نەك تەنیا خزمەت بە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵكو خزمەت بە سەقامگیریی عێراقیش دەكات و عێراق لە كێشە و بەڵایەكی گەورە دەپارێزیت و هۆشدارییەكە بۆ سیاسەتمەندارەكانی عێراق كە هیچیان سیاسەتمەندار نین، ئەگەرنا هەرگیز بڕیاری وا دەرناكەن. بەڵام ئەگەر حوكمڕانانی عێراق بە قسەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بكەن، تووشی دۆخی خراپ و ناخۆش و نالەبار نابن، بێگومان هەر كار و بڕیارێكی خراپیش كە تووشی عێراق بێت، كاریگەریی خراپی لەسەر هەرێمی كوردستانیش دەبێت.