دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ گوڵان: هاووڵاتی و خزمەتگوزارییەكانی كراوەتە چەقی ئامانج و مەبەستەكانی حوكمڕانی

دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرەو  سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ گوڵان:  هاووڵاتی و خزمەتگوزارییەكانی كراوەتە چەقی ئامانج و مەبەستەكانی حوكمڕانی
هەڵسەنگاندنی 100 رۆژی كاركردنی حكومەت گرنگییەكی تایبەتی لەخۆدەگرێت، چونكە دەكرێت وەكو سەرەتا و نەخشەڕێگایەكی كاركردنی حوكمڕانی سەیری بكرێت، بەتایبەتی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو هەنگاو و قۆناغانەی لەچوارچێوەی كارنامەی كابینەكە و هێڵە گشتییەكانی حكومەت هەنگاوی بۆ نراوە، بۆ قسەكردن لەسەر بابەتە ئەم دیدارەمان لەگەڵ دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەئەنجومەنی وەزیران ساز كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.
* دوای تێپەڕبوونی 100 رۆژ بەسەر كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، وەكو سەرۆكی فەرمانگەیەكی گرنگی ئەنجومەنی وەزیران كە ئەویش فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونە، چ خوێندنەوەیەكتان بۆ هێڵەگشتییەكان و بۆ كاری كرداری و پراكتیكیی كابینەكە هەیە؟
- بەرنامە و كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای هێڵە گشتییەكان داڕێژدراوە، ئەو هێڵە گشتییانەی كە چەندین بواری گرنگ و تەوەری هەستیار لەخۆدەگرێت، وەكو: پرسی (چاكسازی، خزمەتگوزاری، ئابووری و دارایی و كارگێڕی، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراق، پەیوەندییەكانی هەرێم لەسەر ئاستی هەرێم و نێودەوڵەتی، ئازادی و دیموكراسیەت و پێكەوەژیان و چەندین بواری دیكەی پەیوەندیدار، هەر لەم چوارچێوەیەدا پێویست بەوە دەكات رۆبچینە ناو هەموو وردەكارییەكانی ئەم بوارانەی ژیانەوە، بۆ نموونە، لەسەر ئاستی چاكسازی كە بوارێكی فرەڕەهەندە و مەبەست لێی پێشخستن و پەرەپێدانی بوارەكانی دەوڵەت و دامەزراوەكانێتی، وەكو هەمووانیش دەزانن، هەمیشە دەوڵەت و دامەزراوەكانی پێویستیان بە پەرەپێدان و پێشخستن هەیە، ئەم پێشخستنەش لە هەرێمی كوردستان دەكرێت لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازییەكی سەرتاسەریی بێت و رەچاوی هەموو ئەو گۆڕانكارییانە بكرێت كە لەسەر ئاستی نێوخۆو عێراق و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش دروست بووە. بەشێوەیەكی گشتی راوبۆچوونێكی گشتی و تێگەیشتنی خەڵك بۆ مەسەلەی حوكمڕانی لە كوردستان لەسەر ئەو بنەمایەیە كە وا ئەركی سەرشانی حكومەتە چاكسازی بكات، ئەم بۆچوونەش لەسەر ئاستی لوتكە و باڵاترین دەسەڵاتدا تا ئاستی هاووڵاتییەكی ئاسایی بوونی هەیە و هەمووان باسی چاكسازی دەكەن و تینووی جێبەجێكردنی ئەو پرۆسە گرنگەن، لەم روانگەیەوە چاكسازی بووەتە بەشێكی گرنگی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دوای ئەوەی كوردستان رووبەڕووی گەمارۆی ئابووری و بڕینی بودجە بووەوە و پێویست بوو هەنگاوەكانی چاكسازی دەستی پێ بكرێت، بەتایبەتی لە خەرجییە گشتیەكاندا، لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا لەسەر چاكسازی لەخەرجی گشتی بەردەوامین كە بەشێوەیەك بێت ئەم خەرجییانە سوودیان هەبێت بۆ هاووڵاتی لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری.
* مەبەستتان لەسەر بونیاتنانی ژێرخانی ئابووری كوردستان چییە؟ ئایا لەمبارەیەوە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە چ كارێك بكات؟
- كاتێك باسی 100 رۆژ دەكەین، پەیوەستە بە قۆناغی خۆئامادەكردن هەژماری بكەین بۆ جێبەجێكردنی هێڵە گشتییەكان لەهەموو ئاستێكی رێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكان تاوەكو رێكخستنەوەی وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم، بە شێوازێك بگونجێت كە لەگەڵ ئامانجە نوێیەكانی حكومەت یەك بگرێتەوە، لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی رابردوودا توانیوێتی كۆمەڵێك كۆبوونەوەی گرنگ و جددی ئەنجام بدات، لەسەر ئەوە پرسانەی پەیوەندیدارن بەجێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتی هەرێم، قۆناغی 100 رۆژەی كاری حكومەت زۆر گرنگ بوو بۆ قۆناغی داهاتوو، چونكە لەماوەی 17 هەفتەی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك دەستكەوتی گرنگ بەدەستهاتووە، لەو ماوەیەدا ئەنجومەنی وەزیران 17 كۆبوونەوەی گرنگ و جددی ئەنجام داوەو لەهەر كۆبوونەوەیەكدا كۆمەڵێك پرس و تەوەرو بابەت تاوتوێ كراون و گفتوگۆی لەسەر كراوەو بڕیار و فەرمانی گرنگیشی بۆ دەرچووەو جێبەجێ كراون، كە رۆڵی گرنگیان لە حوكمڕانی و بونیاتنانی سیاسەتی گشتی هەیە، ئەوەتا وەزارەتەكان كارنامەی خۆیان هەیە لەچوارچێوەی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی حكومەتدا، لە (رێكخستنەوەی پرسی گشتی، دووبارە رێكخستنەوەی پڕۆژەكان، ریزبەندی لە ئەنجامدانی پرۆژەكان و تادوایی)، هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەكانن و هاووڵاتی و خزمەتگوزارییەكانی كراوەتە ئامانج و چەق و مەبەستی كابینەكە، هەروەكو چۆن لەچوارچێوەی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی حكومەتدا جێگای بۆ كراوەتەوە، بۆ نموونە: ئێمە لە بواری پڕۆژەكاندا پڕۆژەی گرنگ و پڕۆژەی گرنگترمان هەیە، لەم حاڵەتەشدا لەنێوان دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی وەكو وەزارەتی دارایی و پلاندانان و لەگەڵ فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بە هەمووان كارمان لەسەر چەند خاڵێك كردووە، لەوانە:
1. ریزبەندی بدرێتە پڕۆژەكان.
2. یارمەتیی هەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی بدرێت.
لەلایەكی دیكەوە چەندین بواری دیكە كاری جددی و گرنگی لەسەر كراوەو هاووڵاتیانی كوردستانیش هەستیان بەو جووڵەیەی بازاڕ و ئابووری و خزمەتگوزارییەكان كردووە، بەتایبەتی لەبەگەڕخستنەوەی پڕۆژەكان و دووبارە جووڵانی كارەكان، ئەمانە هەمووی كۆمەڵێك كارەو كاری لەسەر كراوە .
* كەواتە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری سەرەكی و پڕۆژەكانی لەسەر بنەمای هاووڵاتیان و گەیاندنی خزمەتگوزاری بەوان داڕشتووە، تاچەند لەمەدا توانراوە بەسەر كۆت و بەربەستەكاندا زاڵ بن و كابینەی نۆیەم حكومەتی خەڵك بێت؟
- دەستپێكردنەوەی جووڵەی بازاڕو خزمەتگوزارییەكان بەڵگەیەكی روون و ئاشكرایە بەوەی ئەم كابینەیە لەسەر رێچكەی خۆی دەڕوات، ئەویش خزمەتكردنی هاووڵاتیانە، ئەمە وێڕای ئەوەی لە چەندین بواردا ئەو پڕۆژانەی پەیوەستن بە خزمەتگوزاریی هاووڵاتیانەوە دەست بەكاركردن لەسەریان كراوەو لەچەندین بواردا دەبینرێن، گرنگترین حاڵەت كە لەم كابینەیەدا دەبیندرێت ئەوەیە چۆن بتوانین بیرۆكراسیەت و رۆتین لەناو دامودەزگاكانی حكومەتدا كەم بكەینەوە و هاووڵاتیان كە سەردانی دامودەزگاكانی حكومەت دەكەن، هەست بەوە بكەن ئەو دامەزراوانە بۆ خزمەتی ئەوان دانراون، هەر لەم چوارچێوەیەدا پرسی رێكخستنەوەی دەوامی فەرمانبەران جێبەجێ كرا، حیكمەتی دەوامی 8 تاكو 3ی دوای نیوەڕۆ لەوەدا نەبوو فەرمانبەر لەو ماوە زۆرەدا كار بكات، بەڵكو حیكمەتەكەی لەوەدا بوو لە 8 تاكو 3ی دوای نیوەڕۆ دامودەزگا و فەرمانگەكانی حكومەت لەخزمەتی هاووڵاتیاندا بن و ئەو زنجیرە بیروكراسیەتەی لەناو دامودەزگاكانی وەزارەتەكان هەیە، بوونیان هەبێت، بەڵام نەك بەو مانایەی ئاستەنگ و بەربەست دروست بكات لەبەدرەم هاووڵاتیاندا، بەڵكو بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان بێت، بۆ نموونە: كاتێك هاووڵاتییەك سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی دەكات و پێویستی بە واژووی بەڕێوەبەرێك، یان فەرمانبەرێك هەیە لەو دامودەزگایە، بەو بیانووەی بەڕێوەبەری گشتی لەكۆبوونەوەدایە، یان دەرچووە، یان مۆڵەتی وەرگرتووە و لەدوام نییە، ئیتر كاری هاووڵاتییەكە پەك دەخرێت و رادەگیرێت و دەبێت رۆژی دواتر سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكە بكاتەوە، ئەم حاڵەتە رەنگە بۆ هاووڵاتیەكی ناو شار ناخۆش بێت، بەڵام بۆ هاووڵاتیەكی پارێزگایەكی دیكەو قەزاو ناحیەكی دوورەدەست كارەساتەو مامەڵەیەكی زۆر خراپ و نامەعقوولە، لەبەر ئەوەی پۆست و شوێنێك بەتاڵە ئیتر كارەكانی هاووڵاتیان نابێت جێبەجێ بكرێت، لەم 100 رۆژەی كاركردنی حكومەتدا هەموو ئەم گرفت و كێشانەی رۆتین و بیرۆكراتیەت گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو هەریەك لە ئێمە لەكاتی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی و جێبەجێكردنی مامەڵەیەكدا بەروونی هەستی پێ دەكات، حیكمەت لە كۆبوونەوەی یەكەمی ژمارە (1)ی ئەنجومەنی وەزیران بە دووبارە رێكخستنەوەی دەوامی فەرمی خزمەتكردنی هاووڵاتیانی كوردستان بوو، بەوەی فەرمانگەو دامودەزگاو وەزارەتەكان بەلانیكەم رۆژانە 7 كاتژمێر خزمەتی هاووڵاتیان بكەن، ئەمەش كاریگەری لەسەر ئەدای وەزارەتەكان دەبێت كە باشتر بوون، خاڵی گرنگی ئەم پرسە لەوەدایە ئەگەر هاتوو هێڵێكی گرنگ لەگەڵ هاووڵاتیان دەكەیتەوە لەسەرچەندین ئاست و پرسی گرنگ پەیوەندییەكی راستەوخۆ هەیە، یەكەمیان لەسەر ئاستی وەزارەتەكان تا ئاستی جەنابی وەزیر راستەوخۆ پەیوەندییان هەیە لە رێگەی دانانی ژمارەی تەلەفۆن و ئیمەیل و سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكان پەیوەندی راستەوخۆیان بە هاووڵاتیانەوە هەیە، تەنانەت فەرمان دراوە هەموو وەزارەتەكان بە شێوەیەك لە شێوەكان سكاڵای هاووڵاتیان بە شێوەی جۆراوجۆر وەربگرن و لە رووی رۆتین و خێرابەڕێكردنی كارەكانیان هەنگاوی جددی بنێن، هەروەها لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیرانیش پەیوەندیی راستەوخۆمان لەگەڵ هاووڵاتیان هەیە كە لەناوخۆی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بەشی سكاڵامان هەیە و لە فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونیش بەشی سكاڵا هەیە، هەروەها بەشی سكاڵای ئۆنلاین-مان هەیە و هاووڵاتیان دەتوانن لە شوێنی خۆیان بە مۆبایلی زیرەك، یان لە رێگەی ئامێری كۆمپیۆتەرەكەیەوە سكاڵاكانی خۆیان بگەیەننە دەستمان، ئەمەجگە لە بوونی ژمارە تەلەفۆن و واتساب، واتا لەكاتی دەوامی فەرمیدا هاووڵاتیان دەتوانن راستەوخۆ پەیوەندی بكەن و لەدوای دەوامیش سكاڵاكانیان بنێرن تاوەكو دواتر وەڵامیان بدرێتەوە، ئەمە هەمووی وایكردووە ئەگەر لەسەر ئاستی هەموو وەزارەتەكان سەیری بكەیت رۆژانە بەسەدان داواكاریی هاووڵاتیان لەچوارچێوەی داواكاریی و سكاڵاو گازندەو پێشنیاری جۆراوجۆر دەگاتە وەزارەتەكان و داوامان لێكردوون كاری جددی لەسەر بكەن. ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان راستەوخۆ بەشداربن لەدروستكردنی سیاسەتی گشتی و جێبەجێكردنیشی، ئەمەش لەچوارچێوەی ژمارەیەك بازنەدا دێت كە بەدەوری چەقێكدا دەسووڕێنەوە، ئەویش هاووڵاتیانی كوردستانن، چونكە لەپاڵ ئەركی پاراستنی هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان هەر هاووڵاتیە ئامانجی سەرەكی پرۆسەی حوكمڕانییە .
* خاڵێكی گرنگی گوتارەكەی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە هەنگاوەكانی دووبارە رێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكان بوو، تاچەند ئەم تەوەرە گرنگە بۆ باشتركردنی دۆخی ئابووری و دارایی هەرێمی كوردستان؟
- وەكو دەزانن بەشێكی سەرەكیی داهاتی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی مووچە دەڕوات و مووچەش لەكاتی خۆیدا دەدرێت، بەشەكەی دیكەی خەرجییەكان تایبەتە بە پڕۆژەكان، لە حاڵی حازردا لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان لێژنەیەكی هاوبەش هەیە و پێكهاتووە لەئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانان، ئەم لێژنەیە زۆر گرنگە چونكە جۆرێك لە رێكخستنەوەی خەرجییەكان كاری لەسەر كراوە، هاوكات داهاتی ناوخۆیی هەمووی دەخرێتەوە ناو گەنجینەی گشتی و دواجار لە گەنجینەی گشتی بەپێی ئەو دەسەڵاتەی بە وەزیری دارایی دراوەو بەپێی ئەو پێداویستی و بڕگانەی كە پێویستە بەسەر وەزارەتەكاندا خەرج بكرێت، ئەمە قۆناغێكی راگوزەر لەهەرێمی كوردستان و بارودۆخی هەرێمی كوردستان وادەخوازێت ئەو رێكخستنەوەیە لەداهات و خەرجییەكان بكرێت، ئەمەش بەرچاوڕوونیمان پێ دەدات لەمەڕ داهات و خەرجییەكان و چۆنیەتی خەرجكردنی و رێگاگرتن لەبەهەدەردانی داهاتەكانمان. هەروەها ئێستا خۆمان ئامادە دەكەین بۆ یاسای بودجە، چونكە لەدوای ساڵی 2013 وە ئەو كاتەی بەغدا مووچە و بودجەی هەرێمی بڕی، دیدگایەكی روونمان نەبووە، كە داهاتمان چەندە و تا ئێستاش دیار نییە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق چەند دەبێت، تا یاسای بودجەی عێراق لە پەرلەمان پەسەند نەكرێت و نەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەو كات یاسای بودجە دادەنێین، چونكە هەموو رەفتارە داراییەكانی هەرێمی كوردستان رێك دەخات لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران تاوەكو بچووكترین فەرمانگەی حكومەت و ئەمەش وادەكات هەموو بوارەكانی خەرجی و شێوازی خەرجكردن ئاشكرا بێت و رۆڵێكی زیاتر بەدیوانی چاودێری دارایی دەدات بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوازێكی باشتر بەدواداچوونی خەرجییەكان بكەین، نەبوونی یاسای بودجەی هەرێم بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێم و حاڵەتێكی لەناكاو بووە، ئێستا دەتوانین بەشێوەیەكی باشتر لەسەر ئاستی وەزارەتی دارایی و وەزارەتەكانی دیكە خۆمان ئامادە بكەین بۆ ئەوەی یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2020 دابنرێت و لەسەر ئەم یاسایە كارەكانی خۆمان رێكبخەین، ئەمەش هەمووی لەچوارچێوەی ئەو شەفافییەتەدا دێت كە لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر دەكاتەوە، چونكە دەرئەنجام بوونی بودجە شەفافییەت بە كاروبارەكانی حكومەت و چۆنیەتی خەرجكردنی داهاتەكانی دەدات و بە شێوەیەكی راستترو زانستییانەتر مامەڵە لەگەڵ پرسە جۆراوجۆرەكان دەكەین.
* جێبەجێكردنی پڕۆژەو خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرانسەری هەرێم و شاروشارۆچكەكاندا یەكێكە لە سیاسەتە گشتییەكانی حكومەت، ئایا لەماوەی ئەو 100 رۆژەدا تاچەند دادپەروەرانە ئەم خاڵە گرنگە جێبەجێ كراوە؟
- یەكێك لە گرنگترین ستراتیژییەكانی حكومەت هاوسەنگی بووە لەگەشەپێدان، بنەمایەكی سەرەكی ئەم هاوسەنگییە خزمەتگوزارییەكانی تایبەت بە هاووڵاتیانە بۆ ئەوەی هاووڵاتی لە بچووكترین یەكەی ئیداری خزمەتگوزارییەكانی بگاتەدەست، بۆ نموونە هاووڵاتیەك پێویست بەوە ناكات لە شاری سۆرانەوە بێتە هەولێر بۆ دەركردنی پاسەپۆرتێك، راستە ئەمە لەدەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدراڵییە، بەڵام پێویست بوو بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ ئەم خزمەتگوزارییە فیدڕاڵییانەش بگەیەنینە هاووڵاتیانی كوردستان و كار بۆ هەموو خزمەتگوزارییەكانی دیكەش بكەین و رێگە نەدەین لەناوەندی شارەكان كۆبكرێنەوە، واتا كارێكی وا بكەین هاووڵاتیان لە بچووكترین یەكەی ئیداری بتوانن لەسەر ئاستی هەموو خزمەتگوزارییەكان سوودمەند بن، دەرئەنجام چەمكی بۆچوونی ئێمە لەگەیاندنی خزمەتگوزارییەكان دەبێت جۆرێك هاوسەنگی هەبێت لەگەشەپێدان و خەرجییەكان تەنیا لەناو شارەكان نەبێت و گرنگی بەقەزاو ناحیە و گوندەكانیش بدرێت و هاووڵاتیان بە دادپەروەری و یەكسانی لە خزمەتگوزاری بەشدار بن، تاوەكو كۆچكردن بوەستێنین و كۆچی پێچەوانە ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی كە ئێمە مەبەستمانە گرنگی بدەینە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی، واتا دەستی كارو هێزی مرۆیی لەو ناوچانەوە چیتر بەرەو شارەكان كۆچ نەكەن، ئەمە جێبەجێكردنی نامەركەزییەتە لە ئیداری و مەبەستمانە كە دەسەڵاتەكان شۆربكرێتەوە بۆ ئاستی ئیداریی خوارەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەتەواوەتی داواكاری و خزمەتگوزارییە گشتییەكان لەو شوێنانە بگەیەنینە دەستی هاووڵاتیان .
* لەبواری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراق كە تا راددەیەكی باش هەنگاوی گرنگ نراوەو لەماوەی رابردوودا زامنی مووچەو بەشێك لە شایستە داراییەكانی هەرێم كرا، ئایا لەم 100 رۆژەی رابردوودا لەم بوارەدا چی كراوە؟
- مەنهەجیەتی پەیوەندیكردن لەگەڵ عێراقدا زۆر گرنگە؛ ئێستا لەقۆناغی ئەوەداین ئەو پەیوەندییە لەسەر بنەمای هونەری و تەكنیكی رێكبخەینەوە، راستە لەسەر ئاستی سیاسی یەكەمین سەردانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لەبەر ئەوە بوو نییەتی باشی حكومەتی هەرێمی كوردستان بگەیەنێتە بەغدا و سەلماندی كە حكومەت و گەلی كوردستان دەیانەوێت لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ حكومەتی عێراق هەڵبدەنەوە، و دەبێت لەبەغداش ئیرادە هەبێت بۆ ئەوەی گرفتەكان چارەسەر بكرێت و بتوانین بەدیالۆگ و گفتوگۆ لەچوارچێوەی بەرژەوەندییە گشتییەكانی عێراق و گەلی كوردستاندا هەردوو لا بەشێوەی زانستی و هونەری چارەسەری هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان بكەن و خەڵكی پسپۆڕو شارەزاو هونەری دیراسەتی هەموو ئەو بوارانەو پرسانە بكەن و رێگەی چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە، خۆشبەختانە لە پەیوەندیی نێوان هەموو وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتەكانی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە لێكتێگەیشتن و هەماهەنگییەكی باش هەیە، هەموو ئەم پەیوەندییانە لەچوارچێوەی ئەنجومەنی وەزیرانە، چونكە دواجار ئەنجومەنی وەزیران لەپرسە سیاسی و كێشە هەڵپەسێردراوەكان نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان دەكات، هەروەها لە پرسەكانی سیاسەتی گشتیی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پرسە سیاسی و چارەنووسسازەكانیش سەرۆكایەتسی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان پاڵپشتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، كە بتوانن لەقۆناغی داهاتوو كارەكانی خۆیان بكەن، بۆیە كە باسی ئەوە دەكەین دەبێت تەركیز لەسەر خاڵێكی گرنگ بكەین، ئەویش ئەوەیە چۆن كێشەكان چارەسەر بكەین بە جۆرێك كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و دواتر لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی عێراق بێت و جۆرێك لە سەقامگیری و ئارامی هەبێت و تەنانەت ریفۆرم لەپرۆسەی سیاسیی عێراق بێتەدی، ئەم جۆرە پەیوەندییە گرنگ بوو لەسەر هەموو ئاستەكان، بەتایبەتی لەئاستی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەیزران و پەیوەندیشمان لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەپەرلەمانی عێراق كە لەقۆناغی رابردوو كاری گرنگی لەسەر كراوەو دەرئەنجامەكەشی پەیوەستە بە پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستان و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و ئەو قۆناغە هەستیارەی كە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت و چۆن دەتوانن كاری لەسەر بكەین.
Top