مایكڵ وەحید حەننا تایبەتمەندی سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پشێوی باڵی بەسەر سیاسەتی ئەمریكادا كێشاوە
December 18, 2019
دیمانەی تایبەت
مایكڵ وەحید حەننا توێژەری باڵایە لە سەنتەری (Century Foundation) كە لە بارەی دیموكراسی و حكومەتی كارا و بازاڕی ئازادەوە بایەخ بە توێژینەوە دەدات، هەروەها توێژەری باڵایە لە سەنتەری ریس كە تایبەتە بە پرسەكانی پەیوەست بە یاسا و ئاسایشەوە و سەر بە سكووڵی یاسای زانكۆی نیویۆركە. هەروەها توێژەری چەند بوارێكی گرنگە وەك (ئاسایشی نێودەوڵەتی، یاسای نێودەوڵەتی، سیاسەتی ئەمریكا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست). لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكاش خاوەنی چەندین وتارە لە رۆژنامەكانی وەك نیویۆرك تایمز، واشنتۆن پۆست و فاینانشاڵ تایمز و لۆس ئەنجلوس تایمز. پێشتر وەك راوێژكاری مافەكانی مرۆڤ لە بەغدا كاری كردووە، هەروەها ئەندامی ئەنستیتویتی نێودەوڵەتییە بۆ دیراساتی ستراتیژی. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاكام و لێكەوتەكانی ئەم سیاسەتە لە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و رەوشی ناوچەكە بە گشتی و خۆپیشاندانان و ناڕەزایەتییەكانی ئەم دواییە و ئەو ئەگەرانەی چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەكرێت لەم خۆپیشاندانانە بكەونەوە.* هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ چۆنە بەتایبەتی لە پەیوەندی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو پەرەسەندن و پێشهاتانەی لە ئێستادا لەم ناوچەیەدا روودەدەن؟
- لە راستیدا ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە كە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ نەك هەر تەنیا پشێوی و بێسەروبەری باڵی بەسەردا كێشاوە، بەڵكو هەر كەسێكیش نەك تەنیا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بگرە لە نێو خودی حكومەتی ئەمریكاشدا لەم سیاسەتە بڕوانێت و لێی ووردبێتەوە، ئەوا ناتوانێت روئیایەكی روونی لێ بەدەست بهێنێت. بە دەربڕینێكی دیكە دەتوانین بڵێین ئیدارەی سەرۆك ترەمپ چوارچێوەیەكی دیاریكراوی نییە بۆ داڕشتن و جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی، بە چەشنێك سیاسەتەكانی سەرۆك ترەمپ بریتین لە بڕیاری دوا ساتەوەختەكان و ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە بە زۆری لە رێی تویتەوە رادەگەیەندرێن. كەواتە هێڵێكی دیار و جێگیر لە سیاسەتەكانی بەدی ناكرێت. كەواتە ئەمە نە پرۆسەیەكی ئاسایی سیاسەتكردنە و نە مایەی دڵنیاییشە. بۆ نموونە: ئەگەر ئێمە لە حاڵەتی سووریا بڕوانین، ئەوا ئاشكرایە كە بڕیاری پاشەكشە دەرچوو، پاشان ئەوەی دواتر رووی دا، ئەوەیە كە سەرجەم هێزەكان نەكێشرانەوە، كە ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بە گومانەوە لەو وڵاتە بڕوانن، هەروەها دەتوانین ئاماژە بە لێدوانە سەیرو سەمەرەكان بكەین لە بارەی كێڵگە نەوتییەكانی وڵاتی سووریاوە لەلایەن سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە، كە ئەم لێدوانانە هیچ بناغە و پاساوێكی یاساییان نییە. ئەمە بە شێوەیەكی گشتی هەڵسەنگاندنی منە بۆ دۆخەكە و بۆ سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە ئاست ئەم ناوچەیەدا.
* ئێوە ئاماژە بە نەبوونی سیاسەتێكی جێگیر دەكەن كە رەهەند و رواڵەتەكانی دیار بن و، باس لەوە دەكەن كە لە دوا ساتەوەختدا بڕیار دەدرێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر ئەمە حاڵەتەكە بێت، ئایا ئاكامە زیانبەخشەكانی ئەم جۆرە مامەڵەكردنەی ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ ئەم ناوچەیەدا، هەم لەسەر بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هەم لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە چین؟
- لە بنەڕەتدا ئەمە دەبێتە هۆی لاوازكردن و لەناوبردنی متمانە و میسداقییەت بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بە چەشنێك ئەگەر بێت و ئیدارەیەكی نوێ لە ئەمریكا دەستبەكار بێت و دەسەڵات بگرێتەدەست، ئەوا دەبێت كار لەسەر باشتركردن و راستكردنەوەی ئەم دۆخە بكات و دەست بداتە چاككردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی ئەم ناوچەیە و دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمانەكانی. بەڵام ئەگەر دووبارە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتن بەدەست بهێنێتەوە، ئەوا چوار ساڵی دیكەی ئەم چەشنە مامەڵەكردنە درێژەی پێ دەدرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندنێكی گەورە بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
* باس لەوە دەكرێت كە لە ئێستادا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژی و درێژخایەنەكانی ئەمریكا گرنگییەكی كەمتری هەیە و ئەمەش رەنگدانەوەی هەبووە و لەسەر خواستی ئیدارەی ترەمپ بۆ دووركەوتنەوە لەم ناوچەیە و تێوەنەگلان لەوەی ترەمپ پێی دەڵێت شەڕە بێكۆتاییەكان، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- من بۆچوونێكی پێچەوانەم هەیە و پێم وایە ئیدارەی ئەمریكا زیاد لە پێویست خۆی سەرقاڵ كردووە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە و بە راددەیەكی گەورە پشت بە هێزی سەربازی دەبەستێت، واتە سەرەڕای ئەوەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیەنێت و باسی لێوە دەكات، بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە لەوەتەی ترەمپ دەسەڵاتی گرتۆتە ئەستۆ ژمارەی سەربازە ئەمریكییەكان لەم ناوچەیەدا زیادی كردووە، نەك كەمی كردبێت. كەواتە سەرەتا دەبێت ئەوە یەكلا بكەینەوە كە ئەمریكا سەرقاڵە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، دواتر ئەگەر باس لەوە بكرێت كە پێویستە ئەمریكا پابەندبوونەكانی خۆی بەم ناوچەیەوە كەم بكاتەوە، ئەوا دەبێت پرسیاری ئەوە بكەین كە پێویستە چۆن ئەم كارە ئەنجام بدرێت؟ چونكە بۆی هەیە كشانەوەی ئەمریكا لەم ناوچەیە پشێوی لێ بكەوێتەوە و بە راددەیەكی گەورە ناسەقامگیری بەدوای خۆیدا بهێنێت. بۆ نموونە: ئێمە دەزانین كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نەیدەتوانی بۆ هەتا هەتایە لە سووریا بمێنێتەوە و بە بێ پاساوێكی یاسایی یەك لەسەر سێی خاكی ئەو وڵاتە داگیر بكات، بەڵام هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێ كرد، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن دەكشێیتەوە و پابەندبوونەكانت كەم دەكەیتەوە و چۆن ئەو ناوچەیە بەجێ دەهێڵێت، كە پێم وایە لەم رووەوە ئیدارەی ئەمریكا ئەدایەكی زۆر خراپی هەیە. كەواتە بە شێوەیەكی گشتی ئەم جۆرە مامەڵەكردنەی ئەمریكا لەگەڵ ئەم ناوچەیەدا دەبێتە هۆی زیانگەیاندن و لاوازكردنی پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەدا.
* خاڵێكی دیكە لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بریتییە لە پەنابردن بۆ سزا و فشارە ئابوورییەكان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوە، كە تەنانەت ئەم سزا ئابوورییانە لە دژی هاوپەیمانەكانیشی بەكار دەهێنێت، تێڕوانینی ئێوە بۆ كارایی ئەم جۆرە ستراتیژیەتە چییە؟
- ئەوەی پەیوەندی هەبێت بە پرسی سەپاندنی سزا، یان بەكارهێنانی سزا ئابوورییەكان وەك ئامرازێكی فشار لە بواری سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەوا ئەم پرسە بۆ پێش سەروەختی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا جیاوازە ئەوەیە كە پێگەی دۆلار و پێگەی ئەمریكا لە بواری بازرگانیی نێودەوڵەتیدا بە چەشنێكە كە بۆتە هۆی ئەوەی دەستڕۆیشتووییەكی زۆر بەدەست بهێنێت، چونكە ئەمریكا دەتوانێت ئەم پێگەیە بۆ سەپاندنی سزای ئابووری بەكار بهێنێت. لەلایەكی دیكەوە ئەم ئیدارەیە ئەم دەستڕۆیشتووییەی خراپ بەكارهێناوە، یان كەڵكی خراپی لێ وەرگرتووە، بە چەشنێك ئەم خراپ بەكارهێنانە بۆتە هۆی ئەوەی كاردانەوەی لێ بكەوێتەوە، كە لە ئێستادا نەك ركابەر و دوژمنەكانی ئەمریكا، بەڵكو هاوپەیمانەكانیشی هەوڵدەدەن لە دەرەوەی سیستمی دارایی و بازاڕی دارایی ئەمریكا كار بكەن، كەواتە خراپ بەكارهێنانی ئەم پێگەیەی ئەمریكا لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە لە مەودای دووردا زیان بە بەرژەوەندییەكانی ئەو وڵاتە دەگەیەنێت.
* ئێوە كەسێكی شارەزای كاروبارەكانی ئەم ناوچەیەن، ئایا چۆن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینەكانی ئەم دواییەی چەند وڵاتێكی ئەم ناوچەیە دەڕوانن و بە باوەڕی ئێوە هۆكار و پاڵنەرە سەرەكییەكانی چین؟
- ئێمە دەزانین هەمان ئەو هۆكارانەی كە لە سەروەختی بەهاری عەرەبیدا لە ساڵانی (2010بۆ2013) لە ئارادابوون و بوونە هۆی راپەڕین و خۆپیشاندانی خەڵك، لە ئێستاشدا بوونیان هەیە و چارەسەر نەكراون، واتە حوكمڕانییەكی خراپ دەكرێت لەم ناوچەیەدا هەم لە رووی ئابووری و هەم لە رووی سیاسییەوە، ئەگەر وردتر ئاماژەی پێ بكەین، ئەوا دەبینین كەلێن و كەلەبەرێكی گەورەی حوكمڕانی لە ئارادایە، بەشێوەیەك دەتوانین بڵێین ئەو گرێبەستە كۆمەڵایەتییەی لە ئارادا بوو لە ئێستادا هەڵوەشێندراوەتەوە، ئیدی ئەمە لە وڵاتی میسردا بێت، یان لە عێراق، واتە راستە هەر خۆپیشاندان و بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی تایبەتمەندی و خەسڵەتی جیاوازی خۆی هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا چەند خاڵێكی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە، بە تایبەتی پرسی حوكمڕانی.
* ئەی پێشبینیتان بۆ دەرئەنجامی ئەم خۆپیشاندانانە چییە؟ ئایا پێتان وایە لە كۆتاییدا ببنە هۆی ئەوەی سیستمی حوكمڕانی بە چەشنێك دابڕێژدرێنەوە و چاكسازییان تێدا بكرێت، كە مایەی رەزامەندی بن؟
- من ئومێدم دەكرد ئەمە حاڵەتەكە بووایە، بەڵام ئەو دۆخەی تا راددەیەك ئەم ئەگەرەی لێ بەدی دەكرێت، وڵاتی سوودانە، كە سەرەڕای فشار و دابەشبوونەكان توانییان دەست بكەن بە پرۆسەیەكی سیاسی ئنیتقالی، ئەگەرچی تا ئێستا روون نییە، ئایا بە ئاراستەیەكی ئیجابیدا دەڕوات، یان نا، بەڵام ئەوەی لە عێراق و لوبنان بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە سیستمە سیاسییەكە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە سازش بكات و چاكسازی ئەنجام بدات، تەنانەت ئەگەر چاكسازییەكی بە رواڵەتیش بێت، كە لە دەرئەنجامدا زیادبوونی رێژەی توندوتیژی و سەركوتكاریمان بینی. بە شێوەیەكی گشتی پێناچێت خۆپیشاندانەكان دەرئەنجامێكی سیاسیی ئیجابییان لێ بكەوێتەوە.