دكتۆر محەمەد شاكر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: خۆپیشاندەران دەیانەوێت ئەو حزبە سیاسییانەی دەسەڵاتدان، هیچ رۆڵێكیان لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی نەمێنێت

دكتۆر محەمەد شاكر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:  خۆپیشاندەران دەیانەوێت ئەو حزبە سیاسییانەی  دەسەڵاتدان، هیچ رۆڵێكیان لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی نەمێنێت
جۆری هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی عێراق لە پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتەدا رۆڵێكی سەرەكی دەبینێت، بەتایبەتی لە ئێستادا كە دۆخی سیاسیی عێراق بە ئاقارێكی زۆر هەستیاردا تێپەڕ دەبێت. گوشاری شەقام و خواستی خۆپیشاندەرانیش پەرلەمانی ناچار كردووە، یاسای هەڵبژاردنی عێراق هەموار بكاتەوە. گۆڤاری گوڵان لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دكتۆر محەمەد شاكر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو هاوكێشە هەستیارە و كۆمەڵێك پرسی هەنوكەیی تاوتوێ كردووە كە پەیوەندییان بە چارەنووسی سیاسی و یاسایی و داهاتووی عێراقەوە هەیە.
* یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق هەموار دەكرێتەوە، ئایا ئامانج لە هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە چییە؟
- هەمواركردنەوەی یاساكان بە شێوەیەكی گشتی ئاساییە لەو كاتەدا كە هەست بە كەلێنێك، یان كۆسپ و كێشەیەك لە یاساكە دەكرێت، بەڵام ئەو یاسایانەی ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێدەپەڕێندرێن لەژێر فشاری خۆپیشاندەرانە، لەوانە: یاسای خانەنشینی، هەرچەندە ئەو یاسای خانەنشینییە هەموار كرایەوە، بەڵام لە ئایندەیەكی نزیكدا دەبینین هەمواركردنەوەكە چەندین كەلێن و كۆسپ و كێشەی تێدایە، هاوكات هەمواركرنەوەی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیش هەر داواكاری شەقام و خۆپیشاندەران بوو، تاوەكو ئەندام و دادوەر و قازییەكان بگۆڕدرێن بە كەسانی بێلایەن، ئێمەش لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بووین، هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش یەكێكە لەو یاسایانەی كە داواكاریی خۆپیشاندەرانە، چونكە خۆپیشاندەران دەڵێن هەندێك لە ئەندام پەرلەمانەكانی سەر بە حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە ساختەكاری دەنگیان هێناوە و بوونەتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، لە هەقیقەتیشدا لە هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2018ی عێراق ساختەكاری كراوە، بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان هەر ئالیەتێك ببێتە زامنی ئەوەی كە هەڵبژاردنەكان زیاتر شەفاف و دادپەروەرانە و دەنگی راستەقینەی خەڵك بێت، لەگەڵی دەبێت، لە هەمواركردنەوەی یاسای كۆمیسیۆن و گۆڕینی ئەندام و دادوەرەكانیشی 100% لەگەڵی بووین. پێشنیاری خۆپیشاندەران و هەندێ كوتلەی سیاسی ئەوەیە كە هەڵبژاردن بە سیستەمی فرەبازنەیی بێت لەسەر ئاستی قەزاكان كە ئەمە لە ماددەی (15)دا پێشنیار كراوە و زۆرترین ناكۆكیشی لەسەرە، چونكە كوتلە و حزبە سیاسییەكانی دیكەی عێراق و ئێمەی كورد لە بارەی سیستەمی هەڵبژاردنەكان پێشنیاری باشتر و سەركەوتووترمان بۆ پرۆسەی سیاسیی عێراق هەیە. ئەو یاسایەش لەچەند رۆژی رابردوو لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرا، بەڵام لەبەر ناكۆكی لەسەر چەند ماددەیەك لەوانە ماددەی (9 و 15 و 16 و 40 و 41 و42 ) بەتایبەتی ماددەی 15 و 16 كە ناكۆكیی زۆریان لەسەرە، دەنگدانەكە دواخرا. لە لایەكی دیكەوە بە تێڕوانینی خۆپیشاندەران و شەقامی عێراقی، دەبێت ئەو حزبە سیاسییانەی ئێستا لە دەسەڵاتدان، هیچ رۆڵێكیان لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسیی عێراقدا نەمێنێت، بۆ ئەمەش دەبێت یاسایەك بێتەدی كە سیستەم و شێوازەكەی زامنی داواكاری و دەنگی راستەقینەی خەڵك بێت، بۆ مسۆگەركردنی ئەمەش دەبێت پرۆسەی هەڵبژاردن شەفاف و داپەروەرانە و یەكسان بێت و ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان و كورد بەگشتی تێبینی و سەرنجمان لەسەر سیستەمی فرەبازنەیی و ئاستی قەزاكان هەیە و بە باشی نابینین، هەروەها هەر لەماددەی 15دا پێشنیاری دیكە هەیە، یەكێك لەوانە كە لەلایەن حكومەتەوە پڕۆژە یاساكەمان بۆ هاتووە، دەڵێت: با خۆكاندیدكردن بۆ هەڵبژاردن 50%ی لە لیستی حزبی و 50%یشی لە لیستی تاكەكەسی بێت، ئەوانەی زۆرترین دەنگ دەهێنن و لەسەر ئاستی پارێزگا بێت، هاوكات پێشنیارێكی دیكە هەیە دەڵێت لەسەر ئاستی قەزا و فرەبازنەیی بێت، كە هەر قەزایەك لە 100 هەزار دەنگدەر یەك نوێنەری هەڵبژێردراوی هەبێت و ئەو كەسانەش كە خۆیان كاندید دەكەن، نابێت لە لیستی حزبی بن، بەڵكو دەبێت لیستی تاكەكەسی بن. ئەم شێواز و سیستەمەی سەر ئاستی قەزا كێشە زۆری لەسەرە و یەكێك لە كێشەكان ئەوەیە ژمارە و سنووری ئیدارەی زۆر لە قەزاكان یەكلا نەكراونەتەوە، ئەوەتا لە كۆمیسیۆن دەڵێن: 163 قەزا لە عێراق هەیە و وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەلێت ژمارەی قەزاكان لە عێراق 120 قەزایە و لەخودی پارێزگاكان هەر یەكەی ژماریەك لەسەر قەزاكان دەدەن و سنووری چەندین قەزا بەتایبەتی ناوچە كێشە لەسەرەكان دیاری نەكراوە و قەزا هەیە بەشێكی لەسەر هەرێمی كوردستانە و بەشێكیان كەوتوونەتە سنووری پارێزگای دیكە و قەزامان هەیە 40 هەزار دەنگدەری هەیە و قەزاش هەیە 700 هەزار دەنگدەریان هەیە و شێوازی قەزاكان بەوجۆرەیە لە كاتێكدا قەزایەك لە 100 هەزار دەنگدەری كەمتر بوو، ئەوە دەخرێتە سەر قەزایەكی دیكە كە دەنگەكانیان لە 100 هەزارو پتر بێت، ئینجا بازنەی هەڵبژاردنەكە دیاری دەكرێت، ئەمەش زۆر ئاڵۆزە تاوەكو بتوانرێت ئەو سەرژمێری و جیاكارییە ئەنجام بدرێت. لەلایەكی دیكەوە ئەگەر شێوازی هەڵبژاردنی فرەبازنەیی لەسەر ئاستی قەزاو تاكەسی بێت، حزب و كیانە سیاسییەكان دەتوانن كار لەسەر دەنگدەران بكەن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و دەنگی خەڵك بكڕن، چونكە سنووری قەزا بچووكە و خەڵكەكەی زیاتر یەكتر دەناسن و رۆڵی عەشائیرەكانیش بە تەواوی تێیدا زق دەبێتەوە. پێشنیارێك هەیە بەوەی كە سیستەمی هەڵبژاردن هەروەك ساڵی 2018 بێت، كە سیستەمی سانتیگۆ بوو (لەسەر ئاستی پارێزگا)، هەروەها پێشنیارێكی دیكە هەیە، كە دەڵێت با هەموو عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، ئێمە وەك كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەو سیستەم و شێوازی هەڵبژاردنەین كە بەم شێوازە دەتوانرێت لە بەسرا بۆ هەولێر دەنگ بدرێت و بەپێچەوانەشەوە كە ئەمەیان 100% لەگەڵ دەستووریش یەك دەگرێتەوە، چونكە ئەو كاتە دەتوانین بڵێین ئێمە نوێنەری هەموو خەڵكی عێراقین و هەرێمی كوردستان و كاندیدەكانی لەم سیستەمی یەك بازنەیی عێراقە سوودمەند دەبن. لە هەڵبژاردنەكانی دیكە زوڵمێكی زۆر لە خەڵكی هەرێمی كوردستان كراوە، چونكە رێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە رێژەی بەشداربووانی عێراق زۆر بەرزتر بووە، لە هەندێ پارێزگای عێراق رێژەی بەشداربوو لە هەڵبژاردن 15% بووە، بەڵام پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان رێژەی بەشداری لە دەنگدان 50% و 60% و زیاتر بووە بۆیە هیچ كوتلە و حزب و كیانێكی سیاسیی عێراقی لەگەڵ ئەو پێشنیار و شێوازەی هەڵبژاردن نین، چونكە ئەو حزبانەی عێراق دەزانن رێژەی بەشداربووی خەڵكی هەرێمی كوردستان زۆرە و لەوان زیاترە، ئەگەر بە یاسایی و دەستووری بڕیار لەسەر شێوازو سیستەمی هەڵبژاردنەكان لە عێراق بدرێت، ئەوە سیستەمی هەڵبژاردنی یەك بازنەی بۆ هەموو عێراق لەهەموو شێوازێك گونجاو باشترو سەركەوتووتر و شەفافترو دادپەروەرانەترە و دەنگی راستەقینەی خەڵكی عێراقیش دەبێت، ئەگەرچی ئێمە دڵنیاین كوتلە و فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان جگە لە فراكسیۆنە كوردەكان ئەو شێوازە هەڵنابژێرن و دەنگی لەسەر نادەن كە عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت.
* گرنگترینی ئەو ماددەو بڕگانەی لە یاسای هەڵبژاردنەكان هەموار دەكرێنەوە كامانەن و تاچەند كاریگەری لەسەر كیانە سیاسییەكان دروست دەكات؟
- ماددەی 15 یەكێكە لەو ماددانەی كە زۆر ناكۆكی لەسەرەو چارەنووسسازە، چونكە لەو ماددەیەدا دەستنیشانی سیستەمی هەڵبژاردن كراوە، كە چوار پێشنیار لەخۆ دەگرێت. یەكەم: سیستەمی سانتیگۆیە لەسەر ئاستی پارێزگاكان كە 1.7 و 1.9 بێت كە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ی لەسەر ئەنجام دراوە. دووەم: سیستەمی فرەبازنەیی و لیستی تاكەكەسی لەسەر ئاستی قەزاكان كە ئەم خال و بڕگەو پێشنیارە ناكۆكی زۆری لەسەرە، كە خۆپیشاندەران و هەندێ لایەنی سیاسی داوای دەكەن. سێیەم: لەلایەن حكومەتەوە كە پرۆژە یاساكە هاتۆتە پەرلەمان ئەو پێشنیاركراوە كە ژمارەی پەرلەمانتاران یان كورسییەكان لە 329 كورسی كەم بكرێتەوە بۆ 250 كورسی، كە ئەمەش بەپێچەوانەی دەستوورە، چونكە بەپێی دوا سەرژمێری و زانیاری عێراق 32ملیۆن كەسە كە هەر 100 هەزار كەس نوێنەرێكی لەپەرلەمان دەبێت، لەگەڵ ژمارەی كۆتاكان دەبێتە 329 كورسیی پەرلەمان و بەشی زۆری حزب و لایەنە سیاسییەكانیش لەگەڵ ئەوەن كە ژمارەی كورسیی پەرلەمانی هەر وەك خۆی واتە 329 كورسی بمێنێت. لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان ماددەكانی(9و15و16و40و41و42) و هەموو ماددەكان دەنگیان لەسەر دراوە، تەنیا ئەو ماددانە نەبێت كە ناكۆكییان لەسەرە و ماددەی 9 كە ناكۆكی لەسەرە، دەڵێت ئەو كەسانەی پۆستیان هەبووە لە سەرۆك كۆمار و جێگرەكانی تا دەگاتە پارێزگار و سەرۆكی دەستە و جێگرەكانی و بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكارەكان تا دوو ساڵ بەسەر وازهێنانیان لە پۆستەكانیان رەت نەبێت، نابێت خۆیان بۆ پەرلەمان كاندید بكەن، چونكە ئەو پۆستانە دەتوانن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ماڵ و دارایی گشتی بەكار بێنن و دەنگی زۆر و مسۆگەر كۆبكەنەوە، هەر وەك ئەوەمان لە مالیكی و عەبادی دیت. ئەم پێشنیارە لە واقیعدا راستە، بەڵام لە لایەنی دەستووری پێچەوانەیە، چونكە دەستوور دەڵێت هەموو كەسێك هەقی خۆیەتی خۆی كاندید بكات. ماددەی 40 ئاماژە بە ئاوارە و ئەو خەڵكانە دەكات كە لە دەرەوەی وڵاتن بەوەی چۆن دەنگ بدەن و ئیجرائاتەكانیان لەسەر زۆر و توند كراوە، هەر بۆیە ئەمەش ناكۆی لەسەرە و ماددەی 41 كە باس لە وردبینی بۆ لیستی تۆماری دەنگدەران دەكات، ئەمەش بەهەمان شێوە لەنێوان كیانە سیاسی و حزب و ئەندامانی پەرلەمان كێشەو ناكۆكی لەسەرە، بۆ نموونە كە لە كەركووك و چەندین شوێن و ناوچەی دیكە، كێشەمان ئەوەیە كە بە چ جۆرو ئالیەتێك دەتوانرێت وردبینییەكی تەواو شەفاف ئەنجام بدرێت
* باس لەوە دەكرێت هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق زیان لە كیانە سیاسییە بچووكەكان دەدات، ئەوە تا چەند راستە؟
- بێگومان لەكاتێكدا هەمواری یاساكە بەو شێوازە بێت كە هەڵبژاردن بە شێوازی فرەبازنەیی و تاكەكەسی لەسەر ئاستی قەزا بێت، ئەوا كیانە سیاسییە بچووكەكان زیان دەكەن، چونكە لە كاتێكدا لەسەر ئاستی پارێزگایەكی وەك هەولێر دوو كورسی بێنن، ئەوە لە سیستەمە فرەبازنەیی و قەزاكەدا هەردوو كورسی لەدەست دەدەن، چونكە ئەو كیانە بچووكانە جەماوەرو دەنگەكانیان پەرش و بڵاوە و رێكخراو نییە، هەر بۆیە ئەو كیانە بچووكانە پێشنیاری خۆیان هەیە كە دەڵێن با لیستی فەردی بێت، لەسەر ئاستی پارێزگا.
* ئایا ئەگەری ئەوە هەیە ئەو یاسای هەڵبژاردنەی عێراق كە بۆ هەمواركردنەوە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە تێپەڕێت؟
- بەڵێ پێموایە پرۆژە یاساكە عێراق تێدەپەڕێت و پەسند دەكرێت، چونكە ئەوەی من دیتم و لێی ئاگادارم لەناو هەلی پەرلەمانی عێراق ئەندام پەرلەمانە عەرەبەكان بەتایبەتی شیعەكان لەژێر فشارن و ئاماژە بەوە دەكەن ئەوە داواكاریی مەرجەعییەتە و هەر دەبێت پەسند بكرێت. هەوڵیشیان دا هەر رۆژی چوارشەممە 11/12/2019 یاساكە كە پڕیەتی لە كۆسپ و كەلێن و ناكۆكی تێیپەڕێنن، بەڵام لێژنەی یاسایی پەرلەمان رازی نەبوون و رایانگەیاند كە یاساكە بەتەواوی ئامادە نەكراوە و چەندین ماددە و بڕگە كێشە و ناكۆكی لەسەرە و پێویستی بە كاتی زیاترە بۆ بەدواداچوون و وردبینی و چارەسەری ناكۆكییەكان، سەرەڕای ئەوە لایەنە شیعەكان لەنێوان خۆشیاندا لەسەر چەندین ماددە لە یاساكە ناكۆكییان هەیە.
* ئایا هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان لەسەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق بەگشتی و پرۆسەی سیاسی كوردو هەرێمی كوردستان بەتایبەتی چ دەرئەنجامێكی دەبێت؟
- ئەگەر یاساكە لەسەر سیستەمی فرەبازنەیی و ئاستی قەزا تێپەڕێت، ئەوە ئێمە وەك كوردو پارتی هەر چەندە داوای بازنەی پارێزگا و یەك بازنەیی عێراق دەكەین، بەڵام دەنگی خۆمان بە هەمان شێوەی پێشوو دەهێنین و بۆی هەیە زیاتریش بێنین و گۆڕان و یەكێتیش بە قەبارەی خۆیان دەنگ دەهێنن. بەڵام كوتلەی سائیرون زۆر بە ئاشكرا داكۆكی لە سەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان دەكات، بەتایبەتی بۆ سیستەمی فرەبازنەیی و تاكەكەسی لەسەر ئاستی قەزا، چونكە بەپێی هەندێ لێكۆلینەوە، دەڵێن سائیرون كە ئێستا 54تا55 كورسیی پەرلەمانی هەیە، بەپێی هەمواركردنەوەی یاساكە ئەمجارە دوو بەرامبەر دەنگەكانیان زیاد دەكات و ژمارەی كورسیەكانیان دەگاتە 100 كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەم سیستەمە (un)یش پاڵپشتی دەكات و باس لەوە دەكرێت كە موقتەدا سەدر لە ئەمریكا نزیكە، هەر چەندە ماوە ماوە هاتوچۆی ئێران دەكات و دەچێتە قوم، ئەمەش بۆی هەیە گەمەیەكی نێوان موقتەدا و ئێران و ئەمریكا بێت.
* ئایا هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق خۆئامادەكردنە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەری كێشە و بارودۆخی عێراق دەكات؟
- بێگومان یەكێك لە مەبەستەكانیان لە هەمواركردنەی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، چونكە لەسەرەتادا كە مەرجەعییەت و خۆپیشاندەران داوایان كرد، یاسای كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و ئەندام و دادوەر و قازییەكان بگۆڕن، لەپاشان خۆپیشاندەران داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەیان كرد، ئەو كارو هەمواركردنەوانەی لە یاسای كۆمیسێۆن و یاسایی هەڵبژاردنەكان بۆ ئەوەیە كە ئامادەكاری بكەن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە و داواكاری خۆپیشاندەرانیش ئەوەیە كە جێگرەوەی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی لە دوای شەش مانگ بۆ یەك ساڵ بەردەوام بێت و لەو ماوەیەدا كۆمسیۆن كار و ئامادەكاری خۆی بكات، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
Top