رۆمیۆ هەكاری سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی بیت نەهرێن و ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: ئامادەییەكی باش هەیە بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە و لەم رووەوە هەنگاوی باش نراوە
December 12, 2019
دیمانەی تایبەت
هەرێمی كوردستان وەك هەرێمی تەبایی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێكهاتەكان بە جیاوازیی ئایینی و نەتەوەكانییانەوە ناسراوە، ئەمەش تەنیا لە سەر چوارچێوەی درووشم و لێدوان نەماوەتەوە، بەڵكو هەنگاوی جددی لەم ڕووەوە هەڵگیراوە، بەتایبەتی كە دەبینین سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان بەشدارن لە دامەزراوەكاندا، بە حكومەت و پەرلەمانەوە، بۆ تاوتوێكردنی گرنگیی ئەم پرسە بۆ پتەوكردنی زیاتری پێكەوەژیان و یەكڕیزی و تۆكمەكردنی گیانی هاوكاری لە نێوان سەرجەم پێكهاتەكاندا، گوڵان گفتوگۆكەیەكی لەگەڵ رۆمیۆ هەكاری سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی بیت نەهرێن و ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدا، لێرەدا پوختەیەكی دیارەكە دەخەینەروو.* سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەوڵێكی جددی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی یەكڕیزی لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و تەواوی پێكهاتەكانی كوردستاندا دروست بكات، بۆ ئەوەی بە یەكدەنگی و یەكگرتوویی وەك گەلی كوردستان مامەڵە لەگەڵ پێشهاتە تازەكانی پرۆسەی سیاسیی لە عێراقدا بكرێت، ئایا ئێوە چۆن بارودۆخی سیاسیی ئێستای عێراق دەخوێننەوە و تاچەند ئەم هەنگاوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكگوتاری و یەكڕیزیی گەلی كوردستان گرنگە؟
- ئەو كاتەی جەنابی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستبەكار بوو، لە هەموو لایەكەوە ئەم هەرێمە دوچاری كێشە ببوو، هەم كێشەی سیاسیی ناوخۆ، هەم كێشە لەگەڵ حكومەتی ناوەند، هەم كێشە هەبوو لەگەڵ دەوڵەتانی دەوروبەر و هەم ئەو برینانەی كە داعش لە جەستەی خەڵكی هەرێمی كوردستان دروستیان كردبوو، هێشتا ساڕێژ نەببوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جەنابیان بە حیكمەت و توانای خۆی و بەهۆی ئەو ئەزموونەی دەیان ساڵە لە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان هەیەتی، توانی تا ئاستێكی زۆر باش سەركەوتوو بێت و بچێتە پێشەوە، هاوكات زۆر داكۆكیكار بووە بۆ هاتنەدی ماف و داهاتووی هەموو خەڵك و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ نموونە من لە یەكێك لە كۆبوونەوەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم ئامادە بووم، دیتم سەرۆكی هەرێم ئەوەندەی لە خەمی ئەوە بوو كە حزب و لایەنە سیاسییەكان یەكگرتوو بن لەپێناو جێبەجێكردنی مافەكانی هەرێم و خەڵكەكەی لە بەغدا، ئەوەندەش خەمخۆر و پەرۆشی ئەوە بوو كە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان یەكڕیز و یەكدەنگ بن، لە بەغداش فراكسیۆنێكی كوردستانیی یەكگرتوو دروست بكەن، بۆ ئەوەی تەعبیر لە سەرجەم خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەن، تاوەكو بتوانن ئەو كێشانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، بەتایبەتی مەسەلەی بودجە و كێشە هەڵواسراوەكانی دیكە چارەسەر بكرێت، هەر لە كۆبوونەوەكەدا ئێمە پشتیوانیی خۆمان لەسەر بیروبۆچوون و هەوڵەكانی جەنابیان دووپات كردەوە كە سەركەوتوو بێت لە چارەسەری كێشەكاندا، چونكە چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەنگاوێكە و ئاسانكاری دروست دەكات بۆ چارەسەری كێشە سیاسی و ئابوورییەكان لە هەرێمی كوردستان، لەلایەكی دیكەوە پێمانوایە جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نموونەیەكی جوان و نوێی حوكمڕانیی هێناوەتە هەرێمی كوردستان، بۆیە دەبێت و پێویستە هەموومان پشتیوانی لێ بكەین.
* كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی هێشتا لە سەرەتادایە و تەنیا چەند مانگێكە دەست بەكاربووە، بەڵام هێڵە گشتییەكانی بەرنامەكەی و هەنگاوەكانی بۆ قەڵاچۆكردنی گەندەڵی، جۆرێك لە ئومێد و گەشبینیی لای خەڵكی كوردستان دروست كردووە، ئێوە وەك بەشێك لە پڕۆسەی سیاسیی كوردستان، چۆن سەیری بەرنامەی كابینەی نۆیەم و هەنگاوە سەرەتاییەكانی دەكەن؟
- من پێموایە یەكەمین هەنگاوی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە تەعبیر لە داخوازیی سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكات، پێشتریش داخوازییەكی سەرتاسەریی خەڵكی كوردستان بووە، ئەویش مەسەلەی چاكسازی و باشتركردنی گوزەرانی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، هەر بۆیە لەوێوە ئەم كابینەیە دەستی بە كارەكانی كرد، لە یەكەم كۆبوونەوەی تاتوێكردنی یاسای چاكسازیدا بەشدار بووم، هەستم كرد كە جەنابی مسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران چەند خەمخۆر بوو بۆ ئەوەی ئەم یاسایە بە زووترین كات گفتوگۆی لەسەر بكرێت و بدرێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت، تا بچێتە بواری جێبەجێكردن، بۆ ئەوەی دەست بە سووككردنی موعاناتی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكرێت، بەتایبەتی لە رووی ئابوورییەوە، ئەویش بۆ نموونە بە رێكخستنەوەی مووچەی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت و رێكخستنەوە و پێداچوونەوە بە مووچەی خانەنشینان، بەتایبەتی مووچەی ئەو خانەنشینانەی كە بەسەدان هەزار كەس هەیە موستەهەق نین و خانەنشین كراون، تاوەكو لە رێگای یاسای چاكسازییەوە بتوانرێت سەر لەنوێ پێداچوونەوە و رێكخستن بە لیستی خانەنشینانی هەرێمی كوردستاندا بكرێت، كە ئەمەش دەبێتە هۆی باشتركردنی باری گوزەرانی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت و لە هەمانكاتدا دەبێتە هۆكاری سووككردنی باری سەرشانی حكومەتی هەرێم لە رووی دارایی و ئابوورییەوە، بۆیە پێموایە چاكسازی هەنگاوێكی زۆر گرنگ و باشە و سەركەوتووش دەبێت و ئەوەی هەستی پێ دەكرێت ئەوەیە كە كابینەی نۆیەم لە خەمی ئەوەدایە یاسای چاكسازی بچێتە بواری جێبەجێكردن، هاوكات هەموو فراكسیۆنەكانی بەشداربوو لە حكومەتدا لە خەمی ئەوەدان ئەو یاسایە تێپەڕێندرێت و كاری خۆی بكات، چونكە یاسای چاكسازی لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستانە. سەبارەت بە راگرتن و بنبڕكردنی گەندەڵی ئەوە پرۆسەیەكە راستە دەبێت پەلەی لێ بكرێت، بەڵام لە هەمانكاتدا ئەو پرۆسەیە پێویستی بە كاتە، بۆیە بێگومان كاتێكی باشی دەوێت، ئەگەرچی هونەر لەوەدایە كە نیازپاكی و ئامادەگییەكی باش و زۆر بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی لەلایەن كابینەی نۆیەم و جەنابی سەرۆكی حكومەتەوە هەیە و هەنگاوی باش نراوە بۆ رێگەگرتن و بنبڕكردنی ئەو دیاردەیە، بەڵام ئەو پرۆسەیەش پێویستی بە یاسایەك هەیە و لە چەند ساڵی رابردووی حوكمڕانیدا گەندەڵی كراوە و لەوانەیە لە حوكمڕانیدا هەڵەی ئیداری هەبێت كە ببێتە هۆكاری گەندەڵی، بەڵام كابینەی نۆیەم گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی كە دەبێت لەم چوار ساڵەی داهاتوودا دەست بە ریشەكێشكردنی گەندەڵی بكرێت، بۆ سەركەوتنی ئەو كارەش دەبێت خەڵكیش هۆشیار و هاوكار و یارمەتیدەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بن. بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستاندا هەنگاوی جددی لەلایەن كابینەی نۆیەمەوە هەڵگیراوە، بۆیە دەبێت هەموو لایەن و خەڵك و پێكهاتەكان پشتیوانی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی ئەو كار و پڕۆسەیە سەركەوتوو بێت.
* لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە تەنیا لە هەرێمی كوردستاندا پێكهاتە جیاوازەكان بە گشتی و نەتەوەی كلد و ئاشووری بەتایبەتی هەست بە ئاسوودەیی دەكەن، تەنانەت لە بەشەكانی دیكەی عێراق و ناوچەكەش كریستیانەكان دێنە ئێرە و لێرە هەست بە ئاسوودەیی دەكەن، ئایا تاچەند ئەم كەشوهەوای پێكەوە ژیان و فرەییە لە سەر ئاستی كلدان و ئاشووری و سریان لە ناوچەكە و جیهان رەنگدانەوەی هەیە؟
- بێگومان ئەوە حیكمەتێكی گەورەیە كە منێكی كلدو ئاشووری بڵێم هەرێمی كوردستان بۆ من پەناگەیەكی ئارامە و بتوانم ژیانی تێدا بەسەربەرم، ئەمە كارێكی باشە یەكەمجار بۆ هەرێمی كوردستان پێش ئەوەی بۆ منێكی كلدو ئاشووری باش بێت، هەروەها ئەو پێكەوەژیان و لێبوردەیی و ئاشتییەی لەنێوان پێكهاتەكاندا لە هەرێمی كوردستان هەیە، واقیعێك و راستییەكە. لەدوای رووخانی رژێمی سەدام لە ساڵی 2003 گرووپە توندڕەوەكان لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا دەستیان كرد بە راونان و تیرۆركردنی خەڵكی ئێمەی كلدو ئاشووری و سریانییەكان، تاوەكو ئەو نەتەوەو ئایینانە ریشەكێش بكەن و موڵك و ماڵیان زەوت بكەن، ئەو كارە تیرۆریستییە زیاتر لە 16 ساڵە لەم شار و شوێنانەی عێراق دەرهەق بە ئێمە دەكرێت، بەڵام هەموو ئەو خەڵك و ئاوارانە وەكو پەناگەیەكی ئارام روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، هەر چەندە هەندێك لەو ئاوارانە هەرێمی كوردستانیشیان بەجێهێشت و بەرەو دەرەوەی وڵات رۆیشتوون، پێموایە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە پاراستنی پێكهاتەكان و مافەكانیان و خەڵكی خۆمان دڵنیا دەكەمەوە كە ماف و داهاتوویان لە هەرێمی كوردستان پارێزراو دەبێت، چونكە لە هەرێمی كوردستان هیچ جیاوازییەك لەنێوان پێكهاتەكاندا ناكرێت و هەموومان لە مومارەسەكردنی ژیان بە شێوەیەكی یەكسان ئاسوودەین، هەرێمی كوردستان نموونەیەكی سەركەوتووی پێكەوەژیان و لێبوردەییە و نموونەی زۆر كەمە لە ناوچەكە و لە هەموو دنیاش، هەر بۆیە لێرەدا ئەوەی تێبینی دەكرێت و سەرنجی دنیای راكێشاوە، بەشداریی چالاكانەی نوێنەری پێكهاتەكانە لە پەرلەمان و حكومەت و هەموو جومگە و دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستاندا، ئەمەش وایكردووە كە پێكهاتەكان زیاتر هەوڵبدەن كە هەرێمی كوردستان سەركەوتوو بێت و بەرەوپێشەوە بچێت، تاوەكو زیاتر خزمەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكرێت و زیاتر گوزەران و بارودۆخی ژیانی خەڵك باشتر و ئاسوودەتر بكرێت، بێگومان ئەمەش هونەرە و كارێكی گرنگ و گەورەیە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان هیوادارم لەم كارو ئیشانە هەر بەردەوام بێت، تاوەكو زیاتر پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان بەرەوپێشەوە بچێت و پێویستە پێكهاتەكانیش بە هەمان شێوەی حكومەت لە خەمی بەهێزكردن و پاڵپشتیكردنی ئەو پێكەوەژیانە بن كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.
* یەكێك لە ئەركەكانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان نووسینەوەی دەستووری كوردستانە، دیارە پێكهاتەكان بەگشتی و نەتەوەی كلدو ئاشووریش مافی خۆیانە كە مافەكانی خۆیان لە پڕۆژەی نووسینەوەی دەستووری كوردستاندا تۆمار بكەن، ئایا چۆن سەیری نووسینەوەی دەستووری ئایندەی كوردستان دەكەن و تاچەند بەشداری ئەم پرۆسەیە دەبن، بۆ ئەوەی مافەكانی خۆتان دیاری بكەن؟
- ئێمە لێرەوە داوا دەكەین لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا دەستووری هەرێمی كوردستان یەكێك بێت لەو پڕۆژانەی بێتە پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر بكرێت و پەسند بكرێت، تاوەكو ئێمەش وەك خەڵكانی دیكە و وڵاتانی دیكە و هەرێمەكانی دیكە لە دنیادا دەستوورمان هەبێت و لە چوارچیوەی ئەم دەستوورەوە حوكمڕانیی وڵاتی خۆمان بكەین، بە مەرجێك ماف و داهاتووی هەموو خەڵكی كوردستان لە دەستوورەكەدا پارێزراو بێت، ئێمە وەك كلدو ئاشووری پێمانوایە رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان بەراورد بە دەستووری هەمیشەیی عێراق زۆر باشترە و جیاوازییەكی زۆری لە رووی پارێزگاریكردن، یان پێدان و جێگیركردنی ماف و داهاتووی پێكهاتەكان هەیە، ئێمە بە حوكمی ئەوەی نوێنەری كلدو ئاشوورییەكان بووین لە نووسینەوەی رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان و بۆ چەند مانگێكیش بە بەشداری چەند لایەنێكی دیكە لە نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا بەشدار بووم، كە بە چاوی خۆمان بینیمان جیاوازیی نێوان تەعامولكردنی لێژنەی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق و لەگەڵ لێژنەی نووسینەوەی رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان چەند زۆر بوو، لە لێژنەی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا زۆر بە زەحمەت دەمانتوانی بچووكترین باس لە مافی خۆمان وەكو نەتەوە و ئایینێكی جیاواز بكەین، بەڵام بینیمان كە شاندی كورد و كوردستانی لە بەغداش زۆر پشتگیرییان لە چەسپاندنی مافی ئێمە وەك پێكهاتەی كلدو ئاشووری و توركمان و نەتەوە و ئایینەكانی دیكەی عێراق دەكرد، هەموومان دیتمان لەكاتی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا شاندی كوردی بۆ چەسپاندن و جێگیركردنی مافی پێكهاتەكان لەو دەستوورەدا چەند خەمخۆر بوون.