لەیلا عەبدولجەبار پەرلەمانتار لە لیستی فراكسیۆنی پارتی بۆ گوڵان: چاكسازی پرسێكی نیشتمانییەو پەیوەندی بە ژیانی هەموو هاووڵاتیانەوە هەیە و ئیرادەیەكی بەهێزیشی لەپشتە
December 22, 2019
دیمانەی تایبەت
چاوەڕوان دەكرێت پڕۆژە یاسای چاكسازی لەم خولەی پەرلەماندا پەسەند بكرێت، چاكسازی لەچوارچێوەی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا گرنگییەكی زۆری پێ دراوە و بە ستراتیژیەتی یەكێك لە كارەكانی بەرنامەی ئەم كابینەیە دادەنرێت، هەربۆیە وا چاوەڕوان دەكرێت ئەم پڕۆژە یاسایە ببێتە پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری نەك تەنیا بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان، بەڵكو بۆ هەموو هاووڵاتیانی كوردستان، بۆ قسەكردن لەسەر پڕۆژە یاسای چاكسازی چەند پرسیارێكمان ئاراستەی لەیلا عەبدولجەبار پەرلەمانتار لە لیستی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان كرد و بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتەئاخافتن.پارتی دیموكراتی كوردستان لەو روانگەیەوە كە هەڵقوڵاوی خواست و ویستەكانی هاووڵاتیانە و كار بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانی كوردستانیان دەكات، بە گرنگییەوە دەڕوانێتە تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای چاكسازی
* دوای ئەوەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای چاكسازی پەسەندكرد و لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، ئێوەی پەرلەمانتارانی لیستی فراكسیۆنی پارتی چۆن دەڕواننە ئەم پڕۆژەیە؟
- پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی لە ئەنجومەنی وەزیران و ناردنی بۆ پەرلەمان لە ئەولەوییەتی بەرنامەو كاری پارتی دیموكراتی كوردستان بووە كە پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری و چاكسازییە بۆ هاووڵاتیانی كوردستان، حكومەت و پەرلەمانیش دوو دامەزراوەی گرنگی هەرێمی كوردستانن و ئامانجی هەرە گەورە و لە پێشینەشیان خزمەتكردنی هاووڵاتیانە، هەربۆیە دەبێت پشتیوانی یەكتر بن بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێشكەشی هاووڵاتیانی كوردستان بكەن، ئامادەكردنی ئەم جۆرە پڕۆژە یاسایانەش دەیسلەمێنێت كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەخەمی خەڵك و جێبەجێكردنی داخوازی و داواكاریی هاووڵاتیاندایە، چونكە چاكسازی و باشتركردنی ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و دۆزینەوەی هەلی كارو دادپەروەری خواستی خەڵكە، وابزانم سەرجەم حزبە كورستانییەكانی دیكەش لە بانگەشەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانیاندا باسی چاكسازی و دادپەروەریی و یەكسانیان كردووە، هەربۆیە واچاوەڕوان دەكرێت زۆربەی هەرە زۆری پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمان دەنگ بەم پڕۆژە یاسا گرنگە بدەن، چونكە پڕۆژەكە فرەڕەهەندە و مۆركێكی نیشتمانی هەڵگرتووە و چەندین بواری وەكو چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان لەخۆدەگرێت.
* كەواتە واچاوەڕوان دەكرێت دوای خوێندنەوەو ئامادەكردنی راپۆرت لەسەری پڕۆژە یاسایەكە پەسەند بكرێت، ئەمەش دوای ئەوەی بە كۆی دەنگی 85 پەرلەمانتار خەسڵەتی بەپەلە بە پڕۆژە یاساكە درا؟
- بەشێوەیەكی گشتی پرۆسەی چاكسازی پڕۆژە و خواستی هەموو هاووڵاتیانی كوردستانە، هەموو هاووڵاتیانی كوردستان خواست و داواكاری چاكسازی و دادپەروەری و یەكسانیان هەیە، پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەو روانگەیەوە كە هەڵقوڵاوی خواست و ویستەكانی هاووڵاتیانە و كار بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانی كوردستانیان دەكات، هەر بۆیە بەگرنگیەوە دەڕوانێتە تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای چاكسازی ئەویش پێش كۆتاییهاتنی ئەم وەرزەی كاری پەرلەمان و هاتنی پشووی زستانەی پەرلەمان.. وابزانم پارتە كوردستانیەكانی دیكەی ناو پەرلەمانیش بەهەمان شێوە دەڕواننە پڕۆژە یاساكە، لەم روانگەیەوە دوای خوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژەكە و ناردنی بۆ لێژنە پەیوەندیدارەكانی ناو پەرلەمان لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە وا چاوەڕوان دەكرێت پڕۆژە یاسای چاكسازی لە پەرلەمان پەسەند بكرێت.
* ئەم پڕۆژە یاسایە جگە لەوەی كاروباری حكومەت رێك دەخات و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی تێدایە، دەكرێت وردەكاریی زیاتری ناو پڕۆژە یاساكە بۆ خوێنەرانی گۆڤارەكەمان روون بكەیتەوە؟
- پڕۆژە یاسای چاكسازی جگە لە رێكخستنەوەی كاروباری حكومەت و گەڕانەوەی بڕە پارەیەكی زۆر بۆ گەنجینەی حكومەت، جێبەجێكردنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتییە لە پێدانی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و خانەنشینی و بەخشینەكان و هەموو ئیمتیازەكانی دیكە، هەموومان دەزانین لەم هەرێمەدا بەچەندین یاسای جۆراوجۆر فەرمانبەران و پێشمەرگە خانەنشین كراون، كەسانێك هەن بەبێ هیچ یاسایەك و بە نایاسایی خانەنشین كراون، بەگشتی هەموو ئەو پارانەی بە نایاسایی دراون، بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە كەسانێك هەن بێ ئەوەی رۆژێك لە وەزیفەی گشتیدا بووبن و بەبێ ئەوەی بەشداریی كارایان لەپێش ساڵی 1991 لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان كردبێت، بەپلەی بەرز خانەنشین كراون، هەڵبەتە بە رێز و تەقدیرەوە و بەپێی پرەنسیپ و پێوەری نوێ مووچە بۆ هەموو ئەوانە دادەنرێت كە بەشدارییان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان هەبووە، بەڵام ئەوانەی بەنایاسایی خانەنشین كراون، یان مووچەو پلەیان بۆ بڕاوەتەوە و بەخشینیان پێ دەدرێت و دوو مووچەیان هەیە، چاوخشاندنەوە بە هەموو ئەوانەدا دەكرێت، هەروەها كەلێنی نێوان مووچە بەرزەكان و موچە نزمەكانیش رێك دەخرێنەوە و جۆرێك لە دادپەروەریی لەنێوانیاندا رەچاو دەكرێت، لەمەشدا رەچاوی خزمەتی وەزیفی و تەمەن و بڕوانامە و ئیمتیازاتی دیكەش دەكرێت، لەلایەكی دیكەوە مەبەستمانە لەم پڕۆژە یاسایەدا ئەوەیە كە ئەو خانەنشینانەی مووچەیەكی زۆر كەم وەردەگرن، مووچەكانیان بە شێوەیەك زیاد بكرێت كە لانیكەم لەگەڵ باری بژێوی ژیان و پێداویستیە سەرەكییەكانیان بگونجێت، هەروەها یاساكە باسی مووچەی ماڵباتی شەهیدان و ئیمتیازاتی تێدایە، هاوكات باسی دوو مووچەی تێدایە كە دەبێت یەكلا بكرێتەوە و مووچەیەك وەربگیرێت، هەروەها باسی كەمئەندامەكان و مووچە كەمەكانی فەرمانبەران و خانەنشینانیشی تێدایە و هەموو ئەوانەشی تێدایە كە شایستەی مووچەی كەمئەندام نین و بە رێگای جیاجیا ئەو مووچەیەیان وەرگرتووە.
* ئایا پڕۆژە یاساكە مووچە و دەرماڵەو ئیمتیازەكانی پەرلەمانتاران و وەزیرو پلەتایبەتەكانیش رێك دەخاتەوە؟
- بەڵێ، لە پڕۆژە یاساكەدا سەرجەم مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتاران و وەزیر و پلە تایبەت و باڵاكان رێكخراوەتەوە و ئاماژەی پێ كراوە و چەندین پێوەر و پرەنسیپ دانراون بۆ ئەم بوارانە بەتایبەتی ساڵی خزمەت و بڕوانامە، هەروەها بۆ خانەنشینكردنیشیان چەندین بڕگەو ووردەكاریی تێدایە.
* باشە ئەگەر پڕۆژە یاسایەك جووڵەیەك بە پرۆسەی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان بدات و لە خزمەتی خەڵك و مووچەخۆراندا بێت، ئەی بۆچی لەلایەن هەندێك لە پەرلەمانتارانەوە دژایەتی دەكرێت؟
- سەرەتا پێویستە ئەو راستییە بزانین كە ئەنجامدانی چاكسازی جگە لەوەی هەنگاوێكی گرنگە بۆ گەڕانەوەی ئەو داهاتەی بە نایاسایی خەرج كراوە و جۆرێك لەدادپەروەریی كۆمەڵایەتی لێ دەكەوێتەوە و بە داهاتە دەتوانرێت لە زۆر لایەنی وەكو كەمئەندامان و مووچە نزمەكان سوودی لێ وەربگیرێت، هاوكات هەنگاوێكی بوێرە و ئیرادەیەكی بەهێزی لەپشتەوەیە، كاتێكیش پڕۆژە یاسای چاكسازی بەكۆی دەنگی بەشداربووانی ناو حكومەت پەسەندكرا و رەوانەی پەرلەمان كرا، لەو روانگەیەوە هاتووە كە ئەمە پڕۆژەی خەڵكە و پێداویستییەكی قۆناغەكەیە و هەرخۆی لەخۆیدا پاڵپشتی پڕۆژەكەش لەلایەن خەڵكەوەیە، هەربۆیە وا چاوەڕوان دەكرێت لە پەرلەمان سەرجەم ئەو لایەنە بەشدارانەی ناو حكومەت دەنگ بە یاساكە بدەن، چونكە پڕۆژەكە لە خزمەتی هاووڵاتیان و پڕۆژەی چاكسازیدایە، لێرەدا راگەیاندكاران كە بەردەوام خواست و ویستی خەڵكی بۆ دادپەروەری و چاكسازی دەورووژێنن، ئەركێكی قورسیان دەكەوێتە سەر بۆ سەرخستنی پڕۆژەكە و جێبەجێكردنیشی. سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە تایبەتە بەوانەی دژی پڕۆژەی چاكسازین؛ من سەرەتاش گوتم چاكسازی ئیرادەیەكی بەهێزی سیاسی دەوێت، چونكە زۆرن ئەوانەی بە رووكەش هەڵگری پەیام و دروشمی چاكسازین، كەچی لەئەرزی واقیعدا بە پاساو و بیانووی جۆراوجۆر لەگەڵ چاكسازیدا نین، من پێم سەیرە پڕۆژەیەك لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت و پرسێكی نیشتمانی بێت، چۆن دەبێت دژی رابوەستینەوە، بەڵام مادام چاكسازی ئیرادەی گەل و حكومەت و دامەزراوە شەرعییەكانە، هەر بۆیە پڕۆژەكە سەردەكەوێت، ئەوانەی لەم قۆناغەدا دژی ئەم پڕۆژە یاسایەن، باچیتر باسی چاكسازی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی نەكەن، لای ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی سەیری چاكسازی ناكەین وەكو ویستێكی حزبی، بەڵكو وەكو پرسێكی نیشتمانی و فرەڕەهەند دەڕوانینە چاكسازی كە پەیوەندی بە هەموو خەڵكەوە هەیە.
* خۆت دەزانیت پرسی چاكسازیی پرسێكی فرەڕەهەندە و چەندین بوار دەگرێتەوە، ئایا جگە لەم پڕۆژە یاسایەی چاكسازی، پڕۆژە یاسای دیكە بەڕێوەیە بۆ پەرلەمانی كوردستان؟
- ئەم پڕۆژە یاسایەی چاكسازی هەنگاوی یەكەمە لە چاكسازی، خۆتان دەزانن پرۆسەی چاكسازیی فرەڕەهەندە و مۆركێكی نیشتمانی هەیە و پرۆسەیەكی بەردەوامە لەسەرجەم وەزارەت و بوارە جیاجیاكاندا، هەر بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە دوای پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینان و بەخشینەكان چەندین پڕۆژە یاسای چاكسازیی دیكەش لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەوانەی پەرلەمان بكرێت، چونكە چاكسازیی پرۆسەیەكی گشتگیرو بەردەوامە؛ مادام حكومەت و پەرلەمان نوێنەرایەتی میللەت دەكەن، هەر بۆیە ئەركی ئەم دوو دامەزراوە شەرعییەی كوردستانە كە لە خەمی جێبەجێكردنی خواست و ویستەكانی میللەت بن، من وا چاوەڕوان دەكەم حكومەت چەندین پڕۆژە یاسای چاكسازی لە بوارەكانی دیكەشدا دەست پێ بكات و ئێمەی پەرلەمانتاریش پاڵپشتیی ئەو چاكسازییانە دەكەین. ئەو كاتەی پەرلەمانتاران متمانەیان بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دا، لەو باوەڕەوە هاتبوو كە متمانەی تەواویان بە رێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە كە كەسێكی بەهێز و خاوەن ئیرادەیە بۆ چاكسازی، تەنانەت لەكارنامەی كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە هێڵە گشتییەكاندا بە شێوەیەكی زۆر باش باسی چاكسازی كراوە و ئەوەتا لە رووی كردارەوە هەنگاوەكانی چاكسازی لەچەندین بواردا دەستی پێ كردووە، ئەركی ئێمەشە وەكو نوێنەرانی گەل پاڵپشتیی هەموو ئەو هەنگاو و پڕۆژانە بكەین كە حكومەت لەپێناو خەڵكیدا بۆ پەرلەمانی بەرز دەكاتەوە.