جۆن تیرمان بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی نێودەوڵەتی لە ئەنستیتیوتی تەقەنی ماساشوسێتس بۆ گوڵان: ترەمپ ئاكامە زیانبەخشەكانی بڕیارەكانی سیاسەتی دەرەوە لەبەرچاو ناگرێت

جۆن تیرمان  بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی نێودەوڵەتی لە ئەنستیتیوتی تەقەنی ماساشوسێتس بۆ گوڵان:  ترەمپ ئاكامە زیانبەخشەكانی بڕیارەكانی سیاسەتی دەرەوە لەبەرچاو ناگرێت
جۆن تیرمان بەڕێوەبەر و توێژەری سەنتەری دیراساتی نێودەوڵەتییە لە ئەنستیتیوتی تەقەنی ماساشوسێتس، تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە وەك چارەسەری ناكۆكی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، ناكۆكیی ئیتنی، سیاسەتی دەرەوە و تیرۆریزم و مافەكانی مرۆڤ، هەروەها خاوەنی چەندین كتێبە لە بارەی كاروبار نێودەوڵەتییە. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاكام و دەرهاویشتەكانی ئەم سیاسەتە لەسەر ئەم ناوچەیە و چەند پرس و بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چییە؟
- لە راستیدا مایەی داخە كە ئێمە بەم دواییە – دوای بڕیاری سەرۆك ترەمپ بۆ رێگەدان بە دەستێوەردانی توركیا لە باكووری سووریا- دەستبەرداری كورد بووین كە هاوكار بوون لە ئیحتیواكردن و دوورخستنەوەی هەڕەشە و مەترسیی داعش و بەم شێوەیە كورد كەوتە دۆخێكەوە رووبەڕووی هێرش و پەلامارەكانی ئەو میلیشیایانە ببێتەوە كە توركیا پاڵپشتییان دەكات. لەم روانگەیەوە من دەڵێم شتێكی باوە كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ئاكام و دەرهاویشتەكانی بڕیارەكانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی نادیدە دەگرێت و ئەمەش زیاتر مایەی نیگەرانییە، چونكە ئەو شارەزایی نییە لەبارەی زۆرێك لەو پرسانەی بڕیاریان لەبارەوە دەدات، بۆ نموونە هیچ هۆكار و پاساوێك نەبوو بۆ ئەوەی ئەمریكا دەستبەرداری كورد بێت. ئێمە دەزانین كە سەرۆك ئەردۆغان هەڕەشەی ئەوەی كرد كە دەرگا واڵا دەكات بۆ چوونی ژمارەیەكی زۆری پەنابەر بۆ ئەوروپا تاوەكو ئەوروپییەكان ناچار بكات، پشتیوانی لە سیاسەتەكانی بكەن لەو پرسەدا، بەڵام هیچ هۆكارێك نەبوو كە ئەمریكا ناچار بێت پاڵپشتی لە سیاسەتەكانی ئەردۆغان بكات و لە دەرئەنجامیشدا بینیمان كە ئەو بڕیارە هەندێ دەرئەنجامی مرۆیی مەترسیداری لێكەوتەوە.
* بەڵام پاڵنەری راستەقینەی پشت ئەم بڕیارانەی سەرۆك ترەمپ چین، بەتایبەتی كە ئێوە ئاماژە بەوە دەكەن كە ئاكامی زیانبەخشیان لێ دەكەوێتەوە؟
- لە راستیدا پاڵنەرە سەرەكییەكەی دۆناڵد ترەمپ بریتییە لە سڕینەوە، یان پێچەوانەكردنەوەی بڕیارەكانی ئیدارەی پێش خۆی (ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆباما)، كە لەم رووەوە بینیمان سەرۆك ترەمپ بڕیاری دا لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بكشێتەوە، كە چارەسەرێكی كاتیی زۆر باش بوو بۆ خەون و تمووحە ناوكییەكانی ئێران. كەواتە دەتوانین بڵێین بڕیارەكانی زیاتر كاردانەوەن بۆ سیاسەتەكانی ئیدارەی پێش خۆی لەبری ئەوەی هەوڵێك بن بۆ گرتنەبەری سیاسەتێكی روون و جێگیر. ئەوەی پەیوەست بێت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ رووسیاوە ئەوا ئاشكرایە كە ئەم مەسەلەیە هەندێ پرسی دارایی لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی كە تا راددەی دڵنیایی ئەوە یەكلابۆتەوە كە ترەمپ هەندێ قەرزی لە كەسانی نزیكی پوتین وەرگرتووە، ئەگەر ئەمە بسەلمێندرێت، ئەوا پێشێلكارییەكە كە دەكرێت بە هۆیەوە لە سەرۆكایەتی دوور بخرێتەوە. ئەمە سەرەڕای پەیوەندییە ناعەقڵانی و پڕ لە هەڵبەز و دابەزەكانی لەگەڵ كۆریای باكووردا.
* بەڵام تا چەند بڕیارەكانی سەرۆك ترەمپ بوونەتە هۆی ئەوەی چیتر نەتوانرێت متمانە بە ئەمریكا بكرێت وەك هاوپەیمانێك؟
- زۆرجار پرسی میسداقییەتی هێزە گەورەكان – وەك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا- دەورووژێندرێت، بۆ نموونە رەنگە ئاماژە بەوە بكرێت كە ناكرێت متمانە بە ئەمریكا بكرێت، بەتایبەتی لە دوای بڕیارەكەی بۆ دەستبەرداربوونی لە كوردی سووریا، رەنگە ئەم بڕیارە بە تەنیا ئەم دەرئەنجامەی لێ نەكەوێتەوە، بەڵام كاتێك ئێمە لە وێنە گشتییەكە دەڕوانین و پرسی كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و هەڵكشان و داكشانی پەیوەندییەكان لەگەڵ كۆریای باكوور و پرسی ئابڕووچونەكانی پەیوەست بە ئۆكرانیاوە لەبەرچاو دەگرین، ئەوا سیاسەتێكی روون و جێگیر بەدی ناكەین كە ئیدارەی سەرۆك ترەمپ پیادەی بكات، لەم روانگەیەوە زۆرێك لە پایتەختەكانی جیهانی بە جددی لێدوانەكانی وەرناگرن، كاتێك رایدەگەیەنێت كە كارێكی دیاریكراو ئەنجام دەدات، ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە بۆ وڵاتێك كە هێشتا باڵاترین هێزی ئابووری و باڵاترین هێزی سەربازییە لە جیهاندا.
* پێت وانییە هۆكاری سەرەكی نەبوونی سیاسەتێكی جێگیر لەلایەن سەرۆك ترەمپەوە لە ئاست ئەم ناوچەیەدا بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە چیتر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەراورد بە رابردوو بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا گرنگ نییە؟
- لە راستیدا هەمیشە ئەو مشتومڕە لە ئارادایە كە ئایا تا چ راددەیەك ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا. لەم رووەوە بەرژەوەندییە گەورەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا بریتی بووە لە پشتیوانیكردن لە ئیسڕائیل و دەستەبەركردنی هەناردەكردنی نەوت لەم ناوچەیەوە، ئەوەی پەیوەست بێت بە پشتیوانیی ئیسڕائیلەوە ئەوا ئەمە مەسەلەیە نەگۆڕاوە، بەڵام ئێمە دەزانین لە ئێستادا ئەمریكا خۆی دەتوانێت بەشی پێویستی نەوت بۆ خۆی دابین بكات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەكی گرنگە بۆ هاوپەیمانەكانی ئەمریكا كە پێویستیان بە نەوت و غازی ئەم ناوچەیە هەیە. كەواتە ئەمانە دوو ستوون و پایەی سەرەكیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكایە لە ئاست ئەم ناوچەیە. مەسەلەكانی دیكەی وەك بەرهەڵستیكردنی چالاكییە ئیقلیمییەكانی ئێران و پشتیوانیكردن لە وڵاتێكی وەك عەرەبستانی سعودیە بە نەگۆڕی ماونەتەوە. هەروەها ئەمریكا شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشی كرد لەم ناوچەیەدا كە لە بنەڕەتدا لەبەر ئەوە بوو كە ئەمریكا باڵادەستترین هێزی سەربازی هەبوو كە توانای ئەنجامدانی ئەم ئەركەی هەبوو، هەروەها لەبەر ئەوەی ئەمریكا بە راددەیەكی گەورە بەرپرسیار بوو لە هاتنەئارای ئەو دۆخە بە هۆی داگیركارییەكەی بۆ عێراق لە ساڵی 2003 و ئەوەی دواتر روویدا.
* رەهەندێكی دیكەی سیاسەتی دەرەوەی سەرۆك ترەمپ لە ئاست هەندێ لە وڵاتانی ئەم ناوچەیە، وەك ئێران، بریتییە لە پەنابردن بۆ بەكارهێنانی سزا و فشاری ئابووری بۆ هێنانەئارای بەرژەوەندییەكان، یان ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی، تێڕوانین و هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ كارایی ئەم شێوازی مامەڵەكردنە چییە؟
- ئەوە راستە كە ئەم ئیدارەیە پتر مەیلی بەكارهێنانی سزاكانی هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتی فەنزویلا و رووسیادا. ئەوەی پەیوەست بێت بە ئێرانەوە ئەوا ئاشكرایە كە دۆخێكی نالەبار دروست بووە لە ئێراندا بەتایبەتی لە دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە كە دەكرێت بڵێین دەرئەنجامی سزا ئابوورییەكانی ئەمریكا بووە بەسەر ئەو وڵاتەدا. ئەگەر باس لەوە بكەین تا چ راددەیەك ئەم سزایانە كارا بوون، ئەوا لە راستیدا كارایی ئەم سزایانە جێی پرسیار و گومانن، چونكە سەریان نەكێشاوە بۆ ئەوەی ئێران سیاسەت و هەڵوێستەكانی خۆی بگۆڕێت، ئەوەتا هێشتا پاڵپشتی لە بەشار ئەل ئەسەد دەكات و هێشتا درێژە بە پشتیوانییەكانی دەدات بۆ حوسییەكانی یەمەن، هەروەها هەڵسوكەوتەكانی لە ناوخۆشدا نەگۆڕیوە لە پەیوەندی بە مافەكانی مرۆڤەوە. واتە راستە رەوشێكی نالەبار دروست بووە، كە رەنگە ئەمە جێی خۆشحاڵی ترەمپ و پۆمپیۆ بێت، بەڵام دەرئەنجامەكە بە چەشنێك نییە كە بتوانن بانگەشەی بەدەستهێنانی سەركەوتنێكی گەورە بكەن. چونكە دەرئەنجامەكە ئەوەیە كە خەڵكی ئێران دووچاری ئێش و ئازارێكی زۆر بوونەتەوە لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین كە كاریگەریی سزاكان یەكەمجار لەسەر ژیانی خەڵكی ئاسایی رەنگدانەوەی دەبێت.
* پێت وایە پێویستە ئەمریكا چ شێوازێكی كاركردن بگرێتەبەر بۆ هاوكاریكردنی ئەم ناوچەیە
- پێویستە لە هەنگاوی یەكەم پشتیوانی حكومەتە دیموكراسییەكان بكات لەو وڵاتانەدا كە كەم تا زۆر بوونیان هەیە، هەروەها من باوەڕم وایە پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دووبارە ببێتەوە بەشێك لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا، چونكە ئەمە رێككەوتنێكی باش بوو و پێویستە بە جۆرێك لە جۆرێك بهێنرێتەئارا. ئەوەی پەیوەندی بە سوریاوە هەبێت، ئەوا دۆخەكە هێندە ئاڵۆزە كە زەحمەتە دەستنیشانی ئەوە بكەین ئەمریكا بتوانێت كارێكی دیاریكراو ئەنجام بدات بۆ باشتركردنی رەوشی ئەو وڵاتە. ئەوەی پەیوەست بێت بە وڵاتانی وەك میسر و توركیاوە ئەوا لەم دوو وڵاتەدا دوو دەسەڵاتی خۆسەپێن هەن كە ئەمریكا كارێكی كەمی لەدەست دێت بۆ هاوكاریكردنیان بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو دیموكراسی هەڵبگرن. هەروەها عەرەبستانی سعودیەش كێشەیەكی زۆر لە ناوچەكەدا دروست دەكات، كە ئێمە لەم رووەوە دەتوانین ملكەچی خواست و ویستەكانی سعودیە نەبین، بۆ نموونە دەتوانین چیتر پاڵپشتی شەڕی سعودیە نەكەین لە یەمەندا لە پێناو هاتنەئارای چارەسەرێكی دیپلۆماسی لەو وڵاتەدا. بە شێوەیەكی گشتی ئەم ناوچەیە پێویستی بە كەسانێكە كە لە نێو خودی وڵاتەكانەوە سەرهەڵبدەن و كار لەسەر دەستەبەركردنی خواستی خەڵك و برەودان بە دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ بكەن. كە ئەمەش كارێكە دەبێت لە نێو خودی ئەو وڵاتانەدا رووبدات و ئەمریكا ناتوانێت لە دەرەوەڕا بیسەپێنێت.
Top