بەشار كیكی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: پێشنیاری پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە كە عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردنی هەبێت، یان وەك ساڵی 2018 بێت

بەشار كیكی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:  پێشنیاری پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە كە عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردنی هەبێت، یان وەك ساڵی 2018 بێت
دۆخی سیاسیی عێراق بە ئاقارێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت. گوشاری شەقام و خواستی خۆپیشاندەران لەسەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نوێنەرانی خەڵكیان لەو ئەنجومەنەدا ناچار كردووە، یاسای هەڵبژاردنی عێراق هەموار بكەنەوە. رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا پێشنیاری خۆیان بۆ گۆڕانكارییەكانی داهاتووی عێراق هەیە، وڵاتانی ناوچەكەش (بەتایبەتی ئێران) كاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەخۆیان لەسەر گۆڕانكارییەكانی عێراق دەبێت. گۆڤاری گوڵان لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ بەشار كیكی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو هاوكێشە هەستیارە و كۆمەڵێك پرسی هەنوكەیی تاوتوێ كردووە كە پەیوەندییان بە چارەنووسی سیاسی و یاسایی و داهاتووی عێراقەوە هەیە.
* یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق هەموار دەكرێتەوە، ئایا ئامانج لە هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە چییە؟
- ئامانجی سەرەكی لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژادنەكانی عێراق، داواكارییەكی خۆپیشاندەرانە تاوەكو یاساكە بە شێوە و سیستەمێك بێت كە لە ئەنجامدا دەنگدەرانی عێراق بەگشتی دڵنیا بن لەوەی كە بەپێی سیستەمی هەڵبژاردن و بەپێی ئەو رێژەیەی دادەنرێت، نوێنەری راستەقینەیان بگەنە هۆڵی پەرلەمان، چونكە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 و پێشتریش تانە و گازاندە و گلەیی و توانجی زۆر بوو لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، هەندێك سەرچاوەش ئاماژە بەوە دەكەن كە رێژەی بەشداربوونی خەڵك لە هەڵبژاردنەكەدا لە 20% زیاتر نەبووە، سكاڵای زۆریش زۆر لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە تۆمار كرا، لە ئێستادا حزب و لایەنە سیاسییەكانی شیعە دەیانەوێت یاساكە تێپەڕێندرێت، چونكە كاریگەری و فشاری خۆپیشاندەرانیان لەسەرە و ئەو خۆپیشاندانانەش زیاتر لەو شوێن و پارێزگایانەن كە شیعەنشینن، بۆیە دەیانەوێت لە رێگای تێپەڕاندنی ئەو یاسایەوە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان بدەنەوە، ئەگەرچی ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەو پەلەكردنە نین، چونكە تێبینی و سەرنجمان لەسەر چەندین ماددە و بڕگەكانی ئەو یاساو پرسە گرنگە هەیە، ئەگەرچی ئەو پڕۆژە یاسایەی لە لایەن حكومەتەوە بۆ پەرلەمان هاتووە، جێگای سەرنج و تێبینییە و بەپێی داواكاری و خواستی خۆپیشاندەران نییە و بە دڵی لایەنێكی سەرەكیی شیعەش نییە كە كوتلەی (سائیرۆن)ـە و كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات. بەڵام سیستەمی هەڵبژاردن كە لەسەر ئاستی قەزاكان بێت، دەستنیشانكردنی نوێنەری راستەقینەی خەڵكی عێراق دەخاتە ژێر مەترسییەوە. بۆیە ئێمە وەك كورد دەمانەوێت یاسایەك بۆ هەڵبژاردنەكان لە عێراق هەبێت كە بە یەكسانی و دادپەروەری خزمەتی هەموو عێراق بكات، هەر بۆیە لەگەڵ ئەوەین كە هەموو عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، تاوەكو ئەوەی دەبێتە پەرلەمانتار، نوێنەری راستەقینەی هەموو عێراقییەكان بێت، بەڵام بەداخەوە هەندێك كەس كە باسی كوردیان دەكرد، دەیانگوت: كورد تەنیا خەریكی بەرژەوەندیی خۆیەتی و بەرژەوەندیی عێراق ئەولەوییەتی كورد نییە، ئەگەرچی ئێمە بۆیانمان سەلماند، ئەوەی كە پێشنیاری كردووە عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، تەنیا كورد بووە و لەناو كوردیشدا زیاتر پارتی دیموكراتی كوردستانە كە داكۆكی لە یەك بازنەی هەڵبژاردن بۆ عێراق دەكات. لە راستیدا زۆربەی حزبەكان متمانەی جەماوەریان تا ئاستێكی زۆر لەدەست داوە، هەر بۆیە ئەو لایەن و حزبانە مەترسیی ئەوەیان لا دروست بووە، كە ناتوانن بە شێوەی تاكەكەسی دەنگ بێنن و سەربكەون بۆ پەرلەمان، ئەگەر لیستی حزبی نەبێت، بەوەش هەموو ئەو حزب و لایەنانەی شیعە كە ئێستا لە دەسەڵاتدان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا تووشی دۆڕانێكی زۆر گەورە دەبن.
* گرنگترینی ئەو بڕگانەی لە یاسای هەڵبژاردنەكان هەموار دەكرێنەوە كامانەن و تاچەند كاریگەری لەسەر كیانە سیاسییەكان دروست دەكات؟
- ماددەی (15)یە كە باسی سیستمی هەڵبژاردن دەكات، هەروەها ماددەی (16) كە باس لە كۆتا بۆ ئافرەتان و چۆنیەتی گەیشتنیان بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات، هەر بۆیە ئەو دوو ماددەیە زۆر گرنگن، چونكە دەبنە ماددەی سەرەكی بۆ ئایندەی پرۆسەی سیاسی و دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن لە عێراقدا و بەپێی ئەو هەمواركردنەی لە یاسای هەڵبژاردنەكان دەكرێت، ئەو حزب و ئەو لایەنانەی كە ئێستا دەسەڵاتدارن و لەو شوێنانەی كە شیعەنشینن و زۆرینەن، گۆڕانكاری زۆریان بەسەردا دێت، چونكە كاتێك ماددەی 15 و 16 هەموار بكرێنەوە، ئەوا هەڵبژاردن بە شێوەی تاكەكەسی و فرەبازنەیی و لەسەر ئاستی قەزاكان دەبێت، لە ئەنجامی ئەوەش ئەو حزبانەی كە جێگای ناڕازیبوونی خەڵكن لەسەر ئاستی عێراق و بەتایبەتی لەو ناوچانەی زۆربەیان شیعەنشینن، ئەوانە تووشی دۆڕانێكی گەورە دەبن. كوردیش بەشێكە لەو پرۆسە سیاسییە، بۆیە جەختمان لەوە كردووەتەوە كە نابێت لە پەسندكردن و تێپەڕاندنی یاساكەدا پەلە بكرێت، ئەگەرچی كوتلەی سائیرون زۆر پێداگری دەكەن، بەڵام سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر ئەو ماددانەی ناكۆكی لەسەرەو هەموو یاساكە بەگشتی دانیشتنەكەی بۆ رۆژی چوارشەممە (18/12/2019) دواخست، چونكە هەر دوو ماددەی( 15و16 ) باسی دوو تەوەری سەرەكیی هەڵبژاردن دەكەن، كە ماددەی 15 لەسەر شێوە و سیستەمی هەڵبژاردنە و چوار پێشنیار لەخۆ دەگرێت، پێشنیارەكانیش وەك یەك نین. بۆ نموونە ئێمە وەك كوردو پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن لە عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت ئەگەر بەم شێوەیە نەبوو، ئەوا لانیكەم وەك ساڵی 2018بمێنێتەوە، بەڵام لایەنی دیكە هەیە لەگەڵ ئەوەن بە رێژەی 100% بێت و لەسەر ئاستی پارێزگاكان بێت، لایەنی دیكەش هەن كە دەڵێن با رێژەی نەبێت و ئەوانە دەربچن كە زۆرترین دەنگ دەهێنن، هاوكات پێشنیاری سیستەمی فرەبازنەیی و لیستی تاكەكەسی لەسەر ئاستی قەزاكان هەیە، كە ئەم شێوە هەڵبژاردنە كێشەی گەورەی هەیە، چونكە چەندین قەزا لە عێراقدا هەن كە تا ئێستا سنووری ئیدارەكانیان دیار نییە. هەروەها ئەگەر هەڵبژاردن لەسەر ئاستی قەزا و دانیشتووانی قەزاكە بێت، ئەوا هەندێك قەزا هەن كە ژمارەی دانیشتووانیان ناگاتە 100هەزار كەس، لەو كاتەدا دەبێت ئەو قەزایە بخرێتە سەر قەزایەكی دیكە كە بەمەش هەقی خەڵكی ئەو قەزایە دەخورێت. هەروەها ئەگەر هەڵبژاردن لەسەر ئاستی قەزاكان بێت، پەرلەمانتار دەبێتە نوێنەری قەزاكەی خۆی و نابێتە نوێنەری هەموو خەڵكی عێراق، ئەگەرچی بەپێی دەستوور ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت نوێنەرایەتیی هەموو خەڵكی عێراق بكەن، نەك نوێنەرایەتیی یەك شار، یان ناوچەیەك، بە قسەی هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بێت، لەكاتێكدا سیستەمی فرەبازنەیی لەسەر ئاستی قەزاكان پیادە بكرێت، لە هەندێ شوێن شەڕی چەكداری روودەدات، چونكە قەزاكان ئیدارەی بچووكن و خەڵكەكە زۆربەیان یەكتر دەناسن و لەكاتی دەرچوونی كاندیدەكاندا جگە لە كێبڕكێ لەوانەیە كێشە و پشێویی چاوەڕواننەكراو دروست دەبێت لەلایەن عەشائیر و پێكهاتەكانیەوە، هاوكات لەسەر ئاستی ناوچە كێشە لەسەرەكان فرەبازنەیی و ئاستی قەزاكان كاریگەری نەرێنی هەیە، چونكە سنووری ئیدارەی قەزاكانی ناوچەی ماددەی 140 تا ئێستاش كێشەیان هەیە و یەكلا نەكراونەتەوە كە هەندێك لە سنووری قەزاكان سەر بە هەرێمی كوردستانە و بەشێك لە سنوورەكانیش سەر بە پارێزگاكانی عێراقن. لەلایەكی دیكەوە تا ئێستا دۆخی ناوچە دابڕێنەراوەكانی هەرێمی كوردستان ئاسایی نەكراونەتەوە و ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی ئاوارەن و ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچە و قەزاكانی خۆیان بۆ ئەوەی لە دەنگدان بەشداری بكەن.
* باس لەوەدەكرێت ئەو هەمواركردنەوەی یاسایی هەڵبژاردنەكانی عێراق زیان لە كیانە سیاسییە بچووكەكان دەدات، لەو بارەیەوە راتان چییە؟
- بۆیە زیان بە كیانە سیاسییە بچووكەكان دەكەوێت، لەبەر ئەوەی ئەو كیانە بچووكانە ناتوانن لەسەر ئاستی فرەبازنەیی و قەزاكان دەنگ كۆبكەنەوە و ناتوانن یەك كورسیی پەرلەمانیش بەدەست بێنن، چونكە جەماوەرو دەنگەكانیان پەرش و بڵاوە، تەنانەت هەندێ لایەن و حزبی گەورەش هەن لەسەر ئاستی هەڵبژاردنی قەزاكان ئەو جەماوەرەیان نییە كە تەنانەت یەك كورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنن.
* ئایا مەبەستی حزبە گەورەكانی شیعە لە جێبەجێكردنی سیستەمی فرەبازنەیی لەسەر ئاستی قەزاكان بۆ ئەوەیە كە هەندێك لە حزبەكان بەتایبەتی كیانە بچووكەكان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا رۆڵیان نەمێنێت؟
- نەخێر، مەبەست ئەوە نییە و حزبە گەورەكانی شیعە لەگەڵ سیستەمی فرەبازنەیی و قەزاكان نین، تەنیا سائیرون كە موقتەدا سەدر سەركردایەتی دەكات سیستەمی فرەبازنەیی قەزاكانیان دەوێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە گوایە داواكاریی خۆپیشاندەرانە، بەڵام سیستەمی فرەبازنەیی و لە ئاستی قەزاكان زیاتر زیان بە حزبە شیعەكان دەگەیەنێت، لەبەر ئەوەی ئەوان لەژێر كاریگەری و فشاری خۆپیشاندەرانن، بەتایبەتی ئەو لایەن و حزبە شیعیەیانەی كە ئێستا لە دەسەڵاتن.
* ئایا ئەگەری ئەوە هەیە لە دواقۆناغدا ئەو پرۆژە یاسایەی هەڵبژاردنەكانی عێراق هەر تێپەڕێندرێت؟
- بەڵێ، ئێمە پێشبینی دەكەین ئەو یاسایەی هەڵبژاردنی عێراق تێپەڕێندرێت و پەسند بكرێت، چونكە بە شێوەیەكی گشتی فشاری شەقام و خۆپیشاندەران لەسەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە و لەناو خودی پەرلەمانیش فشاری هەندێ لایەن لەسەر پەرلەمان و پەرلەمانتارن هەیە، بەتایبەتی كوتلەی سائیرون فشاری زۆر دروست دەكەن بۆ تێپەڕاندنی یاساكە، تاوەكو خۆیان وانیشان بدەن كە ئەوان لە هەموو كەس و لایەنی دیكە زیاتر لەگەڵ داواكاری خۆپیشاندەرانن، لەلایەكی دیكەوە كە تەماشای پێشنیاری un دەكەین، ئەوانیش خوازیارن ئەم سیستەمی سیاسییەی ئێستای عێراق بگۆڕێت، تاوەكو ئەو حزبە سیاسییە تەقلیدییانەی ئەمڕۆی عێراق و ئەو كارەكتەرە سیاسییانەی ئێستا گۆڕانكارییان تێدا بكرێت و بگۆڕێن بە سیستەمی سیاسی و كارەكتەری تازە.
* ئایا دەرئەنجامی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان لەسەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق بەگشتی و پرۆسەی سیاسی كوردو هەرێمی كوردستان بەتایبەتی چی دەبێت؟
- لە كاتێكدا كە ئەو یاسای هەڵبژاردنەی عێراق بەو شێوەیە تێپەڕێت كە سیستەمی فرەبازنەیی بێت لەسەر ئاستی قەزاكان، ئەوە كورد لە ناوچە كێشە لە سەرەكان زیان دەكات و لە هەندێ شوێن و ناوچەدا كورسیی پەرلەمانی لەدەست دەدەین. هەروەها ئەركی كورد وەك هەرێمی كوردستان لە داهاتووی پرۆسەیی سیاسیی عێراقدا قورستر دەبێت، چونكە نازانین كامە كارەكتەری نوێ دێنەپێش و لە پێكهێنانی حكومەتدا بەشدار دەبن. لە لایەكی دیكەوە ئەو كەس و كارەكتەرانەی ئێستا لە دەسەڵاتدان تا ئاستێك لە كورد و ماف و داواكارییەكانی كوردستان تێدەگەن و دەزانن پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە چ شێوازێك بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە دوای هەڵبژاردنی داهاتوودا بەپێی ئەو یاسا تازەیەی كە لە هەلبژاردندا پەیڕو دەكرێت، ئەو كەس و كارەكتەرانەی ئێستا لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا نامێننن، یان دەسەڵات و كاریگەرییان لاواز دەبێت، لە هەمانكاتدا ئەگەر پرۆژە یاسایەی هەڵبژاردن هەموار كرا و تێپەڕی، ئێمەی كوردكە لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە كۆی 329 پەرلەمانتار تەنیا 58 پەرلەمانتارین، ناتوانین رێگری لە تێپەڕبوونی یاساكە بكەین و ئەو یاساییە بێگومان تێپەڕدەبێت و حزبە سیاسیەكانی كوردستانیش بەشێوەیەكی گشتی كاریگەریان نابێت. لە لایەكی دیكەوە لەو خۆپیشاندانانە هەندێك دروشمیان جێگای سەرنج و نەمانی متمانەیە بە وانەی لەمەودوا دێنە ناو پرۆسەی سیاسی كە داوا دەكەن ناوی هەرێمی كوردستان نەمێنێت، بەڵكو وەك پارێزگاكان مامەلەمان لەگەڵ بكرێت و داوای گۆڕین و هەمواركردنەوەی دەستوور دەكەن، ئەمەش مەترسییەكی گەورە لەسەر ماف و دەستكەوتەكانی كوردو كوردستان دروست دەكات. لە راستیدا كێشەی هەڵبژاردنمان لە عێراقدا نییە، كێشەكە ئەوەیە كە تا ئێستا حكومەت و ئیدارەیەكی باش لە عێراق دروست نەبووە كە زامنی چارەسەری كێشەكان بكات.
Top