رۆبەرت ستێوارت بەڕێوەبەری سكووڵی سكریپس بۆ رۆژنامەگەری لە زانكۆی ئۆهایۆ بۆ گوڵان: سەرۆك ترەمپ رەخنە لە راگەیاندن دەگرێت، كە راگەیاندنیش فەرامۆشی دەكات زۆر ناڕەحەت دەبێت

رۆبەرت ستێوارت  بەڕێوەبەری سكووڵی سكریپس بۆ رۆژنامەگەری لە زانكۆی ئۆهایۆ بۆ گوڵان:  سەرۆك ترەمپ رەخنە لە راگەیاندن دەگرێت، كە راگەیاندنیش فەرامۆشی دەكات زۆر ناڕەحەت دەبێت
رۆبەرت ستێوارت بەڕێوەبەری سكووڵی سكریپسە بۆ رۆژنامەگەری لە زانكۆی ئۆهایۆ، تایبەتمەند و پسپۆڕی چەند بوارێكی گرنگی پەیوەست بە رۆژنامەگەرییە، وەك (رۆژنامەگەریی ئەلیكترۆنی، هەواڵەكانی تەلەڤزیۆن، گۆڕانكارییەكانی پەیوەست بە پەروەردەی بواری رۆژنامەگەری، رۆژنامەگەریی سەر تۆڕەكانی ئەنتەرنێت و مێژووی راگەیاندن) لە ئێستاشدا پتر جەخت لەسەر بایەخدان بە كاریگەریی تەكنەلۆژیا لەسەر كاری رۆژنامەگەری دەكاتەوە. رۆبەرت ستێوارت وەك رۆژنامەنووس و كارمەندی راگەیاندن لە چەندین كەناڵی راگەیاندن (بە بیستراو و بینراوەوە)، كاری كردووە. پێشتریش لە زانكۆی واشنتۆن وانەبێژی بواری رۆژنامەگەری بووە. لە میانەی دیمانەیەكدا گوڵان چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێكرد، كە پتر پەیوەست بوون بە ئەو دژوارییانەی كە رووبەڕووی كاری رۆژنامەگەریی تەقلیدی دەبنەوە، لەگەڵ پرسی ئەوەی كە ئایا چیتر ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە دەتوانێت ئەرك و رۆڵی چاوەڕوانكراوی خۆی ئەدا بكات، یان نا؟ لەگەڵ ئەوەی پێی دەوترێت راگەیاندن و رۆژنامەگەریی تۆڕەكانی ئەنتەرنێت و سۆشیال میدیا.
* وەك كەسێك كە باكگراوندێكی ئەكادیمی و لە هەمان كاتدا ئەزموونی مەیدانیتان لە كاركردن لە بواری رۆژنامەگەری و راگەیاندندا هەیە، تێڕوانینتان بۆ دۆخی ئێستای رۆژنامەگەری و بەتایبەتیش لە رووی ئەو ئاستەنگ و دژوارییانەی كە رووبەڕووی دەبنەوە چییە؟ ئایا لە ئێستادا گەورەترین بەربەستی بەردەم كاری رۆژنامەگەری لە چیدا بەرجەستە دەبێت؟
- پێم وایە لەم ساتەوەختەدا گەورەترین دژواری و سەختی كە رووبەڕووی كاری رۆژنامەگەری بووبێتەوە بریتیە لە پرسی پەیوەست بە متمانەی خوێنەر، یان بینەر و بیسەرە بە دەزگاكانی راگەیاندن و كاری رۆژنامەگەری. لەلایەكی دیكەوە لە ئێستادا چەندین جۆر و چەشنی رۆژنامەگەری دروست بوون و هەواڵ و بابەتەكانیان ناوەڕۆكی جیاوازییان هەیە، لە دەرئەنجامدا جۆرێك لە تەمومژ و لێڵی دروست بووە و خەڵكی بە ئاسانی نازانن كامە رۆژنامەگەریی راستەقینەیە و كامەش تەنیا جەنجاڵی و سەرقاڵكردنە و بە ئاسانی ئەم دوانەیان پێ جیا ناكرێتەوە.
* بە تێڕوانینی ئێوە چ شتێك بۆتە هۆكاری ئەوەی هێڵی جیاكەرەوەی نێوان رۆژنامەگەریی راستەقینە و رۆژنامەگەریی ساختە (ئەگەر گوزارشتەكە دروست بێت) بەم شێوەیە تێكەڵ و پێكەڵ بێت و نەتواندرێت لێك جیا بكرێنەوە؟
- لە راستیدا ئەنتەرنێت هۆكار و ئامرازێكە بۆ ئەوەی بتوانرێت هەواڵ و بابەت لەسەر تۆڕەكان بڵاو بكرێتەوە، كە لە رواڵەتدا وەك رۆژنامەگەریی راستەقینە دەردەكەون، واتە هەمان رواڵەتەكانی رۆژنامەگەرییان هەیە، ئیدی ڤیدیۆ بێت، یان دەنگ بێت، یان نووسراو، بەڵام ئەگەر لە ناوەڕۆكەكەی ورد ببیتەوە، ئەوا بۆت دەردەكەوێت كە بابەتێكی جیاوازە و هەمان كوالێتی كاری رۆژنامەگەریی نییە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە زۆر كەس ناتوانن ئەم جیاكارییە بكەن.
* ئایا ئێوە لەم روەوە ئاماژە بە چەمكی هەواڵی ساختە دەكەن (فەیك نیوز) كە بە شێوەیەكی بەربڵاو و خێرا لە نێو تۆڕەكانی سۆشیال میدیا بڵاو دەبێتەوە؟
- ئێمە دەزانین كە دەكرێت بە ئاسانی هەواڵ و بابەتی ورد و راست و دروست و لە هەمان كاتدا بابەتی ناڕاستیش لە تۆڕەكانی سۆشیال میدیا بڵاو بكرێنەوە، بەڵام مەسەلەكە ئەوەیە كاتێك خەڵكی دەبینین كە هەمان چیرۆك و هەواڵ چەندین جار دووبارە دەبنەوە، ئەوا وا دەردەكەوێت كە هەواڵ و بابەتێكی راست و دروستە، ئەگەرچی مەرج نییە لە ناوەڕۆكدا بەم شێوەیە بێت. كەواتە سۆشیال میدیا هەم دەرفەتە و هەمیش ئامرازێكە بۆ سەرقاڵكردن و جەنجاڵ كردن.
* كەواتە لە ئێستادا راگەیاندن لە كەش و رەوشێكی جیاواز و گۆڕاودا كار دەكات، ئایا پێت وایە چیتر راگەیاندنی تەقلیدی بتوانێت رۆڵ و ئەركی چاوەڕوانكراوی خۆی ئەدا بكات، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە چاودێریكردنەوە؟
- من پێم وایە ئەگەر باوەڕت بە راستی هەبێت و باوەڕت بە هێزی زانیاریی راست و دروست هەبێت، ئەوا دەگەیتە ئەو دەرئەنجامەی كە لە مەودای دووردا رۆژنامەگەریی راستەقینە بەردەوام دەبێت و دەمێنێتەوە و ئەوەشی پێی دەوترێت پروپاگەندە و زانیاریی ناڕاست ناتوانێت درێژە بكێشێت و بمێنێتەوە. چونكە خەڵكی ساختەبوونی هەواڵە ساختەكانیان بۆ دەردەكەوێت، ئەمە هاوشێوەی ئەوەیە كە ماوەیەك تۆ خواردنی شیرین دەرخواردی خەڵكی بدەیت، كە لە كۆتاییدا ئەو خەڵكە بۆیان دەردەكەوێت كە ئەمە خواردنێكی راستەقینە نییە و بەردەوامبوونیش لەسەر خواردنی شیرینی كارێكی تەندروست نییە. هەرچۆنێك بێت ئەمە ئومێدی منە.
* ئەگەر بە دیاریكراوی ئاماژە بە پەیوەندیی راگەیاندن و دەسەڵات لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكەین، ئەوا ئاشكرایە كە پەیوەندییەكی ئاسان لە نێوان سەرۆك دۆناڵد ترەمپ و رۆژنامەگەریدا نییە و دۆناڵد ترەمپ بە بەردەوامی هێرش دەكاتە سەر كەناڵەكانی راگەیاندن، تێڕوانین و لێكدانەوەی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- حاڵەتی ترەمپ لەم رووەوە جێی سەرنج و بایەخە، چونكە زۆر پشت بە رۆژنامەگەری و رۆژنامەنووسان دەبەستێت و هەمیشە بایەخ بەوە دەدات كە (نیۆیۆرك تایمز، واشنتۆن پۆست، سی ئێن ئێن) ئاماژەی پێ دەكەن و روماڵی دەكەن، واتە ئەو لە رواڵەتدا رەخنەیان لێ دەگرێت، بەڵام ئەگەر پشتگوێی بخەن، ئەوا زۆر ناڕەحەت دەبێت، چونكە ترەمپ پێی وایە هەر سەرنجراكێشانێك بەلای خۆیدا لە بەرژەوەندیی ئەودایە. بەڵام مەسەلەكە ئەوەیە كە پەیامی ترەمپ دژ بە نوخبەیە، لە كاتێكدا كەناڵەكانی راگەیاندن و رۆژنامەگەری بە چەشنی زانكۆكان وا دەخرێنە روو، وەك ئەوەی لە بەرەی نوخبەدا بن، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە رەخنە لە پەروەردەی زانكۆیش دەگرێت.
* بەڵام دەبینین هەندێ جار ترەمپ دەزگاكانی راگەیاندن بە دوژمنی ئەمریكا ناوزەد دەكات، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
- لە راستدا ئەو ئەمە بۆ بەدەستهێنان و بەدیهێنانی ئامانجێكی سیاسی دووبارە دەكاتەوە، چونكە ئەو پێی وایە ئەگەر بیەوێت سەركەوتن لە هەڵبژاردنەكاندا مسۆگەر بكات، ئەوا دەبێت پارێزگاری لەو بنكە جەماوەرییە بكات كە دڵسۆزن بۆی، كە بریتین لە یەك لەسەر سێی دەنگدەران، واتە ئەو دەیەوێت لە رێی دووپاتكردنەوەی هەمان پەیامەوە پارێزگاری لەم بنكەیە بكات.
* بە تێڕوانینی ئێوە تا چ راددەیەك بوونی راگەیاندنی ئازاد پرسێكی بنەڕەتییە بۆ چاودێریكردنی دەسەڵات و بۆ بەردەوامبوونی دیموكراسی، بەتایبەتی لە ئەمریكا؟
- لە راستیدا دوو شێواز هەن بۆ قسەكردن لە بارەی راگەیاندنی ئازادەوە، یەكەمیان ئەو راگەیاندنەیە كە تۆ لە بەرامبەردا هیچ بڕە پارەیەك نادەیت و نایكڕیت، كە لە ئێستادا ئەمە لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆتە كێشەیەكی گەورە بۆ ئەو راگەیاندنانەی دەیانەوێت لە رێی داهاتی خۆیانەوە درێژە بە كارەكانیان بدەن. دووەمیان پەیوەستە بەو راگەیاندنەی كە لەژێر دەسەڵات و دەسترۆیشتویی حكومەت و دەسەڵاتدا نیین، كە ئاشكرایە ئەوەی پێویستمانە لە ئێستادا بریتییە لە بوونی راگەیاندنێك كە بەشێك نەبێت لە سیستمی دەسەڵات، ئێمە پێویستمان بەو دەزگا راگەیاندنانە هەیە كە سەربەخۆن لە پارتە سیاسیەكان، بەڵام ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی راگەیاندن لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، ئەوا دەبینین كە لە 50 ساڵی یەكەمی دروستبوونی ئەم دەوڵەتەدا رۆژنامەكان پتر بە پارتە سیاسیەكانەوە پەیوەست بوون. كەواتە مێژووی ئێمە زۆر جیاوازەی لەوەی لە ئێستادا لە راگەیاندن و رۆژنامەگەری چاوەڕوانی دەكەین، واتە ئێمە نامانەوێت حكومەت، یان حزبە سیاسییەكان هاوكاری و پاڵپشتی دارایی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن و كاری رۆژنامەگەری دەستەبەر بكەن.
* كەواتە لە ئێستادا پێویستە چی بكرێت بۆ ئەوەی سەرەڕای ئەو تەحەددی و دژوارییانەی رووبەڕوویان بۆتەوە، راگەیاندن و رۆژنامەگەری بتوانن رۆڵی خۆیان بەدەست بهێننەوە؟
- من پێم وایە پێش هەموو شتێك دەبێت دەزگاكانی راگەیاندن هۆشیار بن لەوەی نەبنە ئامرازێك بۆ برەودان و بانگەشەكردن بۆ هەڵوێستێكی سیاسیی دیاریكراو، كە لە ئێستادا ئەمە بۆتە یەكێك لە گەورەترین تەحەددییەكان لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، بەتایبەتی كە ئێستا پرسی دادگاییكردنی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەوروژێندرێت، چونكە چەندین سەروتار دەبینین كە پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەنجامدان و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دادگاییكردنەكە دەردەبڕن. ئەمە لە كاتێكدا ئەو كەسانەی هاوسۆز و پشتیوانن بۆ سەرۆك دۆناڵد ترەمپ پێیان وایە ئەم رۆژنامانە لایەنگیری دەكەن و پارێزگاری لە بێلایەنیی خۆیان ناكەن. لەم روانگەیەوە من پێم وایە پێویستە رۆژنامەكان هۆشیار بن و كار و ئەركەكانیان چڕ بكەنەوە لە باسكردن و ئاماژەپێكردن و خستنەڕووی راستییەكان. هەرچۆنێك بێت باوەڕم وایە دووبارە بەدەستهێنانەوە، یان بنیادنانەوەی متمانە بەم دەزگا و رۆژنامانە كاتێكی زۆر دەخایەنێت، واتە بۆ رۆژگارێكی دورودرێژ دەبێت ئێمە سەرقاڵی ئەم كێشەیە بین.
Top