هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: پڕۆژە یاسای چاكسازی خواستی خەڵكی كوردستان و بەدیهێنانی دادپەروەرییە
December 15, 2019
دیمانەی تایبەت
دوای چەندین جار دواكەوتن و رێگریی لابەلا لە پڕۆژە یاسای چاكسازی سەرەنجام بە پشتیوانیی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم پڕۆژە گرنگە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی پەرلەمان كراو، وا بڕیارە كە لەم هەفتەیەوە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكات و تەواوی بڕگەكانی تاوتۆی بكات و لە ماوەیەكی كورتدا پەسەند بكرێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پڕۆژە گرنگە ئەم دیدارەمان لەگەڵ هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* پڕۆژە یاسای چاكسازی بوارەكانی مووچە و خانەنشین و دەرماڵە و ئیمتیازاتەكانی دیكە دەگرێتەوە و ئەوەش گرنگییەكی تایبەتی هەیە، وەك جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی پەرلەمان چۆن لەو پڕۆژە یاسایە دەڕوانیت؟
- پڕۆژەی چاكسازی، پڕۆژە و داواكاریی خەڵكی كوردستانە، پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی مانگی ئەیلوولی 2018 كە هەڵگری پەیام و دروشمی چاكسازی بوو، بەڵێنی جێبەجێكردنی ئەو چاكسازییەی بە خەڵكی كوردستان داوە، لەگەڵ دەستبەكاربوونی حكومەت ئەو بەڵێنە درابوو كە ئەو پڕۆژە یاسایە بنێردرێتە پەرلەمان، تەنانەت ئەو حزبانەی كە رێككەوتنیان كرد بۆ پێكهێنانی حكومەت لەوێشدا پڕۆژە یاسای چاكسازییان نووسیوە و كە یەكێك بووە لە بەندەكانی ئەم رێككەوتنە بۆ ئەوەی هەردوو حزبی یەكێتی و گۆڕان پاڵپشتی پارتی بن بۆ پێكهێنانی حكومەت و چاكسازی بكەین، واتا ئەم چاكسازییە خواستی پارتی و خەڵكی كوردستان و هەموو ئەوانەشە كە هاتوونەتە حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی لەم پڕۆژەیە دەكەن، سوودمەندی سەرەكیش لە پڕۆژەكەی چاكسازی خەڵكی كوردستانە، هەموومان دەزانین ئەم پڕۆژەیە لە خولی پێشووی پەرلەماندا هێنرایە پەرلەمان، بەڵام شكستیان بە تێپەڕاندنی پڕۆژەكە هێنا، ئەمجارەش لەم لاو ئەو لاوە زۆر هەوڵیاندا توندی بەرامبەر پڕۆژە یاسای چاكسازی بنوێنن و پڕۆژە یاساكە نەگاتە پەرلەمان، بەڵام ئیرادەو جددییەتی رێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و ئەو نەرمێتییەی نواندی بۆ ئەوەی پڕۆژەكە سەربگرێت و بگاتە پەرلەمان، دواجار لە كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیراندا رێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەرەكانی لە حكومەت رازی كرد بۆ ئەوەی پڕۆژەكە ببێتە پڕۆژەی هەمووان و لایەنە بەشدارەكانی ناو حكومەت، ئەوە بوو دوای جێگیركردنی چەندین گۆڕانكاری، دواجار ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ پڕۆژە یاسای چاكسازی پەسەند كردو ناردییە پەرلەمان تا گفتوگۆی لەسەر بكرێت و رۆژی دووشەممەش خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت و دەنێردرێتە لێژنە پەیوەندارەكان.
* تاچەند بە پەسەندكردن و جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژە یاسایە دەتوانرێت دادپەروەری لە مووچە و خانەنشینان و دەرماڵە و ئیمتیازاتەكانی دیكەدا بكرێت؟
- پڕۆژە یاسای چاكسازی یەك ناونیشانی هەیە، ئەویش بەدیهێنانی دادپەروەرییە، واتا جۆرێك لە دادپەروەریی لە هەرێمی كوردستان دروست بكرێت، راستە تەنیا بەم پڕۆژەیە ناتوانرێت هەموو كەموكورتی و نادادپەروەرییەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت، بەڵام بەشێكی زۆری ئەوەی پەیوەندی بە مووچەوە هەیە جێبەجێ دەكرێت، چونكە زیاتر لە 70%ی داهاتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە دەڕوات لەناو ئەم مووچەیەشدا نادادپەروەرییەكی یەكجار زۆر هەیە و هەموومان هەستی پێ دەكەین و دەبێت دەستی بۆ ببەین، هەربۆیە دژایەتیی ئەم پڕۆژەیە یەكجار زۆر دەبێت، بەڵێنیشمان داوە ئەم پڕۆژەیەی چاكسازی سەربخەین و ئەو سەروەرییە دەبێت تۆمار بكەین.
* باس لەوە دەكرێت یەكێك لە خەسڵەتە باشەكانی پڕۆژە یاساكە كەمكردنەوەی بۆشایی نێوان مووچەی پلە باڵاكان و مووچەی فەرمانبەرانی ئاساییە، ئایا دەكرێت ئەمەمان بۆ روون بكەیتەوە؟
- ئەم پڕۆژەیە لە هەشت بەشی سەرەكی پێك دێت و هەر بەشەو تایبەتمەندێتی خۆی هەیە، لە باسی مووچەدا، پلە باڵاكان سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و سەرۆكی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەكان و ئەوانەی پلەی وەزیر یان مووچەی وەزیر وەردەگرن و بریكاری وەزیرو راوێژكارو بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئەندامەكانیان هەر هەموویان دەگرێتەوە، بە شێوەیەكی گشتی بۆشاییەكی زۆر هەیە لەنێوان مووچەی پلە باڵا لەكوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی، لەم پڕۆژە چاكسازییەدا هەوڵ دەدرێت ئەم بۆشاییە كەم بكرێتەوە، بە مووچەی پێشمەرگەشەوە كە 500 هەزار دینارە و زۆر كەمە، بۆ گەڕانەوەی ئەم دادپەروەرییە هەوڵ دەدەین شەڕێكی گەورەی لەناو پەرلەمان بۆ بكەین، هەروەها دەیان كەس هەیە لەناو حكومەت و دامەزراوە سەربازییەكان بەناوی هێزی پێشمەرگە پارەیەكی خەیاڵی دەبات، بێ ئەوەی هیچ حیساب و چاودێری و ژمێركارییەكی لەسەر هەبێت، ئایا ئەو پارەیە دراوە بە هێزی پێشمەرگە یان هەر بە گونیە پارەكە دەبەن و كەس نازانێت چۆن چۆنی و بۆ چ مەبەستێك خەرج دەكرێت، لەم یاسایەدا ئەم كەموكورتی و بەهەدەردانانە هەمووی چاك دەكرێتەوە و بۆ خەڵكی كوردستان دەیسەلمێنین پێداچوونەوەیەكی جددی بە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ دەكەین و خانەنشینكردنیان رێك دەخەینەوە، بڕوا بكەن كەسانێك هەن كاریان هەر كوشتنی پێشمەرگە بووە و لەگەڵ حزبی بەعس بوون، كەچی ئێستا بە پارەیەكی زۆر خانەنشینی پێشمەرگە كراون و مووچەی عەقیدی خانەنشین وەردەگرن، لە بەرامبەردا كەسانێك هەن بە راستی پێشمەرگە بوون و ماڵی خۆیان لەسەر داناوە، كەچی ئێستا 500- 600 هەزار دینار وەردەگرن، ئەمە هیچ دادپەروەرییەكی تێدا نییە، پێداچوونەوە بە پاسەوانەكانیش دەكرێت و وەزارەتی ناوخۆ رادەسپێردرێت هەرچی پاسەوانە لە ژێر چەتری دەزگایەكی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ كۆبكرێنەوە، ناكرێت ئەفسەرێك، یان بەرپرسێك مووچەی سەدان پاسەوان و هاتوچۆی و خۆراكی وەربگرێت، كەچی خۆی لەراستیدا تەنیا دوو كەسی لەگەڵدا بێت، دەستبردن بۆ ئەم هەموو كەموكورتی و بێسەروبەری و گەندەڵییە هەر وا ئاسان نییە، چونكە ئەو كەسانە هەروا دانانیشن و رووبەڕوومان دەبنەوە، واتە ئەم بابەتە بابەتێكی توندە و دەبێت مامەڵەكردنیش لەگەڵیدا توند بێت و سزای كەسانێكیش بدرێت.
* ئەگەر لەسەر بابەتی خانەنشینكردنی فەرمانبەران و هەموو ئەو گۆڕانكارییانە بوەستین كە لە پڕۆژە یاسای چاكسازییەكەدا بوونی هەیە، ئایا مووچەی خانەنشینان ئەوانەی كەمن زیاد دەكرێت؟
- پڕۆژەی چاكسازیی پارەیەكی زۆر بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوەو ئەو پارەیەش دەبێت بزانین كە بۆ باشكردنی باروگوزەرانی ئەو خانەنشینانەی كە مووچەكانیان زۆر كەمە بەكاردەهێنرێت، یان لەو بوارانەدا كەڵكی لێ وەردەگیرێت كە خزمەتگوزارییە، هەموو پڕۆژەیەك دەبێت كەڵكی ئابوورییەكەی بزانیت، كەڵكی ئابووری ئەم پڕۆژە چاكسازییەش لەوەدایە جگە لەوەی دادپەروەری دەگەڕێنێتەوە، هاوكات ئەو خانەنشینانەی مووچەكانیان كەمە و پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە بۆ ئەوەی مووچەكانیان بەرز بكرێتەوە. لەلایەكی دیكەوە مادام پڕۆژە یاساكەی چاكسازی ناوی دادپەروەرییە، هەر بۆیە پێویستە بیر لەوە بكەینەوە ئەو پارەیەی بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە چۆن خەرجی بكەین لە بوارێك، یان بۆ باشكردنی دۆخی مووچەی چین و توێژێكی دیكەدا بەكاربهێنرێت، هەر بۆیە بەشی یەكەمی پڕۆژە یاسای چاكسازی بریتییە لە بەرجەستەكردنی بنەماكانی یەكسانی و دادپەروەری، ئەمە ئامانجە سەرەكییەكەیە، ئەوانەی مووچەیان كەمە و 200 بۆ 300 هەزار دینارێك دەبێت، چۆن زیاد بكرێت بۆ ئەوەی ژیان و بژێوی خۆیان بەڕێوەببەن، مووچەی خانەنشینان كە ژمارەیەكی زۆریان لەنێوان 214 هەزار بۆ 220 هەزار دینارە و ئەمە نادادپەروەرییەكی زۆر گەورەیە و خەڵكی ئێمە ناتوانن بەو شێوەیە باروبژێوی ژیانیان پێ بەڕێوە ببرێت، تەنانەت بەشی دەرمان و پێداویستییە سەرەكییەكانیان ناكات و ناتوانێت بەو مووچە كەمەوە گەشتێك بكات، یان ناتوانێت منداڵەكەی لە خوێندگایەكی ئەهلی یان لە زانكۆ و بوارێكدا پێداویستییەكانی بۆ دابین بكات، فەلسەفەی ئەم پڕۆژەی چاكسازییە لەوەدایە كە تۆ پلە بەرز و مووچە زۆرەكانت كەم كردەوە، چۆن بۆ بەرزكردنەوەی مووچە نزمەكان بەكاری دەهێنیتەوە، ئەمە لە ماددەی یەكەم و بڕگەی یەكەمدا باسی لێوەكراوە و دەبێت چارەسەر بكرێت.
* پرۆسەی چاكسازی پرۆسەیەكی بەردەوامە و ئایا لە دوای ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەی دیكەی چاكسازی ئەنجام دەدرێت؟
- ئەم پڕۆژە یاسایە تەنیا باسی مووچە دەكات، خۆ دەیان بوار و سێكتەری دیكە هەیە كە پێویستیان بە چاكسازی هەیە، لە قۆناغی داهاتووشدا لەو بوارانەدا هەنگاوی دیكە دەبێت، لەلایەكی دیكەوە لەم دنیایە بە دەیان پڕۆژە هەیە پێویستی بە چاكسازی هەیە، بۆ نموونە دەیان كۆمپانیا هەیە كە لە باج و رسوماتەكان بەخشێندراون، تەنانەت لەگەڵ فرۆشتنی موڵكدا ئەو حاڵەتە هەیە كە چەندین دەفتەر دۆلار قازانج دەكات و یەك دینار بە حكومەت نادات، لەكاتێكدا ئەم بڕە پارە زۆرەی قازانج بۆ ئەو ژینگەیەو ماندووبوونی كارمەندانی ئاسایش و دەزگا پەیوەندارەكان دەگەڕێتەوە كە چەندین قوربانی و شەهیدیان داوە. خۆ دەكرێت لەلایەن ئەو كۆمپانیانەوە كاری جددی تێدا بكرێت و چیتر لە باج و رسوماتەكان خۆش نەبین. حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پاڵپشتیی ئەم چاكسازییە دەكەین، رەنگە لەم قۆناغەدا گلەیی و رەخنەیەكی زۆرمان لێ بكرێت، بەڵام چیتر پارتی بێدەنگ نابێت لە بەرامبەر ئەوانەی هەرێمی كوردستان وەكو مانگایەكی شیردەر سەیر دەكەن و دەیدۆشن و لێی دەبەن و هیچیش نادەن، تۆ 12 ساڵە سوودی لێ وەردەگرێت ئێستا بەپێی یاسا كاتی ئەوە هاتووە كۆتایی بەو نادادپەروەرییەو و بەهەدەردانی دارایی گشتی بهێنین. پێویستە بزانین مافی تۆ چییە و چی دەبەخشیتە كوردستان و حكومەت لەبەرامبەر ئەو ژینگە لەبارەی پێشكەشت كراوە، پێویستە تۆ سەروەت و سامانت لە دەستێكی ئەمیندا بێت، ئەوەتا لە دەوروبەرمان پشێوی و نائارامییەكی راددەبەدەر هەیە و خەڵكی هەڵدێت، گرنگ ئەوەیە سەروەت و سامانت لە دەستێكی ئەمیندا بێت و وەكو عێراق و وڵاتانی دەروبەرمان بەسەر نەیەت، لێرە خەڵكی سوودمەندە هەر بۆیە دەبێت تۆش لەبەرامبەر ئەمە ئەركت لەسەر شان بێت.
* زۆر لە پەرلەمانتاران سەروبنی زمانیان چاكسازی بوو، كەچی ئێستا لێرەو لەوێ موزایەدە لەسەر پڕۆژە یاساكە دەكەن و دەڵێن زۆر لە بڕگەكانی پێویستی بە چاكسازی هەیە، ئەم دووفاقییە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- من لەسەرەتادا ئاماژەم بەوە كرد كە دوژمنانی ئەم پڕۆژەیە زۆر زۆرن، چونكە پێی دەڵێن چاكسازی، بەرامبەر وشەی چاكسازییش خراپكاری هەیە، ئێمە چاكسازی لەسەر شتێك دەكەین كە گەنیو بووە و دەبێت چاكی بكەینەوە، ئەمەش بەدڵی خەڵكانێك نابێت كە لە بەرژەوەندییەكانیان دەدرێت.
* ئەی سەبارەت بە دەرماڵەكان چ هەنگاوێك لەم پڕۆژە یاسایەدا بۆی نراوە، چونكە خەڵكێكی زۆر ترسی بڕینی دەرماڵەكانیان هەیە؟
- پڕۆژە یاسای چاكسازی بەو ئاراستەیە دەچێت كە دووبارە چاوخشاندنەوەی بۆ بكرێت، لەم وڵاتە چایچی هەیە لە وەزارەتێك یەك ملیۆن دینار مووچەكەیەتی، كەچی لە وەزارەتێكی دیكە تەنیا 500 هەزار دینار وەردەگرێت، یان شوفێرێك لە وەزارەتێكی خزمەتگوزار 300 هەزار دینار وەردەگرێت، كەچی لە وەزارەتێكی دیكە مووچەكەی بۆ یەك ملیۆن دینار دەچێت، ئەمە پێی دەڵێن ناعەدالەتی؛ دەبێت ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم ماف و ئیمتیازات و دەرماڵەكان رێك بخاتەوە، بە شێوەیەك هەر فەرمانبەرێك ماف و ئیمتیازات و ئەركەكانی دیار بێت.
* كەواتە وردەكاریی ئیداریی كارەكانی پەرلەمان چییە بۆ ئەوەی ئەو رەشنووسی پڕۆژە یاسایە ئامادە بكرێت و خوێندنەوەكانی بۆ بكرێت و دواتر ماددە و بڕگەكانی بخرێتە دەنگدانەوە؟
- پڕۆژە یاسای چاكسازی جگە لەوەی بابەتێكی یاساییە هاوكات بابەتێكی سیاسیشە، واتا رەشنووسی پڕۆژە یاساكە جگە لەوەی یاساییە و بە رێكاری یاسایی خۆیدا تێدەپەڕێت، دوای ئەوەی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا رۆژی دووشەممە، دواتر سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان تەسلیمی لێژنە پەیوەندیدارەكانی دەكات و بۆ نموونە لێژنەی دارایی پەیوەندیدارە بەم یاسایە و دەبێت لە ماوەی 21 رۆژ راپۆرتی بۆ ئامادە بكەین و تەسلیمی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی بكەین بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت، خۆ ئەگەر لەو ماوەیەدا نەتوانرا راپۆرتی بۆ ئامادە بكەین ئەوا 10 بۆ 14 رۆژی دیكە مەجالی دەدرێتێ خۆ ئەگەر هەر نەكرا، دەبێت سەرۆكایەتیی پەرلمان خۆیان چارەسەری ئەم بابەتە بكەن، بەڵام ئەم بابەتە هەندێك دانوستان و گفتوگۆی سیاسی پێویستە لەنێوان فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان و حزبەكان لە دەرەوەی پەرلەمان بۆ ئەوەی سەر بكەوێت، نەیارەكانی ئەم پڕۆژەی چاكسازییە زۆرن و زۆر حزب هەیە بە رووكەش لەگەڵ چاكسازیدان، بەڵام كاتێك لەگەڵ ئێمە قسە دەكەن، دژی یاساكەن، بۆیە ئێمەش بڕیارمان داوە هەركەس و لایەنێك دژی ئەم چاكسازییە بن ئاشكرای دەكەین، لە كاتێكدا هاووڵاتیانی كوردستان و رۆشنبیران و چین و توێژەكان داوای چاكسازی دەكەن، لە كاتێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵگری پەیامی چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵییە و پشتگیریی تەواو لە پرۆسەی چاكسازی دەكات و بە كردەوە بەڵێن و قسەكانی جێبەجێ دەكات، ئەمەش بۆ موزایەدە نییە. لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان زۆربەی حزبەكانی كوردستان یەكجار توانییان زۆرینەی پەرلەمان پێك بهێنن لەسەر پیاوێك كە لە بەرەكانی شەڕ پارێزگاری لە خەڵكی كوردستان دەكرد، پارتی لە بەرەكانی شەڕ بوو، ئەوان لە ناوخۆ كودەتایان كردو تابوری پێنجەم بوون، بەڵام خوا یاری ئەم هەرێمە و پارتی بوو، ئەمجارە پارتی زۆرینەی پەرلەمانی هەیە، بەڵام بۆ كودەتا بەكاری ناهێنێت، بەڵكو بۆ چاكسازی و گۆڕانكاری بەكاری دەهێنێت و سەرەتا لە خۆیەوە دەست پێ دەكات.